
بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، وەک یەکێک لە نادیارترین و بەهێزترین کارەکتەرەکانی تورکیا ماوەتەوە. ئەو کاروانی خۆی لە جیهانی هەواڵگرییەوە دەستپێکرد، کاتێک سەرکردایەتی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (MIT)ی کرد و دۆسیەگەلێکی زۆر هەستیاری لە پشت پەردەوە بەڕێوەبرد، دواتریش چووە نێو گۆڕەپانی دیپلۆماسییەوە.
لە نیسانی 2025دا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوودڵ نەبوو لەوەی بڵێت فیدان “یەکەم دیپلۆماتکاری تورکیا و پیاوی چارەسەرە لە پایتەختە گەورەکاندا” . ئەمڕۆش، لەگەڵ پەرەسەندنی دەنگۆکان سەبارەت بە قۆناغی دوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ناوی ئەو وەک یەکێک لە دیارترین بەربژێرەکان بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکە دەهێنرێت، ئەمەش بە پشت بەستن بە مێژووە ئەمنیی و دیپلۆماسییەکەی کە کردوویەتیە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکان لە دروستکردنی بڕیاری یەکلاکەرەوە لە تورکیادا.
لە هەژارییەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات
هاکان فیدان لە ساڵی 1967 لە ئەنقەرە لە خێزانێک لەدایکبووە کە ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ شاری قەیسەری لە ناوەڕاستی ئەنادۆڵ. وەک گۆڤاری “لێکسپرێس”ی فەرەنسی لە ژیاننامەکەیدا ئاماژەی پێداوە: ئەو لە گەڕەکێکی هەژارنشینی پایتەخت گەورە بووە، لە قوتابخانەیەکی حکومیی ئاساییدا خوێندوویەتی پێش ئەوەی بچێتە ئەکادیمیای سەربازی.
خوێندنی باڵای لە ئەمریکا لە بواری سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تەواو کردووە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی دەست بە کاروانێکی ئەمنی بکات. لە ساڵی 2010دا، ئەردۆغان وەک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی دایمەزراند، و بۆ ماوەی 13 ساڵ لەو پۆستەدا مایەوە، کە تێیدا دەزگاکەی لە ئامرازێکی ئەمنی ناوخۆیی سنووردارەوە گۆڕی بۆ هێزێکی هەواڵگری جیهانیی کە 20 هەزار فەرمانبەری هەیە.
ئەو پیاوەی لە سفرەوە MITی سەرلەنوێ بنیات نایەوە
کاتێک فیدان پۆستەکەی وەرگرت، هەواڵگری تورکیا بەدەست سێ کێشەی گەورەوە دەیناڵاند: لاوازی لە کۆکردنەوەی زانیاریی لە دەرەوەی سنوورەکان، قورسایی بیرۆکراسی کە ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنە خێراکان دەکرد، و نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان دەزگا ئەمنییە جیاوازەکاندا.
ئەو دەستی بە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە کرد؛ تۆڕی کارکردنی دەرەکی لە ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست فراوانتر کرد، و لقەکانی هەواڵگری لەو وڵاتانەدا بنیات ناوە کە ڕەوەندی گەورەی تورکیایان تێدایە، هەروەها تواناکانی گوێگرتن و چاودێری دیجیتاڵیی پەرەپێدا. بەڵام دیارترین شت کە بۆی دەگەڕێنرێتەوە، گۆڕینی MIT بوو بۆ ئەکتەرێکی سەرەکی لە دۆسیەکانی پەیوەست بە دانوستانی نێودەوڵەتی؛ ئەو ڕووخساری نهێنی بوو لە دانوستانە درێژخایەنەکان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، دۆسیەی سوریا، و گفتوگۆکانی لەگەڵ مۆسکۆ سەبارەت بە لیبیا.
متمانەی نەبڕاوەی ئەردۆغان
ئەو بنچینەیەی فیدان پشتی پێدەبەستێت تەنها لێهاتوویی پیشەیی نییە، بەڵکو ئەو لە ناوەندەکانی تورکیادا وەک “نزیکترین و دڵسۆزترین کەس لە ئەردۆغان” وەسف دەکرێت. کاتێک پەرلەمانی تورکیا لە ساڵی 2012دا هەوڵیدا بانگهێشتی بکات بۆ لێپرسینەوە لە دۆسیەی دانوستانەکانی پەکەکە، ئەردۆغان خۆی دەستوەردانی کرد بۆ پاراستنی. کاتێکیش ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی گشتیدا ناسناوی “برام”ی لێنا، چاودێران تێگەیشتن کە ئەمە ئاماژەیە بۆ هاوپەیمانییەکی سیاسی و سۆزداری کە لە سنووری پەیوەندیی پیشەیی تێدەپەڕێت.
