
تەنگەی هورمز ئەجێندای سەرەکی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، میسر، پاکستان و سعوودیە بوو کە ڕۆژی 29ـى ئادار لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ناوەندییەتی ئەم ڕێڕەوەیە لە هەر ڕێکخستنێکی هەرێمایەتی ئەگەریدا بۆ کۆنترۆڵکردنی جەنگ و هێورکردنەوەی لێکەوتەکانی.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی دەرەوەی هەر چوار وڵاتەکە تێیدا بەشدار بوون، کۆمەڵێک پێشنیاز بە مەبەستی دووبارە کردنەوەی تەنگەکە خرانە ڕوو، لەوانە: دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی ئەگەری بۆ بەڕێوەبردنی ڕێڕەوەکە، لەگەڵ تاوتوێکردنی سەپاندنی ڕسووماتی تێپەڕبوون، کە وەک لاساییکردنەوەیەک دەردەکەوێت بۆ نموونەی کەناڵی سوێس.
وەک ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، تورکیا، میسر و سعوودیە لە ئێستادا تاوتوێی پێکهێنانی میکانیزمێکی بەکۆمەڵ دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی لێشاوی نەوت بەناو تەنگەکەدا، لەگەڵ پێشنیازی بەشداریکردنی پاکستان لەم ڕێکخستنەدا، ئەم پێشنیازە بە جیا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا باس کراوە، هەروەها پێش دەستپێکردنی ئەم گفتوگۆیانە ڕەوانەی واشنتۆن کراوە.
ئەم پێشنیازە دەرگا بە ڕووی زنجیرەیەک پرسیاری سیاسی، یاسایی و کردەییدا دەکاتەوە سەبارەت بە مەودای جێبەجێکردنی لەسەر ئەرز و قەبارەی ئەو ئاستەنگانەی دێنە ڕێی، جەگە لەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیانەی کە لەسەر هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا دەبێت، بەتایبەت کە تەنگەی هورمز بۆ چەندین دەیەیە یەکێک بووە لە پایە هەرە گرنگەکانی ئەم هەژموونە و دیارترین کارتی ستراتیژیی ئەو وڵاتەیە.
جیاوازی نێوان تەنگە و کەناڵ چییە؟
کۆمەڵێک جیاوازیی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوە لە سروشتی یاسایی و کارگێڕیی کەناڵی سوێس و تەنگەی هورمزدا هەن، کە وا دەکات هەر هەوڵێکی بەراوردکاریی تەواو لە نێوانیاندا یان مامەڵەکردن لەگەڵیان وەک دوو نموونەی هاوشێوە، کارێکی بێ بنەمای یاسایی و سیاسی بێت.
کەناڵی سوێس ڕێڕەوێکی دەستکردە و بە تەواوی لە ناو سنووری سەروەریی میسردایە و بەڕێوەبردنەکەی ڕاستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی میسردایە، لە کاتێکدا تەنگەی هورمز ڕێڕەوێکی سروشتیی نێودەوڵەتییە کە دوو پانتایی دەریایی کراوە لەیەک جیادەکاتەوە و بۆ دەریاوانی جیهانی بەکاردێت، ئەمەش جیاوازییەکی ڕیشەیی دەسەپێنێت لەو بنەما یاساییەی کە حوکمی تێپەڕبوون دەکات و سنووردارکردن بۆ پرسی ڕسوومات و بەڕێوەبردن لە هەریەکەیاندا دادەنێت.
ڕێکخستنی تێپەڕبوون لە کەناڵی سوێس پشت بە ڕێککەوتننامەی قوستەنتینیەی ساڵی 1888 دەبەستێت، کە بنەمای کراوەیی کەناڵەکەی بۆ دەریاوانی نێودەوڵەتی چەسپاندووە، لەگەڵ ئەو سیستەمە ڕێکخستن و لایەنانەی کە دەستەی کەناڵی سوێس دایاندەنێت وەک لایەنی میسریی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی ئەم خوێنبەرە دەریاوانییە.
بەو پێیەی کەناڵەکە دامەزراوەیەکی ناو خاکی میسرە و ملکەچی بەڕێوەبردنی نیشتمانیی پەتییە، سەپاندنی ڕسووماتی تێپەڕبوون تێیدا مافێکی سەروەریی ڕەوا و ڕێکخراوە، کە قاهیرە بە شێوەیەکی یاسایی و ڕاگەیەندراو لە ڕێگەی خشتە فەرمییەکانی ڕسوومات، زیادکردن، داشکاندن و میکانیزمەکانی وەرگرتنەوە پەیڕەوی دەکات.
