
لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی لە ساتەوەختێکی هەستیاری مێژووییدایە، ناوی محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وەک یەکێک لە کارەکتەرە هەرە سەرەکی و دیارەکان بۆ دانوستانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران دەردەکەوێت. لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ناوەندەکانی بڕیار و زیادبوونی گوشارە سەربازی و سیاسییەکان، قاڵیباف لە بەرپرسێکی یاسادانەرەوە، بووەتە ئەڵقەیەکی پەیوەندی ستراتیژیی کە نوخبە سیاسی، ئەمنی و ئاینییەکان کۆدەکاتەوە.
ڕاپۆرتەکان ڕۆژنامەوانیەکان دەڵێن، قاڵیباف خەریکە ڕۆڵێک دەگێڕێت کە لە دەسەڵاتە نەریتییەکانی خۆی تێدەپەڕێت؛ وا بڕوا دەکرێت کە ئەو سەرکردایەتی ڕێڕەوەکانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات، بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە وڵاتەکەی. ئەم ڕۆڵە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دێت، بەتایبەتی دوای کوژرانی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵا و سەرکەوتنی کوڕەکەی “موجتەبا” بۆ جێگرتنەوەی باوکی، ئەمەش وایکردووە قاڵیباف ببێتە “پیاوی متمانەپێکراو” لای ڕژێمە نوێیەکەی ئێران.
هەرچەندە بە شێوەیەکی فەرمی ئێران بوونی هەر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ واشنتۆن ڕەتکردووەتەوە، بەڵام میدیای ئیسرائیلی و ئەمریکی دەڵێن، قالیباف ئەو ناوەیە کە ئەمریکا قسەی لەگەڵدا کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەرچەندە ناوی قالیباف-ی نەهێنا، بەڵام دەربارەی ئەو بەرپرسەی ئێران کە قسەیان لەگەڵ کردووە گوتی: کەسێکی گوێ لێگیراو و بەهێزە.
وتاری ڕووبەڕووبوونەوە و زمانی تۆڵە
قاڵیباف لەڕابردوودا پەیامی زۆر توندی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد و هەڕەشەی وەشاندنی ئەو گورزە توندانەی لێکردن کە بە گوتەی قالیباف “وایان لێبکات بپاڕێنەوە”. ئەم قسانە وێنەی قالیبافی وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی ڕژێمەکە بەهێزتر کرد، کە سوورە لەسەر پاراستنی “هێڵە سوورەکان”ی ئێران، ئەمەش هەڵوێستێکە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردووەکەی وەك فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا.
قاڵیباف لە ساڵی 1961 لە تۆرقەبە لەدایکبووە، لەساڵی 1979 بەدواوە کاروانی ئەو لەگەڵ ڕژێمە نوێیەکەی ئێران دەستپێدەکات و بە خێراییەکی بەرچاو لە پلە و پۆستە سەربازی و ئەمنییەکاندا سەرکەوت، بەجۆرێک لە تەمەنێکی گەنجیدا کە 21 ساڵ بوو، بووە جەنەڕاڵ لە سوپای پاسداران و فەرماندەیی هێزی ئاسمانی ئەو سوپایەی کرد.
وەک فەرماندەی پۆلیسی نیشتمانی، بە توندوتیژییەکەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتییە خوێندکارییەکان لە ساڵانی (1999 و 2002) ناسرا، ئەوکاتەی فەرماندەی پۆلیس بووە پەیامی بۆ بەرپرسانی باڵا نارد خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکەن، کاتێکیش ئاسان خۆپیشاندانەکان کۆنترۆڵ نەکرا، هێزی جوڵاند و وەک خۆی لە تۆمارێکی دەنگیدا دەڵێت: بە ماتۆڕ تەقەم لە خوێندکاران کرد.
قالیباف هەوڵیدا دەزگای فەرماندەیی پۆلیسی نیشتمانیی نوێ بکاتەوە، بۆ ئەوەی ڕوکارێکی سەردەمیانەی هەبێت. هەروەها بۆ ماوەی 12 ساڵ شارەوانی تارانی بەڕێوەبرد، ئەمەش ئەزموونێکی کارگێڕی فراوانی پێبەخشی، هەرچەندە بە ئەندازیاری جوانکردنی تاران و دروستکردنی پرد و باڵەخانە ناسراوە، بەڵام لەپشتیەوە چیرۆکێکی پڕ لە گەندەڵیکردن هەیە، قالیباف لەساڵی 2020وە لە لوتکەی دەسەڵاتی یاسادانانی ئێران (سەرۆکی پەرلەمان)دایە.
پراگماتییەکی توندڕەو
قاڵیباف دوو سیفەتی دژبەیەکی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە: دڵسۆزی ڕەها بۆ دامەزراوەی “وەلی فیقهـ” و توانای دۆزینەوەی چارەسەری “تەکنۆکراتانە” و پراگماتی لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا. وەک کەسێک سەیر دەکرێت کە هەم زمانی شەڕ و هەڕەشە دەزانێت و هەم خاوەنی ئەو ئامرازانەشە کە پێویستن بۆ ئیدارەدانی”پێکدادانی سیاسی” لەگەڵ ڕۆژئاوا، لەپشت پەردە و ژوورە داخراوەکانەوە.
لە ئێستادا و لەم ساتەوەختە یەکلاکەرەوەیەدا، قاڵیباف تەنها سەرۆکی پەرلەمان نییە، بەڵکو کلیلی دڵنیایی ڕژێمەکەیە، کە هەوڵدەدات لەبەردەم جەنگێکی گەورەدا کە داخورانی ڕژێمی ئێرانی لێدەکەوێتەوە، خۆی ڕابگرێت.





