
- بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی وەزارەتی دارایی، خەرجیی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تا کۆتایی ساڵی 2025 بە ڕێژەی (13%) زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی ۲۰۱۹.
- ساڵی 2019 : تێکڕای خەرجیی ساڵانەی مووچە نزیکەی (۱۰ ترلیۆن و ٦٥۰ ملیار) دینار بووە (پێویستیی مانگانە: 890 ملیار دینار).
- ساڵی 2025 : تێکڕای خەرجیی ساڵانەی مووچە (بە هەژمارکردنی خەرجیی مووچەی گرێبەستەکان و مامۆستایانی وانەبێژ لەسەر داهاتی ناوخۆ) گەیشتووەتە (11 ترلیۆن و 800 ملیار) دینار (پێویستیی مانگانە: 980 ملیار بۆ 1 ترلیۆن دینار).
دەقی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوى ستۆپ
پڕۆژەى: بەهێزکردنى لێپرسینەوە و دەسەڵاتى یاسا له ههرێمی کوردستان، پڕۆژەیهکی رێکخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدانە، کە به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی ئەمریکى (NED) جێبهجێی دهکات.
پێشەکى
هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە یاسای گشتیی بودجەی بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەمەش بووەتە یەکێک لە کەلێنە گەورەکانی شەفافیەتی دارایی و ڕێکخستنی خەرجی و داهاتەکان، کە وای کردووە هەم بۆ دامەزراوە فەرمییەکانی چاودێری و هەم بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا، هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون پڕ لە ئاڵنگاری بێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمى کوردستان لە دەستپێشخەرییەکی نوێى لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٦دا ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی (کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری ٢٠١٩-٢٠٢٥) بڵاوکردەوە، کە تێیدا زۆرینەی چالاکییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم ٧ ساڵەدا خراونەتە ڕوو، لە داهاتە جۆراوجۆرەکان و خەرجییە گشتییەکانەوە.
چوارچێوەى ئەم راپۆرتە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو داتا و ئامارانە دەکات و تیشک دەخاتە سەر خاڵە بەهێزەکان، کەموکوڕییەکان و مەترسییەکانی پەیوەست بە داهات و خەرجییە گشتییەکان، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە خەرجییەکانی مووچە و میلاکات، خەرجییەکانی وەبەرهێنان، گۆڕانکارییەکانی داهاتی نەوتی و نانەوتی، هەروەها شایستە داراییەکان و قەرزە گشتییەکان، ئامانج لەم بەدواداچوونە بەرزکردنەوەی شەفافیەت، دیاریکردنی کەلینە یاسایی و کارگێڕییەکان و پێشکەشکردنی ڕاسپاردە و چارەسەری زانستییە بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردن و حوکمڕانیی دارایی لە هەرێمی کوردستاندا.
١. شیکاریی خەرجییەکانی مووچە و میلاکاتی گشتی (۲۰۱۹ – ۲۰۲٥)
بەراوردکاریی خەرجییەکانی مووچە
بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی وەزارەتی دارایی، خەرجیی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تا کۆتایی ساڵی ۲۰۲٥ بە ڕێژەی (١٣%) زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی ۲۰۱۹:
ساڵی ۲۰۱۹: تێکڕای خەرجیی ساڵانەی مووچە نزیکەی (۱۰ ترلیۆن و ٦٥۰ ملیار) دینار بووە (پێویستیی مانگانە: ۸۹۰ ملیار دینار).
ساڵی ۲۰۲٥: تێکڕای خەرجیی ساڵانەی مووچە (بە هەژمارکردنی خەرجیی مووچەی گرێبەستەکان و مامۆستایانی وانەبێژ لەسەر داهاتی ناوخۆ) گەیشتووەتە (۱۱ ترلیۆن و ۸۰۰ ملیار) دینار (پێویستیی مانگانە: ۹۸۰ ملیار بۆ ۱ ترلیۆن دینار).
سەرجەمی زیادبوون: خەرجیی ساڵانەی مووچە بڕی (۱ ترلیۆن و ۱٥۰ ملیار) دینار زیادیکردووە، کە دەکاتە نزیکەی (۹٥ ملیار) دینار بۆ هەر مانگێک.