لە بەرامبەردا، تێپەڕبوون لە تەنگەی هورمز ملکەچی یاساکانی تەنگە نێودەوڵەتییەکانە کە لە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکاندا هاتووە، ئەم یاسایانە لە جەوهەریاندا جەخت لە گەرەنتی مافی کەشتی و فڕۆکەکان دەکەن بۆ تێپەڕبوونی گواستنەوەی بەردەوام و خێرا، ئەمەش توانای وڵاتانی کەناراو سنووردار دەکات لە پەکخستنی ئەم مافە یان دووبارە داڕشتنەوەی بەپێی بەرژەوەندیی سەروەریی تاکلایەنە.
لێرەوە، دەسەڵاتی وڵاتانی سەر تەنگەکە تەنها لە چوارچێوەی ڕێکخستن و تەکنیکی دیاریکراودا دەمێنێتەوە، وەک یاساکانی سەلامەتی دەریاوانی، ڕێکخستنی جووڵەی تێپەڕبوون و ڕێگری لە پیسبوون، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی سوودمەندن لە بەکارهێنانی، بەڵام لە ڕووی یاساییەوە خاوەنی ئەو دەسەڵاتە نین تەنگەکە بگۆڕن بۆ سەرچاوەیەکی داهات یان ڕسووماتی تێپەڕبوونی بەسەردا بسەپێنن وەک ئەوەی لە کەناڵی سوێسدا هەیە، بۆیە هەر پێشنیازێک داوا بکات مامەڵە لەگەڵ هورمز بکرێت وەک وەشانێکی تری سوێس، هەر لە سەرەتاوە تووشی پێکدادان دەبێت لەگەڵ جیاوازییەکی بنەڕەتی لە سروشتی یاسایی و سەروەریی هەردوو ڕێڕەوەکەدا.
چۆن دەکرێت لاسایی لە نێوان هەردوو نموونەکەدا بکرێتەوە؟
جیاوازیی بنەڕەتی نێوان تەنگەی هورمز و کەناڵی سوێس لە ڕووی چوارچێوەی یاسایی و لۆجستییەوە، بە واتای مەحاڵبوونی سوودوەرگرتن لە هەندێک خاسیەتی نموونەی سوێس نایەت لە بەڕێوەبردنی تەنگەکەدا، بەڵکو لە بەرامبەردا سنوورێکی ڕوون بۆ هەر هەوڵێکی لاساییکردنەوەی تەواو دادەنێت، مەسەلەکە لێرەدا پەیوەندی بە ئەگەری کۆپیکردنی تەواوەتی نموونەی کەناڵی سوێسەوە نییە، هێندەی ئەوەی پەیوەندی بە ئەگەری ئیلهاموەرگرتن لە هەندێک میکانیزمییەوە هەیە لە چوارچێوەی ئەوەی دۆخی یاسایی تایبەتی هورمز ڕێگەی پێ دەدات.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕەنگە پەسەندکردنی جۆرە ڕسووماتێکی دیاریکراو بە سیفەتی خزمەتگوزاری بمێنێتەوە، وەک ڕسووماتی ڕێبەری دەریایی، بیمە، پاسەوانی ئەمنی، یان بەڕێوەبردنی جووڵەی تێپەڕبوون، بەبێ ئەوەی ئەم ڕسووماتانە بگەنە ئاستی ڕسووماتی تێپەڕبوونی سەروەری کە لە کەناڵی سوێسدا پەیڕەو دەکرێت.
هەروەها، دەکرێت وێنای دروستکردنی میکانیزمێکی کارپێکردنی هاوبەش بکرێت، کە لەسەر هاوکاری نێوان وڵاتانی سەر تەنگەکە لە پێش هەموویانەوە ئێران و عومان و وڵاتانی سوودمەند لە بەردەوامی دەریاوانی بێت، یان هەندێک لە هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی کە بەشدارن لە هەوڵەکانی ناوبژیوانی، وەک ئەو چوار وڵاتەی تورکیا، میسر، سعوودیە و پاکستان لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ ئەگەری ئامادەیی ئەمریکا بە پلەی جیاواز، ڕەنگە ئەم میکانیزمە بەڕێوەبردنی لێشاوی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و ڕێکخستنی جووڵەی تێپەڕبوون بگرێتە ئەستۆ، بەبێ ئەوەی دەستکاری بنەما یاساییەکانی تەنگەکە بکات.
