
تا هەفتەی ڕابردوو حوسییەکانی یەمەن بەرامبەر جەنگی ئێران بێدەنگ بوون، ڕووی مووشەکەکانیان دیار نەبوو، بەڵام چیتر پشوو درێژیی ئەوان درێژەی نەکێشا و بەخێرایی هاتنە جەنگەکەوە، ڕووی مووشەکەکانیان بە ئاڕاستەی ئیسرائیل جوڵاند، بەڵام هاتنە ناوەوەی حوسیەکان بۆ جەنگی ئێران، لە وەشاندنی گورزێک زیاترە، پێدەچێت دوای هورمز، گورزی دووەم بۆ ئابووریی جیهان لەسەر دەستی حوسییەکان بێت.
ئەم پەرەسەندنە ناتوانرێت وەک گرژییەکی کاتی هەژمار بکرێت، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە کە گەرووی بابولمەندەب دەخاتە پێشەوە هاوکێشەکەوە، گەرووەکە دەمارێکی سەرەکیی دەریاوانیی جیهانییە بەرەو کەناڵی سوێس، ئێستا کە گەروی هورمز داخراوە گرنگیی بابولمەندەب زیاتر بووە، ئەمەش کێشێکی دوو هێندەی پێ دەبەخشێت لە ناو هاوکێشە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییە جیهانییەکاندا.
دەریای سوور چیتر دابڕاو نییە لە ڕێڕەوی جەنگی ئێران، بەڵکو گۆڕاوە بۆ درێژکراوەیەکی ڕاستەوخۆی جەنگ و بەشێکی دانەبڕاو لە ململانێیەکی فراوانتر کە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ڕێگاکانی گواستنەوەی وزە و کاڵا و خۆراک لە نێوان ئاسیا و ئەوروپادا دەسوڕێتەوە.
مەترسیی بابولمەندەب لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تەنها پێگەیەکی جوگرافی نییە؛ بەڵکو هێڵێکی میحوەرییە لە تۆڕی گواستنەوەی دەریایی جیهانیدا. دەکەوێتە دەروازەی باشووری دەریای سوور لە نێوان یەمەن لە لایەک و جیبۆتی و ئەریتریا لە لایەکی ترەوە، پانییەکەی لە تەسکترین خاڵدا نزیکەی 18 میلە (نزیکەی 29 کیلۆمەتر)، ئەمەش وای کردووە جووڵەی دەریاوانی تێیدا لە ناو ڕێڕەوی تەسک بۆ کەشتییەکان قەتیس بێت. ئەم تەنگییە، ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیی دەبەخشێتە هەر هەڕەشەیەکی ئەمنی، چونکە توانای مانۆڕکردنی کەشتییەکان سنووردار دەکات و هەر بە ئامانجگرتن یان مینڕێژکردن یان پەکخستنێکی درێژخایەن، دەبێتە هۆی شڵەژانی یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکان کە بەرەو کەناڵی سوێس دەچێت. لەبەر ئەوە، گەرووەکە بۆ چەندین دەیەیە وەک یەکێک لە دیارترین خاڵە خنکێنەرەکانی جیهان ماوەتەوە، نەک وەک بژاردەیەکی جێگرەوە، بەڵکو وەک دەروازەیەکی ناچاری بۆ بەستنەوەی زەریای هیندی بە دەریای ناوەڕاستەوە.
ئامارەکان ڕەنگدانەوەی ئەم قورساییە ستراتیژییەی گەرووەکەن؛ داتاکانی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (ئۆنکتاد) بۆ ساڵی 2024 ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 8.7%ی بازرگانیی دەریایی جیهانی لە ساڵی 2023دا بە بابولمەندەبدا تێپەڕیوە. هەروەها داتاکان نیشانی دەدەن کە کاڵا تێپەڕبووەکان کۆنتێنەر و ئۆتۆمبێلیان بە ڕێژەی 20%ی بۆ هەر یەکێکیان لەخۆگرتبوو، لەگەڵ بەرهەمە نەوتییەکان بە ڕێژەی 15% و نەوتی خاو بە ڕێژەی 13%.
