
ئەم راپۆرتە شیکارییە قووڵ دەبێتەوە لە ڕەهەندە فکری و فقهییەکانی سیستەمی حوکمڕانی لە ئیسلامی شیعەدا، بە دیاریکراوی لە چەمکی ویلایەتی فەقیه وەک جێگرەوەی کاتیی ئیمامی دوانزەیەم محەمەد کوڕی حەسەن – مەهدی، لە سەردەمی غەیبەتدا.
ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر گەشەسەندنی مێژوویی ئەم تیۆرییە لای ئیمام خومەینی و میسباح یەزدی و گۆڕانی لە ئەرکێکی و حەسبی سنووردارەوە بۆ دەسەڵاتێکی ڕەها، هەروەها بەراوردکارییەکی زانستی لە نێوان ویلایەتی ڕەهای فەقیهـ، لە قوتابخانەی قوم و میتۆدی سەربەخۆیی و ڕێنوێنیکەری حەوزەی زانستیی نەجەف ئەنجام دەدرێت، تاوەکو سنووری جیاوازییەکانی نێوان مەرجەعییەتی تەقلیدی و سەرکردایەتیی سیاسیی ئایینی ڕوون بکرێتەوە.
ویلایەت، بە واتای سەرپەرشتی، دەسەڵات، یان مافی بەڕێوەبردن دێت
فەقیهـ، ئەو زانایەیە کە شارەزایەکی قووڵی لە ئەحکامە شەرعییەکاندا هەیە و توانای دەرهێنانی حوکمەکانی ئیجتیهاد لە سەرچاوەکانەوە قورئان و سوننەت هەیە.
شیعەکان بڕوایان وایە ئەو ئێستا لە غەیبەتدایە و زیندووە، بەڵام لەبەر چاو ونە، لەبەر ئەوەی ئیمامی مەعسوم کە بە خاوەنی ڕاستەقینەی دەسەڵات دادەنرێت غایبە، تیۆری ویلایەتی فەقیهـ هاتە کایەوە بۆ ئەوەی بڵێت، تا ئەو کاتەی ئیمامی مەهدی دەردەکەوێتەوە، نابێت کاروباری دین و دەوڵەت پەک بخرێت، بۆیە دەبێت فەقیهێکی دادپەروەر جێگەی بگرێتەوە، کاتێک باس لە ویلایەتی فەقیهـ دەکرێت، ئەمە ماناکەیەتی و خومەینی ئەم تیۆرەی دامەزراند.
گەشەسەندنی مێژوویی ئەم چەمکە بە دوو قۆناغی سەرەکیدا تێپەڕیوە، ویلایەتی سنووردار یان کۆن، فەقێیەکان لە کۆندا پێیان وابوو دەسەڵاتی فەقیهـ تەنها سنووردارە بە کاروباری حەسبی وەک سەرپەرشتیکردنی هەتیوان، ئەوقاف و یەکلاکردنەوەی کێشە سادەکان)بەبێ دەستوەردان لە سیاسەت و حوکمڕانی.
ویلایەتی گشتی یان تیۆریی خومەینی، ئیمام خومەینی لە ساڵی 1970 لە کتێبی حکومەتی ئیسلامیدا دیدگایەکی شۆڕشگێڕانەی خستە ڕووو ئەو پێی وابوو فەقیهـ هەمان دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیەو کە پێغەمبەر و ئیمامەکان هەیانبووە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت، چونکە شەریعەت نابێت لە سەردەمی غەیبەتدا پەک بخرێت.
1ـ ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تالیب، ناسراو بە ئەمیرولموئمینین
2ـ ئیمام حەسەنی کوڕی عەلی، ناسراو بە موجتەبا
3ـ ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی، ناسراو بە سەیدولشوهەدا
4ـ ئیمام عەلی کوڕی حوسێن، ناسراو بە زەینولعابیدین یان سەجاد
5ـ ئیمام محەمەد کوڕی عەلی ناسراو بە “باقر”.
6ـ ئیمام جەعفەر کوڕی محەمەد، ناسراو بە سادق
7ـ ئیمام موسا کوڕی جەعفەر، ناسراو بە کازم
8ـ ئیمام عەلی کوڕی موسا، ناسراو بە ڕەزا
9ـ ئیمام محەمەد کوڕی عەلیو ناسراو بە جەواد یان تەقی
10ـ ئیمام عەلی کوڕی محەمەد، ناسراو بە هادی یان نەقی
11ـ ئیمام حەسەنی کوڕی عەلی، ناسراو بە عەسکەری
12ـ ئیمام محەمەد کوڕی حەسەن، ناسراو بە مەهدی کە هێشتا غەیبە.
لە فکری شیعەی هاوچەرخدا دوو جۆری سەرەکی ویلایەتی فەقیهـ هەیە:
یەکەمیان ویلایەتی گشتی، دەسەڵاتی فەقیهـ لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت، سیاسەت و دادوەری، دووەمیان ویلایەتی ڕەها ئەوەی ئێستا لە ئێران پەیڕەو دەکرێت، واتە فەقیهـ مافی هەیە بڕیار بدات، کە لە سەرووی یاسا دانراوەکان و تەنانەت لە سەرووی هەندێک ئەحکامی شەرعیی فەرعیشەوە بێت، ئەگەر بەرژەوەندیی سیستەم پێویست بکات، وەک ڕاگرتنی کاتیی حەج یان هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی پەرلەمان.