ژمارەی مووچەخۆران و میلاکی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
(بەپێى ڕاپۆرتەکەى وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان – ٢٠٢٦)

هۆکارەکانی زیادبوونی خەرجییەکان
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی بۆ ئەم هۆکارانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:
- دامەزراندن و بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان: دامەزراندنی (۸٦,۷۹۲) مامۆستای گرێبەست بە گوژمەی (٤۲ ملیار و ٦۲۳ ملیۆن) دینار، لەگەڵ دامەزراندنی (۷,٥۸۸) فەرمانبەری گرێبەست لە وەزارەتە جیاوازەکان.
- پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ: بەردەوامیی پلەبەرزکردنەوەی (۱۰,۲۱٤) ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان، جگە لە دامەزراندنی هێزی نوێی سەربازی و ئەمنی.
- دامەزراندنی دەرچووانی بەشی پزیشکی و یەکەمەکان: دامەزراندنی (۳,۸۹۹) دەرچووی پزیشکیی گشتی لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی، لەگەڵ دامەزراندنی (۲,۷٤٥) پلە بۆ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان (خوێندنی ساڵانی ۲۰۱٦-۲۰۱۷).
- تەرخانکراوە کۆمەڵایەتییەکان: دووبارە بەستنەوەی مووچە بۆ (۱۹,۹۱۸) کەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت، و بەستنەوەی مووچە بۆ (۱,٥۹۹) زیندانیی سیاسی.
بەراوردی خەرجیی مووچە ساڵانى ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٥
کۆی خەرجیی مووچەی ساڵانە

٢. خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان (۲۰۱۹–۲۰۲٥)
بە پشتبەستن بە داتاکانی وەبەرهێنانی کرداری لە ڕاپۆرتی کاروچالاکیەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ۲۰۱۹ – ۲۰۲٥، ئاراستەی تەرخانکردنی دارایی بۆ کەرتی وەبەرهێنان لەنێوان ساڵانی ۲۰۱۱۹ بۆ ۲۰۲٥ بەم شێوەیەی خوارەوە بووە.
خشتەى تەرخانکردنی دارایی بۆ کەرتی وەبەرهێنان لەنێوان ساڵانی ۲۰۱۱۹ – ۲۰۲٥

٣. شیکاریی گۆڕانکارییەکان لە داهاتی نەوتی هەرێم (٢٠١٩ – ٢٠٢٥)
ڕێژەی بەشداریی داهاتی نەوت لە خەرجکردنی مووچەدا:
لەڕێگەی پێداچوونەوەی داتاکانی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێژەی بەشداریی داهاتی نەوت لە دابینکردنی مووچەدا بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
- ساڵی ٢٠١٩ : داهاتی نەوت بڕی ٤,٣٤٠,٣٥٥,٠٠٠,٠٠٠ دینار بووە و ڕێژەی ٤٠.٧٥٪ی کۆی گشتیی خەرجی مووچەی پێکهێناوە.
- ساڵی ۲۰۲۰ : داهاتی نەوت بڕی ٣,٠٠٧,٩٥٧,٠٠٠,٠٠٠ دینار بووە و ڕێژەی ٤۷.۹٤٪ی کۆی گشتیی خەرجی مووچەی پێکهێناوە.
- ساڵی ٢٠٢١ : داهاتی نەوت بڕی ٥,٥٥٧,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ دینار بووە و ڕێژەی ٥٨.٥١٪ی کۆی گشتیی دابینکردنی مووچەی پێکهێناوە.
- ساڵی ٢٠٢٢ : داهاتی نەوت گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و بڕی ٧,٧٧٧,٠٩٦,٠٠٠,٠٠٠ دینار بووە، کە ڕێژەی ٧٨.٥٩٪ی کۆی گشتیی خەرجی مووچەی دابینکردووە.
- ساڵی ٢٠٢٣: بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕییەوە لە ئاداری ٢٠٢٣ بەهۆی بڕیار دادگای فیدڕاڵی، داهاتی ئاشکراکراوی نەوت (تەنها بۆ ٣ مانگی یەکەم) بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە بۆ ١,٨٩٥,٥٣٨,٠٠٠,٠٠٠ دینار، کە تەنها ٢٢.٨٨٪ی خەرجیی مووچەی ئەو ساڵەی پێکهێناوە.
- ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥: لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمدا، داهاتی نەوت بە سفر ئەژمار کراوە.
