عێراق، ئەو دەوڵەتەی تەنها جەنگ و مووشەکەکان بیری دەخەنەوە کە خاوەنی چ سیستمێکی ئابووریی خراپە

 

  • چۆن عێراق گەیشتە ئەم تەنگژە ئابوورییە؟
  • بۆچی بژاردەکانی ئەوەندە کەمن و چی چاوەڕێی خەڵک دەکات؟
  • ئەگەر وەستانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت درێژە بکێشێت رێگەچارە چییە؟

چیتر پرسیاری ئەمڕۆ ئەوە نییە: چی دەبێت ئەگەر نەوت بوەستێت؟ بەڵکو ئەمە پرسیارە جەوهەرییەکەیە: چی بکەین ئێستا کە بەڕاستی نەوت وەستاوە؟

لەگەڵ وەستانی هەناردەکردنی نەوت بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، عێراق خۆی لەبەردەم ڕاستییەکی تاڵدا دەبینێتەوە: ئابوورییەکی ڕەیعی (پشت بەستوو بە داهاتی فرۆشتنی سەرچاوە سروشتییەکان بەتایبەت نەوت) بەبێ بوونی هیچ جێگرەوەیەک، وڵاتەکەی بردووەتە لێواری کارەساتێکی ئابووریی.

لەکاتێکدا وڵاتانی دراوسێ لەژێر سێبەری (سندوقی سیادی)دا دەژین کە نەوەکانیان لە گۆڕانکارییە سیاسیی و جەنگەکان دەپارێزێت، عێراق بە ئامرازە سنووردارەکانی فریاکەوتن و یەدەگی نەختینەییەوە ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی وجوودی بووەتەوە.

دەوڵەتی عێراق بە ڕاستی خاوەنی چییە؟

لەگەڵ وەستانی ڕۆیشتنی نەوت، هیچ بژاردەیەکی ستراتیژیی بۆ دەوڵەت نەماوەتەوە، بەڵکو کەوتووەتە بەردەم واقیعێکی دارایی وشک و شۆکهێنەر. لەو ساتە هەستیارەوە کە عێراق کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ڕاگەیاند، چیتر شوێنێک بۆ قسەکردن لەسەر گەشەپێدان و پڕۆژە زەبەلاحەکان نەماون، هەموو شتێک تەرخانکراوە بۆ گەڕان بەدوای نەختینە (کاش)دا، بە مەبەستی دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەی ملیۆنان هاووڵاتی.

عێراق، کە بە درێژایی ساڵانی دوای پڕۆسەی ڕزگارکردنی عێراق پشتی لە بیرۆکەی (پاشەکەوتی سیادیی) کردم ئەمڕۆ خۆی گەمارۆدراو دەبینێت بە کۆمەڵێک ئامرازی سنووردار، هەندێک لە بەرپرسان وا دەزانن بەرگەی شۆکەکان دەگرن، بەڵام وردبوونەوە لە وردەکارییەکان دەری دەخات کە ئەمانە زیاتر لە فریاگوزاریی سەرەتایی ژووری چاودێریی چڕ دەچن، ئامانجیان هێشتنەوەی لێدانی دڵە نەک چارەسەرکردنی نەخۆشییە بنەڕەتییەکە.

لەناو ئەم بارودۆخەدا، یەدەگی دراوە بیانییەکان لای بانکی ناوەندیی عێراق، دەبێتە دواین پەناگە بۆ حکومەت. لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی بۆ پاراستنی سەقامگیریی دراو و دارایی، ئەنجومەنی کارگێڕیی بانکی ناوەندی لە هەشتی ئاداردا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و هەڵسەنگاندنی ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی ئابووری نیشتمانیی عێراق دەبنەوە.

بانکی ناوەندی ڕوونی کردەوە، کە یەدەگی دراوی بیانی بۆ 12 مانگ بەشی هاوردەکردن دەکات. لە هەمان کاتدا، ئەنجومەنی بانکەکە چەند جێگرەوەیەکی تاوتوێکرد بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و خەرجییە بنەڕەتییەکان لە مانگەکانی داهاتوودا، بە شێوەیەک کە جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی دەوڵەت و سەقامگیریی بژێوی هاوڵاتیان مسۆگەر بکات.

