موحسین ڕەزایی جەنەڕاڵی “پیاڵەی ژەهر” گەڕایەوە ناوەندی بڕیاردانی ئێران

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، دەستنیشانکردنی لیوا موحسین ڕەزایی وەک ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ڕاگەیاند، کە وەک جێگرەوەی محەمەد باقر زولقەدر دەستبەکاردەبێت، جگە لەوە بە فەرمانی موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران موحسین ڕەزایی وەک نوێنەری خۆی لە ناو ئەنجومەنەکەدا کاردەکات، تا بەم شێوەیە هەردوو ئەرکی ئەمیندارێتی و نوێنەرایەتی کۆبکاتەوە.

هەستیاریی ئەم بڕیارە لە کات و شوێنەکەی قورسدایە، پێگەکە هەمان ئەو پۆستەیە کە عەلی لاریجانی، سیاسیی کارامە و پیاوی هاوسەنگییە وردەکان وەریگرتبوو، بەرلەوەی ئیسرائیل لە هێرشێکدا بۆ سەر دەوروبەری تاران لە ئاداری 2026 بیکوژێت، پۆستێک کە لە سایەی جەنگدا، لە دەزگایەکی هەماهەنگییەوە گۆڕا بۆ شتێک هاوشێوەی ناوەندی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

کاتی پێدانی ئەو پۆستە بە ڕەزایی، تەنها چەند مانگێک دوای دەنگۆکانی ناکۆکی لە نێوان ئەو و سوپای پاسداران لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەی ناوخۆیی دێت. لە کاتێکدا مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆمار دەستی بە زولقەدرەوە گرتبوو، سوپای پاسداران هەوڵی پەراوێزخستنی ڕەزایی دەدا، کە ئەمه‌ش بووە جێی ڕەزامەندیی سەرکردایەتیی باڵای نوێ بە نوێنەرایەتیی موجتەبا خامنەیی.

شۆڕشگێڕێک لە سەرەتاکانی ڕژێمە نوێیەکەوە

موحسین ڕەزایی میرقائد لە یەکی سێپتەمبەری 1954 لە شارۆچکەی مەسجید سولەیمان لە پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، لە خێزانێکی ئایینپەروەر لەدایکبووە. مەسجید سولەیمان شارێکی ئاسایی نیە؛ یەکێکە لە یەکەمین شارە نەوتیەکانی ئێران، کە تێیدا دەوڵەمەندیی دەرهێنان هاوشانی پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی بووەوە و گوند و هۆز و دەوڵەتی هاوچەرخی تێدا ئاوێتە بوو. لە ژینگەیەکی ڕەقی لەم شێوەیەدا، هۆشیارییەکی پێشوەختە بەرامبەر دەوڵەت وەک ئامرازێکی سەرکەوتن و گۆڕەپانی ململانێ بەیەکەوە شێوەی گرت.

لە گەنجیدا بۆ خوێندن لە قوتابخانەیەکی سەر بە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت بۆ ئەهواز، هەر زوو دەستی بە چالاکیی سیاسی دژی ڕژێمی شا کردوە، تا ئەو کاتەی دەزگای “ساواک” لە تەمەنی نزیکەی 17 ساڵیدا دەستگیری کرد و چەند مانگێکی لە زیندانی تاکەکەسیدا بەسەر برد.

لە ساڵی 1974دا چووە زانکۆی زانست و پیشەسازیی ئێران لە تاران بۆ خوێندنی ئەندازیاریی میكانیکی، بەڵام ڕاوەدوونانی “ساواک” و پەرەسەندنی چالاکییەکانی، ڕێڕەوی خوێندنی زانکۆیییان بڕی. دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ئێران و عێراق، لە دەرگایەکی تەواو جیاوازەوە گەڕایەوە بۆ سەر کورسیی خوێندن و لە ساڵی 2001دا بڕوانامەی دکتۆرای لە ئابووریدا لە زانکۆی تاران بەدەست هێنا.

پەڕینەوە لە ئەندازیارییەوە بۆ ئابووری کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە وێنەی دواتری، وەک پیاوێک کە بە هۆشیارییەکی دیارەوە هەوڵی دا خۆی دووبارە بدارێژێتەوە لە سەرکردەیەکی مەیدانییەوە بۆ بەرپرسێک کە بە زمانی سەرچاوەکان، هاوسەنگییەکان و بەرژەوەندییە باڵاکانی ڕژێم بیر لە دەوڵەت دەکاتەوە.

پیاوێک کە باجی بەردەوامیی و باجی پاشەکشە دەزانێت

لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕش لە ساڵی 1979دا، ڕەزایی تێکەڵ بە پێکهاتە چەکدارە نوێیەکان بوو، و یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی “موجاهیدینی شۆڕشی ئیسلامی”، بەرلەوەی پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە بکات.

