ئیسرائیل دەست بۆ بژاردەی شەمشون لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبات؟

دەستەواژەی “بژاردەی شەمشوون” ئاماژە بە باوەڕ یان ستراتیجی ئیسرائیل دەکات کە وەک پلانێک بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی وجودیدا پەیڕەوی کردووە. بیرۆکەکە لە چیرۆکی کەسایەتی ئینجیلی شەمشون وەرگیراوە کە پەرستگاکەی بەسەر خۆی و دوژمنەکانیدا وێران کرد بۆ ئەوەی تۆڵە بکاتەوە.

ئەم بژاردەیە مانای ئەوەیە ئەگەر سوپای ئیسرائیل نەتوانێت بەرپەرچی مەترسییەکی دیاریکراو بدات و تەلئەبیب ڕووبەڕووی هەڕەشەی وجودی ببێتەوە، ئەوا لەوانەیە هێرشێکی ئەتۆمی گەورە لە دژی دوژمنەکانی ئەنجام بدات. ئەم دەستەواژەیە دوای ئەوەی ڕۆژنامەنووس سیمۆر هێرش لە کتێبەکەی ساڵی 1991 دا بەکاری هێنا بەناوی بژاردەی شەمشوون، کە تێیدا وردەکارییەکانی جبەخانەی ئەتۆمی ئیسرائیل و پلانەکانی بەردەستی خستەڕوو.

شیکردنەوەیەک کە لە 25 ی حوزەیرانی 2025 لە بلۆگی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە بژاردەی شەمشوون پلانێک نییە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە جەنگەکان دا، بەڵکو گەرەنتی کۆتاییە بۆ مانەوەی دەوڵەت لە قەیرانە گەورەکانی “بوون”دا. دەشڵێت مەبەست لە ڕێگریکردنە لە هەر هەڕەشەیەکی نزیک کە ڕاستەوخۆ بوونی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە 24ی حوزەیرانی 2024 لە گۆڤاری Progressive بڵاوکراوەتەوە، بژاردەی شەمشوون واتە ئامادەبوون بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە دژی نەیارانی نا ئەتۆمی وەک دوایین چارەسەر بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی دەوڵەت.

ئەم بژاردەیە جیاوازە لە پرەنسیپی “لەناوبردنی دوولایەنەی دڵنیاکراو” کە لەلایەن هێزە ئەتۆمییەکانی ترەوە پەیڕەو کراوە. لە چوارچێوەی ململانێی ئێستادا، شارەزایانی ئەتۆمی پێیان وایە هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمیی دیمۆنا یان دامەزراوە گرنگەکانی کاریگەری خراپی لەسەر ژینگە و ستراتیژی دەبێت. ئەگەر هێرشەکە سنووردار بێت بۆ ژێرخانی دەوروبەری وێستگەکە، ئەوا زیانەکە سەربازی یان پیشەسازی دەبێت، وەک تێکدانی دامەزراوەکان یان زیان گەیاندن بە کۆمەڵگەی ئەتۆمی، کە گورزێکی سیمبولی و سیاسی گەورەیە بۆ ئیسرائیل.

بەڵام ئەگەر هێرشەکە بەر ناوکی وێستگەکە یان دامەزراوەکانی عەمبارکردنی سووتەمەنی ئەتۆمی بکەوێت، لەوانەیە ببێتە هۆی مەترسی تیشکدانەوە، هەرچەندە ڕیاکتۆرە ئەتۆمییە سەربازییەکان بەزۆری بە پێکهاتەی کۆنکرێتی ئەستوور دروست دەکرێن بۆ بەرگەگرتن لە هێرش و ڕووداوی گەورە.

چیرۆکی شەمشوون

شەمشوون کوڕی مەننووح ئەلدانی یەکێکە لە کەسایەتییەکانی پەیمانی کۆن و پاڵەوانێکی بەناوبانگی ئیسرائیلی کۆنە و بەناوبانگە بە ھێزە زۆرەکەی، لە پەرتووکی ڕابەران لە بەشی 13 تا 16 و لە نامە بۆ عیبرانییەکان لە پەیمانی نوێ لە بەشی 11 باس کراوە، و چیرۆکەکانی لە سەدەی یازدەھەمی پێش زاییندا بەناوبانگ بوون.