لە تەنیشت ئەم پێشنیازەدا، ئەگەری پەنابردن بۆ جۆرە ڕێکخستنێکی ڕاگوزەری کاتی دەردەکەوێت، کە بۆ دابینکردنی کارپێکردنی تەنگەکە تا کۆتاییهاتنی جەنگ و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی جێگیرتر پەسەند بکرێت، ڕەنگە ئەم شێوازە بریتی بێت لە ڕێکخستنێکی ئەمنی تەکنیکی کە جەخت بکاتە سەر گەرەنتی سەلامەتی تێپەڕبوون و پاراستنی کەشتییەکان، ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ دیدگای تورکیا دەگونجێت کە سەیری ئاسایشی دەریاوانی دەکات وەک ئامرازێک بۆ بنیاتنانی متمانە و خۆشکردنی ڕێگە بەرەو ئاگربەست، نەک وەک ئامانجێکی جیاواز و سەربەخۆ.
ئەی هەژموونی ئێران؟
تەنگەی هورمز یەکێکە لە کۆڵەکە هەرە بەهێزەکانی پێکهاتەی هەژموونی ئێران، بەڵکو لە هۆشیاریی ستراتیژیی تاراندا، هێڵێکی سووری یەکجار هەستیارە کە ناتوانرێت هیچ هەوڵێک بۆ دەستکاریکردنی یان دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆڵەکەی بەبێ ویستی خۆی قبوڵ بکرێت، لێرەوە هەر نزیکبوونەوەیەک لەم ڕێڕەوە، لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، لە ڕووی کردەییەوە بەواتای نزیکبوونەوە دێت لە گرنگترین کارتی فشاری جیۆپۆلیتیکی کە ئێران لە هاوکێشەکانی ناوچەکە و جیهاندا هەیبێت.
گرنگی هەژموونی ئێران لە هورمزدا تەنها لە جوگرافیاوە سەرچاوە ناگرێت، سەرەڕای ناوەندییەتی جوگرافیا، بەڵکو لە توانای تارانەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ بەکارهێنانی ئەم تەنگەیە وەک کارتی بەرپەرچدانەوە و فشاری نێودەوڵەتی، بەجۆرێک ئەگەرەکانی پەکخستن یان هەڕەشە یان بەرزکردنەوەی تێچووی تێپەڕبوون هەمیشە لە هەژمارەکانی هێزە گەورەکان و بازاڕە جیهانییەکاندا ئامادە بن، هەر کاتێک ئێران ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بێتەوە یان هەوڵێک هەبێت بۆ داماڵینی لە توخمە ستراتیژییەکانی هێزەکەی.
لەگەڵ ئەوەشدا، دوور نییە تاران جۆرێک لە نەرمی نواندن نیشان بدات بەرامبەر هەندێک لەو پێشنیازانەی تایبەتن بە ڕێکخستنی دەریاوانی لە تەنگەکەدا، ئەگەر هەست بکات ئەمە دەبێتە دەروازەیەک بۆ خزمەتکردنی ئامانجێکی گەورەتر، ئەویش: ڕاگرتنی جەنگ و کەمکردنەوەی فشار و هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەری.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕەنگە ئێران کراوە بێت بۆ ڕێکخستنی تەکنیکی یان کارگێڕیی هاوبەش بۆ ڕێکخستنی تێپەڕبوون، بەو مەرجەی ئەم ڕێکخستنانە نەبنە پەردەیەک بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی یان بازدان بەسەر هەژموونی ڕەگداکوتاویدا لەم ڕێڕەوە زیندووەدا، پشت بەو ڕاستییە جیۆپۆلیتیکییە دەبەستێت کە ئەستەمە چاوپۆشی لێ بکرێت، ئەویش ئەوەیە کە ئەو بە حوکمی شوێنەکەی، کاریگەرترین یاریزان دەمێنێتەوە لە هاوکێشەی هورمزدا.
تەنگەکە هاوسنووری کەناراوەکانییەتی و بە درێژایی دوورگە و شوێنە یەکجار هەستیارەکانی ئێران دەکشێت، ئەمەش وا دەکات هەر پڕۆژەیەک بۆ بەڕێوەبردنی یان دووبارە ڕێکخستنەوەی، بێ بەها بێت ئەگەر ڕەزامەندی ئێرانی لەسەر نەبێت، یان لانیکەم لێکتێگەیشتنێک هەبێت کە هۆکارەکانی ڕەتکردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوە کەم بکاتەوە.
لێرەوە، ڕەنگە ئێران ئامادە بێت بۆ قبوڵکردنی ڕێکخستنەکان سەبارەت بە سەلامەتی دەریاوانی و دابینکردنی تێپەڕبوون، و ڕەنگە هاوبەشی لەگەڵ هێزە هەرێمایەتییەکان کە متمانەی پێیان هەیە، لە بەرامبەر دانی پێدانان بە ڕۆڵە ناوەندییەکەی و پێدانی گەرەنتی سەروەریی ڕوون، بەڵام ئەو شێوازانەی کە لە تاران وەک هەوڵێک بۆ نێودەوڵەتیکردنی تەنگەکە تێدەگەرێن بەجۆرێک کە ئەرکە ستراتیژییەکەی لێ زەوت بکات، پێدەچێت بە توندی ڕەتبکرێنەوە، چونکە دەست بۆ جەوهەری یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی هەژموونی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەبات.
