
لە شوباتی 2014وە، کاتێک حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، قووڵترین و درێژخایەنترین قەیرانی دارایی لە مێژووی حوکمڕانیی کوردیدا دەستی پێکرد. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا (2026)، دوو کابینەی حکومەت (کابینەی هەشتەم و نۆیەم) و دوو خولی تەواوی پەرلەمانی کوردستان (خولی چوارەم و پێنجەم، لەگەڵ دەستپێکی خولی شەشەم) تێپەڕیون.
سەرەڕای دەیان شاندی دانوستانکار، فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، یاسای چاکسازی و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و پڕۆژەی “هەژماری من”، کێشەی مووچە و بودجە لەنێوان هەولێر و بەغدا بە بێ چارەسەری ڕیشەیی ماوەتەوە، لەم ماوەیەدا، فەرمانبەرانی ئاسایی دەیان مووچەیان لێ پاشەکەوت کرا، لێبڕینیان بەسەردا سەپێنرا و چەندین مانگیش بێ مووچە مانەوە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا خەرجیی مووچە، نەسریە، پاسەوان و خانەنشینیی پەرلەمانتاران و وەزیرەکان بەبێ دواکەوتن بەردەوام بووە و سەدان ملیار دیناری لە خەزێنەی گشتی بردووە.
بەشی یەکەم: تێچووی مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانی کوردستان (خولی چوارەم و پێنجەم)
پەرلەمانی کوردستان تا خولی شەشەم لە 111 پەرلەمانتار پێکدەهات، بەپێی داتا فەرمییەکانی دیوانی پەرلەمان و بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەکان، پێکهاتەی مووچەی مانگانەی پەرلەمان بەم شێوەیەیە:
سەرۆکی پەرلەمان: 13 ملیۆن دینار
جێگری سەرۆکی پەرلەمان: 12 ملیۆن دینار
سکرتێری پەرلەمان: 9 ملیۆن دینار
پەرلەمانتار: 8 ملیۆن و 85 هەزار دینار (لەگەڵ سێ پاسەوان)
ئەگەر تێکڕای خەرجیی مانگانەی پەرلەمانتاران و دەستەی سەرۆکایەتی هەژمار بکەین، تەنها مووچەی مانگانەی 111 پەرلەمانتارەکە مانگانە نزیکەی 905 ملیۆن دینار دەکات. لەگەڵ خەرجیی پاسەوانەکان (نزیکەی 400 پاسەوان) کە مانگانە نزیکەی 400 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی ناوخۆ دەکەوێت، و نەسریەی مانگانەی پەرلەمان کە لە خولی چوارەمدا مانگانە 1 ملیار دینار بووە و لە خولی پێنجەمدا کرایە 500 ملیۆن دینار، کۆی خەرجیی گشتیی یەک مانگی پەرلەمان (بە فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمانەوە کە 700 فەرمانبەرن) مانگانە دەگاتە 2 ملیار و 400 ملیۆن دینار.
خولی چوارەمی پەرلەمان (2013– 2018): ئەم خولە تەمەنی یاسایی خۆی بۆ ساڵێک درێژ کردەوە و بە گشتی 5 ساڵ (60مانگ) بەردەوام بوو، کۆی مووچەی پەرلەمانتاران لە 60 مانگدا نزیکەی 54 ملیار و 300 ملیۆن دینار بوو، و کۆی گشتیی خەرجیی پەرلەمان (بە نەسریە و پاسەوانەوە) لە 5 ساڵدا زیاتر لە 138 ملیار دینار بوو. لە ئۆکتۆبەری 2015 تا ئەیلوولی 2017 (بۆ ماوەی 23 مانگ)، بەهۆی ململانێی سیاسیی لەسەر سەرۆکایەتیی هەرێمەوە، دەرگای پەرلەمان بە تەواوی داخرا و لە ساڵی 2016دا سفر یاسا دەرچوو؛ لەو ماوەیەدا پەرلەمانتاران زیاتر لە 20 ملیار و 800 ملیۆن دیناریان وەک مووچەی بێکاری وەرگرت.