بەیاننامەی کۆبوونەوەکەی بانکی ناوەندی دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆی تێدایە و قەبارەی ئەو فشارە دەردەخات، کە خراوەتە سەر سیاسەتی نەختینەیی لە کێشەی (دابینکردنی مووچە)دا، ئەو جێگرەوانە زۆربەی کات بە قەرزی ناوخۆیی کۆتاییان دێت لە ڕێگەی دەرکردنی یاسایەک لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە؛ ڕێکارێکە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە پەککەوتنی ژیانی خەڵك.

هەروەها جەختکردنەوەی بانکی ناوەندی لەسەر ئەوەی یەدەگی بیانی بۆ ماوەی ساڵێک بەشی هاوردەکردن دەکات، پەیامێکی دڵنیاکەرەوەیە بۆ بازاڕەکان کە دابینکردنی خۆراک و دەرمان بۆ ئەمساڵ مسۆگەرە، بەڵام ئەم ماوەیە سەقفێکی کاتییە و ناتوانرێت تێپەڕێنرێت، چونکە هەرچەندە وەستانی هەناردەکردنی نەوت درێژە بکێشێت، ژماردنی پێچەوانە بۆ کەمبوونەوەی ئەم یەدەگە دەست پێدەکات.

مەتەڵی سندوقی سیادیی

لەکاتێکدا وڵاتانی دراوسێ خاوەنی سندوقی سەروەرین کە وەک پایەیەکی وەبەرهێنانی جیهانی کار دەکەن بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژی نەوەکانیان، وەک دەزگای قەتەر بۆ وەبەرهێنان یان سندوقی وەبەرهێنانە گشتییەکانی سعودیە. عێراق وەک سندوقێکی خاڵی ماوەتەوە کە تەنها داهاتی فرۆشتنی سەرچاوە سروشتییەکانی تێدایە، ئەو داهاتەش کاتێک دەگەڕێتەوە، لە چاوتروکانێکدا نامێنێت، بەشە زۆرەکەشی مووچە دەیبات

حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ زیادەی داهاتی نەوتدا کردووە، بەتایبەت لە ساڵانی بەرزبوونەوەی نرخەکاندا، وەک زیادەیەکی نەختینەیی بۆ بەکارهێنانی دەستبەجێ باکاریان بردووە نەک بۆ وەبەرهێنان. لەبری ئەوەی ئەم ملیاران دۆلارە ئاراستەی سەرمایەی نێودەوڵەتی یان پڕۆژەی بەرهەمهێنەری داهات بکرێن، ئاراستەکە هەمیشە بەرەو دامەزراندنی حکومیی لەڕادەبەدەر و هەڵئاوسانی خەرجییە کارگێڕییەکان بووە، تەنها بۆ دامرکاندنەوەی توڕەیی شەقام. ئەم شێوازە وای لە دەوڵەت کردووە کە (نەوتەکەی خۆی بخوات) ئەمەش وای کردووە هەمیشە بارمتەی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی نەوت یان بارودۆخە نائاساییەکان بێت، وەک داخستنی گەرووی هورمز لە ئێستادا.

پرۆسەی دامەزراندنی سندوقێکی سەروەری پێویستی بە یاسایەک هەیە کە پارەکانی ئەم سندوقە لە دەستی حکومەتەکان بپارێزێت. هەموو هەوڵەکانی پێشوو بۆ دەرکردنی یاسای سندوقی سەروەری، بەرهەڵستی ئارەزووی هێزە سیاسییەکان بوونەتەوە کە دەیانەوێت پارەکە لەژێر دەسەڵاتی بودجەی ساڵانەدا بێت کە خۆی ملکەچی ڕێککەوتنی سیاسییە. بودجەی ساڵانە لە عێراقدا، بووەتە (گرێبەستێکی سیاسی) کە ساڵانە دانوستانی لەسەر دەکرێت، چونکە هێشتنەوەی زیادە داراییەکان لەناو بودجەدا، هەلی مامەڵە و سازان (المساومه‌) لەسەر پشکی پارێزگاکان، پڕۆژەکان و پلە وەزیفییەکان بە هێزە سیاسییەکان دەدات.

