“جەللادەکەی ئێران” موجتەبا خامنەیی ماوەی کارکردنی غوڵام حوسێنی تا پێنج ساڵی تر نوێکردەوە

کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە ئێران بڕیارێکی بێدەنگ دەرچوو، کە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی ئێران بڵاویان نەکردەوە، ئەویش نوێکردنەوەی سپاردنی دەسەڵات بوو بە غوڵامحوسێن موحسینی وەک سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بۆ پێنج ساڵی دیکە، بە واژۆی موجتەبا خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران.

پیاوێک لە سێبەردا کار دەکات، بەڵام شوێنپەنجەی لەسەر حوکمدراوانی سێدارە زۆر ڕوونە

لە ئەراکەوە بۆ لوتکەی دادوەری

ئیژەیی لە ساڵی 1956 لە شاری ئیژە لە پارێزگای ئەسفەهان لەدایکبووە. لە قوم فیقهـ و زانستە ئاینییەکانی خوێندووە تا ببێتە خاوەنی عەمامەی سپی کە لە پیاوانی ئاینی خاوەن عەمامەی ڕەشی جیا دەکاتەوە. هەر زوو دوای شۆڕشی 1979 چۆتە ناو دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، ساڵی 1999 وەک جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دامەزرا و چەندین پۆستی لە دەزگای دادوەریدا وەرگرتووە.

بڵام ئەو وەرچەرخانەی کە وێنەی ئەوی لە بیرەوەری ئێرانییەکاندا نەخشاند، کاتێک بوو کە لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2009 لە سەردەمی ئەحمەدی نەژادی سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران، وەزارەتی هەواڵگری گرتە دەست.

بەپێی گۆڤاری “لوپوان”ی فەرەنسی، لەو چوار ساڵەدا، ئیژەیی سەرپەرشتی کەیسێکی کردووە کە بە “کەیسی سیخوڕەکانی وەزارەت” ناسراوە؛ کاتێک لە ساڵی 2007دا “پاکتاوێکی” ناوخۆیی ئاشکرا کرد کە کارمەندانی دەزگای هەواڵگری گرتبووەوە، ئەوەش بە تۆمەتی پەیوەندییان بە سەرانەسەندن و تیرۆرکردنی دەرەوەی یاسای دژبەران و ڕۆشنبیرانی ئێرانی.

هەرچەندە ئەم ئاشکراکردنە وەک پاکتاوێکی ناوخۆیی دەرکەوت، بەڵام شیکەرەوە ڕۆژاواییەکان وەک پرۆسەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دەزگایەک لێکیان دایەوە کە خەریک بوو بە جۆرێک لە سەربەخۆیی کار بکات کە سەرکردایەتی سیاسی نەیویستووە.

2009 ساڵی هەڵبژاردن، خوێن و پلەبەرزکردنەوە

شەپۆلی خۆپیشاندانەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی 2009 ئیژەیی لە وەزارەتی هەواڵگری لادا، بەڵام دووری نەخستەوە. گوازرایەوە بۆ داواکاری گشتی و پاشان بۆ شوێنە ستراتیژییەکانی دەزگای دادوەری، و لە کاتی شۆڕشی سەوزدا لە کۆبوونەوەکانی ئاسایشی نەتەوەییدا بە بەردەوامی ئامادە بوو.

کاتێکیش دواتر لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکانی زیندانی کەهریزەک ئەنجامدرانەوە، کە تێیدا دەستگیرکراوانی سیاسی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا، ناوی ئیژەیی پێش ئەوەی لەژێر پاراستنی دامەزراوەکەدا ون بێت، هاتە سەر زمانەکان.

لە ساڵی 2021دا، وەک سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لەلایەن ڕێبەری کۆچکردوو عەلی خامنەییەوە دەستنیشانکرا، وەک بڵێی ڕژێم پیاوە سەختەکەی خۆی بۆ قۆناغە هەرە سەختەکە هەڵدەبژێرێت.