لە تەمەنی 27 ساڵیدا، لە ساڵی 1981دا بووە فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و تا ساڵی 1997 لەم پۆستەدا مایەوە؛ واتە نزیکەی تەواوی ساڵانی جەنگ لەگەڵ عێراقدا.

لەم ماوە درێژەدا، بەشێوەیەک کاری لەسەر دروستکردنی سوپای پاسداران کرد کە وەک دامەزراوەیەک کە نوێنەرایەتیی پڕۆژەی دەوڵەتێکی هاوتا بکات، کە ئاسایش، بیروباوەڕ، ئابووری و سیاست تێیدا بەیەک دەگەن. لە سەردەمی فەرماندەیی ئەودا چەندین ناوەندی گرنگ لە ئێران دامەزران؛ لەوانە زانکۆی ئیمام حسێن، و بارەگای “خاتم الأنبياء” بۆ ئاوەدانکردنەوە و بیناسازی، و زانکۆی “بقية الله” بۆ زانستە پزیشکییەکان، لەگەڵ دامەزراندنی هێزە وشکانی، ئاسمانی و دەریاییەکانی سەر بە سوپای پاسداران.

یەکێک لە دیارترین هەڵوێستەکان لەسەر جەنگی ئێران و عێراق ئەوە بوو کاتێک خومەینی بڕیاری 598ی بۆ راگرتنی جەنگ قبووڵکرد، بەر لە خومەینی، ڕەزایی بریارەکەی بە “نۆشکردنی پیاڵەی ژەهر” وەسفی کرد؛ چونکە ڕاستییە مێژووییەکە ئەوەیە سەرکردایەتی لەژێر گوشاردا وەستانی جەنگی قبوڵ کرد، و هەڵسەنگاندنی فەرماندە سەربازییەکان بۆ تێچو و تواناکان لە هۆکارە یەکلاکەرەوەکان بوو.

هەڵسەنگاندنە سەربازییەکانی ڕەزایی، کە قەبارەی سەرچاوە و کاتی پێویستی بۆ بەردەوامبوونی شەڕ بە مەرجەکانی سەرکەوتن پیشان دا، هاوکار بوو لە دەرخستنی سنوری توانای کردەییی دەوڵەت، و ئەم ئەزموونە کەسایەتیی ئەوی داڕشت وەک پیاوێک کە باجی بەردەوامبوون و باجی پاشەکشە بەیەکەوە دەزانێت.

لەژێر فەرماندەیی ئەو، یان لە سایەیدا، نەوەیەک لە فەرماندەکان تێپەڕین کە دواتر بوونە هێمای ڕژێم، لە نێوانیاندا قاسم سولەیمانی، هەروەها ڕێڕەوی کارکردنی دواتر تێکەڵ بە پیاوانی دەوڵەت و ئاسایش لە جۆری عەلی لاریجانی بوو.

واقیعبینێکی سەرسەخت بەڵام بێ جەماوەر

کاتێک لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا فەرماندەیی سوپای پاسدارانی جێهێشت، ڕەزایی ڕووی کردە ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی؛ ئەو دامەزراوەیەی ئەرکی خۆی لە گونجاندنی نێوان بیروباوەڕ و بەرژەوەندی، و لە نێوان دەق و پێویستیدا دەبینێتەوە. مانەوەی بۆ ساڵانێکی درێژ تێیدا، بەتایبەتی لە سایەی سەرۆکایەتیی هاشمی ڕەفسەنجانیدا، ئەوی لە ڕەفسەنجانی نزیک کردەوە، ئەوەش ئەو توانایەی تیا دروستکرد کە بە زمانی ئاسایش قسە بکات کاتێک پێویست بکات، و بە زمانی ئابووری کاتێک پێویست بکات، و بە زمانی “بەرژەوەندیی ڕژێم” کاتێک دژایەتییەکان توند دەبنەوە.

لە سەردەمی ئیبراهیم ڕەئیسیدا پۆستی جێگری سەرۆک کۆماری هەبوو، هەروەها ئەزموونی خۆکاندیدکردنی دووبارەی بۆ سەرۆکایەتی تاقیکردەوە بێئەوەی هەرگیز بگاتە سەرۆکایەتی؛ چونکە لە ساڵی 2009دا لەو هەڵبژاردنەی ئەحمەدی نەژاد تێیدا سەرکەوت، خۆی کاندید کرد و نزیکەی 1.7٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، دواتر لە ساڵی 2013دا لە دوای ڕوحانی، قاليباف و جەلیلی پلەی چوارەمی بەدەستهێنا.

