وەسیەتە مەترسیدارەکە بۆ موجتەبا خامنەیی؛ ئەو پیاوەی دەیگوت گەل تەنها ئەرکی گوێڕایەڵی هەیە

سێبەری میسباح یەزدی، ئەندازیارە توندڕەوەکە چۆن موجتەبا خامنەیی بۆ کورسیی ڕێبەری ئامادە کرد؟

پێنج ساڵە لە ژیاندا نەماوە، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری باڵای ئێران، ناوی میسباح یەزدی دیسان هاتەوە پێشەوە، کە بە مامۆستای موجتەبا و یەکێک لە دیارترین ئەندازیارانی ئاڕاستەکانی ویلایەتی فیقهـ، لە وڵاتدا دادەنرێت، لە ماوەی دەیاکانی ڕابردوودا، یەزدی ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لە چەسپاندنی چەمکی ویلایەتی فیقهـ لە ناوەندە ئەکادیمی و جەماوەرییەکاندا، بە هاوکاری ڕێکخراوی بەسیج، کە هەمیشە ئەرکی سەرکوتکردنی هەر ناڕەزایەتییەکی دژ بە ڕژێمی پێ سپێردراوە.

یەزدی بانگەشەی بۆ بیرۆکەیەکی سەرەکی دەکرد کە دەیوت،” شەرعییەتی حاکم لە سیستمی ویلایەتی فیقهـدا ڕاستەوخۆ لە خوداوە دێت و گەل لێرەدا مافی هەڵبژاردنی نییە، بەڵکو تەنها ئەرکی دۆزینەوەی هەمانە”، ئەمەش خوێندنەوەیەک بوو کە هەمیشە بووەتە جێی مشتومڕ لە ناوەندە سیاسییەکانی ئێراندا.

ئەم پیاوە، کە سەرکەوتوو بوو لە چەسپاندنی هەژموونێکی سیاسی و ئاینی گەورە لە ماوەی ژیانیدا، لە نەوەدەکاندا هەڵمەتێکی توندی دژ بە ڕەوتی چاکسازیخوازان بەڕێوەبرد و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤی بە چەمکگەلی ڕۆژئاوایی نامۆ بە ئیسلام وەسف دەکرد.

بازنەکانی حوکمڕانی لە ئێران:

ڕۆڵی ئەو تەنها لەمەدا کورت نەبووەوە، بەڵکو دامەزراوەی ئیمام خومەینی دامەزراند، کە لەسەر دەستی ئەو بووە ناوەندێک بۆ پێگەیاندنی سەرکردە گەورەکان لە دەسەڵاتی دادوەری، سوپای پاسداران و بەسیج دا، کە ئەو سەرکردانە بە قووڵی لە خوێندنەوە توندڕەوەکانی ئەو سوودمەند بوون.

لەسەر ئاستی سیاسی، میسباح یەزدی ڕەوتی ئۆسولگەرای (کۆنەپارێز)ـى لە ناو ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریدا بەڕێوەدەبرد لە کاتی هەڵبژاردنیەوە لە ساڵی 1990 وەک نوێنەری پارێزگای خووزستان لە خولی دووەمیدا، پێش ئەوەی ببێتە نوێنەری پارێزگای تاران لە دوو خولی یەک لە دوای یەکدا.

یەزدی لە هەڵبژاردنە تەواوکارییەکانی ساڵی 2020دا وەک نوێنەری پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی گەڕایەوە بۆ ئەنجومەنەکە، ئەمەش گوزارشت بوو لە بەردەوامیی چالاکییەکانی لە نێو جەرگەی بازنەکانی حوکمڕانی لە ئێرانداو هەوڵیدا نوخبەیەکی سیاسی و ئەمنی دروست بکات کە بە تەواوی دڵسۆزی خامنەیی بن، ڕۆڵی ئەو تەنها لە فێرکردنی کادرەکاندا نەبوو، بەڵکو بەپێی زۆرێک لە ڕاپۆرتە ئێرانییەکان، کۆنترۆڵی ڕێڕەوی بەرزکردنەوەی پلەکانیشیانی دەکرد.

