
عێراق زیاد لە قەبارەی خۆی پەلکێشی ناو جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کراوە، بە جۆرێک هەردوولا لەسەر خاکی ئەو وڵاتە هێرش دەکەنە سەر یەکتر. هاووڵاتییانی مەدەنی بوونەتە قوربانی، بەتایبەت کە مووشەک و درۆنەکان لە نزیک باڵەخانە نیشتەجێبوونەکان لە شارەکانی وەک بەغدا و هەولێر دەکەونە خوارەوە.
ئەم جەنگە ناسکیی ئابووری و کۆمەڵگەی عێراقیشی دەرخستووە، زۆربەی عێراقییەکان بە سەرچاوە داراییە سنووردارەکان و کەمترین پاشەکەوتەوە ڕووبەڕووی ئەم ململانێ نوێیە بوونەتەوە، لەگەڵ متمانەیەکی کەم بە دەوڵەت بۆ پاراستنیان لە لێکەوتەکانی جەنگ.
بۆ زۆرێک لە خێزانەکان، جەنگەکە بووەتە هۆی دڵەڕاوکێ سەبارەت بەوەی ئایا بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی مووچەکانیان، یان دەتوانن دەستیان بە خۆراک و دەرمان بگات. هەروەها نیگەرانی هەیە سەبارەت بە بەردەوامیی کارەبا لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما پێش هاتنی هاوین.
بۆ وڵاتێک کە زیاتر لە 90%ی بازرگانییەکەی لە ڕێگەی دەریاوە دەگوێزێتەوە، پەککەوتنی درێژخایەن لە کەنداو مەترسی ئەوەی هەیە زیان بە ئابووری عێراق بگەیەنێت و لە هەناردەکردنی نەوتی گرنگ بێبەشی بکات، کە سەرچاوەی دارایی زۆربەی بودجەی دەوڵەتە.
عێراق لەکاتێکدا ڕووبەڕووی جەنگ دەبێتەوە کە خاوەن پێکهاتە و حوکمڕانییەکی لاوازترە و توانایەکی کەمتری هەیە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە لێکەوتەکان بەراورد بە دراوسێکانی.
بودجەی دەوڵەتی عێراق تۆڕی سەرەکیی سەلامەتییە بۆ زۆربەی دانیشتوانەکەی. مووچەی ملیۆنان عێراقی دابین دەکات و زۆرێک لە خێزانەکان هێشتا بۆ بژێوی ڕۆژانەیان پشت بە خەرجییەکانی دەوڵەت دەبەستن، چ لە ڕێگەی مووچە، خانەنشینی یان هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێت.
ئابووری عێراق هێشتا بە شێوەیەکی زۆر پشت بە نەوت دەبەستێت، کاتێک هەناردەی نەوت پەکیدەکەوێت، خەرجییەکانی دەوڵەت راستەوخۆ دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو دۆخەوە. ئەمەش لە بەرامبەردا کار دەکاتە سەر بودجەی خێزانەکان لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی تێچووی کرێ، خۆراک، گواستنەوە، دەرمان و پەروەردە.
جەنگی ئێران ئەم دۆخە خراپەی عێراقییەکانی بە تەواوی نیشانداوە، ئەوەش لە ڕێگەی زیان گەیاندنی ڕاستەوخۆ بە توانای هەناردەکردنی عێراق. بەغدا باری نائاسایی لە کێڵگە نەوتییەکان کە لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن ڕاگەیاندووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هورمز بووە هۆی ڕاگرتنی زۆربەی هەناردەی نەوتی خاو.
عێراق هێشتا نزیکەی 97 ملیار دۆلار یەدەگی هەیە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو پارەیە بەردەست نییە (کاش نییە)، یەدەگەکان تەنها دەتوانن بۆ ماوەیەکی کورت هاوکار بن. ئابووریناسان مەزەندەی ئەوە دەکەن کە عێراق نزیکەی دوو مانگی لەبەردەمدایە پێش ئەوەی کاریگەری ڕاستەوخۆ بکەوێتە سەر مووچە، دوای ئەوە حکومەت دەبێت پەنا بۆ چارەسەری کاتی ببات بۆ بەردەوامیی پێدانی مووچە.
لە سەرانسەری عێراقدا، نرخی خۆراکە سەرەکییەکان بە ڕێژەی 15% بۆ 25% بەرزبووەتەوە. لە هەرێمی کوردستانیش بەرپرسان ