بۆچی ئەوروپییەکان حەز دەکەن ترەمپ جەنگی ئێران بدرۆڕێنێت؟

 

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی شوباتی 2026دا جەنگی دژی ئێران ڕاگەیاند، هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپی تەنها بە سەرکۆنەکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەوەستان، بەڵکو ڕەتیانکردەوە ڕێگە بە واشنتۆن بدەن بنکە سەربازییەکانیان بەکاربهێنێت. وەک دەرکەوت هاوپەیمانە ئەورووپییەکان وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لە پشت ویلایەتە یەکگرتووەکان نەوەستان، بەڵکو هەڵوێستێکیان نیشاندا کە مەیلی بەرەو دوورکەوتنەوە و ڕەتکردنەوە هەبوو.

لەم چوارچێوەیەدا، ماڵپەڕی “ئۆبزێرڤەر”ی چینی دەربارەی هۆکارەکانی ئەم وەرچەرخانە و چۆنیەتی کاریگەرییەکەی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دیوی زەریای ئەتڵەسی و هۆکاری هیواخواستنی ئەورووپا بۆ ئەوەی ترەمپ لە جەنگەکەیدا لەگەڵ ئێران شکست بهێنێت، شیکردنەوەیەکی وردی کردووە.

سۆنگ لۆتشنگ، توێژەری سیاسی و ئەندامی پەیمانگای چین لە زانکۆی فودان بۆ ڕۆژنامە چینییەکە قسەیکردووە، پێی وایە چەند هۆکارێکی سەرەکی هەن بۆ ئەوەی ئەورووپا نەیەوێت چیتر لە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە ڕێ بکات. ئەو گوتی: یەکەم، پەیوەندییەکانی ئەورووپا و ئەمریکا لە ماوەی ساڵی یەکەمی دەسەڵاتی ترەمپدا زیانی زۆریان بەرکەوت، ئەمەش وای کردووە پاڵپشتیکردنی ئەمریکا وەک پێشتر قورس بێت.

هەروەها گوتی: دووەم، وڵاتانی ئەورووپا وای دەبینێت کە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێتەوە لەلایەن ڕووسیاوە، نایانەوێت ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرنجی خۆی پەرت بکات، چونکە سوودمەندی سەرەکی لە گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران، ڕووسیا خۆیەتی؛ کە وای کرد سەرنجی نێودەوڵەتی لەسەری نەمێنێت، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، پێگەی ئەوی بەهێز کرد، لە کاتێکدا ئەورووپای پشت بەستوو بە هاوردەکردن زیانی بەرکەوت.

تەنها لە ماوەی دە ڕۆژی یەکەمی هەڵگیرسانی جەنگەکەدا، نرخی گاز بە ڕێژەی 50% و نەوت بە ڕێژەی 27% بەرزبووەوە، ئەمەش نزیکەی 3 ملیار یۆرۆی تێچووی زیادەی بۆ هاوردەی وزەی ئەورووپا دروست کرد.

لە لایەکی ترەوە، لۆتشنگ ئاماژەی بەوەدا، گەشەی ئەورووپا بەندە بە سەقامگیریی سیستەمی نێودەوڵەتیی ئێستاوە، هەرچەندە ئەو وڵاتانە لایەنگری ئێران نین، بەڵام پاراستنی ئەم سیستەمە لە کارە هەرە پێشینەیانە، چونکە کیشوەرە پیرەکە دەترسێت ئەم جەنگە کار بکاتە سەر سەقامگیری و سەروەریی وڵاتانی ئەورووپا. ئاماژەی بەوەشدا، سیستەمی نێودەوڵەتیی ئێستا لە کاتی گەیشتنی ترەمپ بۆ دەسەڵات ڕووبەڕووی لەرزینێکی بەهێز بووەتەوە.

گوتیشی: لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگ دژی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بەبێ مۆڵەتی نێودەوڵەتی، وا دەردەکەوێت کە ئەمە شەرعیەتێکی ناڕاستەوخۆ دەدات بە ڕەفتارە هاوشێوەکان، وەک جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، تەنانەت دەرگا بۆ هەڕەشەی تری ئەگەری دەکاتەوە، وەک ئەوانەی پەیوەندییان بە دوورگەی گرینلاندەوە هەیە.

لە ڕووی دیمۆگرافییەوە، لۆتشنگ ئاماژەی بەوەدا کە ئەورووپا ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدایە، ئەمەش وای کردووە سەقامگیریی ناوچەکە هۆکارێکی کاریگەر بێت لەسەر سەقامگیریی ناوخۆی خۆی. چونکە هەر گرژییەکی سەربازیی نوێ ڕەنگە ببێتە هۆی شەپۆلی نوێی پەنابەران و فشار لەسەر توانای لەخۆگرتنیان دروست بکات، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی گرژیی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوخۆیی بەهۆی پەیوەندیی ئەو کۆچبەرانە بە نیشتمانی دایکیانەوە.