دیارترین تیۆریداڕێژەری ویلایەتی فیقهـ:

یەزدی هەڵوێستی پڕ لە ڕەخنەی هەبوو سەبارەت بە حوکمی عەلی خامنەیی، چونکە پێی وابوو گوێڕایەڵی بۆ ئەو واجبە، بۆیە زۆر کەس لە ئێراندا بە قیبلەنمای ئایدۆلۆژی و ئاینی خێزانی خامنەیی و حوکمەکەیان دایان دەنا، ئەو پیاوە لە ماوەی ژیانیدا لێدوانی واى دابوو کە ڕەنگدانەوەی دیدگا توندڕەوەکەی بوو بۆ سیستمی حوکمڕانی لە ئێران، لەوانە وتبووی: “لە ئیسلامدا کۆماریمان نییە، ئامانجی ئیمام خومەینی حکومەتی ئیسلامی بوو، تەنها لەبەر بەرژەوەندی پەنای بۆ سیستمی کۆماری برد و هەڵبژاردنی سیستمی کۆماری لە لایەن ئیمام خومەینییەوە لەسەر بنەمای پێویستییەکانی پێش شۆڕش بوو”.

توێژەری سیاسی ئێرانی مونا سیلاوی پێی وایە، میسباح یەزدی بە ڕاستی یەکێکە لە دیارترین تیۆریداڕێژەرانی سیستمی کۆماری ئیسلامی و لە بەرگریکارە سەرسەختەکانی حوکمەکەیەتی و ویلایەتی فیقهـ حوکمێکی شەرعییە، هەروەها یەکێک بووە لە نەیارە سەرسەختەکانی هەڵبژاردن.

سیلاوی ئاماژەی بەوەش دەکات، کە لێدوانی سەرنجڕاکێش هەیە کە یەزدی چەند ساڵێک لەمەوبەر داویەتی و دەڵێت: گەل شەرعییەتی لە کوێ بوو تا بیبەخشێتە حاکمەکەی لە سیستمی ئیسلامیدا؟ ئەمە ڕەنگدانەوەی دیدگا و ئاڕاستەکانیەتی چونکە پێی وایە وەلی فیقهـ سێبەری خودایە لەسەر زەوی.

هەژموونێکی گەورە و تەمومژاوی:

یەزدی و خێزانەکەی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بوونەوە سەبارەت بە توانایان لە سەپاندنی هەژموونێکی گەورە لە سەردەمی حوکمی خێزانی خامنەییدا، لە بەرامبەر پاراستنی ڕژێمەکە لە بانگەشەکانی گۆڕانکاری لە ڕێگەی میکانیزمەکانی وەک ڕیفراندۆم و هەڵبژاردن، چونکە چەندین جار و لە ڕێگەی چەندین فەتواوە جەختی کردبووەوە کە ویلایەتی فیقهـ لە ئێران دەسەڵاتی خۆی لە حوکمێکی خودایی وەردەگرێت نەک لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە.

سیلاوی پێی وایە، لە ڕێگەی دامەزراندنی دامەزراوەی ئیمام خومەینییەوە، نەوەیەک لە سیاسییە توندڕەوەکانی پەروەردە کرد کە باوەڕی ڕەهایان بە ویلایەتی فیقهـ هەیە، و لە ڕێگەی نزیکییەوە لە ڕژێمی حاکم، میسباح یەزدی و خێزانەکەی توانییان هەژموونێکی ئابووری و دارایی گەورە بەدەستبهێنن.

مامۆستای موجتەبا:

ئەگەر میسباح یەزدی شەرعییەتی ڕەهای بە حوکمی عەلی خامنەیی بەخشیبێت، کە بە شێوەیەکی نەریتی لە فیقهـیە گەورەکان نەبوو، شەرعیەتێکی ئاینی چڕی بۆ دابین کرد کە ڕژێمەکەی چەسپاند، ئەوا پەیوەندییەکەی لەگەڵ موجتەبا تەواو جیاوازە، یەزدی بە مامۆستا و باوکی ڕۆحی موجتەبا لە شاری قوم دادەنرێت، کە دیدگا ئایدۆلۆژییەکەی خۆی تێدا چەسپاندووە کە لە پێشینەیی دەداتە عەقیدە بەسەر سیاسەتدا.

بۆیە سەرکەوتنی موجتەبا خامنەیی بۆ جێگرتنەوەی باوکی، وەک سەرکەوتنی قوتابخانەکەی یەزدی دەبینرێت، بەتایبەت کە ڕێبەری نوێی ئێران، تۆڕێکی هەژموونی فراوانی لە ناو سوپای پاسداراندا دروستکردووە لەگەڵ سەرکردەگەلێک کە ئەوانیش لەسەر دەستی یەزدی خوێندوویانە، موجتەبا بیرۆکەیەکی چەقگەرای لە مامۆستاکەیەوە وەرگرتووە کە پشت بەو شتە دەبەستێت کە ناوی لێنراوە پاکوخاوێنی شۆڕش و ڕەتکردنەوەی هەر سازشێک لەبەردەم ڕۆژئاوادا.

