
چۆن مۆساد توانیویەتی بگاتە ناو هەستیارترین کۆبوونەوەکانی ئێران؟ لە تەڵەی سێکسییەوە بۆ بەکارهێنانی منداڵانی بێسەرپەرشت، و لە کڕینی زانیاری بە چەند هەزار دۆلارێکەوە بۆ ڕاوکردنی نەوەی نوێی وڵاتەکە. ئەم ڕاپۆرتە پەردە لەسەر ئەو تاکتیکە مەترسیدارانە لادەبات کە ئیسرائیل پەیڕەوی دەکات بۆ گۆڕینی هاوڵاتیانی ئێران بۆ ‘چاو و گوێی’ خۆی لەناو جەرگەی تاراندا.
ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل، لەسەروو هەموویانەوە “تایمز ئۆف ئیسرائیل”، دەڵێن: پرۆسەی هەڵبژاردنی سیخوڕەکان لەلایەن مۆسادەوە زۆر بە وردیی و لەسەرخۆ ئەنجام دەدرێت. بەجۆرێک مۆساد بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێت کە لە سیستەمی سیاسی وڵاتەکە بێئومێد بوون یاخود هەست دەکەن مافیان خوراوە. ئەم کەسانە لە ڕێگەی کەسانی پسپۆڕ و توێژەری دەروونییەوە قسەیان لەگەڵ دەکرێت و پێیان دەوترێت ئەگەر هاوکاربن لە پێدانی زانیاریی ڕێگەیەک هەیە بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران و پەیداکردنی پارەیەکی زۆریش. لە دوای ڕازیبوونی کەسەکە، چەند گرتە ڤیدیۆییەکی فێریکاری پێ دەدەن و داوای لێ دەکرێت بە وردی تەماشای بکات، کە خۆیان لە چەند وانەیەکی سەرەتایی سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیاری دەبیننەوە. لە دوای تەواوبوونی لە گرتە ڤیدیۆییەکان، سیخوڕەکەی مۆساد ڕادەسپێردرێت بۆ چوونەوە ناو کۆمەڵگە و کۆبوونەوە سەربازی و ئاینییەکان.
مۆساد بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو زۆرجار لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا و سایتە وەهمییەکانییەوە پەیوەندی بە کەسانی پسپۆڕ لە بواری تەکنەلۆژیا، ئەتۆم و سەربازییەوە دەکات. زۆرێک لەو کەسانە لە سەرەتادا نازانن بۆ مۆساد کار دەکەن، بەڵکو وا دەزانن بۆ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی یان ڕێکخراوێکی جیهانی کار دەکەن، تا ئەو کاتەی مۆساد بەڵگەکان دەخاتە بەردەم کەسەکە و پێی دەوترێت کە تۆ بۆ مۆساد کار دەکەیت. ئەو کات هیچ دەرفەتێک بۆ کەسەکە نامێنێتەوە بۆ پاشگەزبوونەوە، بەو پێیەی مۆساد هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی بەڵگەکانی لێ دەکات، ئەمەش بەسە بۆ هێزە ئەمنییەکانی ئێران تاوەکو کەسەکە دەستگیر بکەن و لەسێدارەی بدەن.
داڕمانی بەهای تمەن و خراپی دۆخی دارایی ئێران، بووەتە گەورەترین چەک لە دەستی مۆساددا. ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە مۆساد توانیویەتی بە بڕە پارەیەک، کە لەچاو دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکەدا زۆر کەمە، هەزاران زانیاری ئێجگار هەستیار لە کارمەندانی حکومەت بکڕێت. بۆ کەسێک کە مووچەکەی بەزۆر بەشی بژێوی دەکات، بڕە پارەیەکی هەزار دۆلاری دەبێتە فریادرەس. کەمیی مووچەی کارمەندانی حکومەت و هێزە ئەمنییەکان لە ئێران وای کردووە کە مۆساد پێویستی بە مەشقپێکردنی سیخوڕی گرانبەها نەبێت، بەڵکو لە ڕێگەی چەند هەزار دۆلارێکەوە چەندین زانیاری هەواڵگریی لە ئێران دەست بکەوێت.
یەکێک لە ئاڵۆزترین تاکتیکەکانی مۆساد، لابردنی بەرپرسانی دڵسۆز و جێگیرکردنی سیخوڕەکانی خۆیەتی لە پۆستە باڵاکانی ئێراندا. ئەمەش لە ڕێگەی “تەڵەی سێکسی” یاخود دروستکردنی دۆسیەی گەندەڵی ساختە بۆ بەرپرسە ئەمنییەکان ئەنجام دەدرێت. کاتێک بەرپرسێکی باڵا بەهۆی سکانداڵێکەوە لادەبرێت، مۆساد لە ڕێگەی بریکارەکانی لەناو ئێران پاڵپشتیی کەسێک دەکات کە سەر بە خۆیەتی بۆ ئەوەی ئەو شوێنە پڕ بکاتەوە. بەم شێوەیە، مۆساد دەگاتە شوێنێک کە دەتوانێت بڕیارە ئەمنییەکانی ئێران بەو ئاراستەیەدا ببات کە خۆی دەیەوێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنووس ڕۆنێن بێرگمان لە نیویۆرک تایمز، لەم ساڵانەی دواییدا مۆساد تەرکیزێکی بێوێنەی خستووەتە سەر نەوەی نوێی ئێران، کە بە نەوەی “Z” ناسراون؛ بەوپێیەی ئەم نەوەیەی ئێران لە ڕێگەی ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیاوە بەڕووی جیهاندا کراونەتەوە و کەمتر لەژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژیای ڕژێمی ئێراندان. هاوکات ئەو گەنجانە بوونەتە نێچیرێکی ئاسان، ئەمەش لە ڕێگەی سایتەکانی هاوڕێیەتی و گەیمینگەوەیە. مۆساد دەزانێت کە ئەم نەوەیە بۆ پارە یان بۆ دەرفەتی چوونە دەرەوە لە وڵات، ئامادەن زانیاری ورد لەسەر جێگۆڕکێی هێزە ئەمنییەکان یان ناوەندە حکومییەکان بدەن و ببنە هەزاران چاوی کراوە لەناو شوێنە گشتی و زانکۆ و شارەکاندا.
