
کوژرانی سێ کۆڵەکە سەرەکییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێ هەفتەدا، گورزێکی کوشندەبوو بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، هێرشەکان تەنها سێ عەلییەکەیان نەکوشت، بەڵکو بناغەی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان هەڵتەکاند، کە 47 ساڵە خۆی قایم دەکات.
کوژرانی عەلی خامنەیی، عەلی شەمخانی و عەلی لاریجانی، بە مانای کوشتنی ئەو سیستەمە دێت کە ئیمام خومەینی، یەکەم رابەری باڵای ئێران لە ساڵی 1979 بناغەکەی داڕشت.
کاتێک بە وردی سەیری پێگەی سێ عەلییەکە دەکەیت، تێدەگەیت لەوەی نەمانی هەرسێکەیان لەیەک کاتدا بەبێ دانانەوەی جێگرێک، یەکسانە بە کۆتاییهاتنی سیستەمەکە.
عەلی یەکەم:
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵا، نەک هەر قسەی یەکەم و کۆتایی، بەڵکو چەق و مەکۆکەی سیستەمەکەبوو، لە دەستووری ئێراندا هەموو دەسەڵاتە سەربازی، دادوەری و ئایینییەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو.
لە سیستەمی سیاسیی ئێراندا، ڕێبەری باڵا (وەلی فەقیهـ) تەنها سەرۆکێک نییە، بەڵکو بەپێی دەستوور و واقیع، سەروەری ڕەهای وڵاتە، دەسەڵاتەکانی ئەو هێندە فراوانن کە هیچ کەس و دامەزراوەیەک ناتوانێت لێپێچینەوەی لەگەڵ بکات.
بەپێی مادەی 110ـی دەستووری ئێران، رابەر فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتی، دانانی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و ئەرتەش، کۆنتڕۆڵکردنی هەواڵگری و ناوەندە ئەمنییە هەستیارەکان، ئەو بڕیاری لەسەر دەدات.
هەموو هێڵە سوورەکانی وڵات، وەک پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا، بەرنامەی ئەتۆمی، ستراتیژیی هەرێمی، ئەو دەیاننوسێتەوە و حکومەت و پەرلەمان تەنها جێبەجێکارن و بۆیان نییە لەو چوارچێوەیە دەربچن.
رابەری باڵای ئێران، کلیلی هەموو دامەزراوە گرنگەکانی لەدەستە، لەوانە دانانی نیوەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزەران، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی دەوڵەت، ئیمامی جومعەی هەموو شارەکان.
ڕابەر سەرپەرشتی چەندین دامەزراوەی دارایی گەورە دەکات (وەک ستادی جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمام و بونیادی مستەزعەفان) کە بە ملیارەها دۆلار سەرمایەیان هەیە و لە ژێر چاودێری حکومەت و پەرلەماندا نین.
عەلی دووەم:
عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری سیاسی ڕێبەری باڵا، بە جەنەراڵی ستراتیژی ناسرابوو، یەکێکبوو لە دەگمەنترین بەرپرسە باڵاکانی ئێران کە بە ڕەچەڵەک عەرەبە و توانیویەتی لەناو هەموو جومگەکانی سوپادا جێگەی ببێتەوە.
ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری باڵای ئێران یەکێکە لە هەستیارترین و پڕ دەسەڵاتترین پۆستە سێبەرەکان لە ناو هەرەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا.
شەمخانی زۆرجار وەک وەزیری دەرەوەی ڕاستەقینە کاری دەکرد، پەیامی ڕاستەوخۆی خامنەیی دەگەیاند، بۆ نموونە، لە دۆسیە هەستیارەکانی وەک پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا، چین، یان گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە، قسەی کۆتایی لای ئەمانە.
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانیان گواستنەوەی وردەکاریی ناو کۆبوونەوەکانی حکومەت و وەزارەتەکانە بۆ بەیتی ڕێبەر، وەک چاو و گوێی خامنەیی کاری دەکرد بۆ ئەوەی دڵنیابێت، کە بڕیارەکانی سەرۆک کۆمار یان وەزیرەکان لە هێڵی سووری ڕابەر تێناپەڕن.
بەڕێوەبردنی دۆسیە ستراتیژییەکان وەک، پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی، ستراتیژیی مووشەکی و درۆن، پەیوەندی لەگەڵ بەرەی مقاوەمە (حزبوڵا، حەماس، حوسییەکان)، ئەم ڕاوێژکارانە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ئەم دۆسیانە دەکەن و ڕاپۆرتی ڕۆژانە بە خامنەیی دەدەن، نەک بە پەرلەمان یان حکومەت.
عەلی سێیەم:
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و متمانە پێکراوی خامنەیی، کە پێش کوژرانی دەسەڵاتی ئیدارەدانی دۆسیە هەستیارەکانی پێدابوو.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ، یەکێکە لە پڕکێشەترین و هەستیارترین پۆستەکان لە ئێراندا، چونکە ئەم پۆستە خاڵی بەیەکگەیشتنی هەموو هێزەکانە (حکومەت، سوپا، هەواڵگری و ڕێبەری باڵا).