ڕێژەی بەشداریی داهاتی نەوت لە خەرجکردنی مووچەدا
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ٢٠١٩ – ٢٠٢٥

٤. هەڵسەنگاندنی شەفافییەت و پابەندییەکانی
حکومەت بەرامبەر شایستە داراییەکان و قەرزە گشتییەکان
سەقامگیری دارایی و پاراستنی مافە ئابوورییەکانی هاوڵاتیان لە بنەما سەرەکییەکانی حکومڕانی باش و سەروەری یاسان، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٥ – ٢٠٢٥)، بەڕێوەبردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و پابەندییە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کەلێنی قووڵی شەفافییەت و لێپرسینەوە بوەتەوە. لێرە تیشک دەخەینە سەر نەبوونی سیستمێکی ڕوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ مووچەی دابەشنەکراو، لێبڕینەکان و قەرزە کەڵەکەبووەکانی کەرتی گشتی و تایبەت.
لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٥، سیستمی دابەشکردنی مووچە تووشی پەککەوتنی بەردەوام بووە، کە تێیدا ١٠ مانگ مووچەی تەواو دابەش نەکراوە و ١١ مانگ بە لێبڕینەوە دابەشکراوە، کە کۆی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨ و ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٥ بە (مووچەی نەدراو، پاشەکەوتکراو، و لێبڕدراو) بە (٢٣ ترلیۆن و ٢٠٩ ملیار و ٥٠٢ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار دینار) دەخەمڵێندرێت.
هەڵسەنگاندن و سەرنجەکان
دیاریکردنی کەلێنەکان، لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی تەنها تیشک دەخەنە سەر ئەو قەرز و پێشینانەی هی حکومەتن و لەلای هاوڵاتیان و کەرتەکانی (پیشەسازی، گەشتوگوزار، خانوبەرە، نیشتەجێبوون و جوتیاران) ماونەتەوە کە بڕەکەی (١ ترلیۆن و ٩١٨ ملیار و ٨٨ ملیۆن دینار) پێکهاتووە. بەڵام ڕاپۆرتەکە باسی بەرپرسیارێتییە داراییەکانی حکومەت بەرامبەر مووچەخۆران نەکردووە، تەنها باسی ئەوەی کردووە چەند مووچە نەدراوە و چەندیش بە لێبڕین دابەشکراوە، بەبێ خستنەڕووی بڕی پارەی ئەو مووچانەى لەسەر حکومەتن، کە بە (٢٣.٢ ترلیۆن دینار)، مەزەندە دەکرێت، ئەگەرچی دانپێدانانی زارەکی یان نوسراوی وەزارەتی دارایی هەیە کە پاشەکەوتی مووچە (قەرزە لەسەر حکومەت)، بەڵام بەبێ بوونی چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون و خشتەی کاتی بۆ دانەوەی، مافی دارایی هاوڵاتیان تووشی ناڕوونی و مەترسی دەکاتەوە.
قەرزی تۆمارنەکراوی کەرتی تایبەت
حکومەت هیچ زانیارییەکی ئاشکرانەکردووە، لەبارەی بڕی قەرزە کەڵەکەبووەکانی پەیوەندیدار بە کۆمپانیاکانی نەوت، غاز (وەک داناغاز)، کارەبا، و بەڵێندەران کە لای ئەوە. زۆرجاریش ئەم قەرزانە کراوەتە پاساوی دیارنەمانی بەشێک لە داهاتەکان، بێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەک یان ڕاپۆرتێکی وردبینی سەربەخۆکە پشتڕاستی قەرزەکان و شێوازی دانەوەیان بکاتەوە.
داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان
داهاتی نانەوتی لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی ۲۰۱۹ – ۲۰۲٥ بەپێی ساڵەکان خراوەتە ڕوو، کە پێکهاتووە لە داهاتەکانی وەزارەتەکان، بەپێی ڕاپۆرتەکە باسی داهاتەکانی باج و گومرگی ساڵانە بە وردی بەپێی شارەکان کراوە، لە پاڵیشیاندا داهاتەکانی وەزارەتەکانی دیکە، بەڵام ئەوەی جێی تێبینیە لەم بەشەش باسی داهاتی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان نەکراوە، هۆکارەکەشی ڕوون نەکراوەتەوە.