تاکتیکێکی دیکەی مۆساد کە لەم دواییەدا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئاشکرا کرا، خانەی بێسەرپەرشتان بوو؛ بەجۆرێک مۆساد لە ڕێگەی بریکارەکانی لەناو ئێران ئەو گەنجانەی هەڵدەبژارد کە لە خانەی بێسەرپەرشتانن و هیچ پەیوەندییەکی خێزانییان نییە. لە دوای هاوکاریکردنی دارایی، ئەو گەنجانەی ئاڕاستە دەکرد بۆ ئەوەی بچنە ناو حەوزە ئاینییەکان و خۆیان لە پیاوانی ئاینی باڵا و بەرپرسە مەزهەبییەکان نزیک بکەنەوە. بەوپێیەی ئەم گەنجانە باکگراوندێکی سیاسی یان خێزانیی گوماناوییان نییە، بە ئاسانی متمانەی ناوەندە ئاینییەکان بەدەستدەهێنن. ئەمەش وای کردبوو مۆساد گوێچکەیەکی هەبێت لەناو شوێنە هەرە تایبەتەکاندا، کە تەنانەت دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانیش گومانیان بۆ ناچێت، چونکە ئەم سیخوڕانە وەک کەسانێکی ئیماندار و بێوەی دەردەکەوتن کە تەنها خەریکی عیبادەت و خزمەتکردنی پیاوانی ئاینین.
هەرچەندە دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان لە ئێستادا کەمتر پشت بە ئافرەت و کەسانی لەشفرۆش دەبەستن، بەڵام هێشتا مۆساد وەک یەکێک لە کاریگەرترین ڕێگەکان ئەو پرسە بەکاردەهێنێت. بەجۆرێک مۆساد بە شێوەیەکی بەرفراوان سوود لە کچانی گەنج و تەنانەت ئەو ژنانە وەردەگرێت کە بەهۆی هەژارییەوە پەنایان بۆ لەشفرۆشی بردووە، بۆ ئەوەی وەک “چەکێکی بێدەنگ” دژی فەرمانبەران و ئەفسەرانی هێزە ئەمنییەکان بەکاریان بهێنێت. میدیا ئینگلیزییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، مۆساد ئەم کچ و ژنانە ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی خۆیان لە بەرپرسانی حکومی نزیک بکەنەوە و پەیوەندییان لەگەڵ دروست بکەن.
دواتر لە ڕێگەی کامێرای نهێنییەوە گرتەی سێکسی و نەشیاوی ئەم بەرپرسانە تۆمار دەکات. دوای ئەوەش گرتە ڤیدیۆییەکە دەخەنە بەردەم بەرپرسەکە و دوو بژاردەی دەخەنە بەردەم: یان بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە و لەناوبردنی ناوبانگ و ژیانی سیاسی و خێزانی، یان کارکردن وەک سیخوڕی مۆساد لەناو جەرگەی دەسەڵاتدا. زۆربەی بەرپرسەکانیش لە ترسی لەدەستدانی پێگەکەیان، ناچار دەبن مل بدەن بۆ داواکارییەکانی مۆساد و دەبنە “بریکاری ناچارکراو” کە زانیارییە هەرە نهێنییەکانی ناو کۆبوونەوە فەرمییەکان دەگەیەننە دەستی ئیسرائیل.
لە کۆتاییدا، مۆساد توانیویەتی هاوکێشەی جەنگ لەگەڵ ئێراندا لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە بگۆڕێت بۆ جەنگێکی “بێدەنگ و ناوخۆیی” کە تێیدا چەکەکە نە موشەکە و نە تانک، بەڵکو لاوازییە مرۆییەکان و درزە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەو دڕکەی لە قوڕگی تاران گیربووە، تەنها مەترسییەکی دەرەکی نییە، بەڵکو تۆڕێکی ئاڵۆزە کە لەناو هەژاری و بێئومێدیی گەنجان و تەنانەت ژوورە داخراوەکانی دەسەڵاتدا ڕەگی داکوتاوە. ئێستا تاران لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئەستەم دایە؛ چونکە دەرهێنانی ئەم دڕکە پێویستی بە پاکتاوکردنێکی ئەمنی و سیاسیی وا قووڵ هەیە کە ڕەنگە خودی سیستەمەکە بەرگەی نەگرێت و بڕوخێت.





