
- لە شەقامێکی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا مۆبایلی فرۆشتووە
- لەماوەی ساڵانی پەنابەرێتیدا هیچ چالاکییەکی سیاسی نەبووە
- لەبەر هەژاریی شوقەیەکدا ژیاوە کە شارەوانی لەندەن بۆی دابینکردووە
- ئێستا یەکێکە لە ناوە بەهێزەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی تایبەت بۆ کورد مۆنیتەر زانیاریی لەبارەی کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەی سەرکردە شیعەکان ئاشکراکرد و گوتی: بابەتی کاندیدبوونی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە بە ڕابردوو، ئێستا دوو پێشنیازی بەهێز بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق هەیە، یەکێکیان ئەوەیە متمانە بە محەمەد شیاع سودانی بدرێتەوە و ئەویش حکومەتێکی ڕزگاریی دروست بکات.
سەبارەی پێشنیازی دووەم ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر گوتی: سودانی پێشنیازی ناوی بەها ئەعرەجی کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەشێکیش لە سەرکردە شیعەکان پێیان باشە ئەعرەجی ببێتە کاندیدی هەموو لایەنەکان.
ئەعرەجی سەرۆکی فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە لە پەرلەمانی عێراق، ئەو هاوپەیمانێتیەی سودانی بۆ دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروستیکرد و خاوەنی 45 کورسییە. پێشتریش لە ڕیزی سەرکردە یەکەمەکانی ڕەوتی سەدر بوو.
وەك سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر باسیکرد، ئەعرەجی کەسێکی نزیکە لە سودانی، بۆیە ئەگەر ئەویش ببێتە سەرۆک وەزیران ئەوا هێشتا سێبەری سودانی بەسەرەوە دەبێت.
بەها ئەعرەجی کێیە؟
بـەها حسێن عەلی ئەعرەجی لە ساڵی 1967 لە ناوچەی کازمییەی شاری بەغدای پایتەختی عێراق لەدایکبووە. لە ساڵی 1988 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە و بۆ ماوەیەکی کورت وەک پارێزەر کاری کردووە. لە ساڵی 1991 عێراقی بەرەو ئێرلەندا جێهێشتووەو مافی پەنابەری سیاسی وەرگرتووە، دواتر ڕەگەزنامەی ئێرلەندی بەدەستهێناوە. پاشان لە ساڵی 1998 چووەتە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و لەوێ نیشتەجێ بووە.
ئەعرەجی لە لەندەن وەک کرێکار لە دوکانێکی فرۆشتنی مۆبایل کاری کردووە, کە خاوەنەکەی بازرگانێکی عێراقی بووە بە ناوی (حەیدەر بازی) و دوکانەکەش لە شەقامی (کرۆموێڵ) بووە؛ ئەعرەجی لەو کارەیدا ماوەتەوە تا ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لەساڵی 2003.
لە ماوەی ساڵانی پەنابەریدا، بەها ئەعرەجی هەرگیز بەشداری لە هیچ چالاکییەکی سیاسیی ئۆپۆزسیۆندا نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی ئەو قۆناغەی دوای پەسەندکردنی یاسای “ڕزگارکردنی عێراق” لە ساڵی 1998 لەلایەن ئیدارەی سەرۆک بیل کلینتۆنەوە، چالاکییەکی سیاسیی زۆر گەرمی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بەخۆوە بینیبوو.
بۆ دووپاتکردنەوەی بارودۆخی دارایی ئەو کاتەی، ڕۆژنامەنووسی عێراقی مەعەد فەییاز لە تەمموزی 2015دا وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە لەگەڵ ئەعرەجی پێکەوەن و گوتویەتی: “ئەم وێنەیە ساڵێک یان دوو ساڵ دوای گۆڕینی ڕژێمی سەدامە، کاتێک بۆ چاوپێکەوتنێک لە ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی لەندەنی چاوم پێی کەوت.”
