ڕووسیا سودمەندی یەکەمی جەنگی ئێرانە؛ ڕۆژانە 150 ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت

داتاکانی ئەم دواییە ئاشکرای دەکەن، ڕووسیا بووەتە سودمەندی سەرەکی لە ململانێ بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. فرۆشتنی نەوت ڕۆژانە 150 ملیۆن دۆلاری دیکە دەخاتە ناو بودجەی ڕووسیا، ئەمەش مۆسکۆ لە قەیرانی کورتهێنان ڕزگار دەکات.

بوومەلەرزەی قازانج و داخستنی گەرووی هورمز

بەپێی ئەو حیساباتانەی لەسەر بنەمای داتای پیشەسازی و شیکارییەکانی ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز کراوە، مۆسکۆ قازانجی چاوەڕواننەکراوی لە نێوان یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بۆ یەک ملیار و 900 ملیۆن دۆلار لە باجی هەناردەکردن دەستکەوتووە، دوای ئەوەی داخستنی دیفاکتۆی گەرووی هورمز وایکرد هیندستان و چین ڕوو لە نەوتی خاوی ڕووسیا بکەن.

خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن کە کۆی داهاتی زیادە، دەتوانێت تا کۆتایی مانگی ئادار بگاتە نزیکەی پێنج ملیار دۆلار، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاوی ڕووسیا بۆ نێوان 70 تا 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، دوای ئەوەی تێکڕای نرخی نەوتی خاو لە دوو مانگی پێشوودا 52 دۆلار بووە.

ئەمەش گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە دۆخی مۆسکۆدا نیشان دەدات، کە پێش دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران، بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە بەدەست دابەزینی نرخی نەوت و زیانێکی بەرچاوی فرۆشتنی بە هیندستانەوە دەناڵێنێت.

واشنتۆن فشارەکانی بۆ سەر هیندستان کەمکردەوە و چاوپۆشی لە هەندێک سزای کرد بۆ دڵنیابوون لە ڕۆیشتنی پێداویستییەکان و کەمکردنەوەی نرخی جیهانی. ئەم کەشوهەوایە بووە هۆی ئەوەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا باس لە “واقیعێکی نوێی نرخ” بکات، تەنانەت ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی وزە بۆ ئەوروپا کرد.

کەمبوونەوەی هەناردەکردن پێش قەیرانەکان

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، هەناردەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی ڕووسیا لە مانگی شوباتدا بە ڕێژەی 11.4% دابەزیوە و گەیشتووەتە نزیکەی 6.6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش نزمترین ئاستە لە دوای قەیرانی ئۆکرانیا لە ساڵی 2022.

بۆریس دودۆنۆڤ، بەرپرسی توێژینەوەکانی وزە و کەشوهەوا لە ناوەندی ئابووری کیێڤ، ڕایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی نرخەکانی ئێستا “یارمەتی ڕووسیا دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی لە بووجەدا کە پڕکردنەوەی کورتهێنانە، ڕەنگە تەنانەت دەست بکات بە پاشەکەوتکردنی بڕێک پارە”.

دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی کاریگەری لە بازاڕی وزەدا: شەڕ لەگەڵ ئێران دەرفەتێک دەخاتە بەردەم مۆسکۆ بۆ بەهێزکردنی نفوزی خۆی لە بازاڕەکانی وزە لەسەر حیسابی دەوڵەتانی کەنداو کە لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانیاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە.

ڕووسیا هەوڵدەدات سوود لەدۆخی پشێوی و جەنگی ئێران وەربگرێت. سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند کە بازاڕەکانی وزە بەرەو “واقیعێکی نوێی نرخدانان” دەڕۆن، ئاماژەیە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی وزە بۆ ئەوروپا.

لە پێشهاتێکی نوێدا، کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا”دانوستانە بەرهەمدارەکانی” نێوان پوتن و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای ئاشکرا کرد، کە دواتر ئاماژەی بە ئەگەری “هەڵگرتنی هەندێک سزا” بۆ ماوەیەکی کاتی لەسەر هەندێک وڵات بۆ هێورکردنەوەی بازاڕەکان کرد. ئەمەش نیگەرانی هاوپەیمانانی واشنتۆنی دروستکردووە، ترسیان هەیە ئەوە هەوڵەکانی گۆشەگیرکردنی مۆسکۆ تێکبدات.

