
ساڵانێکە وڵاتانی کەنداو لە لیستی سەرەوەی ئەو وڵاتانەدان کە چەک و کەرەستەی سەربازیی لە ئەمریکا و ئەوروپا دەکڕن، هەرکاتێک پرسیار لە سەرکردەی ئەو وڵاتانە کرابێت بۆ ئەو هەموو چەکە دەکڕن؟ لەوەڵامدا گوتویانە: “مەترسیی لە ناوچەکە هەیە، ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ئێمە” ئێستا ئێران هەڕەشەکانی لەسەر ئەو وڵاتانە کردووەتە کردار و ڕۆژ نیە بۆردوومانی (سعودییە، ئیمارات، بەحرەین، عومان، کوەیت و قەتەر) نەکات، بەڵام ئەو وڵاتانە جگە لە ئیدانەکردن، هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر ئێران نیشان نەداوە، تەنانەت وڵاتێکی وەك قەتەر کە ئێران بە قورسی بۆردوومانیکردووە، لە پشتەوەی دیمەنی ئاڵۆزی ناوچەکە، پەیامی ئێرانیەکان بە ئەمریکییەکان دەگەیەنێت، واتە ئێران بە دەستێک لێی دەدات، بە دەستێکیش پەیام لەبارەی ئەگەری دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بۆ بەرپرسە ئەمریکییەکان دەنێرێت.
بەهای ساڵانەی فرۆشتنی چەکی ئەمریکا بە وڵاتانی کەنداو
هەرچەندە داتایەکی ورد لەبارەی فرۆشی چەکی ئەمریکی بە وڵاتانی کەنداو لەبەردەستدا نییە، ئەویش بەهۆی جیاوازی گرێبەستەکانی چەک لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە، بەڵام ئەگەر فرۆشی بیانی چەکی ئەمریکی لە ساڵی 2025 بەنمونە وەربگرین، لەساڵی ڕابردوودا بە نزیکەیی 120 ملیار دۆلار فرۆشی چەکی ئەمریکا بووە بۆ وڵاتانی جیهان.
بەمەش لە ساڵی 2025 بەرزترین ساڵەکانی هەناردەکردنی چەک بووە لە مێژووی ئەمریکادا. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی 25-40%ی هەناردەکردنی چەکی ئەمریکا بەردەکەوێت، واتە بۆ ساڵی 2025 لەنێوان 30 بۆ 50 ملیار دۆلاری کۆی هەناردەکردنی چەکی ئەمریکا بەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدیاریکراویش وڵاتانی کەنداو (سعودیە، ئیمارات، قەتەر، کوەیت و هتد) کەوتووە.
دەوڵەتانی کەنداو گەورەترین کڕیارن لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆرجار زۆرینەی ئەو کۆی گشتییە ناوچەییە پێکدەهێنن و پشکی مەزەندەکراوی کەنداو لە ساڵی کڕینی چەک 20–40 ملیار دۆلار بووە.
گرێبەستە دیارەکانی سعودییە بۆ کڕینی چەک بەمشێوەیە بووە:
سیستەمی مووشەکی پاتریۆت-ی بە بڕی نۆ ملیار دۆلار کڕیوە
پاکێجی بەردەوامی فڕۆکەی ئێف 15 بە بڕی سێ ملیار دۆلار
ڕێژەی 12–15%ی هەموو هەناردەکردنی چەکی ئەمریکا بۆ جیهان دەچێت بۆ سعودییە، زۆرجار بە کڕیاری ژمارە یەک-ی چەکی ئەمریکا ناسراوە، لە هەر 7-8 دۆلارێکی هەناردەکردنی چەکی ئەمریکی یەک دۆلاری لەلایەن سعودییەوەیە. زۆرجاریش سعودییە بە بەهای 10 بۆ 20 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا چەک لە ئەمریکا دەکڕێت.
ئیمارات و کوەیت: 16–23 ملیار دۆلار لە بەهێزکردنی (بەرگری ئاسمانی، مووشەک، هێلیکۆپتەر) خەرجکراوە
قەتەر: 2 ملیار دۆلار گرێبەستی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9
بەڵام لەپاڵ ئەوانەدا، کۆمەڵێک گرێبەستی دیکەی کڕینی چەک لە ئەمریکا لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە بە نهێنی هەن، کە هێشتا ئاشکرانەبوو. بەڵام بە کۆی گشتی هەموو وڵاتانی کەنداو، لەماوەی 10 ساڵدا بە بەهای 200 بۆ 400 ملیار دۆلار چەکیان لە ئەمریکا کڕیوە.