خولی پێنجەمی پەرلەمان (2018– 2023): لە تشرینی دووەمی 2018 دەستی پێکرد و تەمەنی خۆی درێژ کردەوە تاوەکو لە حوزەیرانی 2023 بە بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق هەڵوەشایەوە (نزیکەی 56 مانگ). کۆی مووچەی پەرلەمانتاران لەو ماوەیەدا نزیکەی 50 ملیار و 700 ملیۆن دینار بوو. لە کاتی خانەنشینبوونیاندا لە حوزەیرانی 2023، هەر پەرلەمانتارێک بڕی 48 ملیۆن و 510 هەزار دیناری بەسەریەکەوە وەک پاداشت (ئیکرامییە) وەرگرت، کە کۆی گشتی بۆ 104 پەرلەمانتار کردییە نزیکەی 5 ملیار دینار. دادگای فیدراڵی بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە نادەستووری بووە؛ لەو 8 مانگە نایاساییەدا پەرلەمانتاران بڕی 7 ملیار و 200 ملیۆن دینار مووچەیان وەرگرت. ئەم خولە سستترین خولی مێژووی پەرلەمان بوو لە دەرکردنی یاسادا (تێکڕا تەنها 5 یاسا لە ساڵێکدا) و بە درێژایی تەمەنی خۆی نەیتوانی تەنانەت یەک یاسای بودجەش دەربکات.
بە کۆکردنەوەی هەردوو خولەکە، لە ماوەی 116 مانگی کارکردنیان، کۆی مووچەی پەرلەمانتاران 105 ملیار دینار و کۆی گشتیی خەرجییەکەیان (بە مووچە، پاسەوان، نەسریە و ئیکرامییەکانەوە) گەیشتووەتە 258 ملیار دینار، بێ ئەوەی هیچ کام لەم دوو خولە یاسای بودجەیان پەسەند کردبێت.
تێبینی: ئەگەر پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش لەبەرچاو بگرین کە ژمارەیان نزیکەی 60 بۆ 63 پەرلەمانتارە، هەر پەرلەمانتارێکی بەغدا بە پاسەوان و دەرماڵەوە مانگانە نزیکەی 25 بۆ 30 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی عێراق دەکەوێت، کە لە ماوەی یەک خولی 4 ساڵەدا دەکاتە نزیکەی 85 بۆ 90 ملیار دینار).
بەشی دووەم: تێچووی مووچە و ئیمتیازاتی دوو کابینەی حکومەت (کابینەی هەشتەم و نۆیەم)
لە ماوەی 12 ساڵی قەیرانی دارایی لە 2014ەوە تا 2026، دوو کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کار بوون؛ کابینەی هەشتەم (حوزەیرانی 2014– تەمووزی 2019) کە بڕیاری فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت و سیستەمی پاشەکەوتی زۆرەملێی مووچەی دەرکرد، و کابینەی نۆیەم (تەمووزی 2019– 2026) کە سیستەمی لێبڕینی مووچە پەیڕەو کرد.
هەر کابینەیەکی حکومەتی هەرێم لە سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت، و نزیکەی 22 بۆ 23 وەزیر (بە وەزیرانی هەرێم و سەرۆکی دیوان و فەرمانگەکانەوە کە پلەی وەزیریان هەیە) پێکدێت. مووچە و دەرماڵەی فەرمیی وەزیر مانگانە لەنێوان 10 بۆ 12 ملیۆن دینارە، بەڵام لەگەڵ خەرجیی نووسینگە، نەسریە، کاروانی ئۆتۆمبێل و پاسەوان (کە هەر وەزیرێک 10 بۆ 20 پاسەوانی هەیە)، تێچووی ڕاستەقینەی وەزیرێک لەسەر خەزێنەی گشتی دەگاتە مانگانەی نزیکەی 25 بۆ 30 ملیۆن دینار. سەرباری ئەوەش، بریکارانی وەزیر، ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان کە ژمارەیان لە هەردوو کابینەکەدا زیاتر لە 30 پلەی تایبەت بووە، مووچە و دەرماڵەکانیان لەنێوان 4 بۆ 7 ملیۆن دینار بووە.
لە ماوەی 144 مانگی کارکردنی هەردوو کابینەکەدا، کۆی تێچووی مووچەی ڕاستەوخۆی سەرۆکایەتیی حکومەت و وەزیرەکان نزیکەی 41 ملیار دینار بووە، خەرجیی پاسەوان و نووسینگە و نەسریەکانیان زیاتر لە 65 ملیار دینار بووە، و مووچەی بریکار و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان زیاتر لە 120 ملیار دینار بووە. بەم شێوەیە، کۆی تێچووی نوخبەی باڵای جێبەجێکار لەم دوو کابینەیەدا گەیشتووەتە نزیکەی 226 ملیار دینار.
بەشی سێیەم: خەرجیی شاراوە
گەورەترین بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لە هەرێمی کوردستان لە دۆسیەی خانەنشینیی پەرلەمانتار، وەزیر و پلە تایبەتەکاندایە. بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، لە هەرێمی کوردستان 498 پەرلەمانتاری خانەنشین هەن کە زۆربەیان تەنها 4 ساڵ دەوامیان کردووە و تەمەنیان لە خوار 45 ساڵەوە بووە؛ پێش ساڵی 2020 مانگانە 6 ملیۆن و 464 هەزار دیناریان وەردەگرت و دوای یاسای چاکسازیش لەنێوان 2 بۆ 4 ملیۆن دینار وەردەگرن.