مەرجەکانی وەلیی فەقیهـ بەپێی دەستووری ئێران ماددەکانی 5 و 109، دەبێت وەلیی فەقیهـ خاوەنی ئەم مەرجانە بێت، پلەی ئیجتیهادی لە ئاییندا هەبێت، دەستپاکیی ئەخلاقیی هەبێت، ئازایەتی و توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و تێگەیشتن لە ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکانی هەبێت.
دەسەڵاتە دەستوورییەکانوەلیی فەقیهـ (ڕێبەری باڵا)و خاوەنی دەسەڵاتێکی فراوانە، لەوانە: دیاریکردنی سیاسەتە گشتییەکانی دەوڵەت، فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان، ڕاگەیاندنی جەنگ و ئاشتی، دانانی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، نیوەی ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور و پەسەندکردنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یان لادانی و چەندین سەڵاتی تر.
حەوزەی زانستیی نەجەف و جیاوازییەکانی:
حەوزەی زانستیی نەجەفی ئەشرەف بە کۆنترین و ڕەسەنترین قوتابخانەی ئایینی و فیقهی لە جیهانی ئیسلامی شیعەدا دادەنرێت، فەزڵی دامەزراندنی حەوزە دەگەڕێتەوە بۆ شێخ تووسی لە ساڵی 448ـی کۆچی (1056ـی زاینی) کە دوای ئاڵۆزییە مەزهەبییەکان لە بەغداوە چوو بۆ نەجەف، بەهۆی هەبوونی مەزارگەی ئیمام عەلی، بووەتە چەقی ڕاکێشانی زانایان و بۆ ماوەی زیاتر لە هەزار ساڵ پێشەنگی پاراستووە.
پێکهاتەی کارگێڕی و سەربەخۆیی حەوزەی نەجەف پشت بە حکومەت نابەستێت، بەڵکو پشت بە سیستمی مەرجەعییەتی ئایینی دەبەستێت، ئێستا ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵایە، سەربەخۆیی داراییەکەی لە خومس و زەکاتەوە دێت کە ڕاستەوخۆ دەدرێتە مەرجەع بۆ مووچەی قوتابیان و دروستکردنی قوتابخانە.
نەجەف بڕوای بە میتۆدی ویلایەتی سنووردار یان ویلایەتی ئوممەت لەسەر خۆی هەیە، ئەوان هەوڵی حوکمڕانی ڕاستەوخۆ نادەن، بەڵکو ڕۆڵی زمانەوانەی ئەمان و ڕێنوێنیکەر دەبینن، هانی گفتوگۆی ئازاد دەدات کە پێی دەوترێت موباحەسە.
پرۆسەی هەڵبژاردنی مەرجەع و جیاوازییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی مەرجەعی باڵا:
لە نەجەف پشت بە میکانیزمی دۆزینەوە (الاستكشاف) دەبەستێت، پێوەرەکانی شیاوبوون دەبێت کاندید خاوەنی ئەم مەرجانە بێت، ئەعلەمییەت (زاناترین بێت لە فقهدا)، دادپەروەری و تەقوا، ئەزموونێکی زۆر لە وانەگوتنەوەی بەحثی خارج.
شارەزایان ئەهلی خەبرە)چاودێری ئاستی زانستیی کاندیدەکان دەکەن، نیشانەکانی یەکلاکردنەوە بریتین لە، ئەنجامدانی نوێژی جەنازە لەسەر مەرجەعی کۆچکردوو، وەرگرتنی مافە شەرعییەکان و دابەشکردنی مووچە (الشهريات)، کۆدەنگیی بێدەنگی موجتەهیدەکان.

میسباح یەزدی و توندکردنەوەی تیۆرییەکە:
میسباح یەزدی یەکێک بوو لە دیارترین تیۆری داڕێژەرانی کۆماری ئیسلامی و نەیاری سەرسەختی هەڵبژاردن بوو، ئەو پێی وابوو، وەلیی فەقیهـ دەسەڵاتی خۆی لە حوکمێکی خودایی وەردەگرێت نەک لە سندوقەکانی دەنگدانەوە.
دەیگوت، لە ئیسلامدا کۆماریمان نییە، تەنها لەبەر بەرژەوەندی پەنا بۆ ئەو ناوە براوە و بە بڕوای ئەو، وەلی فەقیهـ سێبەری خودایە لەسەر زەوی و گەل شەرعییەتی نییە تا بیبەخشێتە حاکم.
جیاوازیی نێوان مەرجەعی تەقلید و وەلیی فەقیهـ:
مەرجەعی تەقلید، زانایەکە کە خەڵک لە کاروباری عیبادەت و مامەڵە کەسییەکاندا (نوێژ، ڕۆژوو) شوێنی دەکەون.
وەلیی فەقیهـ، فەرمانڕەوایەکی سیاسییە کە دەوڵەت بەڕێوە دەبات و بڕیارەکانی لە کاروباری گشتیدا بۆ هەمووان پابەندکەرە، تەنانەت بۆ ئەوانەشی کە شوێن مەرجەعەکانی تر دەکەون.
ویلایەتی فەقیهـ گۆڕینی فقهە لە زانستێکی عیبادەتییەوە بۆ سیستەمێکی حوکمڕانیی سیاسی، لە کاتێکدا نەجەف سوورە لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی و میتۆدی تەقلیدی بۆ ڕێگری لە دەستوەردانی سیاسی، تیۆریی ئیمام خومەینی و میسباح یەزدی جەخت لەسەر وەلی فەقیهـ دەکەنەوە وەک تەنها دەسەڵاتی ڕەها لە سەردەمی غەیبەتدا بۆ ڕێگری لە پشێوی و جێبەجێکردنی ئایین.