خالید زەینەدین، توێژەری سیاسی پسپۆڕ لە کاروباری نێودەوڵەتی دەڵێت: موجتەبا خامنەیی زۆر کاریگەرە بە بیرۆکەکانی میسباح یەزدی دوای ئەوەی لەسەر دەستی ئەو لە شاری قوم خوێندوویەتی.

پەرەپێدانی توندڕەوی:

بە گەڕانەوە بۆ مێژووی میسباح یەزدی، ناکرێت چاوپۆشی لەو پڕۆژانە بکرێت کە بە ئامانجی بەهێزکردنی چەمک و ئاڕاستەکانی ویلایەتی فیقهـ دەستی پێکردبوون، وەک بەرنامەی طرح ولایت (پڕۆژەی وەلایەت)، کە ئامانجی پاراستنی خوێندکاران و مامۆستایان بوو لە هەر دزەکردنێک و بەهێزکردنی چەمکەکانی شۆڕشی ئیسلامی لای ئەوان.

خالید زەینەدین پێی وایە، دوای سەرکەوتنی ئەوەی پێی دەوترێت شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێویستی بە ئۆسوڵگەراییەکی ئاینی هەبوو تا لە ڕووی شیوعییەت لە ناوچەکەدا بوەستێتەوە، بۆیە ناچار بوو ڕژێمی شاهنشاهی لە تاران بڕوخێنێت و ڕێگە بدات بە ڕژێمە ئیسلامییە نوێیەکە تەشەنە بکات، سەرەڕای ئەوەی هەوڵی دەدا دژایەتی ماف و ئازادییەکان و کرانەوە بکات چونکە ڕژێمێکی توندڕەو بوو کە لە قوتابخانە توندڕەوە ئاینییەکانی وەک حەوزەوە سەرچاوەی گرتبوو.

بەوتەی زەینەدین، یەزدی بەشێک بوو لەم سیستمەی کە کاری بۆ پەرەپێدانی توندڕەویی ئاینی لە ئێران و کۆنترۆڵکردنی جومگەکانی دەوڵەت دەکرد لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیای سیاسی و ئاینییەوە، بۆیە ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە پەرەپێدانی قوتابخانە ئاینییەکان بۆ داخستنی کۆمەڵگە و شەڕکردن لەگەڵ ئەوانەی دژایەتی فکره‌کەی دەکەن، حەوزە زانستییەکان دەزووی سەرەکی ئەم شەڕە بوون کە ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا لە کۆنترۆڵکردنی دامەزراوە ئاینییەکاندا.

“وەلی فیقهـ نیعمەتە بۆ ئێران”:

ئەو زیانانەی کە بەر ئێران کەوتوون لەم شەڕەدا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، پرسیاری دەربارەی عەقیدەی ڕژێمەکەی تاران و تیۆریداڕێژەرەکانی زیاد کردووە، بەتایبەت دوای لەدەستدانی سەرکردە باڵاکانی وەک فەرماندەی سوپای پاسداران محەمەد پاکپوور، و ڕێبەری باڵا، وەزیری بەرگری و کەسانی دیکە، یەزدی هەمیشە پێی وابوو کە وەلی فیقهـ لە ئێران نیعمەتێکە کە نەیارەکان گرنگییەکەی نازانن، سەرکردایەتی هەڵمەتەکانی دەکرد دژ بە ڕەخنە دەرەکییەکان بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ و واقیعی سیاسی وڵات.

چالاکوانی سیاسی ئێرانی لەیلا جەزایری پێی وایە، یەزدی یەکێک بووە لە تیۆریداڕێژەرە ئایدۆلۆژییە سەرەکییەکانی دکتاتۆرییەتی ئاینی لە ئێران، چونکە لەگەڵ توندڕەوەکانی تردا کاریان کردووە بۆ ڕەتکردنەوەی بنەمای وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە گەلەوە.

جەزایری دەشڵێت: یەزدی وەک ئەوانی تر، لەبری ئەوە بانگەشەی بۆ گوێڕایەڵی ڕەها دەکرد بۆ وەلی فیقهـ و لە ڕێگەی ئەم نەهجەوە، ئۆپۆزسیۆنی سیاسی گۆڕدرا بۆ لادان یان تاوان، ئەمەش شەرعییەتی بە سەرکوتکردن بەخشی و یارمەتیدەر بوو لە بنیاتنانی تۆڕە ئایدۆلۆژییە دڵسۆزەکان کە بەردەوامیی ڕژێمەکە مسۆگەر دەکەن، بەم شێوەیە، خامنەیی توانی شەرعییەت لە ڕێگەی وەلایەتی عەقیدی و پشت بەستن بە دامەزراوە ئەمنی و حەوزەکانەوە پێناسە بکات، لەبری دەنگی دەنگدەران، ئەمەش بووە هۆی بەتاڵکردنەوەی دامەزراوە کۆمارییەکان لە ناوەڕۆکەکەیان و چەسپاندنی حوکمی کاهینیی ڕەها.

