
لە دوای سەرکەوتنی ساڵی 2017هێزە سەربازییەکانی عێراق لە مووسڵ کە دووەم گەورە شاری عێراقە، وڵاتەکە لە دۆخێکی کاتیدا دەژی کە وەک (کاتی بە قەرز وەرگیراو) وەسف دەکرێت. بەغدا لە نێوان هیوایەکی بێئومێدانە بۆ ئاشتی و دۆخی تاقەتپڕوکێنی ناوچەکەدا دێت و دەچێت.
خەونەکە سادە بوو؛ گۆڕینی ناوچەکە بۆ ناوچەیەکی بێلایەن کە تێیدا یاریزانە دەسەڵاتدارەکانی جیهان کۆببنەوە بۆ کۆتاییهێنانی جەنگەکان. ئەگەر بمانەوێت، دەتوانین وەک “سویسرا”ی نێوان دیجلە و فورات وێنای بکەین.
بەڵام جەنگی ساڵی 2026ی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ئەو خەونەی لەباربرد. ئەم جەنگە میلیشیاکانی عێراقی لە حکومەتی عێراق و خەڵک و ئەمریکاش یاخیکرد. هەندێک لە سەرکردەکانی میلیشیاکان بوونەتە سیاسیی بەرژەوەندیخواز و زیاتر گرنگی بە دابەشکردنی سەروەت و سامان دەدەن، نەک شەڕکردن دژی ئەمریکییەکان کە چیتر لە ناوچە عەرەبییەکانی عێراقدا نەماون.
لە سەرەتای ساڵی 2026دا، هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵیدا بوون لە بەغدا کشانەوە، تەنها هێزێکی کەم لە بەشە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان مانەوە. ئێستا جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، عێراقی پاڵناوە بۆ لێواری مەترسییەکی گەورە. ئەگەر فشارەکان بتەقنەوە، ڕەنگە وڵاتەکە دابڕمێت. مەترسی ئەوەی هەیە ببێتە سووریا یان لوبنانێکی تر، کە نەک تەنها لەسەر بنەمای تائیفی، بەڵکو لەسەر بنەمای میلیشیا چەکدارەکانیش پارچەپارچە ببێت.
لە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تشرینی دووەم، لایەنە جیاوازەکانی عێراق نەیانتوانیوە سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیران هەڵبژێرن. لە کاتێکدا سەرۆکوەزیرانی ئێستا کە محەمەد شیاع سودانی-یە، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەکتەرە جیاوازەکانی عێراق و لایەنە ناوچەییەکاندا هەیە، لەبەرامبەریشدا نوری مالیکی کە بەوە ناسراوە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیەکەیدا داعش سەریهەڵدا داعش، دەیویست وەک کاندیدی گەورەترین بلۆکی شیعی لە عێراق (چوارچێوەی هەماهەنگی) بگەڕێتەوە سەر کورسی دەسەڵات، بەڵام مالیکی دوورە لەوەی بتوانێت بەرەو خولی سێیەم هەنگاو بنێت، ئەویش بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە.
پێگەی (تورکیا تودەی) لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: ئەو بۆشاییە سیاسییە، کارەکەی بۆ ئەمریکا، ئیسرائیل، ئێران و میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران ئاسان کردووە تاوەکو لە سەر خاکی عێراقدا کێشەکانیان یەکلا بکەنەوە. لەو کاتەوەی جەنگی ئێران دەستی پێکردووە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر سوپای عێراق و بنکەکانی حەشدی شەعبی، بەپێی وتەی هادی عامری، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی بەدر، زیاتر لە 60 کەس کوژراون و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون. ئەگەر جاران ئەمریکا کێشەی لەگەڵ ئەو بەشەی حەشدی شەعبی هەبوایە کە بە “بەرەی مقاوەمە” ناسراون، ئێستا کێشەی لەگەڵ تەواوی پێکهاتەی حەشدی شەعبی هەیە و لێیان دەدات.
ئێران موشەک و درۆن ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەکات، کە بووە هۆی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی لە نزیک هەولێر. هاوکات، گروپە توندڕەوەکانی سەر بە ئێران وەک کەتائیبی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، ئەمەش ئەمریکییەکانی ناچار کردووە نێردە دیپلۆماسییەکانیان چۆڵ بکەن.
نێردەی ناتۆ لە عێراق کە تورکیاش دەگرێتەوە، وڵاتەکەیان جێهێشتووە و ژمارەیەکی نادیار لە سەربازەکانیان لە بەغداوە گواستووەتەوە.
بڕیارە سەختەکەی سودانی
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی سەر حەشدی شەعبی، ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی سودانی، ڕایگەیاند کە تەواوی یەکە سەربازییەکانی عێراق بە حەشدی شەعبیشەوە “دەسەڵاتی وەڵامدانەوەی هێرشەکانیان پێدراوە”، بەڵام هۆشداریی پێدان کە خۆیان بەدوور بگرن لە هێرشکردنە سەر “دامەزراوە ئەمنییەکان، بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان و نێردە دیپلۆماسییەکان.” ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەوڵەتی عێراق “تەنها خاوەن بڕیارە لە پرسی جەنگ و ئاشتیدا و ڕێگە بە هیچ لایەن یان کەسێک نادات ئەم مافە زەوت بکات، ڕێکاری یاسایی دژی هەر لایەنێک دەگیرێتە بەر کە بە پێچەوانەوە بجوڵێتەوە.”