سندوقی سەروەری پێویستی بە دابڕانی دارایی و یاسای توند هەیە کە ڕێگری بکات لە دەستبردن بۆ پارەکان، ئەمەش بەواتای لێسەندنەوەی کارتێکی گەورەی گوشاری دارایی لە دەستی سیاسییەکان. ئەم پێکدادانەی نێوان ئارەزووی پاشەکەوتکردن و واقیعی سازانی سیاسی، وای کردووە عێراق لە دۆخێکی داڕمانی دارایی (الانكشاف المالی) بژی. لەبری ئەوەی خاوەنی سندوقێکی پارێزراو بێت بۆ کاتی تەنگانە، خاوەنی گەنجینەیەکی کراوەیە کە لەگەڵ هەر دابەزینێکی نرخی نەوت یان پەککەوتنی هەناردەکردنێکدا، خاڵی دەبێتەوە و عێراقییەکان لە دۆخێکی سەرگەردانیدا بەجێدەهێڵێت.

نەبوونی سندوقی سەروەری تەنها هەلێکی لەدەستچوو نییە، بەڵکو بڕیارێکی سیاسییە بۆ هەڵبژاردنی (بەکارهێنانی کاتیی) لەسەر حیسابی (سەقامگیریی ستراتیژی) ئەمەش وای کردووە هاوڵاتیی عێراقی ئەمڕۆ باجی ئەو سازانە سیاسییانە لە سەقامگیریی بژێوی خۆی بدات.

کاتێک هەناردەکردنی نەوت دەوەستێت، دەوڵەت لەناکاو ناڕووخێت، بەڵکو دەچێتە قۆناغی (داخورانی لەسەرخۆ)وە، تێیدا بینینی ستراتیژیی و چارەسەرکردنی ورد ون دەبێت. یەکەمین هەنگاوی ڕزگارکردنی ناچاریی، پەنابردنە بۆ قەرزی ناوخۆیی لە بانکە حکومییەکان. لە ڕووی کردارییەوە، ئەم هەنگاوە بەواتای خستنەگەڕی بڕێکی زۆر لە پارەی نەختینە دێت بۆ ناو بازاڕ بەبێ ئەوەی پلانێکی وردی بەرهەمهێنان هەبێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی فشاری هەڵئاوسان کە نرخەکان بەرز دەکاتەوە و فشار دەخاتە سەر بەهای دینار.

لەبەر ئەوەی ئەو بڕە پارە نەختینەیەی بۆ مووچە و دەستەبەری کۆمەڵایەتی تەرخانکراوە زۆر گەورەیە و مانگانە لە حەوت بۆ هەشت تریلیۆن دینار تێدەپەڕێت، هەر کەمییەک لە نەختینەدا، ڕاستەوخۆ وەردەگەڕێت بۆ دواکەوتنی پێدانی مووچە. ئەم دواکەوتنە تەنها ڕێکارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو شۆکێکی گەورەیە بۆ بازاڕ، چونکە بە تەنها دواکەوتنی مووچە بۆ چەند ڕۆژێک، هێزی کڕین تووشی ئیفلیجی دەبێت و جوڵەی کڕین و فرۆشتن دەوەستێت.