بەپێی دەستوور، سکرتێر زۆرجار یەکێکە لەو دوو نوێنەرەی کە رابەری باڵا لە ئەنجومەنەکەدا هەیەتی، ئەمەش وای لێدەکات قسەکانی وەک فەرمانی ڕێبەر سەیر بکرێن، نەک تەنها وەک ڕایەکی ئیداری.
هەموو بڕیارە گەورەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی لە ژێر دەستی ئەودا گەڵاڵە دەکرێن، لەوانە: دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی ئەتۆمی، بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هێرشە دەرەکییەکان، داڕشتنی سیاسەتی پشتیوانی بۆ گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە (وەک حزبوڵا و حوسییەکان).
سکرتێر وەک پۆلیسی هاتووچۆ لە نێوان سوپای پاسداران، ئەرتەش، وەزارەتی ئیتڵاعات و وەزارەتی دەرەوە کار دەکات، ئەو دەبێت ڕێگری بکات لەوەی ئەم دامەزراوانە دژی یەکتر کار بکەن و هەموویان لە چوارچێوەی یەک پلاندا کۆبکاتەوە.
لە کاتی خۆپیشاندانە گەورەکان، کودەتا، یان تێکچوونی ئاسایشی ناوخۆ، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایش دەبێتە فەرماندەی ژووری عەمەلیات، ئەو بڕیار دەدات کەی هێزی سەربازی بەکاربهێنرێت یان کەی ئینتەرنێت ببڕدرێت.
نەمانی سێ عەلییەکە و مەرگی سیستەم:
کوژرانی سێ کۆڵەکە بنەڕەتییەکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵات دروست دەکات، لە زانستی سیاسییدا، ئەگەر سێ جەمسەری لەو شێوەیە لە یەک کاتدا نەمێنن، وڵات دەچێتە ناو جەنگێکی ناوخۆیی یان کودەتایەکی سەربازییەوە، چونکە سیستەمی کۆماری ئیسلامی زۆر بە توندی بە شەخسی “ڕێبەر”ەوە بەستراوەتەوە.
ئەگەر ئەم سیناریۆیە لە واقیعدا ڕوو بدات، ئێران ڕووبەڕووی شۆکی گەورە دەبێتەوە کە بەم شێوەیە دەردەکەوێت:
بە نەمانی عەلی خامنەیی، سەرچاوەی یەکەمی شەرعییەتی سیاسی و ئایینی بڕاوە، چونکە جێگرەکە کە موجتەبا خامنەییە هێشتا چارەنوسی بە نادیاری ماوەتەوە.
نەمانی عەلی شەمخانی وەک مێشکە ستراتیژییەکە، وەک ئەوە وایە سوپا نەخشە و قیبلەنمای لێ ون بێت، شەمخانی تەنها جەنەراڵ نەبوو، بەڵکو ئەندازیاری پەیوەندییە هەرێمییەکان بوو، نەمانی ئەو لە کاتی جەنگدا، دەبێتە هۆی سەرلێشێواوی لە جوڵەی هێزەکان و گروپە میلیشیاکان لە ناوچەکەدا.
لەدوای کوژرانی خامنەیی و شەمخانی، کوژرانی لاریجانی مەترسیدارترین هەڕەشەیە لەسەر دەسەڵاتی ئێستای ئێران و کوژرانی لەم کاتەدا وەک ئەوە وایە مۆخی کۆئەندامی دەمار لە جەستەی دەوڵەتدا بپچڕێت.
سکرتێری ئەنجومەن ئاگاداری وردەکارییەتی هەموو پڕۆژە نھێنییەکانە (ئەتۆمی، مووشەکی، و شوێنی حەشارگەی سەرکردەکان)، کوژرانی واتا ونبوونی چەندین کلیل و کۆدی گرنگ کە ڕەنگە تەنها لای ئەو و ڕابەربووبن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئیفلیجبوونی هەواڵگری.
نەمانی لاریجانی، لەم کاتەدا و لە بۆشایی رابەردا، وادەکات فەرماندەکانی سەر سنوور و بەرەکانی جەنگ نازانن فەرمانی نوێ چییە و هیچ کەسێک نییە هاوسەنگیی لە نێوان هێزەکاندا ڕابگرێت
لەگەڵ ئەوەی ئایندەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران روون نییە، بەڵام بە ئامانجگرتنی سێ عەلییەکە، دەریدەخات کە ئەمریکا ئامانجی گۆڕینی دەسەڵات و سیستەمی ئێستای ئێرانە و رەنگە باشترین کارئاسانی، رووخاندنی ئەو سێ کۆڵەکە سەرەکییە بێت، کە ساڵانێکە گرەنتی مانەوەی سیستەمن.