ئەم متمانەیە وای لە ئەردۆغان کرد لە کانوونی دووەمی 2023دا وەک وەزیری دەرەوە دایبمەزرێنێت، هەنگاوێک کە فیدانی لە جیهانی سێبەرەوە گواستەوە بۆ پێشەوەی دیمەنەکە. لەو کاتەوە، ئەو دیپلۆماسییەکی چالاکی تورکیا بەڕێوەدەبات لە دۆسیەگەلێکدا کە لە ئۆکرانیاوە تا فەڵەستین و بە ناو سودان و ئازەربایجاندا تێدەپەڕێت.
ئیسلامییەکی بێ ئایدۆلۆژیای توند
فیدان لە ئەدەبیاتی تورکی و بیانی وەک “ئیسلامییەکی پارێزگار” پۆلێن دەکرێت، بەڵام چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسلامبوونی ئەو زیاتر خاوەن سروشتێکی نیشتمانی-پراگماتییە نەک ئایدۆلۆژیایەکی ڕەق و چەقبەستوو. ئەو وتاری ئاینی پێشکەش ناکات و زمانێکی توند بەکارناهێنێت، بەڵکو خۆی وەک پیاوی دەوڵەت نیشان دەدات کە ناسنامەی ئیسلامی وەک پێکهاتەیەکی کولتووری بۆ پڕۆژەی نیشتمانی تورکیا دەبینێت، نەک وەک گوتارێکی هاندەر. ئەمەش وای لێدەکات لە یەک کاتدا توانای گفتوگۆی لەگەڵ مۆسکۆ، واشنتۆن، تاران و تەلئەبیب هەبێت، کە ئەمەش هاوسەنگییەکی دەگمەنە لە ناوچەیەکدا کە پڕە لە جەمسەرە دژ بەیەکەکان.
پیاوێک کە لەگەڵ هەمووان قسە دەکات
کاتێک گفتوگۆکانی مۆسکۆ و ئۆکرانیا لە ساڵی 2022دا بەڕێوەچوون، فیدان وەک سەرۆکی هەواڵگری یەکێک بوو لە ئاسانکارە ڕانەگەیەندراوەکان. کاتێکیش گرژییەکانی لیبیا زیادیان کرد، ئەو نامەکانی لە نێوان تەرابلوس، مۆسکۆ و ئەنقەرەدا دەگواستەوە. هەروەها کاتێک وڵاتانی ناوچەکە ویستیان دووبارە پەیوەندی لەگەڵ دیمەشقدا دروستبکەنەوە، هەندێک لە داوەکان بە ناو میت دا تێپەڕین.
یووسف عەزیزی، توێژەری فەرەنسی، لە شیکردنەوەیەکدا کە گۆڤاری “لوپوان” بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: “فیدان نوێنەرایەتی حاڵەتێکی دەگمەن لە دیپلۆماسی ناوچەییدا دەکات؛ پیاوێک کە نامەی دژبەیەک بۆ لایەنە ڕکابەرەکان دەبات و هەموو جارێکیش بە سەلامەتی دەگەڕێتەوە. ئەمە یان بە واتای لێهاتووییەکی ناوازە دێت لە بەڕێوەبردنی دژایەتییەکاندا، یان نەرمییەکی بنەڕەتییە کە هاوبەشەکان نیگەران دەکات”.
جێگرەوەی ئەردۆغان؟
هەستیارترین پرسیار لە ناوەندەکانی تورکیای ئەمڕۆدا ئەوەیە: کێ دەچێتە شوێنی ئەردۆغان؟ ئەو سەرۆکەی کە لە ساڵی 2003وە حوکم دەکات، هیچ جێگرەوەیەکی ڕاگەیەندراوی نییە.
بەڵام چاودێران کۆکن لەسەر ئەوەی کە فیدان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەترین کارتی دەستی ڕەوتی دەسەڵاتدار دەکات، ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێکی ڕوون: ئەو دۆسیەکانی دەوڵەت لە ناوەوە دەناسێت، متمانەی دامەزراوە ئەمنییەکانی هەیە، هیچ مێژوویەکی لە ئابڕووچوون نییە، و پەسەندکردنی نێودەوڵەتیشی لە نێوان سیاسییە تورکەکاندا دەگمەنە.
لە پشت پەردەی سیاسی تورکیادا پەندێکی باو هەیە کە پێگەی فیدان کورت دەکاتەوە: “هەرکەسێک شتێکی لە ئەنقەرە بوێت، لە هاکانەوە دەستپێدەکات”، ئەمەش ڕستەیەکە بەزۆری بۆ کەسێک دەوترێت کە بە ڕاستی لە چەقی قورسایی بڕیارداندا دانیشتووە.