نیگەرانی نێوان هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا

ئەم پێشهاتانە هاوپەیمانانی ئەمریکای تووشی شۆک کردووە. توێژینەوەیەکی کۆمپانیایەکی گەورەی وزە هۆشداری داوە لەوەی حکومەتەکانی ئەوروپا ڕووبەڕووی فشار ببنەوە بۆ دواخستنی قەدەغەکردنی پێشبینیکراوی خۆیان لەسەر گازی سروشتی شل، ئەگەر نەمانی سەرچاوەی دابینکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەردەوام بێت، ئەمەش ئەگەری هەیە هەوڵەکانی ساڵانێک بۆ گۆشەگیرکردنی مۆسکۆ بخاتە مەترسییەوە.

هەروەها توێژینەوەکە پێشنیازی کردووە کە دەوڵەتانی کەنداو بە خێرایی هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی ڕۆڵی پێشەنگ بگرن، لە کەمکردنەوەی قەیرانەکان و بەرگریکردن لە پشکەکانیان لە بازاڕەکانی ئەوروپا.

هیندستان و چین لە پێشبڕکێیەکدا بۆ بەدەستهێنانی نەوتی خاوی ڕووسیا

داتاکانی کیپلەر (Kpler) ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئێستادا کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ڕووسیا زەریای هیندی دەبڕن و هاوردەی هیندستان بە ڕێژەی لەسەدا 50 زیادی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت، ڕەنگە شایەتحاڵی ململانێی نێوان پەکین و نیودەلهی بین بۆ ئەو بەشە نەوتەی کە لەبەردەستی ڕووسیادا هەیە.

سومیت ڕیتولیا، شرۆڤەکاری باڵای کۆمپانیای (Kpler) لە نیودەلهی، وتی: ئەگەر خشتەی ئێستای کەشتیوانی و جووڵەی بارهەڵگرەکان وەک خۆی بەردەوام بێت، ئەوا هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا لەلایەن هیندستانەوە لەم مانگەدا دەگاتە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوسیا گەورەترین براوەی ئەم ململانێیە.

ئەم قازانجانە لە کاتێکی زۆر گرنگدا بۆ ڕووسیا دێت. داهاتی وزە تا سەرەتای ساڵی 2026 بە ڕێژەی لەسەدا 50 دابەزیبوو، ئەمەش وایکرد حکومەت بیر لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی لەسەدا بەڕێژەی 10٪ بکاتەوە. بەڵام “پاداشتی جەنگ”ی ئێستا، دەستیکردووە بە گۆڕینی باڵانس، چونکە هەر 10 دۆلارێک لە نرخی بەرمیلێکدا دەگۆڕێت بۆ یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ گەنجینەی دەوڵەت لە مانگێکدا.

داخستنی گەرووی هورمز، بازاڕەکانی نەوت و غازی جیهانی خستووەتە ناو گێژاوەوە، ئەگەری لابردنی نزیکەی 60 ملیۆن تۆن نەوتی خاو و 7 ملیۆن تۆن غازی سروشتی شل لە بازاڕەکاندا هەیە لە مانگێکدا، بەپێی خەمڵاندنەکانی ڤایبهاڤ ڕاگوناندان، شرۆڤەکاری یەکێتی ئەوروپا و ڕووسیا لە سەنتەری توێژینەوەی وزە و هەوای پاک.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوردەکردنی نەوتی ڕوسیا لەلایەن هیندستان و چینەوە هەریەکەیان بەڕێژەی لەسەدا 22 لە هەفتەی دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەرزبووەتەوە، بە بەراورد بە تێکڕای مانگی شوبات.

سێرگی ڤاکولێنکۆ، لێکۆڵەر لە سەنتەری کارنێگی ڕووسیا-ئۆراسیا لە بەرلین دەڵێت: ئەگەر قەیرانەکە درێژە بکێشێت، چین و هیندستان دەتوانن خۆیان لە کێبڕکێی کڕینی نەوتی ڕووسیا دا ببیننەوە.

Back to top button