
مینەکانی ئێران چەکێکی سەرەتایی و سادەن بەدەستی تارانەوە، کە دەتوانێ کاریگەریی گەورە لە ئابووریی جیهان بکات و بیشێوێنێت، تەنانەت بەبێ ئەوەی بتەقێتەوە.
ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئێران مینی دەریایی لە گەرووی هوورمز داناوە، ئەو ڕێڕەوە باریکەی 21%ی نەوت و 25%ی گازی سروشتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت بەرەو بازاڕەکانی جیهان. بەپێی مەزەندەی پەیمانگەی ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی جەنگ، ئێران 10 مینی دەریایی داناوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گومانی لەو ڕاپۆرتانە هەیە و داوای لە کەشتییەکان کرد بە گەرووەکەدا تێپەڕن.
جەهانگیر ئەراسڵی، لێکۆڵەری باڵا لە پەیمانگەی پەرەپێدانی دیپلۆماسییەت لە باکووی ئازەربایجان، کە پسپۆڕی هەڕەشە دەرییاییەکانە بە واشنتن پۆستی ڕاگەیاندووە: “مینی دەریایی ئامرازێکی باشە لە شەڕێکی نایەکساندا. توانای سەربازیی ئاسایی ئێران تێکشکێنراوە، بەڵام هێشتا توانای هەیە بۆ شەڕی نابەرامبەر.”
ئێران چەند جۆر مینی دەریایی هەیە؟
مەحام یەک بۆ سێ: مینی دەریایی مەحام (مەحام یەک بۆ سێ) دەتوانرێ لە قووڵایی نزیکەی یەک بۆ سێ مەتر لەژێر ئاو دابنرێت، ڕەنگە بە زنجیرێک ببەسترێنەوە بۆ ئەوەی لە شوێنی خۆی لەژێر ئاو نەجوڵێ، دەتوانێ لە دووری نزیکەی سێ مەتر لە هەموو لایەکییەوە هەست بە جووڵەی کەشتی بکات و پێیاندا بتەقێتەوە، ئامانجەکانی ژێردەریایی و هەر کەشتییەکە کێشی لە 250 تۆن زیاتر بێت.
مەحام پێنج: ئەمە لەلایەن مەلەوانەکانەوە لەو ئاوانەدا دادەنرێ کە قوڵ نین، ئامانجی پاراستنی کەناراو و دوورگەکانە بۆ ئەوەی بەلەم و کەشیی دووژمن لێیان نزیک نەبنەوە.
مەحام شەش: لەلایەن کەشتییەکانەوە هەڵدەدرێتە نێو ئاو بۆ قوڵایی نزیکەی 15 مەتر و ئامانجیان ژێردەرییاییەکانە.
بەپێی پەیمانگەی دەریاوانیی ئەمریکا، مین وێرانکەرترین چەکە کە ڕووبەڕووی هێزی دەریایی ئەمریکا بووەتەوە لەوەتەی جەنگی جیهانیی دووەمەوە.
سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندووە کەشتییەکی ئێرانییان لەنێوبردووە کە بۆ چاندنی مین دیزایین کراوە، پێشتریش ڕایگەیاندبوو توانیویانە ژێردەریاییەکی ئێران لە جۆری کیلو لەنێوببەن کە پێیانوایە دەیتوانی مینی دەریایی بچێنێت.
مینەکان چۆن دادەنرێن؟
لەگەڵ ئەوەشدا واشنتن پۆست دەڵێ “ئێران لەڕێگەی بۆقی مرۆییەوە (مەلەوانی سەربازی) بە بەلەمی بچووک مین دەچێنێت، ئەوانە وەک میلیشیای دەریایی نافەرمی کار دەکەن و زۆر زەحمەتە بناسرێنەوە و لەنێوببرێن، جگە لەوەش ئێران بڕێکی زۆر ئەو مینانەی هەیە، کە دەلکێن و مەلەوانەکانیان دەتوانن بە ڕووکاری کەشتییەکانەوە بیانلکێنن.”
مینی لکێنراو (Limpet Mines) موگناتیسی بەهێزی پێوەیە و لە ڕێگەی مەلەوانەکانەوە بە ڕووکاری کەشتییەکانەوە دەلکێنرێت، زۆرجار کاتی بۆ دانراوەتەوە و لەدوای ماوەیەکی دیاریکراو دەتەقێتەوە.
واشنتن پۆست دەڵێ بۆ ئێران گرنگ نییە مینە دەریاییەکان کەشتییەکان لەنێوببەن، بەڵکو ئامانجی سەرەکییان دروستکردنی پشێوییە لە هەناردەکردن و ئابووریی جیهان.
هەروەها بە گوتەی ئەنەس حاجی، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی Energy Outlook Advisors، مینە دەریاییەکانی ئێران هەروەها ڕێگە لەوە دەگرن ئەمریکا خاک داگیر بکات.
کەشتییە جەنگییەکان کەشتیی تایبەتمەندیان لەگەڵدایە کە لەڕێگەی سۆنارەوە کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی ئەو مینانە و دوورکەوتنەوە لێیان، یان لەنێوبردنیان.
سەرەڕای ترس، بەڵام ئەوەی ئێستا لە گەرووی هوورمزدا روودەدات، تەقینەوەکان پەیوەندییان بە هێرشە لەڕەگەی درۆن و مووشەکەوە کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا پێنج کەشتیی بازرگانی راستەوخۆ مووشەک و درۆنیان بەرکەوتووە و هیچ تەقینەوەیەکی مینی دەریایی تۆمار نەکراوە.
مەترسیی مینی دەریایی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە ماوەی شەڕی عێراق – ئێراندا دەرکەوت، بە جۆرێک ئەو قۆناغە کە دەیەیەک بەردەوام بوو، بە جەنگی بارهەڵگرەکان ناسرا، لەو کاتەدا هێزی دەریایی ئەمریکی دەستی بە یاوەریی کەشتییە بارهەڵگرەکانی نەوت کرد بۆ پاراستنیان، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوولا هێرشیان دەکردە سەر دامەزراوەکانی پیشەسازیی نەوت.
لە ساڵی 1988 مینێکی دەریایی بە کەشتیی یوو ئێس ئێس ساموێل بی ڕۆبێرتزی ئەمریکیدا تەقییەوە، کاتێک بەشێوەیەکی ئاسایی بەنێو کەنداوی فارسدا هاوەڵیی کەشتییەکی دیکەی دەکرد، لە ئەنجامدا ڕۆناڵد ڕێگن، سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا فەرمانی دا بە وەڵامدانەوەیەکی تووند و، ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە دژی ئێران دەستپێکرد.