چوار هەزار لەسێدارەدان.. ژمارەیەک کە شوێن ئیژەیی کەوتووە

بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، هیومان ڕایتس وۆچ و دەستپێشخەری ئێران بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە حوزەیرانی 2021ەوە کە سەرۆکایەتی دادوەری گرتووەتە دەست، ژمارەی سزای لەسێدارەدانی جێبەجێکراو لە ئێراندا لە چوار هەزار حاڵەت تێپەڕی کردووە.

پشکی ئێران بۆ نزیکەی سێیەکی کۆی گشتی سزاکانی لەسێدارەدانی جێبەجێکراو لە جیهاندا بەرزبووەوە، تەنها لە ساڵی 2023دا ئەم ژمارەیە گەیشتە 834 سزا، کە ئەمەش یەکێکە لە بەرزترین ژمارەکان لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا.

تۆمەتە ئاڕاستەکراوەکانیش جۆراوجۆرن: تیرۆر، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، دەستدرێژی سێکسی، سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان و گەندەڵی. بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەیسەلمێنن کە زۆربەی ئەم سزایانە دوای دادگاییکردنێک دەرچوون کە تەنها چەند خولەکێکی خایاندووە و بێ ئامادەبوونی پارێزەرێکی ڕاستەقینە بووە. حوکمەکان ئەو کەسانەشی گرتووەتەوە کە لە تەمەنی منداڵیدا دەستگیرکراون.

پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی
ئەوەی گرنگییەکی زیاتر بەم بڕیاری نوێکردنەوەی تەمەنی کارکردنەی ئێژەیی دەدات، ئەوەیە کە موجتەبا خامنەیی، کە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئەنجومەنی شارەزایاندا توندکردووە و دوای کۆچی دوایی باوکی وەک ڕێبەر دەستنیشانکرا، ئیژەیی هەڵبژاردەوە سەرەڕای ئەوەی تەمەنی نزیک بووەتەوە لە حەفتا ساڵ.

پەیامەکە ڕوونە: بەردەوامی سیستەمی کۆنترۆڵکردن و زۆرەملێ کە لەبەردەم “ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی” لە ساڵی 2022 و لەبەردەم کۆمەڵکوژییەکانی کانوونی دووەمی 2026دا خۆی گرت، بە هەمان پیاو و بە هەمان ئامراز بەردەوام دەبێت.

ئەو شیکەرەوانەی کە ماڵپەڕی “ئێران ئینتەرناشناڵ” قسەی لەگەڵ کردوون، پێیان وایە کە ئیژەیی گوزارشت لە “بیرەوەری دامەزراوەیی” دەزگای سەرکوتکردن دەکات: پیاوێکە کە دەرچە و دەروازەکانی سیستەمەکە دەناسێت، و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ سوپای پاسداران و دامەزراوەی پیاوانی ئاینی موحافزکاردا هەیە، بۆیە ئەو گەرەنتی هاوسەنگی ناوخۆییە لە قۆناغێکی گواستنەوەی ناسکدا.

عەمامەی سپی و واتای ڕەمزی

لە چەمکی ئاینیی شیعەدا، عەمامەی سپی ئاماژەیە بۆ پیاوێکی ئاینی کە ڕەچەڵەکی ڕاستەوخۆی بۆ پێغەمبەر نەسەلمێنراوە، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە “مەرجەع” بێ ئەوەی ببێتە “سەید”.

بەڵام ئیژەیی عەمامە سپییەکەی گۆڕی بۆ شتێکی تر: دامەزراوەیەک کە پشت بە شەرعییەتی ئاینی دەبەستێت و دەسەڵاتی خۆی بە مشتەکۆڵەیەکی ئەمنی توند دەسەپێنێت. نەیارەکانی لە ناوخۆی ئێراندا باسی فیقهی حوکمەکانی ناکەن، بەڵکو لە بێدەنگیدا ژمارەکان دەژمێرن: چوار هەزار لەسێدارەدان لە چوار ساڵدا.

Back to top button