چوار ساڵ وڵاتانی کەنداو ڕیکۆردیان شکاندووە
پەیمانگەی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی پێشتر لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، زۆرترین پشکی هەناردەکردنی چەکی ئەمریکا لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2023 بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، کە 38% بووە.
پەیمانگاکە ئاماژەی بەوەکردووە، هەناردەی چەکی ئەمریکا لە نێوان ساڵانی 2014-2018 و 2019-2023 بەڕێژەی 17% زیادی کردووە، پشکەکەش لە کۆی هەناردەکردنی چەکی جیهانیش لە 34% بۆ 42% بەرزبووەتەوە. ئەمریکا لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2023 چەکی گەیاندە 107 وڵات.
لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2023 زۆرترین پشکی هەناردەکردنی چەکی ئەمریکا بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بە ڕێژەی 38%.سێ وڵاتی عەرەبی لەنێوان 2019 بۆ 2023 لە کۆی 10 وڵاتی عەرەبی زۆرترین چەکی ئەمریکییان وەرگرتووە: سعودیە 15%ی هەناردەکردنی چەکی ئەمەریکا و قەتەر 8.2% و کوەیت 4.5%.
ئەمریکا دابینکەری سەرەکی چەک بووە بۆ ئەم وڵاتە عەرەبیانەی خوارەوە:
بەحرەین (93%)
سعودیە (75%)
کوەیت (70%)
مەغریب (69%)
ئیمارات (57%)
قەتەر (45%)
جەنگی ئێران و بەتاڵبوونەوەی سیحری وڵاتانی کەنداو
هەرچەندە سعودییە و ئێران ڕێککەوتنیان بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان واژۆکردووە، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئێران دا ئەو ڕێکەوتنە نەبووە هۆی پارێزبەندیی بۆ سعودییە لەبەرامبەر مووشەک و درۆنەکانی ئێران، چەند پێگەیەکی جیاواز لەسعودییە لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج، ڕیاز جگە لە ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێران، هیچ هەڵوێستێکی دیکەی نیە.
میدیای ئەمریکی لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگەکەدا ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕۆڵی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییە بڵاوکردەوە و گوتی: لەڕووکەشدا محەمەد بن سەلمان لەگەڵ هێرشکردنەسەر ئێران نییە، بەڵام لەپشت پەردەوە هانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەدات هێرشبکاتەسەر ئێران و کۆتایی بە ڕژێمی ئەو وڵاتە بهێنێت.
ئیمارات، قەتەر و کوەیت بێبەش نەبوون لە بۆردوومانەکانی ئێران، ئەوانیش هەڵوێستی کردارییان بەرامبەر ئێران نیە، جگە لەوەی داوایان لە بەرپرسانی دیبلۆماتی تاران کرد، وڵاتەکانیان جێبهێڵێت.
لەم جەنگەشدا وڵاتانی کەنداو بەردەوامن لە چەک کڕین
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی چەک بە ئیمارات و کوەیت بە بڕی 16.46 ملیار دۆلار نیشاندا، کە دوو دەوڵەتی کەنداون و کاریگەریی جەنگی ئێرانیان لەسەر بووە، بەهۆی هێرشە مووشەکیی و درۆنییەکانی ئێرانەوە.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ” پاساوێکی وردی بۆ فرۆشتنی دەستبەجێی چەک بۆ ئەو دوو وڵاتەی کەنداو هەیە و کۆنگرێسیش ڕەزامەند بووە”.
لەبارەی وردەکارییەکانی گرێبەستەکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت “گەورەترین فرۆشتن بۆ کوەیتە، کە ڕاداری بەرگری ئاسمانی و مووشەک لەخۆدەگرێت و بەهاکەی زیاتر لە 8 ملیار دۆلارە”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، دووەم گەورەترین گرێبەست، لەگەڵ ئیماراتە، بۆ کڕینی ڕادارێکی دوورمەودایە کە رووبەڕووی هەڕەشەکانی مووشەکی بالیستیکی دەبێتەوە، گرێبەستەکە بە بەهای 4.5 ملیار دۆلارە. هەروەها ئیمارات ڕەزامەندی وەرگرت بۆ کڕینی ئەو سیستەمەی کە بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە بڕی 2.1 ملیار دۆلار، هەروەها کڕینی مووشەکی پێشکەوتوو بە بڕی 1.22 ملیار دۆلار، هەروەها تەقەمەنی و نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16 بە بڕی 644 ملیۆن دۆلار.