فەییاز ڕوونیکردەوە کە چاوپێکەوتنەکە لە شوقە بچووک و سادەکەیدا بووە لە ناوچەی ئۆڵۆمپیا نزیک هامەر سمیس لە ناوەڕاستی لەندەن، کە شارەوانی وەک کەسێکی هەژار بۆی دابین کردبوو، چونکە نەیدەتوانی شوقە بکڕێت یان بە کرێی بگرێت؛ شوقەکەش کەلوپەلی پێویستی تێدا نەبووە تەنها ئەو قەنەفەیە نەبێت کە پێکەوە لەسەری دانیشتبوون.
فەییاز جەختی لە کارکردنی ئەعرەجی کردەوە لە دوکانی مۆبایل و وتی: “ئەعرەجی کرێکار بوو لە دوکانێکی مۆبایل لە لەندەن، من خۆم دوو مۆبایلم لێ کڕی کە یەکێکیان مۆبایلی سورەییا بوو”.

ئەعرەجی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حسێن، دا لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دەرکەوت، بوو بە سەرکردە لە ڕەوتی سەدر و وەک نوێنەری ئەوان لە “کۆمەڵەی نیشتمانیی عێراق” دەستبەکاربوو، هەروەها لە نێوان 2005 و 2006 سەرۆکایەتی “کوتلەی نیشتمانیی سەربەخۆ”ی کرد، سەرەڕای ئەوەی بڕیاردەری “لیژنەی نووسینەوەی دەستوور” بوو.
لە خولی یەکەمی پەرلەماندا لە ساڵی 2006 تا 2010 سەرۆکایەتی لیژنەی یاسایی کرد، لە خولی دووەمدا لە ساڵی 2010 تا 2014 سەرۆکی لیژنەی دەسپاکی پەرلەمان بوو، جگە لەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی “ئەحرار”ی پەرلەمانی بوو کە سەر بە ڕەوتی سەدر بوو.
لە 8ی ئەیلوولی 2014، بوو بە جێگری یەکەمی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق و بۆ ماوەی ساڵێک لە پۆستەکەیدا مایەوە. لە 10ی ئابی 2015 دەستی لەکارکێشایەوە، تەنها چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی سەرۆک وەزیران کابینەی حکومەت بچووک بکاتەوە و هەر سێ جێگرەکەی سەرۆک وەزیران هەڵبوەشێنێتەوە.
لە ماوەی بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسیدا، ئەعرەجی بروانامەی ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتی بەدەستهێنا، پاشان لە ساڵی 2015 بڕوانامەی دکتۆرای لە “پەیمانگای باڵای عەرەبی بۆ خوێندن” وەرگرت، سەرەڕای ئەوەی یاسای عێراقی ڕێگری دەکات لە ئەنجامدانی خوێندن و ئەندامێتی پەرلەمان بەیەکەوە.
لە ماوەی وەرگرتنی چەندین پۆستی پەرلەمانی و حکومیدا لە ساڵی 2005 تا 2015 ، ئەعرەجی وەک یەکێک لە دیارترین ئەو سیاسییانە ناسرا کە ئاگری شەڕی تایفەگەرییان خۆش کرد.
لە یەکێک لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکاندا لە ساڵی 2010، ئەعرەجی گوتی: “ئەو مەزهەبەی زۆرینە لە عێراقدا پێکدەهێنێت (شیعە)یە، لە سەردەمی ئەبوبەکرەوە تاوەکو حزبەکەی ئەحمەد حەسەن بەکر (سەرۆکی کۆچکردووی عێراق) پیلانگێڕیی لە دژ کراوە”.
بەڵام ئەعرەجی لە تەمموزی 2016 لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا پاساوی بۆ ئەم گوتارە تایفەگەرییەی هێنایەوە و گوتی: “ئێمە کاتێک وەک سەرکردە هاتینەوە بۆ عێراق، بنکەی جەماوەریمان نەبوو، منیش گوتاری تایفەگەریم لە ناو هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە بەکارھێنا، بۆ ئەوەی سەرنجی جەماوەر ڕابکێشم و بنکەیەکی جەماوەری بۆ خۆم دروست بکەم”.