سەبارەت بە کەناڵی سوێس کە گەرووەکە دەروازەی باشووریەتی، نزیکەی 10%ی بازرگانیی جیهانیی گواستراوە بە دەریا و 22%ی جووڵەی کۆنتێنەرەکان لەخۆدەگرێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەیوەستبوونی ئەم ڕێڕەوەیە وەک یەک سیستەمی تەواوکاری. بۆیە ناکرێت وەک گەرویەکی جیاواز سەیری بابولمەندەب بکرێت، بەڵکو وەک بەشێک لە ڕێڕەوێکی بازرگانی و وزەی درێژبووەوە لە زەریای هیندییەوە لە ڕێگەی دەریای سوورەوە بۆ کەناڵی سوێس و هێڵی “سۆمێد”ی میسری، ئەمەش ڕوونی دەکاتەوە چۆن هەر هەڕەشەیەک لە گەرووەکە، دەبێتە ململانێیەکی گەورەتر لە سنوری ناوچەکە و کاریگەری لەسەر سەقامگیریی هەموو ئابووریی جیهان دەبێت.
هورمز و بابولمەندەب
بە دیاریکراوی لە ڕوانگەی وزەوە، داتاکانی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا نیشانی دەدەن کە لێشاوی نەوت بە ناو تەنگەی بابولمەندەبدا گەیشتووەتە نزیکەی 8.7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی 2023، بەڵام لە ساڵی 2024دا (تا مانگی ئاب) بۆ نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم بووەوە، ئەوەش بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور کە پەیوەست بوون بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە. هەروەها داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بابولمەندەب، لەگەڵ کەناڵی سوێس و هێڵی “سۆمێد”، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا نزیکەی %12ی کۆی ئەو نەوتەیان گواستووەتەوە کە بە دەریادا بازرگانیی پێوە دەکرێت، نزیکەی 8%ی بازرگانیی گازی سروشتیی شلکراو (LNG). ئەم ژمارانە تەنها واتایەکی تەکنیکییان نییە، بەڵکو دەریدەخەن بۆچی گەرووەکە لە ساتی جەنگدا دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی فشار و کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهانی دادەنێت، کە گرنگییەکەی کەمتر نییە لە گەورە کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتان.
لەو چوارچێوەیەدا، پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان گەرووی هورمز و گەرووی بابولمەندەبدا هەیە. پەکخستنی هورمز یان داخستنی تەنها بە واتای پەککەوتنی هەناردەی کەنداو نایەت، بەڵکو وڵاتانی بەرهەمهێنەر ناچار دەکات بارەکانیان بەرەو ڕێڕەوە جێگرەوەکان ئاڕاستە بکەن، کە لە پێشەنگیاندا دەریای سوورە. داتاکانی ئاژانسی “ڕۆیتەرز” لە 24ی ئازاری 2026دا ئەم گۆڕانکارییەی بە ڕوونی نیشاندا؛ هەناردەی نەوتی خاوی سعوودیە لە بەندەری “یەتبوع”ی سەر دەریای سوور بۆ نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا تێکڕای هەناردە لە مانگی کانوونی دووەم و شوباتدا لە 770 هەزار بەرمیل تێپەڕی نەدەکرد. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پشت بەستنی تەواوەتی بە هێڵی بۆریی “ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا”ی سعوودیە، کە توانای گواستنەوەی دەگاتە نزیکەی 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. بەڵام ئەم مانۆڕە، سەرەڕای کاریگەرییە تەکتیکییەکەی، جەوهەری قەیرانەکە ون ناکات، بەڵکو بە شێوەیەکی جوگرافی دابەشی دەکاتەوە؛ بەو پێیەی بەشێک لە هەناردەکانی نەوت لە بارمتەی گەرووی هورمزەوە دەگوازێتەوە بۆ بارمتەی گەرووی بابولمەندەب. بە واتایەکی تر، ئەو فشارەی کە نەتوانرا لە دەروازەی کەنداودا بشکێنرێت، ڕەنگە لە دەروازەی دەریای سووردا سەر هەڵبداتەوە.