هەروەها بەپێی لێدوانی فەرمیی لیژنەی دارایی و دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان، نزیکەی 2 هەزار کەس بە پلەی وەزیر، بریکاری وەزیر، ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین کراون (کە دەیان کەسیان ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حزبەکان بوون و یەک ڕۆژیش لە حکومەتدا وەزیر نەبوون). بەپێی داتای وەزارەتی دارایی، پێش هەموارکردنەوەی یاساکە، مانگانە بڕی 6 ملیار دینار تەنها بۆ مووچەی خانەنشینیی پلە تایبەت و وەزیر و پەرلەمانتاران خەرج دەکرا (ساڵانە 72 ملیار دینار). لە ماوەی 12 ساڵی قەیرانی داراییدا (2014بۆ 2026)، زیاتر لە 650 ملیار دینار تەنها دراوە بە مووچەی خانەنشینیی پەرلەمانتار و وەزیر و پلە تایبەتەکانی پێشوو.
بەشی چوارەم: بەراوردی دۆخی بەرپرسێک بەرامبەر فەرمانبەرێک (2014– 2026)
بۆ دەرخستنی نادادپەروەریی دارایی لە قەیرانی 12 ساڵەی مووچەدا، دەتوانین دۆخی وەزیر و پەرلەمانتارێک بە فەرمانبەرێک یان مامۆستایەکی ئاسایی بەراورد بکەین کە مووچەکەی 800 هەزار دینارە:
لە کاتێکدا مووچەی مانگانەی وەزیرێک یان پەرلەمانتارێک لەنێوان 8 بۆ 12 ملیۆن دیناردا بووە و کۆی مووچەکەی لە یەک خولی 4 ساڵەدا گەیشتووەتە 388 بۆ 576 ملیۆن دینار (جگە لە 48 ملیۆن دینار پاداشتی خانەنشینی)، فەرمانبەری ئاسایی ئەگەر بێ پاشەکەوت مووچەی پێبدرایە لە 4 ساڵدا 38.4 ملیۆن دیناری دەکرد.
لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا، وەزیر و پەرلەمانتار لە کاتی داخستنی پەرلەمان و قەیرانەکانیشدا مووچەیان وەرگرتووە، لە بەرامبەردا فەرمانبەر و مامۆستای ئاسایی لە هەمان ماوەدا 17 مووچەی تەواوی نەدراوە، 34 مانگ تووشی سیستەمی پاشەکەوت و چارەکە مووچە بووە، و 10 مانگیش لێبڕینی (18٪ بۆ 21٪) بەسەردا سەپێنراوە.
بەم شێوەیە، بەرپرسی باڵا هیچ زیانێکی دارایی نەکردووە و خانەنشینیشی بۆ مسۆگەر کراوە، لە کاتێکدا فەرمانبەری ئاسایی نزیکەی 44 مووچەی تەواوی لە ماوەی 12 ساڵدا لێ زەوت کراوە، کە بەهای داراییەکەی بۆ هەر فەرمانبەرێک نزیکەی 35 ملیۆن دینار خەمڵێنراوە.
پوختەی کۆتایی و دەرەنجامی ژمێریاریی 12 ساڵی ڕابردوو (2014– 2026)
بە کۆکردنەوەی هەموو تێچووەکان لە ماوەی 12ساڵی ڕابردوودا:
1. کۆی خەرجیی دوو خولی پەرلەمانی کوردستان (مووچە، پاسەوان، نەسریە، پاداشتی خانەنشینی): نزیکەی 258 ملیار دینار.
2. کۆی خەرجیی دوو کابینەی حکومەت (تەنها وەزیرەکان، پاسەوان و نووسینگەکانیان و پلە تایبەتە باڵاکان): نزیکەی 226 ملیار دینار.
3. کۆی خەرجیی خانەنشینیی پەرلەمانتاران و وەزیران و پلە تایبەتەکان لەو 12 ساڵەدا: نزیکەی 650ملیار دینار.
کۆی گشتی: لە ماوەی 12 ساڵی قەیرانی مووچەدا، زیاتر لە 1 تریلیۆن و 134 ملیار دینار لە داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە و ئیمتیازات و خانەنشینیی نوخبەی سیاسی (پەرلەمانتاران، وەزیرەکان و پلە تایبەتەکان) خەرج کراوە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەدا حکومەتی هەرێم زیاتر لە 44 مووچەی تەواوی فەرمانبەران و مامۆستایانی لەژێر ناوی پاشەکەوت و لێبڕین و نەبوونی بودجەدا پێ نەداون و کێشەی مووچەش لەگەڵ بەغدا هێشتا لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە.