لە کاتێکدا لەم بابەتە سەیرەدا مانایەکی گرنگ هەیە؛ ڕەزایی هەمیشە ئەوەندە گەورە بووە کە لە یارییەکەدا ئامادەیی هەبێت، بەڵام ئەو بژاردەیە نەبوو کە دەوڵەتی قووڵ بۆ سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ویستویەتی.

ژیانی تایبەتیی ڕەزایی لەگەڵ یەکێک لە بەئازارترین وێستگەکان تێکەڵ بوو، ئەویش چیرۆکی کوڕە گەورەکەیەتی بەناوی ئەحمەد ڕەزایی، کە لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا کۆچی کرد بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و داوای پەنابەریی سیاسی کرد و ڕەخنەی توندی لە ڕژێم گرت، دواتر لە هەڵوێستەکانی پەشیمان بووەوە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی 2011دا، لە ژوورەکەیدا لە یەکێک لە هوتێلەکانی دوبەی بە مردوویی دۆزرایەوە، لەوکاتەدا دوو گریمانە دانران؛ ڕژێمی ئێران دەیگوت خۆی کوشتووە، بەڵام پۆلیسی دووبەی هۆکارەکەی بۆ خواردنی بڕێکی زۆری دەرمان گەڕاندەوە.

ئاماژەکانی دەستنیشانکردنەکە

داواکردنی ڕەزایی بۆ پۆستی ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی وەک دوو پەیام لە یەک کاتدا دەخوێندرێتەوە: یەکەمیان بۆ ناوخۆی دامەزراوەییە، کە ناوەرۆکەکەی ئەوەیە نەوەی دامەزرێنەر هێشتا تواناى پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و چنینی پەیوەندییەکانی لە نێوان ناوەندەکاندا هەیە، کاتێک ڕیزی پێشەوە هێزی نامێنێت؛ دووەمیشیان ئەوەیە کە ڕژێم، لە کاتژمێرە قورسەکانی بوونیدا، ڕوخساری نامۆ ناهێنێتە پێشەوە.

بەڵام گرنگتر لەوە ئەوەیە ئەو پۆستەی وەریدەگرێت پۆستێکی ئاسایی نییە؛ چونکە لە سایەی لاریجانیدا دەسەڵاتەکانی کۆکردەوە کە لە هەماهەنگی تێپەڕی بۆ شتێک هاوشێوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە کاتی جەنگدا، و ئەمەش ئەرکێک بوو کە لە کاتی دەستنیشانکردنی زولقەدردا دەرنەکەوت، کە دوای تیرۆرکردنی پێشینەکەی بەرپرسیارێتییەکەی وەرگرت، ئەمەش وا دەکات لەئەستۆگرتنی پۆستەکە پێویستی بە توانای تایبەت و ئامادەییەکی بەهێز بێت.

لەماوەی جەنگدا، ڕەزایی هەڵوێستی توندی بەرامبەر دانوستانەکان نیشاندا؛ کاتێک ترەمپی بەوە وەسف کرد کە هۆشی لەدەستداوە.

دەربارەی گەرووی هورمز، ڕەزایی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” گوتی، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، ئەوا “کەشتی و هێزەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە و زیانی گیانییان بەردەکەوێت”، و ڕەزایی پێی وایە ئێران و عومان خاوەن سەروەرین بەسەر ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەدا.

سەبارەت بە دانوستانەکان، ڕەزایی پێشتر ڕایگەیاندبوو دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا “کۆتایی پێهاتووە”، و وەک “تەنها پردێک بۆ پەڕینەوە، نەوەک پابەندبوونێکی بەردەوام” وەسفی کردبوو. لە لێدوانێکی پێشووتردا لەگەڵ تۆڕی CNN لەمانگی حوزەیراندا، ڕەزایی گوتی لە حاڵەتی شکستی دانوستانەکاندا، ئێران ئامادەیە بۆ ئەگەری داگیرکاریی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی و گوتی: “ئەوکات جیهان توانای ڕاستەقینەی ئێران تێدەگات.”

لە کاتێکدا ئێران تا ئەم ساتەش لەم ڕێڕەوە مەترسیدارە دەرنەچووە، پرسیارە جەوهەرییەکە بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە: ئایا ڕەزایی گەڕایەوە تا بێتە پیاوی “توندکردنی دەمار” و پاراستنی ناوەند، یان پیاوی دەرچوون لە جەنگ، هاوشێوەی ڕۆڵی لە ساتەوەختی “پیاڵەی ژەهر”دا؟ ڕووداوە دیارەکان ڕێگە بە بڕیاردانی کۆتایی نادەن، بەتایبەتی کە سەرکردایەتیی نوێ زیاتر بەرەو توندڕەوی و ڕەتکردنەوەی هێورکردنەوەی پەرەسەندنەکان دەڕوات.

Back to top button