
لەم ڕۆژانەدا کە جیهان بە تامەزرۆییەوە سەیری گۆڕانکارییەکانی ناو ماڵی ئێران دەکات، ناوی عەلی لاریجانی وەک “قەڵغانی رژێمەکە” دەدرەوشایەوە. لاریجانی تەنها سیاسییەک نەبوو کە پۆستی هەبێت، بەڵکو ئەو وەک “ئایکۆنێکی ستراتیژی” و پردێکی مێژوویی دەبینرا کە توانیبووی لە یەک کاتدا لە نێوان سێ جیهانی جیاوازدا یاری بکات: فەلسەفەی ڕۆژئاوا، دەسەڵاتی ئایینی، و دیپلۆماسییەتی جیهانی. بەڵام بە کوژرانی، ئێستا تاران گەورەترین مێشکی ستراتیژیی خۆی لەدەستداوە.
عەلی ئەردەشیر لاریجانی (لەدایکبووی 1958) لە ناو جەرگەی خێزانێکی ئایینی ئێراندا لەدایکبووە. باوکی ئایەتوڵڵا میرزا هاشم، یەکێک بوو لە مەرجەعە گەورەکانی شیعە، لاریجانی جیاواز لە براکانی، ڕێگەیەکی دیکەی هەڵبژارد، ئەو سەرەتا لە زانکۆی “شەریف” لە تاران بەکالۆریۆسی لە بیرکاری و زانستی کۆمپیوتەر وەرگرت. ڕۆژنامەکانی ئێران دەڵێن: ئەم باکگراوندە بیرکارییە وای لێکردبوو هەموو جوڵە سیاسییەکانی وەک هاوکێشەیەکی ورد هەژمار بکات، هەر بۆیە هیچ کات لاریجانی لە بڕیارەکانی هەڵەی نەدەکرد. دواتر بە وەرگرتنی دکتۆرا لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا و نووسینی تێزەکەی لەسەر “ئیمانوێل کانت”، لاریجانی بوو بە تاکە پرد لە نێوان فەلسەفەی ڕۆژئاوا و ویلایەتی فەقێ.
ناوەندەکانی ئەمریکا لە خوێندنەوەیان بۆ لاریجانی دەیانگوت: ئەو بڕوای وابوو کە “شۆڕش” قۆناغێکی کاتییە و نابێت ببێتە شێوازی هەمیشەیی حوکمڕانی. هاوکات دەوڵەت ناتوانێت تەنها بە دروشم و هەست و سۆز بەڕێوە بچێت، بەڵکو پێویستی بە مەنتیقی “بەرژەوەندی دەوڵەت” هەیە. ئەو زمانی گفتوگۆ لەگەڵ جیهاندا دەزانی بێ ئەوەی لە بنەماکانی “ویلایەتی فەقێ” لابدات. ئەمەش وای کردبوو لای ڕۆژئاواییەکان لاریجانی وەک “دیپلۆماتکارێکی سەخت” و لە ناوخۆی ئێرانیشدا وەک “کەسێکی مەترسیدار بەڵام پێویست” بناسرێت.
لاریجانی بەنزیکەیی تەواوی پۆستە هەستیار و ستراتیژییەکانی ئێرانی وەرگرتبوو؛ ئەو بۆ ماوەی دە ساڵ سەرۆکی دامەزراوەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی “صدا و سیما” بوو، کە ناوەندی سەرەکیی ئاڕاستەکردنی جەماوەر و بیروڕای گشتییە. بەرپرسانی ئێران ئاماژە بەوە دەدەن لاریجانی بە جۆرێک کاریگەر بووە، ڕێژەی دەنگە ناڕازییەکانی ناوخۆی وڵات گەیشتبووە ئاستی سفر. ڕۆڵی لاریجانی لێرەدا نەوەستا، بەڵکو بە بڕیاری خودی خامنەیی کرا بە سەرۆکی پەرلەمان و لەوێدا ڕۆڵێکی بێوێنەی گێڕا لە داڕشتنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی خزمەتیان بە چەسپاندنی دەسەڵاتی ئایینی لە ئێراندا دەکرد. دواجار، وەک سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەستبەکار بوو؛ ئەو ڕۆژەی لاریجانی ئەو پۆستە ئەمنییە باڵایەی وەرگرت، “بزووتنەوەی موجاهیدینی خەڵق” وەک سەرەکیترین ئۆپۆزسیۆنی ئێران، بە مانشێتی گەورە نووسییان: “ئیتر ئێران ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.”
سەرباری ئەو وێنە ستراتیژیی و درەوشاوەیەی کە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بۆی کێشراوە، لاریجانی یەکێک بوو لەو سیاسییانەی کە لە ناوخۆدا زۆرترین ڕەخنەی لێدەگیرا، لە سەروو هەموویانەوە مەحموود ئەحمەدی نەژاد بوو، ئەو لاریجانی بە “ئەسپی تەروادە” و “لیبڕاڵی ئایینی” پێناسە دەکرد و تۆمەتباری دەکرد بەوەی کە دەیەوێت بە ناوی عەقڵانییەت و فەلسەفەوە ڕۆحی شۆڕشگێڕی لە ئێران لەناو ببات و زیرەکییەکەی بەکاردەهێنێت بۆ مۆنۆپۆڵکردنی سەرجەم جومگە هەستیارەکانی ئێران.