ئەمەش دۆخی سستیی ئابووریی قووڵتر دەکاتەوە و قەیرانە داراییەکە دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی کۆمەڵایەتی. لێرەدا دواکەوتنی مووچە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی بێمتمانەیی لە نێوان هاوڵاتی و دەوڵەتدا، ترس و چاوەڕوانی باڵ بەسەر بازاڕدا دەکێشێت و دەنگۆی داڕمانی دارایی بڵاودەبێتەوە. ئەمەش وا لە خەڵک دەکات پارەکانیان پاشەکەوت بکەن (لەماڵەوە هەڵیبگرن) لەبری ئەوەی بیخەنە ناو بازاڕەوە، کە ئەمە دەبێتە هۆی کزبوونی نەختینە لە بازاڕی ناوخۆدا. بەم شێوەیە، قەیرانێکی دارایی تەکنیکی دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و دەروونیی توند، کە ڕەنگە لەهەر ساتێکدا بێت لە شێوەی خۆپیشاندانی تووڕەیدا بتەقێتەوە.

لەناو ئەم گێژاوەدا، دەوڵەت ناچار دەبێت (جۆرێتی) بکاتە قوربانی (چەندایەتی) چاککردنەوەی وێستگەکان فەرامۆش دەکات، کڕینی دەرمان ڕادەگرێت،و پڕۆژەکانی ئاو دەوەستێنێت، تەنها بۆ ئەوەی هەر دینارێکی دێتە بەردەست بۆشایی مووچەی پێ پڕبکاتەوە. ئەم شێوازە مانەوەی دەوڵەت لەسەر پێیەکانی بە ڕواڵەت مسۆگەر دەکات، بەڵام بنەماکانی خزمەتگوزاری و ژێرخانەکەی دادەخزێنێت، ئەمەش وا دەکات تێچووی گەڕانەوە بۆ قۆناغی سەقامگیری دوای کۆتاییهاتنی قەیرانەکە زۆر گران بێت.

ئەم واقیعە دەیسەلمێنێت کە خولی ئابووری لە عێراقدا خولێکی بەرهەمهێنەر نییە، بەڵکو تەنها پرۆسەیەکی دابەشکردنی داهاتی نەوتە. ئەگەر دابەشکەرەکە (دەوڵەت) پەکیکەوت، ئەوا (مەکینەکە) بە تەواوی دەوەستێت، ئەمەش چارەنووسی ملیۆنان خێزان دەخاتە ژێر ڕەحمەتی سەقامگیریی بەندەرەکان و کەشتیوانەکانەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ ئابووری عێراق لەگەڵ وەستانی سەکۆکانی هەناردەکردن ڕووبەڕووی دەبێتەوە، تەنها قەیرانێکی نەختینەیی کاتی نییە، بەڵکو دەرکەوتنی تەواوەتیی پێکهاتەیەکی دارایی لەرزۆکە کە قەیرانەکانی بۆ چەندین دەیەیە دواخراون. ئەو تۆڕی دڵنیاییەی کە عێراق ئێستا پشتی پێ دەبەستێت (لە یەدەگی بانکی ناوەندی یان قەرزی ناوخۆیی پارە ڕابکێشێت) تەنها بەربەستێکی کاتین کە بۆ کپپکردنی قەیرانە گەورەکە.

عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم دووڕیانێکی مێژووییدایە؛ یان دەبێت بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتی (خواردنی تۆوەکان) و چاوەڕوانی پەرجووی چارەسەربوونی قەیرانی هەناردەی نەوت بکات، یان دەبێت دەستبەجێ دەست بکات بە بونیادنانی (سندوقی سەروەری) کە نەوەکانی داهاتووی بپارێزێت. قەیرانەکان تەنها کارەسات نین، بەڵکو دواین هەلن بۆ چاکسازیی. ئەگەر شۆکی ئێستای وەستانی هەناردەکردنی نەوت بەس نەبێت بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی دارایی دەوڵەت، ئەوا پێکدادانە گەورەکەی داهاتوو ڕەنگە هیچ بوارێک بۆ فریاکەوتنی سەرەتایی نەهێڵێتەوە.

کاتی ئەوە هاتووە عێراق لە ئابووریی (سپاردنی ڕۆژ بە رۆژ)ەوە بگۆڕێت بۆ ئابووریی دەوڵەتێکی بەردەوام، پێش ئەوەی قەیرانەکان ئەو کەمە ئارامییەش (یەدەگی دارایی) کە ماوە، هەمووی هەڵبمژن.

Back to top button