زیاد حەلەب، ئەندازیاری “شەڕی ناو شار و گەڕەکەکان”

بەدیاریکراوی 40 ڕۆژ پێش ئێستا لە کاتێکدا گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب لەژێر هێرشێکی قورس و چڕدا بوون، هەموو چاوەکان لەسەر بەرگریی هەردوو گەڕەکی (شێخ مەقسو و ئەشرەفییە) بوون، لەوێ فەرماندەیەکی ئازای کورد بەناوی (زیاد حەلەب) تا کۆتا سات وەك جەنگاوەرێکی قارەمان سەرکردایەتی شەڕڤانە کوردەکانی کرد. زیاد حەلەب ڕۆژی 10ـی کانوونی دووەمی 2026 لە حەلەب شەهیدبوو.

زیاد حەلەب لەگەڵ شەڕڤانەکانیدا

چیڕۆکی دکتۆر زیاد، چیڕۆکی نیشتمانپەروەرییەکی بێوێنەیە. ئەو خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا بوو لە زانکۆی (ماینز – Mainz) لە وڵاتی ئەڵمانیا. دکتۆر زیاد نموونەی ئەو ڕۆشنبیرە کوردە بوو کە ژیانی ئارامی ئەوروپای جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ زێدی باوباپیرانی تاوەکو لە ساتە هەرە سەختەکاندا بەرگری لە ناسنامە و خاکی خۆی بکات.

دکتۆر زیاد تەنها فەرماندەیەکی سەربازیی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بەو ئەقڵییەتە ئەکادیمییەی هەیەتی، توانیویەتی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا سیستمێکی ئەمنیی ئاڵۆز و تۆڕێکی نهێنی لەناو گەڕەکە کوردنشینەکاندا دروست بکات. ئەم شێوازە لە بەرگری وای کردووە کە گرووپە توندڕەوەکان و میلیشیاکانی دیمەشق نەتوانن بە ئاسانی دزە بکەنە ناو قووڵایی گەڕەکەکان، چونکە لە هەر کۆڵانێکدا ڕووبەڕووی پلانێکی چاوەڕواننەکراو دەبنەوە.

پێش هێرشەکانی سەر حەلەب، گروپە توندرەوەکانی سەر بە حکومەتی نوێی سوریا، دکتۆر زیاد حەلەبییان خستبووە لیستی ڕەشی خۆیانەوە و بەدوای سەریدا دەگەڕان. ئەو فەرماندەیە کە بە “چاونەترس و دلێر” ناسرابوو، توانیبوی خەو و خۆراک لە هێرشبەران تاڵ بکات و ورەی شەڕڤانان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە بەرزترین ئاستدا ڕابگرێت.

زیاد قەدوور، ناسراو بە (زیاد حەلەب)، لە ساڵی 1988 لە عەفرین لەدایکبووە و لە ناو خێزانێکی نیشتمانپەروەردا گەورە بووە. لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، پەیوەندی بە ریزی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG)ـەوە کردووە بۆ بەرگریکردن لە شاری حەلەب.

لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2015، رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رژێمی بەعس و گرووپە چەکدارە جیاوازەکان بۆ سەر حەلەب. خاوەنی ئەزموونێکی زۆر بووە لە “شەڕی ناو شار و گەڕەکەکاندا،” ئەمەش وای لێکرد ببێتە فەرماندەیەکی جێگەی متمانە و خۆشەویستی خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.

زانیاریی گرنگ لەسەر ستراتیژە سەربازییەکانی زیاد حەلەب

• ستراتیژی بەرگری: دکتۆر زیاد سیستمی “بەرگریی گەڕەک بە گەڕەک”ی پەیڕەو کردووە، کە تێیدا هەموو ماڵێک دەبێتە قەڵایەک. ئەمەش وای کردووە هێزە هێرشبەرەکان سەرەڕای هەبوونی تانک و تۆپ، لە شەڕی ناو کۆڵانەکاندا شکستی گەورە بخۆن.

• پەیامی ڕەمزی: گەڕانەوەی کەسایەتییەکی خاوەن دکتۆرا لە ئەڵمانیاوە بۆ سەنگەر، پەیامێکی بەهێزە بۆ جیهان کە شەڕی کورد لە حەلەب شەڕی مان و نەمانە و تەنها شەڕێکی سەربازی نییە، بەڵکو شەڕی پاراستنی شارستانییەت و ناسنامەیە لە بەرانبەر توندڕەوی.

• ڕۆڵی لە ڕێککەوتنی ئەمنیدا: باس لەوە دەکرێت کە دکتۆر زیاد یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە گەرەنتیی مانەوەی “هێزێکی ئەمنیی ناوخۆیی” دەکات لە هەر ڕێککەوتنێکی نوێدا، چونکە خەڵکی ناوچەکە متمانەی تەواویان بە سەرکردایەتیی ئەو هەیە.

دوایین گوتەکانی فەرماندە

پێش گیان لەدەستدانی، زیاد حەلەب لە پەیامێکدا گوتبووی: “ئێمە کوڕی ئەم خاکەین؛ لێرە لەدایکبووین و لێرەش دەمێنینەوە. هیچ کات نەبووینەتە کێشە بۆ کەس، بەڵام ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، دەستەوەستان نابین. سوێند دەخۆین بەرگری لە گەلی خۆمان بکەین و تاوەکو دوایین هەناسە شەڕ دەکەین. بڕیاری شەهادەتمان داوە و هیچ بژارەیەکی دیکەمان نییە.”

Back to top button