
- تا چەند ئەگەری هەیە ئیسرائیل کامێراکانی ئیستانبووڵ هاک بکات؟
- جیهان لەبەردەم جەنگی داتاکاندایە کە پێویستی بە تەقاندنی فیشەک نییە
پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پێوەندیدار بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران و کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای پێشوی ئەو وڵاتە، گۆڕانکارییەکی قووڵی لە سروشتی ململانێکانی هاوچەرخدا ئاشکرا دەکات.
ئیتر ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکان تەنیا پشت بە توانا مرۆییەکان یان ئامرازە نەریتییەکان نابەستن، بەڵکو داتای زەبەلاح و ژێرخانی دیجیتاڵی بوونەتە چەقی شەڕەکە. بەگوێرەی ئەوەی میدیا ڕۆژئاواییەکان بڵاویان کردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکە دوای چەندین هاك و دزەکردنی دیجیتاڵی ئاڵۆز ئەنجامدراوە کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (CIA) و مۆسادی ئیسرائیلییەوە سەرپەرشتی کراون، بەتایبەتی “یەکەی 8200” کە تایبەتمەندە بە هەواڵگری تەکنیکی. ئەمەش تیشك دەخاتە سەر پەرەسەندنی ڕۆڵی “جەنگی سایبەری” وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێ و جەنگەکان.
ئەو وردەکارییانەی دوای کوژرانی خامنەیی بڵاوکراونەتەوە ئەوە دەردەخەن، کە کامێراکانی هاتوچۆی تاران، کە دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ چاودێریکردنی خۆپیشاندان و نەیارانیان بەکاریان دەهێنا، چەندین ساڵ پێش کوشتنی ڕێبەری باڵا هاککرابوون، هەر بۆیە لەبری ئەوەی ئەو کامێرایانە ببنە ئامرازێک لە دەستی دەوڵەتدا، وەرگەڕان بۆ سەرچاوەیەکی زانیاری لە بەرژەوەندیی نەیارەکانیدا.
وێنە کۆدکراوەکان بۆ سێرڤەرە دەرەکییەکان گواستراونەتەوە، لەو ڕێگەیەوە (فایلی شێوازی ژیان) بۆ تیمی پاراستنی خامنەیی دروستکراوە، ئەمەش لە ڕێگەی شیکردنەوەی گۆشەکانی بینین، شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەکان، کاتژمێرەکانی کارکردن و ڕێڕەوەکانی هاتوچۆیان، بابەتەکە تەنیا لە چاودێریکردنی خامنەیی و تیمەکە کورت نەبووەتەوە، بەڵکو درێژ بووەتەوە بۆ شیکردنەوەی داتاکانی مۆبایل، تۆماری پەیوەندییەکان، هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیا و ئیمەیڵەکانیش.
لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد و ئەلگۆریتمە پێشکەوتووەکانەوە، توانراوە وێنەیەکی ورد بۆ جوڵەی بەرپرسان بکێشرێت و گونجاوترین سات بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە دەستنیشان بکرێت، مەترسیدارتر لەوە ئەوەیە کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان لە دەوروبەری ئامانجەکە ئەو کاتەی ئیسرائیل گورزەکەی وەشاندووە، پەکخرابوون. ئەمەش ڕێگریی لە هەر ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە کردووە و توانای هێرشبەرانی نیشانداوە لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی ژێرخانی پەیوەندییەکان لە تاران.
ئەم زانیارییانە دەریدەخەن کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ کوشتنی خامنەیی تەنیا لێدانێکی سەربازی نەبووە، بەڵکو ئەنجامی جەنگێکی زانیاریی درێژخایەن بووە، کە پشتی بە کۆکردنەوەی داتاکان و شیکردنەوەیان بە شێوەیەکی ئێجگار ورد بەستووە.