شەمشوون ئەو کاتە ژیاوە کە خودا سزای بەنی ئیسرائیل دەدات بە ڕادەستکردنیان بۆ دەستی فەلەستینییەکان، مژدەی لەدایکبوونی لە لایەن فریشتەیەکەوە بوو کە لەبەردەم باوکی و دایکە نەزۆکەکەیدا دەرکەوت و فریشتەکە گوتی: کوڕەکە ئیسرائیلییەکان لەژێر دەستی فەلەستینییەکان ڕزگار دەکات. فریشتەکە داوای لە دایکی کردووە کە خۆی لە خواردنەوە کحولییەکان بەدوور بگرێت و ھەرگیز قژی منداڵەکەی نەتاشێت و نەیبڕێت.

“ئەوەتا سک پڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت، گوێزان بەسەر سەریدا نایەت، چونکە کوڕەکە ھەر لە سکتەوە تەرخانکراو دەبێت بۆ خودا، ئەویش دەست دەکات بە ڕزگارکردنی ئیسرائیل لە دەستی فەلەستینییەکان”. (ڕابەران 15:5)

کوڕەکە بەپێی ئەم ڕاسپاردانە پەروەردە کرا. کاتێک گەنج بوو، وڵاتەکەی بەجێدەھێڵێت بۆ بینینی شارەکانی فەلەستینییەکان، لەوێش شەیدای ئافرەتێکی فەلەستینی دەبێت و ھاوسەرگیری لەگەڵ دەکات، ھاوسەرگیرییەکە بەشێک بوو لە پلانی خودایی بۆ لێدانی فەلەستینییەکان. کاتێک دەیویست بڕوات بۆ داوای، لەلایەن شێرێکی ئاسیاییەوە ھێرش دەکرێتە سەری، و شەمشوون بە دەستی خۆی شێرەکە دەکوژێت بە ھێزی خودا و بەبێ ھیچ چەکێک.

لە ڕێگای زەماوەندەکەدا شەمشوون تێبینی کرد کە ھەنگەکان لە جەستەی شێرەکە ھێلانەیان کردووە و ھەنگوینیان دروست کردووە، بۆیە لێی دەخوات و دەیبەخشێتە دایک و باوکی. لە ئاھەنگی ھاوسەرگیریدا، شەمشوون مەتەڵێکی بە سی پیاوی فەلەستینی گوت و بەڵێنی سی کراس و سی پارچە جل و بەرگی پێدان. مەتەڵەکە: لە خواردنە شتێک ھاتە ئاراوە بۆ خواردن، لە بەھێزیشەوە شیرینی ھاتە ئاراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەزموونی ئەو لەگەڵ شێردا. فەلەستینییەکان لەو مەتەڵە تووڕە بوون و بە ژنەکەیان گوت: ئەگەر چارەسەرەکە نەدۆزێتەوە و پێیان نەڵێت لەگەڵ خێزانەکەیدا دەیسووتێنن. دوای زۆر تکاکاری لەلایەن ژنەکەی شەمشوون، شەمشوون پێی گوت و ئەویش پێیانی گوت، و پێش خۆرئاوابوون لە ڕۆژی حەوتەمدا پێیان گوت:

چ شتێک لە ھەنگوین شیرینترە و لە شێر بەھێزترە؟ ئەویش پێی وتن: «ئەگەر بە گوێرەکەکەم نەتاندەکێڵا، مەتەڵەکەمتان ھەڵنەدەھێنا». (ڕابەران 14:18)

لە وەڵامدا پێی گوتن: ئەگەر لەسەر مانگاکەم کێڵانتان نەکردبا چارەسەری مەتەڵەکەمتان نەدەزانی، تووڕە بوو و سی پیاوی فەلەستینی کوشت و جلوبەرگەکانی بردن بۆ ئەوەی بیداتە ئەو سی فەلەستینییەی کە بەشداری ئاھەنگەکەی ئەویان کردبوو.

لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ماڵی باوکی کچەکە، بۆی دەرکەوت کە ژنەکەی وەک ژن دراوە بە ھاوڕێکەی، باوکیشی ڕێگەی نەدا بیبینێت و خوشکە بچووکەکەی پێشکەش کرد، بۆیە شەمشوون مەشخەڵی خستە سەر کلکی سێ سەد ڕێوی بۆ ئەوەی بە ترسەوە ڕابکەن بەرەو کێڵگەی فەلەستینییەکان و ھەموویان بسوتێنن، فەلەستینییەکان زانیان بۆچی شەمشوون کێڵگەکانیانی سووتاندووە، بۆیە ژنەکەی و باوکییان سووتاند تا مردن و لە تۆڵەی ئەوەدا شەمشوون زیاتر فەلەستینییەکانی کوشت.