موجتەبا و ڕێگەیەکی داخراو:

سەرەڕای ئەوەی پاڵپشتی مەحموود ئەحمەدی نەژادی کرد لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2009ی ئێران، بەڵام تووشی کێشەی توند بوو لەگەڵیدا بەهۆی داواکاری یەکەمیان لە ڕێبەری باڵای ئەو کاتە بۆ دوورخستنەوەی وەزیری هەواڵگری حەیدەر مۆسڵەحی، ئەمەش دڵسۆزی ڕەهای بۆ خامنەیی چەسپاند، ئەحمەدی نەژاد یەکێکە لە قوتابییەکانی یەزدی، بەڵام بڕیاری یەکەمیان بۆ بایکۆتکردنی هەموو چالاکییە گشتییەکان بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ لە ساڵی 2011دا لە ناڕەزایەتیدا بەرامبەر ڕەتکردنەوەی دوورخستنەوەی مۆسڵەحی لە لایەن خامنەییەوە، کێشەی لەگەڵ میسباح یەزدی تەقاندەوە کە ئەو کاتە وتی متمانەی لە ئەحمەدی نەژاد کێشاوەتەوە و ڕایگەیاند: گوێڕایەڵی و خۆبەدەستەوەدان بۆ ڕێبەری باڵا واجبێکی ئاینییە و پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە.

سەرەڕای ئەوەی خامنەیی لە هێرشە ئەمریکی-ئیسرائیلییەکان بۆ سەر تاران کوژرا، بەڵام هەڵبژاردنی موجتەبا بۆ جێگرتنەوەی باوکی، جارێکی تر تیشکی خستەوە سەر میراتی یەزدی لە شەرعییەتدان بە وەلایەتی ڕەها بۆ وەلی فیقهـ لە ئێران، بەتایبەت کە خامنەیی کوڕ نەوەی قوتابخانە توندڕەوەکەی یەزدییە.

جەزایری ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەوەی ئەمڕۆ لە ژێر ناوی جێگرتنەوە (خەلافەت) دەخرێتە ڕوو، تەنها بەڵگەیەکە لەسەر گەیشتنی ڕژێمی ئێران بە ڕێگەیەکی داخراو. دانانی موجتەبا خامنەیی لە دەسەڵاتدا بە کردەیی واتای گۆڕینی سیستمی ویلایەتی فیقهـیە بۆ پاشایەتییەکی وەرەسەیی لە ژێر پەردەی ئاینییدا، ئەمەش نیشانەی سەقامگیری نییە، بەڵکو نیشانەیەکە بۆ داڕمانی ڕژێمەکە، بەتایبەت کە موجتەبا تەنانەت مەرجە یاساییەکانیشی تێدا نییە کە خودی سیستمەکە بۆ ئەم پۆستەی داناوەز

بە بڕوای ئەو، لەبەر ئەوەی موجتەبا سێ دەیە هاوبەشی باوکی بووە لە سەرکوتکردن و تاڵانکردندا، کۆمەڵگەی ئێرانی وەک هێمایەک بۆ هەمان مەکینەی گەندەڵی و ستەمکاری دەبینێت و دەڵێت: بۆیە وەرەسەکردنی دەسەڵات قەیرانەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو توندی تووڕەیی جەماوەری زیاد دەکات و ململانێی نێوان گەلی ئێران و بەرگرییەکەی لە لایەک، و دکتاتۆرییەتی حاکم لە لایەکی تر قووڵتر دەکاتەوە.

لە ئەنجامدا، میسباح یەزدی لە ماوەی ژیانیدا مۆدێلێکی حوکمڕانی ئۆسوڵگەرای بەرهەمهێنا کە لەسەر شەرعییەتی ئاینی داخراو و دەزگا ئەمنییەکان کە دەست بەسەر فەزای گشتیدا دەگرن و دامەزراوە فۆرمەڵییەکان کە دەبنە ڕوکاری ڕژێمەکە وەستاوە، کە ئێستا ئەو ڕژێمە ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز بووەتەوە لە ناو جەرگەی شەڕ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و لەدەستدانی سەرکردە باڵاکانی و هەروەها زیادبوونی بێزاریی جەماوەری.

Back to top button