نێودەوڵەتیکردنی تەنگەکان.. ئایا دەبێتە دیارترین دۆسیەی داهاتوو؟
بێگومان ئەو پشێوییەی تووشی بازاڕی وزەی جیهانی و زنجیرەکانی دابینکردن بوو بەهۆی گرژییەکانی تەنگەی هورمز، هێزە گەورەکان و لە پێش هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاندەدات بۆ گەڕان بەدوای شێوازی نوێ بۆ دابینکردنی ئاسایشی تەنگە و ڕێڕەوە دەریاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەک ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی قەیرانی هاوشێوە کە هەڕەشە لە بازرگانی جیهانی و لێشاوی وزە دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا، بژاردەی نێودەوڵەتیکردن وەک یەکێک لە سیناریۆکان دەردەکەوێت، بەڵام ئەم پێشنیازە پڕە لە ئاستەنگی گەورە، لە پێش هەموویانەوە پێکدادانی ڕاستەوخۆیەتی لەگەڵ پرەنسیپی سەروەریی نیشتمانی و ئاڵۆزییەکانی جوگرافیای سیاسی، ئەمەش وای کردووە مەسیری نێودەوڵەتیکردن بە واتای یاسایی و سەروەریی تەواو بژاردەیەکی یەکجار سەخت بێت، ئەگەر نەگوترێت مەحاڵە لە ئایندەیەکی نزیکدا.
بەڵام ئەمە ئەوە ڕەت ناکاتەوە کە ئەگەری دەرکەوتنی شێوازێکی تر هەبێت کە کەمتر پێکدادانی بێت و زیاتر جێی باس بێت، ئەویش نێودەوڵەتیکردنی وەزیفییە، واتە بەبێ دەستکاری سەروەریی دەوڵەتان لەسەر ڕێڕەوە دەریاییەکانیان، لە ڕێگەی دروستکردنی چوارچێوەی فرەلایەن بۆ بەڕێوەبردنی هەندێک دۆسیەی پەیوەندیدار بە سەلامەتی دەریاوانی، بیمە، چاودێری و پاڵپشتی تەکنیکی و لۆجستی، بەجۆرێک گەرەنتی بەردەوامی کراوەیی ئەم ڕێڕەوانە بکات لەبەردەم جووڵەی تێپەڕبوونی نێودەوڵەتیدا و لە هەمان کاتدا دەرفەتەکانی گۆڕینیان بۆ ئامرازی فشار یان گەرووی خنکاندنی جیۆپۆلیتیکی کەم بکاتەوە.
لە ئەنجامدا، و لە سایەی ئەم ساتە ناوازەیەی کە تێیدا پشێوی لەگەڵ سەرلێشێواوی نێودەوڵەتی تێکەڵ بووە، کاریگەریی پرەنسیپە یاساییەکان لەبەردەم لۆژیکی هێز و پێویستییەکانی ململانێدا پاشەکشەی کردووە، وا دەردەکەوێت کە پشت بەستن تەنها بە یاسا وەک چەترێکی پاراستنی پێویست یان گەرەنتییەکی کۆتایی، پتر لە گرەوێکی نموونەیی دەچێت کە ئەستەمە لە واقیعێکی پڕ لە ئاڵۆزیدا پشتی پێ ببەسترێت.
بۆیە هەموو سیناریۆکان کراوەن و قابیل بە پێشنیازکردنن، چونکە ئەوەی ڕوودەدات چیتر تەنها پەیوەندی بە تەنگەی هورمز یان ڕێڕەوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەست بۆ شێوازی هاوسەنگییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان و ڕێڕەوەکانی دووبارە داڕشتنەوەیان دەبات.
بۆیە، ئەوەی لە دوای ئەم جەنگە دێت، تەنها کاریگەرییەکەی لەسەر نەخشەکانی هەژموون و ڕێگاکانی بازرگانی و ئاسایشی وزە سنووردار نابێت، بەڵکو پێدەچێت درێژ بێتەوە بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی خودی یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوە، بە جۆرێک کە ئەستەم بێت وێنا بکرێت جیهان دوای ئەم ململانێیە لەسەر ئەو وێنەیە بمێنێتەوە کە پێش هەڵگیرسانی لەسەری بوو.





