مانگی هەنگوینی زەیدی و ترەمپ نزیکە لەکۆتاییهاتن

ڕۆژنامەی (مەدا)، ئەمڕۆ دووشەممە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی سیاسییەوە ئاشکرای کرد، کە “مانگی هەنگوینی” نێوان عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت بووەتەوە و ڕەنگە تا ساڵی داهاتوو بەرگە نەگرێت؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ باسکردن لە بوونی ناکۆکی لەنێو ئیدارەی ئەمریکادا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق و سنووردارکردنی ڕۆڵی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی کە بە دیارترین پاڵپشتیکاری زەیدی دادەنرێت.

هاوکات سەرچاوەیەک لەناو هاوپەیمانیی شیعەکانەوە پێشبینیی ئەوە دەکات ترەمپ هەڵوێستی خۆی بەرامبەر زەیدی بگۆڕێت، بەهۆی بوونی ئەو ئاراستەیەی لە ناوخۆی واشنتۆندا دەڵێت: لێگەڕێن تۆم باراک چی دەڵێت با بیڵێت، ئێمە ئەوە دەکەین کە خۆمان دەمانەوێت؛ وەک ئاماژەیەک بۆ جیاوازیی هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و نێردەی سەرۆکایەتی، کە دوایین لێدوانی وەزارەتی دەرەوەش ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە کاتێک ڕایگەیاند بەغدا لە پاراستنی ئەمریکییەکاندا دەستەپاچەیە.

لە لایەکی دیکەوە، چەند لایەنێکی شیعە پاڵپشتییەکانی باراک بۆ زەیدی بە لێکدانەوە و بەرژەوەندیی زیاتر لە سیاسەت دەبەستنەوە و پشت بە چەند ڕاپۆرتێکی ڕۆژئاوایی دەبەستن کە باس لە پەیوەندیی ناوبراو بە پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆریی نەوتی عێراق بۆ سووریا دەکەن؛ هەرچەندە هیچ سەرچاوەیەک ئەم دەنگۆیانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام لەنێو ئەو ناوەندە شیعییانەدا قسەوباسی لەسەر دەکرێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، زەیدی لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانەشدا کە تازە پۆستیان وەرگرتووە تووشی کێشەیەکی نوێ بوەتەوە، چونکە ئەویان قۆستووەتەوە، بەبێ ئەوەی لە بەرامبەردا دەستبەرداری جبەخانەی چەکەکانیان ببن. ڕۆژنامەی مەدا لە زاری سەرچاوەیەکەوە گواستوویەتییەوە: زەیدی تا ئێستا گەورە تۆمەتبارانی گەندەڵیی دەستگیر نەکردووە، گرووپە چەکدارەکانیش بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ئەویان بەکارهێناوە و پۆستی حکومییان پێ دراوە، بەبێ ئەوەی هیچ کام لەو شتانە پێشکەش بکەن کە واشنتۆن دەیەوێت، سەرچاوەکە پێیشی وایە کە قسەکردن لەسەر داماڵینی چەک هێشتا زیاتر لە ڕێکارێکی ڕووکەشیی دەچێت؛ چونکە ئەو گرووپانەی ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان نیشان داوە، نازانرێت لە کوێ دایانناوە و هیچ کەسێکیش پڕۆسەی ڕادەستکردنی کردەیی و ڕاستەقینەی نەبینیوە.

ڕۆژنامەکە سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشاوە کە ئەم پێشهاتە سیاسییانە هاوکاتن لەگەڵ جموجۆڵی شەقام و گوشاری ناوخۆیی پەیوەست بە دۆخی ئابووری و بژێویی هاووڵاتییانەوە؛ خۆ ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران سەرهەڵبداتەوە، ڕەنگە بەغدا خۆی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا ببینێتەوە لە نێوان پابەندبوونی بەرامبەر واشنتۆن و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاراندا. ئەگەریش لەم تاقیکردنەوەیەدا شکست بهێنێت و هەڵوێستی ئەمریکا بگۆڕێت، ئەوا عێراق ڕووبەڕووی مەترسیی خستنە ناو لیستی ئەو وڵاتانە دەبێتەوە کە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار-یان بەرامبەر پەیڕەو دەکرێت.

Back to top button