لە لایەکی ترەوە، ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا خەمڵاندوویەتی کە نزیکەی 20.9 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی 2023دا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە، کە یەکسانە بە نزیکەی 20%ی بەکاربردنی جیهانیی نەوت. ئەگەر جەنگی ئەمریکا و ئێران پاڵی بە کەمکردنەوەی پشت بەستن بە هورمز و زیادکردنی ڕۆڵی ڕێڕەوە جێگرەوەکان لە ڕێگەی یەتبوع و دەریای سوورەوە نابێت، ئەوا خستنە مەترسیی بابولمەندەب بە کردەوە بە واتای بە ئامانجگرتنی خودی ئەو جێگرەوەیە و دووبارە خنکاندنی دابینکردنی سووتەمەنییە لە ڕێڕەوێکی ترەوە.
گورزێک بۆ کۆمپانیاکان
لەسەر ئاستی کۆمپانیا جیهانییەکان، لێکەوتەکان ڕوونتر و ڕاستەوخۆترن؛ لە یەکەم کاتژمێرەکانی هەڵگیرسانی جەنگ لە 1ی ئازاری 2026دا، گەورە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی وەک “مێرسک” و “هاپۆگ لۆید” و “سی ئێم ئەی – سی جی ئێم”ی فەرەنسی، پەنایان بردە بەر گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییەکانیان دوور لە کەناڵی سوێس و بابولمەندەب، لە ڕێگەی سووڕانەوە بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا. دوای چەند ڕۆژێک تێچووی ڕاستەقینەی ئەم گۆڕانکارییە دەرکەوت؛ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای “هاپۆگ لۆید” ڕایگەیاند کە کۆمپانیاکە بڕی 40 بۆ 50 ملیۆن دۆلاری زیادەی هەفتانە لە ئەستۆ دەگرێت، کە دابەش بووە بەسەر زیادبوونی بەکاربردنی سووتەمەنی، تێچووی دڵنیایی (تەئمین) و خەرجیی کۆگاکردنی کۆنتێنەرەکان.
ئەم ژمارانە تەنها پەیوەندییان بە کۆمپانیایەکی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی میکانیزمی گواستنەوەی کاریگەریی جەنگە لە جوگرافیاوە بۆ ئابووری؛ لە ڕێڕەوە دەریاییەکانەوە بۆ پسوڵەکانی گواستنەوە، لەوێشەوە بۆ نرخی کاڵاکان کە لەکۆتایدا بەکاربەر لە ئەستۆی دەگرێت. هەر ڕۆژێکی زیادە کە کەشتییەکان لە دەریادا بەسەری دەبەن، بە واتای بەکاربردنی زیاتری سووتەمەنی و کاتژمێری کاری زیاتری ستاف و دواکەوتنی سووڕی کارکردنی کۆنتێنەرەکان دێت. هەروەها فاکتەری دڵنیایی لە کاتی قەیرانەکاندا دەبێتە رەهەندێکی یەکلاکەرەوە؛ لە ئەیلوولی 2024دا بانکی جیهانی ڕایگەیاند، تێچووی دڵنیایی دژی مەترسییەکانی جەنگ بۆ ئەو کەشتیانەی بە دەریای سووردا تێدەپەڕن لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا زیاتر لە دوو جار بەرزبووەتەوە. تەنانەت هەندێک کۆمپانیای دڵنیایی دەستیان کردووە بە کەمکردنەوە یان کێشانەوەی داپۆشینی کەشتییەکان لە ناوچەکەدا، کاتێک ئەم بارگرانییانە دەخرێنە سەر تێچووی سووتەمەنی و کات، بژاردەی هەرە لۆژیکی بۆ زۆرێک لە کۆمپانیاکان ئەوەیە بە تەواوی خۆیان لەو ڕێڕەوە بەدوور بگرن، نەک سەرکێشی بە تێپەڕبوون تێیدا بکەن. بەم شێوەیە، هەڕەشەی سەربازی پێش ئەوەی ببێتە گورزێکی ڕاستەوخۆ، دەبێتە پەکخستنێکی ئابووریی کرداری.