لەسەر ئەم بنەمایە، توێژەرە چینییەکە پێی وایە ململانێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران شۆکێکی تر و شڵەژانە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دیوی ئەتڵەسی. بە بڕوای ئەو، هەڵوێستی ئەورووپا تەنها بەوەوە ناوەستێت کە پاڵپشتی ئەمریکا ناکات، بەڵکو هەندێک لایەن هەن کە بە نهێنی هیوا بۆ شکستی ترەمپ دەخوازن.

لۆتشنگ هۆکاری ئەمەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئێران هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەورووپا، بەڵام ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپدا هەڕەشەی ڕاستەقینەیە. ئەو پێی وایە سەرەڕای نەیاریی ئەورووپا بۆ ئێران، بەڵام ڕەفتارەکانی ئەمریکا بە تێکدانی مەترسیداری سیستەمی نێودەوڵەتی دادەنرێت، ئەمەش کرۆکی ناکۆکی و ململانێکەیە.

تەنانەت لۆتشنگ وای مەزەندە کرد کە ئەورووپییەکان هیوای شکستی ترەمپ دەخوازن لەم جەنگەدا، هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە سەرکەوتنی تاران ڕەنگە ببێتە هۆی ڕاگرتنی سیاسەتەکانی ترەمپ، هەروەها کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمریکا (لە نۆڤەمبەری 2026) دەبێت. جەختیشی کردەوە کە ئەورووپا لە ترەمپ بێزار بووە و هیوای وایە هاوسەنگییەکی ناوخۆیی دەربکەوێت کە سنوورێک بۆ هەڵچوونەکانی دابنێت، تەنها ئومێدی ئێستاشیان هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسە.

ئەو توێژەرە گوتیشی: بەڵام ئەگەر ترەمپ سەرکەوتن لە جەنگەکەدا بەدەستبهێنێت و لە هەڵبژاردنی کۆنگرێسیشدا سەرکەوتوو بێت، کەس نازانێت لە سێ ساڵی داهاتوودا چی دەکات، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئەورووپا و جیهان، بەتایبەت ئەگەر جارێکی تر داوای گرینلاند بکات، کە ئەمەش کێشەی جیۆپۆلیتیکی ئاڵۆزتر دروست دەکات.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لە ڕاستیدا، سەرکەوتنی ئێران ڕەنگە بەشدار بێت لە پاڵ هەڵوێستەکانی تری وەک بەرەنگاربوونەوەی چین بۆ فشارە بازرگانییەکانی ئەمریکا و بەرگریی ئەورووپا لە گرینلاند، بۆ پاراستنی بڕێک لە هاوسەنگی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا.

دابەشبوونی ئەورووپا

ماڵپەڕە چینییەکە باسی لە بابەتێک کردووە کە بە “دابەشبوون لە ناو خودی کیشوەری ئەورووپا” ناویبردووە و دەڵێت: چونکە حکومەتەکەی کییەر ستارمەر-ی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆتاییدا ڕادەستی فشارەکانی ترەمپ بووە، ئیسپانیا بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە ڕەتیکردەوە ڕێگە بە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بدات.

لۆتشنگ باسی لەوەکردووە، ئیسپانیا و بەریتانیا دوو لایەنی دژبەیەک لە ناو ئەورووپا نیشاندەدەن، ئەو گوتیشی:لە کاتی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، مەدرید هەڵوێستێکی نەیارانەی ڕوونی وەرگرت، نەک تەنها دژی فشارەکانی بۆ زیادکردنی خەرجییە بەرگرییەکان، بەڵکو دژی سیاسەتە گومرگییەکانیشی، ئەمەش جیاوازە لە ڕێبازی وڵاتانی تری ئەورووپا کە هێورکردنەوە یان دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆیان هەڵبژارد، ئەمەش بۆ هەڵوێستی بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر ئێرانیش هەر وایە.

بە وتەی ئەو، هۆکارەکانی هەڵوێستی ئیسپانیا بۆ چەند فاکتەرێک دەگەڕێتەوە، یەکەم: پێدرۆ سانشێز-ی سەرۆک وەزیران سەر بە ڕەوتی چەپە و جەخت لەسەر ڕەتکردنەوەی جەنگە نایاساییەکان و بەرگری لە سیستەمی نێودەوڵەتی دەکاتەوە. دووەم: ئەزموونی جەنگی عێراق لە ساڵی 2003 هێشتا لە یادەوەری ئیسپانییەکاندا ماوە؛ کە پاڵپشتیکردنی جەنگەکە هیچ دەستکەوتێکی ئەمنی نەبوو، بەڵکو بووە هۆی هێرشی تیرۆریستی لە ناو وڵاتدا.

لەسەر ئاستی جەماوەریش، ئاماژەی بەوەدا کە ڕای گشتی ئیسپانیا بە توندی دژی ترەمپە، چونکە ڕێژەی هەڵوێستی نەرێنی بەرامبەری دەگاتە 77% ئەمەش وا دەکات وەرگرتنی هەڵوێستی دژی ئەو لە ناوخۆدا سوودی سیاسی هەبێت. لە ڕووی ئابووریشەوە، گوتی ئیسپانیا بە ڕێژەیەکی زۆر پشتی بە ئەمریکا نەبەستووە، چونکە ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لە 4.4% تێپەڕ ناکات.