تەنها بەها ئەعرەجی نەبوو کە ئاگری تایفەگەریی خۆش دەکرد، بەڵکو حازم ئەعرەجی برای کە پیاوێکی ئایینی شیعەیە و بە یەکێک لە کەسە هەرە نزیکەکانی موقتەدا سەدر دادەنرێت، لە ساڵی 2006دا لە بەغدا وتارخوێنی هەینی بوو، ئەو بە ئاشکرا هانی کوشتنی سوننەکانی دەدا، بە بیانووی ڕزگاربوون لە وەهابییەکان و بەعسییەکان.
لێدوانە مشتومڕاوییەکان
دوای جیابوونەوەی لە ڕەوتی سەدر لە ساڵی 2016 (کە هەندێک کەس دەڵێن لەو ڕەوتە دەرکراوە بەهۆی دۆسیەی گەندەڵییەوە) و ناساندنی خۆی وەک سیاسییەکی سەربەخۆ، بەها ئەعرەجی بەردەوام لە ڕێگەی میدیاکان یان بڵاوکردنەوەی تویتەکانییەوە لێدوانگەلێکی داوە، کە هەمیشە بوونەتە جێی مشتومڕێکی فراوان لە ناوەندە جەماوەری و سیاسییەکاندا.
ئەعرەجی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە تشرینی یەکەمی 2018دا پەردەی لەسەر کۆنترۆڵکردنی پرۆسەی سیاسی لەلایەن کوڕەکەی سیستانییەوە لادا و گوتی: “سەرۆک وەزیرانی پێشوو، لە ئیبراهیم جەعفەرییەوە تاوەکو حەیدەر عەبادی، لەلایەن مەرجەعییەتەوە و بە دیاریکراوی لەلایەن محەمەد ڕەزا (کوڕی سیستانی) دیاری کراون، پەرلەمان تەنها دەنگی پێ دەدان”.
هەروەها ئەعرەجی یەکەم کەسایەتی سیاسی بوو ڕایگەیاند، ئەو هێرشەی لە ناوەڕاستی ئابی 2019دا کرایە سەر “کەمپی سەقەر” لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، لە ڕێگەی تویتەرەوە گوتی: “لە شێوازی ئاگری کۆگاکانی چەک لە کەمپی سەقەرەوە دەردەکەوێت کە ئەو چەکانەی سووتاون نائاسایین و نە هێزە عێراقییەکان و نە حەشدی شەعبیش بەکاری ناهێنن، بۆیە پێمان وایە ئەوانە وەک ئەمانەت لای ئێمە بوون لە دەوڵەتێکی دراوسێوە (ئێران)، و ئەم ئەمانەتە لەلایەن دەوڵەتێکی داگیرکەری ستەمکارەوە کراوەتە ئامانج، ئەویش لەسەر بنەمای زانیاریی عێراقییەکی خائین”.
لە 14ی تشرینی یەکەمی 2020 دا، ئەعرەجی مشتومڕێکی فراوانی نایەوە کاتێک لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: “عێراق ئامادەیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، ئەم بڕیارەش ئەگەری هەیە لە نەجەفەوە دەربچێت نەک بەغدا”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە مەرجەعە ئایینییە شیعەکان ڕەزامەندن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.
ئەم لێدوانەی ئەعرەجی تووڕەیی ڕەوتی سەدری لێکەوتەوە، بە شێوەیەک هەژماری “ساڵح محەمەد عێراقی” لە تویتەر، کە کەسی نزیک لە سەدرە و بە “وەزیری سەدر” ناسراوە، ئەعرەجی بەوە تۆمەتبار کرد کە “دوژمنی نەجەفە” و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و گوتی: “ئەگەر خۆی بە ئەدەب نەکات، ئێمە ئەدەبی دەدەین”.