داتاکانی ئیستانبووڵ تا چەند پارێزراون؟
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ناوچەکە، کە پەیوەندیی فەرمیی لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، هەرچەندە پەیوەندیی بازرگانییان هەیە، بەڵام ئەردۆغان تا ئاستێکی توند و پڕ لە سوکایەتیپێکردن، قسەی بە بنیامین نەتەنیاهۆ گوتووە، ئێستا با بپرسین ئەگەر ناکۆکییەکانی ئەنقەرە و تەلئەبیب زیاتر هەڵکشێت، تا چەند داتاکانی ئیستانبووڵ پارێزراون؟
پێشتر لە تورکیا دەنگۆیەک هەبوو کە دەسەڵاتێکی فراوان دراوە بە سەرۆکی شارەوانی (پۆستی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە) بۆ دەستڕاگەیشتن بە داتای ملیۆنان هاوڵاتی، هەروەها دزەکردنی زانیاری لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکانەوە ئاشکرا بوو، کە زانیاریی کەسیی ملیۆنان بەکارهێنەری تێدابووە و هەندێکیان لە دارک وێب بۆ فرۆشتن نمایش کراون.
جگە لەوەش، چەندین پرسیار دەربارەی ڕێککەوتنی تەکنیکی و هاتوچۆیی لەگەڵ لایەنە ئەمریکییەکان باسکراون، کە بەکارهێنانی پشتبەستوو بە داتا و ژیریی دەستکرد بۆ بەڕێوەبردنی هاتوچۆ لە شارەکانی تورکیا و ئیستانبووڵ بە تایبەتی لەخۆدەگرێت، بەڵام لە تورکیا ئەم پرسیارانە وروژێندراون: خاوەنی ئەم داتایانە کێیە؟ لە کوێ پاشکەوت دەکرێن؟ کێ مافی دەستڕاگەیشتنی پێیان هەیە؟
ئەگەر کامێراکانی هاتوچۆی تاران لە ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆرکردندا بەکارھێنرابن، ئەم پرسیارە دروست دەبێت: تا چەند تۆڕە فراوانەکانی کامێرا لە شارەکانی تورکیادا پارێزراون، وەک سیستەمی ناسینەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێل و کامێراکانی چاودێری؟ ئایا گەرەنتی پێویست هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هاککردن یان دزەکردنی داتاکانیان؟
دوای کوژرانی خامنەیی ئیتر جەنگ و ململانێکان چوونەتە قۆناغێکی دیکەوە، چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی چیتر تەنها لە سنوورە سەربازییە نەریتییەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو پاراستنی داتا و ژێرخانی دیجیتاڵیش دەگرێتەوە.
هاککردنی داتای شارەوانییەکانی تورکیا یان دزەکردنی زانیارییە کەسییەکان چیتر تەنیا تاوانێکی ئەلیکترۆنی نییە، بەڵکو ڕەنگە بگۆڕێت بۆ هەڕەشەیەکی ستراتیژی، بەتایبەتی ئەگەر بۆ ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری بەکاربهێنرێت.
تورکیا وەک هەر دەوڵەتێکی تر، خاوەنی تۆڕێکی فراوانی کامێرا و ژێرخانێکی پێشکەوتووی پەیوەندییە، ئەمەش توانای ئەمنیی گرنگی پێ دەبەخشێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتییەکی دوو هێندەی دەخاتە سەر شان بۆ پاراستنی ئەم تۆڕانە لە هاککردن، چونکە هەرچەندە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا زیاد بکات، خاڵە لاوازەکانیشی زیاد دەکەن.
ئەوەی لە تاران ڕوویدا پەیامێکی ڕوونە بۆ وڵاتانی ناوچەکە (نەیارانی ئەمریکا و ئێران) پوختەی پەیامەکەش ئەوەیە: داتا چەکە، هەرکەسێک توانای کۆکردنەوە، شیکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی لێشاوی داتاکانی هەبێت، خاوەنی باڵادەستییەکی ستراتیژییە کە دەتوانێت شەڕێک یەکلایی بکاتەوە بێ ئەوەی یەک فیشەک بتەقێنێت.
جیهان لەبەردەم قۆناغێکدایە کە تێیدا جوگرافیا لەگەڵ ئەلگۆریتمەکان، سیاسەت لەگەڵ کۆدی پرۆگرامسازیدا تێکەڵ بوون. ئەگەر کامێرایەکی هاتوچۆ بتوانێت چارەنووسی سەرۆکی دەوڵەتێک دیاری بکات، ئەوا پاراستنی داتا چیتر تەنیا پرسێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بووەتە هێڵی یەکەمی بەرگری لە ئاسایشی نیشتمانی.