بەڵام سەبارەت بە بەریتانیا، توێژەرەکە گوتی “پەیوەندی تایبەت” لەگەڵ ئەمریکا بارێکی قورسە بۆ بەریتانیا، سەرەڕای بوونی حکومەتێکی چەپ، بەریتانیا لە ڕووی سەربازی و ئەمنی و ئابووری و تەنانەت پێگەی نێودەوڵەتیشەوە پشتی بە واشنتۆن بەستووە، ئەمەش وای لە حکومەتەکەی ستارمەر کردووە، سەرەتا دوودڵییەکی هەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا لە پاڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوەستێت.

ماڵپەڕەکە وای مەزەندە کردووە، ئەم جیاوازییە قەیرانێکی قووڵتر لە ناو یەکێتی ئەورووپا دروست بکات، ئەوروپا لە لایەک لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا کۆک نییە، بەڵام لە لایەکی ترەوە توانای دژایەتیکردنی یەکلاکەرەوەی نییە، لێرەدا قورسیی بەدیهێنانی “سەربەخۆیی ستراتیژی” دەردەکەوێ». وەک مارک ڕوتە-ی سکرتێری گشتی ناتۆ گوتی: ئەگەر کەسێک پێی وابێت ئەورووپا دەتوانێت بەبێ ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرگری لە خۆی بکات، ئەوا لە وەهمدایە.

توێژەرە چینییەکە باسی لەوەکرد: ئەگەر ئاسایش لە ناوخۆوە دەستەبەر نەبێت، ئەی سەربەخۆیی ستراتیژی ئەورووپا لە کوێیە؟ ئەو ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات و باڵتیک و باکوور، بەهۆی نزیکییان لە ڕووسیا، پشتیان بە چەتری ئەمنی ئەمریکا بەستووە، بۆیە دژی هەر سیاسەتێکن کە زیان بە پەیوەندییان لەگەڵ واشنتۆن بگەیەنێت.

سەبارەت بە فەڕەنسا، ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەدا کە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران هۆشداری دابووە ئیمانوێل ماکرۆن کە هەر پاڵپشتییەک بۆ واشنتۆن و تەلئەبیب بە بەشداری ڕاستەوخۆ لە جەنگ دادەنرێت. لە کاتێکدا ماکرۆن هەوڵ دەدات ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت، لە لایەکی تریشەوە هێزی دەریایی ناردووەتە نزیک قوبرس و نیگەرانی خۆی دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەربڕیوە.

لۆتشنگ گوتی: فەڕەنسا وەک هێزێکی میحوەری لە یەکێتی ئەورووپا دەیەوێت ئامادەیی خۆی لەم قەیرانەدا بسەلمێنێت. بە وتەی ئەو، ئەمە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ماکرۆن لەگەڵ سەرۆکی ئێران دەرکەوت. هەروەها ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ دەریای ناوەڕاست نیشانەی ئامادەیی سەربازی فەڕەنسایە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە دەیەوێت لە جەنگەکەدا لە پاڵ ئەمریکا بەشدار بێت.

ئەم ڕێبازە ڕەنگدانەوەی نەریتێکی فەڕەنسییە لە جەختکردنەوە لە پێگەی نێودەوڵەتی خۆی، بەجۆرێک کە کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەهێڵێتەوە. بە شێوەیەکی گشتی، لۆتشنگ گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە یەکێتی ئەورووپا تا ڕادەیەکی زۆر هەژموونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەستداوە، بەڵام فەڕەنسا هێشتا پێگەی ماوە بەهۆی هەبوونی بنکەی سەربازی و بەردەوامی لە ناردنی چەک بۆ وڵاتانی ناوچەکە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو پێی وایە هاوسەنگی هێزی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل دەتوانن فەڕەنسا و یەکێتی ئەورووپا پشتگوێ بخەن و بەردەوام بن لە دەستوەردانی سەربازی یەکلایەنە بەبێ گوێدان بە هەڵوێستەکانی ئەوان. لەم چوارچێوەیەدا، توێژەرەکە دەڵێت جوڵەکانی پاریس زیاتر بۆ پاراستنی ئامادەیی سیاسی و دیپلۆماسییە نەک کاریگەرییەکی ڕاستەقینە لەسەر ڕێڕەوی ململانێکان. لۆتشنگ لەکۆتایدا دەڵێت: لە بەرامبەردا، ئێران وەک کەناڵێکی دیپلۆماسی سەیری فەڕەنسا دەکات بۆ ئەوەی لە گۆشەگیری ڕزگاری بێت، لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵ دەدات ڕێگری بکات لەوەی پاریس بە ئاشکرا بچێتە بەرەی نەیارەکانەوە.

Back to top button