قەیرانێکی جیهانی
شیکارییەکی توێژەری ئابووریی کەنەدی “ڕۆری جۆنستۆن” ئاماژە بەوە دەکات کە زیادەی نەوتی سنووردار لە جیهاندا بە خێرایی خەریکە لەناو دەچێت، لەگەڵ پەککەوتنی لێشاوەکانی گەروی هورمز و ئەگەری خلیسانی گەرووی بابولمەندەب بۆ ناو جەرگەی ململانێکان. ئەمەش بەو واتایەیە کە بازاڕەکان چیتر ڕووبەڕووی شڵەژانێکی کاتی نابنەوە، بەڵکو بە کردەوە دەستیان کردووە بە هاوسەنگکردنی کورتهێنان لە ڕێگەی میکانیزمێکی ناچارییەوە، کە بریتییە لە کەمکردنەوەی خواست لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخەکان، نەک لە ڕێگەی زیادکردنی دابینکردنەوە.
شیکارییەکە جەخت دەکاتەوە کە بوونی نەوت بە تەنها بەس نییە بۆ دابینکردنی سەقامگیریی بازاڕ، بەڵکو سەلامەتیی ڕێڕەوە دەریاییەکان مەرجێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ بەردەوامیی هەناردەکردنەکەی. لێرەوە گرنگیی بابولمەندەب ڕەهەندێکی دوو هێندە وەردەگرێت، نەک تەنها وەک مەرجێکی دەریاوانی، بەڵکو وەک ئەڵقەیەکی سەرەکی لە تۆڕی ڕێڕەوە جێگرەوەکان کە جیهان لە کاتی قەیرانەکاندا پشتی پێ دەبەستێت. لێکەوتەکان بە شێوەیەکی توندتر لە وڵاتە تازە گەشەسەندووەکاندا دەردەکەون کە توانای داراییان نییە بۆ کپکردنی شۆکەکانی نرخ؛ چونکە بەرزبوونەوەی تێچووی وزە تەنها لە سووتەمەنیدا ڕەنگ ناداتەوە، بەڵکو دەگاتە کەرتەکانی کارەبا، گواستنەوە و بەرهەمهێنان.
هاوکات دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک “ئۆنکتاد” و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی هۆشداری دەدەن لە گواستنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانەکە بۆ سەر نرخی خۆراک و کاڵا بنەڕەتییەکان، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی توندی تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی، چینێکی نوێ لە فشارەکان زیاد دەکات، بەتایبەت لە ئابوورییە لەرزۆکەکاندا.
خەمڵاندنەکانی بانکی جیهانی ئاماژە بەوە دەکەن کە زیادبوونی تێچووی گواستنەوە ڕەنگە تێکڕای هەڵئاوسانی جیهانی بە ڕێژەی 0.07خاڵی سەدی بەرز بکاتەوە، لە کاتێکدا ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری هۆشداری داوە لە ئەگەری پاشەکشەی گەشەی جیهانی بۆ سنووری 2.9% ئەگەر شۆکی وزە بەردەوام بێت. بەم پێیە، بابولمەندەب چیتر تەنها مەرجێکی دەریایی سەر نەخشە نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ توخمێکی یەکلاکەرەوە لە هاوکێشەی سەقامگیریی ئابووریی جیهان دا، بەتایبەت ئەگەر پەککەوتنەکەی لەگەڵ پەککەوتنی گەرووی هورمزدا یەکبگرێتەوە، لەکۆتایدا جیهان دەخاتە بەردەم خنکاندنێکی دوولایەنە لە دەمارەکانی وزە و بازرگانی بەیەکەوە.