لە لایەکی ترەوە، لاریجانی وەک “ئەندازیاری بێدەنگی” لە ململانێ خێزانییە سیاسییەکاندا دەناسرا. براکانی لاریجانی (سادق، باقر، و جەواد) هەریەکەیان لە جومگەیەکی هەستیاری ئێراندا کاریان دەکرد، بەڵام عەلی لاریجانی هەمیشە وەک “سەری مارەکە” و پارێزەری یەکگرتوویی ئەم خێزانە دەبینرا. لێهاتوویی ئەو لەوەدا بوو کاتێک براکانی دەکەوتنە ژێر هێرشی توندی باڵە ڕکابەرەکان یان تۆمەتی گەندەڵی، ئەو بە هێمنی و لە ڕێگەی لۆبییە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشەوە، دەبووە قەڵغانێکی بەهێز بۆ پاراستنی ناوبانگی خێزانەکەی. ئەم توانایەی لە بەڕێوەبردنی “قەیرانە ناوخۆییەکانی خێزان و دەوڵەت”دا وای لێکردبوو وەک سندوقێکی داخراو بمێنێتەوە کە تەنها لە کاتە هەرە پێویستەکاندا دەکرایەوە، ئەمەش جۆرە پارێزبەندییەکی پێ بەخشبوو کە تەنانەت نەیارە سەرسەختەکانیشی بە ئاسانی نەدەتوانرا لە گۆڕەپانەکە دەری بکەن.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست دەڵێت: یەکێک لە ڕەهەندە گرنگەکانی کەسایەتی لاریجانی کە کەمتر لە میدیا باسی لێوە دەکرا، ڕۆڵی ئەو بوو وەک “مامۆستا” لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا. لاریجانی تەنانەت لەو ساڵانەش کە لە لووتکەی دەسەڵاتدا بوو، وانەگوتنەوەی لە زانکۆی تاران بەجێنەهێشت و بەردەوام بوو لە گەنگەشەکردنی فەلسەفەی کانت و فەلسەفەی شیکاری لەگەڵ خوێندکارەکاندا. ئەمەش وای کردبوو پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ نەوەی نوێی ڕۆشنبیرانی “ئایینی-مۆدێرن”دا هەبێت. ئەو بە پێچەوانەی زۆرێک لە بەرپرسانی تر، متمانەیەکی زۆری بە “دیپلۆماسییەت” هەبوو و پێی وابوو زانکۆکان دەتوانن ببنە دەرچەیەک بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سیاسی سەر تاران.
لاریجانی لە مێژووی سیاسی کۆماری ئیسلامیدا تەنها بەرپرسێکی باڵا نەبوو، بەڵکو وەک “سندوقە ڕەشەکەی” ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی ناسرابوو؛ ئەو مەحرەمی ئەسرار و ئەندازیاری ئەو دۆسیە نھێنی و ستراتیژییانە بوو کە ڕێبەر نەیدەویست کەسی دیکە بیزانێت. میدیاکانی ئیسرائیل پێیان وابوو لە دوای هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی، لاریجانی نەک هەر پێگەکەی لەدەست نەدا، بەڵکو بوو بە قەڵغان و داڕێژەری سیاسەتەکانی ڕێبەری نوێ و لە “پشتی پەردەوە” بە هێمنی و بە ئەزموونە زۆرەکەی، جڵەوی ئاڕاستەکردنی دەوڵەت و هێزە چەکدارەکانی ئێرانی بەدەستەوە بوو. بەمەش لاریجانی ببووە گەرەنتییەک بۆ جێگیربوونی دەسەڵاتی موجتەبا و بەڕێوەبردنی واقیعییانەی ئێران لەم قۆناغە نوێیەدا.
میدیاکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە باسی لاریجانیدا دەیانگوت: ئەو مێشک و بڕبڕەی پشتی ڕژێمەکەیە و مەترسییەکەی تەنانەت لە خامنەیی و وەزیرە کوژراوەکانیش زیاترە، هاوکات پێیان وابوو کوشتنی لاریجانی بە مانای “پەککەوتنی جومگە سەرەکییەکانی ئێران” دێت. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، لاریجانی ئەو ئەندازیارە بوو کە درزەکانی ناوخۆی پڕ دەکردەوە و ڕێگری لە هەرەسهێنانی دامەزراوەکان دەکرد؛ بەبێ بوونی ئەو، سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران توانای خۆگونجاندن و مانەوەی لەژێر گوشارە توندەکاندا نامێنێت و ڕاستەوخۆ بەرەو داڕمان دەڕوات.
لە تازەترین پێشھاتیشدا، کەمێک پێش ئێستا سوپای ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند کە شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی ورددا، عەلی لاریجانی، مێشک و داڕێژەری ستراتیژییەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و کوژراوە. ئێستا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: بە کوژرانی عەلی لاریجانی، ئایا ئیسرائیل توانیویەتی کۆتا پایەی ڕاستەقینەی ڕژێمەکە بڕوخێنیت؟





