فەرهاد ئەتروشی: ئەمریکا گوتویەتی گروپەکان چەک دانەنێن هەمان چارەنوسی وڵاتانی بەلقان چاوەڕێی عێراق دەکات

فەرهاد ئەتروشی، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەڵسوڕێنەری كارەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد پێی وتم، ئێمە نەرمیمان نواند بە گۆڕینی وادەی دانانی چەكی گرووپەكان لە 30 ئەیلولەوە بۆ 30 حوزەیرانی ساڵی داهاتوو، پێمانوابوو دەرفەتێك بدەین بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام ئەگەر عێراق پابەندنەبوو بەم وادەیە وەك دەوڵەت و وەك گرووپ، ئەگەرێكی گەورە هەیە سزای بەسەردا بسەپێنین.

فەرهاد ئەتروشی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ” عێراق 24 ” ئاماژەی بەوەكرد، هەر چەندە ئەم زانیارییانە بۆ ئەوەنین لە میدیاكانەوە باسبكرێن بەڵام قسەكانی ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە وتی، عێراق چارەنوسی وڵاتانی بەلقانی دەبێت (پارچە پارچە دەبێت)، ئەگەر میلیشیا چەكدارەكان چەكەكانیان دانەنێن و چەك لە دەستی دەوڵەت كۆنەكرێتەوە لەم چوارچێوەیەدایە.

راشیگەیاند، هەڵسوڕێنەری كارەكانی ئەمریكا لە عێراق جەختیكردووە لەوەی لەگەڵ سەپاندنی سزادا، عێراق وەك وڵاتێكی پشتیوانی تیرۆر پۆلێن دەكرێت، وتیشی، جا ئەمە بڕیارو سیاسەتی فەرمی ئەمریكایە، ئەوەیان نازانم، بەڵام من پێموایە ئەمریكا لەمە بێدەنگ نابێت.

Back to top button