هەڵسەنگاندن و سەرنجەکان لەسەر داهاتەکان
داهاتی گومرگیی بەشێک لە دەروازەکان باس نەکراوە، باسی داهاتی (۷) دەروازەی سنوری کراوە، لەکاتێکدا ژمارەی دەروازەکان زیاتر لە (۱۲) دەروازەن، جگە لە ڕێگا لاوەکیەکان کە هەموویان سەرووی (۲۰) دەروازە دەبن.
- داهاتی گومرگی ساڵی ۲۰۲٥ لەچاو ساڵی ۲۰۲٤ دابەزینی بەرچاوی بەخۆی بینیوە، بەجۆرێک بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ۲۰۱۹ ڕێژەی ۲۱٪ دابەزییووە، بە بەراود بە ۲۰۲٤ بە ڕێژەی ۳٤٪ دابەزییووە. کە وەزارەت بۆ دروستکردنی دەروازەی نایاسایی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم دەگەڕێنێتەوە، هەروەها پێناسی گومرگی نوێ لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵ، کە وای کردووە ببێتە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوی بازرگانی بۆ دەروازەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵ.
- سەرەڕای خستنە ڕووی وردەکاری داهاتەکانی گومرگی و باج، بەپێی شار و دەروازەکان، کە خستنەڕووی بەراوردکارانەی تێدایە، بەڵام ئەم داتا و ژمارانە بۆ ئەوەی ڕووێکی پڕۆفیشناڵانەتر وەرگرن و زیاتر جێی متمانە بن، دەبێت بە فلتەری دامەزراوەکانی وردبینی لەنێویاندا دیوانی چاودێری دارایی تێپەڕن.
- ڕوون نیە بۆچی باسی داهاتی وەزارەتەکانی (ناوخۆ و سامانەسروشتیەکان) نەکراوه.
- داهاتی وەزارەتەکان کە زۆرترینیان داهاتی وەزارەتی کارەبایە دواتر پلە بە پلە باسی داهاتیان کراوە، بەڵام هیچ ڕاپۆرتێکی تایبەت بە وردەکاری داهاتەکان نەهاتووە.
ڕاسپاردەکانى ڕاپۆرت
یەکەم: ئەو ڕاپۆرتەى وەزارەتى دارایی و ئابووری ٢٠١٩-٢٠٢٥، کە دەکرێت وەک ڕاپۆرتی کۆتایی (خیتامی) سەیر بکرێت، ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمى کوردستان ڕاپۆرتی گشتگیرتر لەسەر وردەکاریی داهات و خەرجییەکان بڵاوبکاتەوە، بۆ زیادکردنی شەفافیەت و نەهێشتنی گەندەڵی، بەتایبەت پێویستە داهاتەکانی وەزارەتەکان و چوارچێوەی خەرجییەکان بخرێنە ڕوو، هاوکات پێشوەختە لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایییەوە وردبینییان بۆ بکرێت.
دووەم: پێویستە داهات و خەرجییە گشتییەکان پێشوەختە لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا ڕێکبخرێن، بۆ ئەوەی دواتر لەگەڵ خەرجییە کۆتاییەکان بەراورد بکرێن، ئەمەش پێویستی بە کارا کردنەوەی پەرلەمان هەیە.
سێیەم: باشترە ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە بە شێوەی ساڵانە لە کۆتایی هەر ساڵێکدا بڵاوبکرێنەوە، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ داتا و زانیارییەکان ئاسانتر بێت.
چوارەم: پێویستە حکومەتی هەرێم لە گرێبەستە گشتییەکانیدا ڕێنماییی ژمارە (٢ی ساڵی ٢٠١٦ی) وەزارەتی پلاندانان وەک خۆی جێبەجێ بکات، بۆ شەفافیەتی زیاتر لەو پڕۆژانەی دەدرێنە کەرتى تایبەت.
پێنجەم: پێویستە ڕۆڵی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەسپاکی لە پڕۆسەی وردبینی بۆ داهات و خەرجییە گشتییەکان بەهێز بکرێت، بۆ زیادکردنی شەفافیەت و دروستکردنی متمانە بە ژمارە و داتاکان.
شەشەم: پێویستە کاریگەریی ئەو هەنگاوانەی بۆ چاکسازی دەنرێن، لەسەر داهات و خەرجییە گشتییەکان زیاتر بخرێنە ڕوو و ڕوونتر پیشان بدرێن.