لە کۆتایی ڕابەران بەشی 16

شەمشوون بیست ساڵ لە ئیسرائیلدا ژیانی بەسەر برد لەژێر فەرمانڕەوایی فەلەستینییەکاندا. پاشان شەمشوون چووە غەززە و لە ماڵی لەشفرۆشێکدا خەوت، دووژمنەکانی لە دەروازەی شارەکە چاوەڕێیان دەکرد تا بیکوژن، بەڵام دەروازەکەی شکاند و بردییە گردێکی بەرامبەر حەبرۆن.

پاشان شەمشوون پەنای بۆ ئەشکەوتێک برد لە بەردی ئیتیم و لەشکرێکی فەلەستینی ھاتن و داوای لە سێ ھەزار پیاوی جوولەکە کرد کە شەمشوون ڕادەست بکەن.

شەمشوون ڕازی بوو بە دوو پەتی نوێ بیبەسترێت و ڕادەستی بکرێت بەڵام لە کاتی ڕادەستکردنیدا خۆی ئازاد کرد و ھەڵھات و دوای ئەوە ھەزار فەلەستینی بە چەناگەی گوێدرێژێک کوشت.

دوای ئەوە شەیدای ئافرەتێک بوو بە ناوی دەلیلا، فەلەستینییەکان داوا لە ئافرەتەکە دەکەن کە نھێنی ھێزی شەمشوون ئاشکرا بکات، شەمشوون سەرەتا نھێنی خۆی پێ نەگوت، بەڵام وتی دەتوانرێت بە ژێی نەرم ببەسترێتەوە. ئافرەتەکە لەکاتی خەوتنیدا ئەو کارەی کرد، بەڵام شەمشوون کاتێک لە خەو ھەستا بڕیی، ئافرەتەکە وتی فریوت دام و قسەی درۆت بۆ کردم، بۆیە ئێستا پێم بڵێ بەڕاستی چی ببەستم، شەمشوون پێی گوت کە دەتوانرێت بە پەتی نوێ ببەسترێتەوە، بۆیە لە خەودا شەمشوونی بەست، بەڵام دووبارە شەمشوون لە خەو ھەستا و بڕیی، لە کۆتاییدا پێی وت کە ھێزی لەدەست دەدات ئەگەر قژی لەدەست بدات، بۆیە ئافرەتەکە داوای لە خزمەتکارێک کرد کە قژی بتاشێت و لەگەڵ شکاندنی پەیمانەکە خودا جێی ھێشت و فەلەستینییەکانیش دەستگیریان کرد و چاوەکانیان سووتاند، دوای ئەوەی کوێر بوو، فەلەستینییەکان بردیان بۆ غەززە و لەوێ زیندانییان کرد بۆ کارکردن لە وردکردنی جۆدا.

ڕۆژێک فەلەستینییەکان لە پەرستگایەکدا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی قوربانی بدەن بۆ خوداوەند داگۆن وەک سوپاسگوزارییەک بۆ گرتنی شەمشوون، شەمشوونیان ھێنا بۆ خۆشی و ڕابواردن، سێ ھەزار ژن و پیاو لەسەر خانووی پەرستگاکە بوون بۆ ئەوەی سەیری ڕێوڕەسمەکە بکەن. بەڵام قژی شەمشوون گەڕابووەوە، بۆیە پرسیاری لە خزمەتکارەکە کرد دەربارەی ستوونە سەرەکییەکانی پەرستگاکە بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەستێت.

ڕووخاندنی پەرستگاکە لەلایەن شەمشوون

شەمشوون دوو ستوونی ناوەڕاستی گرت کە خانووەکە لەسەری وەستابوو و پشتی پێ بەست، یەکێکیان بە دەستی ڕاست و ئەوی دیکەیان بە دەستی چەپی، پاشان شەمشوون وتی: «با لەگەڵ فەلەستینییەکاندا بمرم»، بە ھێزەوە چەمایەوە و خانووەکە کەوتە سەر ستوونەکان و بەسەر ھەموو ئەو کەسانەی کە تێیدا بوون، ئەو کەسانەی کە لەکاتی مردنیدا کوشتی زیاتر بوون لەوانەی کە لە ماوەی ژیانیدا کوشتبووی.

دوای مردنی، خێزانەکەی تەرمەکەیان دەرھێنا و لە نزیک گۆڕی باوکی بەخاکیان سپارد.

 

Back to top button