بە وتەی محەمەد ئەلاجا، یەکێک لە شارەزا دیارەکانی تورکیا لە کاروباری عێراق، بەیاننامەکەی ئەنجومەنی عێراق دەریخست کە سودانی لە ڕووی سیاسییەوە تا ڕادەیەک لاوازە. ئەلاجا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس هەدیە لێڤێنت گوتی: “بڕیارەکە بۆ ڕازیکردنی حەشدی شەعبی بوو، بەڵام جەختکردنەوە لەسەر دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی جەنگ، دەستەوەستانیی دەوڵەتی عێراقی لە کۆنتڕۆڵکردنی گروپە میلیشیاکاندا نیشاندا.”
ئەلاجا ئەوەشی گوت، لەکاتێکدا ئێران بریکارەکانی (بە هاوپەیمانەکانی لە عێراقیشەوە) بەکارهێناوە بۆ فراوانکردنی ئاسۆیی جەنگەکە و گەیاندنی زیانی زیاتر بە ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیی کەنداو، هاوکات زیانیشی بە پێگەی ناوچەیی عێراق گەیاندووە.
لە ڕاستیدا، ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت، ڕەنگە ئێران هاوبەشە عێراقییەکانی بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییە ڕۆژئاواییەکان لە ناو عێراق و وڵاتانی دراوسێی وەک کوەیت و ئوردن. لێرەدا کوەیت دەبێتە سوپرایزێکی چاوەڕواننەکراو؛ هەرچەندە سوپای کوەیت لە سەرەتای جەنگەکەدا بەهۆی خستنەخوارەوەی سێ فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-15ی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە ڕووداوێکی هەڵەدا، بەڵام بەرامبەر میلیشیا عێراقییەکان دەستەوەستان نابێت. یان وەک دەگوترێت: ئەگەر وڵاتانی کەنداو دەرەقەتی ئێران نەیەن، خۆ دەتوانن لە بریکارەکانی ئێران لە عێراق بسرەوێنن.
لە بەرامبەردا، وەڵامدانەوەکانی ئەمریکا نەک تەنها دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئابوورییە لەرزۆکەکەی عێراق، کە هەناردەی نەوت 90%ی بودجەی دەوڵەت و نزیکەی نیوەی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت، بەڵکو زیان بە ئاشتییە ناوخۆییە ناسکەکەشی دەگەیەنێت.
هەوری ڕەش یان تروسکەی هیوا؟
دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن لە ساڵی 2003، دەوڵەتی نوێی عێراق قەرەبووەکانی کوەیتی دایەوە کە لەسەر شانی سەدام حسێن بوو بەهۆی داگیرکارییەکەی ساڵی 1990٠وە. کۆی گشتی ئەو پارەیەی حکومەتی نوێی عێراق بە کوەیتی دا 52.4 ملیار دۆلار بوو، 19 ساڵیشی خایاند تا بەغدا ئەو قەرزە دابخات، کە دوا قیستی لە ساڵی 2022دا درا. بۆیە عێراق بەرگەی زیانگەیاندن بە دراوسێیەکی دیکەی ناگرێت.
جگە لەوەش، وەک ئەلاجا ئاماژەی پێدا، لە 28ی شوباتەوە هەندێک لە گروپە سەرەکییەکانی حەشدی شەعبی بێدەنگ بوون، سەرەڕای ئەوەی جاروبار لەلایەن ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکانەوە کراونەتە ئامانج.
لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆرێک لە سەرکردەکانی حەشد خۆیان لە هێرشکردنە سەر ئەمریکا پاراستووە، ئەمەش نیشانەی ئارەزوویەکی زیاترە بۆ سیاسەت و بەشداریکردن لە سەرچاوەکانی دەوڵەت، نەک شەڕکردن لەگەڵ هاونیشتمانییە عێراقییەکانیان یان بیانییەکان.
ئەلاجا وتی: “هەندێک عێراقی ئێستا بە گاڵتەوە دەڵێن جاران ئەندامانی میلیشیاکان بە چەک و جلی سەربازییەوە لە گەڕەکە دەوڵەمەندەکانی بەغدا وەک مەنسوور دەسوڕانەوە، بەڵام ئێستا بە قات و بۆینباخەوە پیاسە دەکەن.
سەرەڕای ئەوەش، عێراق دەبێت بە لایەنی کەمەوە دوو بڕیاری سەخت بدات کاتێک جەنگی ئێستا کۆتایی دێت. یەکێکیان دۆزینەوەی ڕێگەیەکە بۆ گۆڕینی میلیشیاکانی حەشد بۆ یەکەی ڕێکخراو، کە بە تەواوی لەگەڵ پێکهاتەکانی ئاسایشی نیشتمانی و فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی سەربازیی وڵاتەکەدا یەکبخرێن.
بە شێوەیەکی فراوانتر، دەبێت بەغدا بڕیار بدات ئایا بەرەو لای ئێران دەڕوات یان لەگەڵ سیستەمی ناوچەییدا تێکەڵ دەبێت. ئەوەش دیاری دەکات ئایا عێراق دەگاتە ئامانجەکەی کە ببێتە “سویسرا” یان “نەمسا”یەکی بێلایەن، ئاشتیخواز و گەشەسەندوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یان دەبێتە لوبنان و سووریایەکی تر قەوارەیەکی پارچەپارچە کە لەلایەن گروپە میلیشیاکان و دەسەڵاتێکی ناوەندیی لاوازەوە بەڕێوە دەبرێت.





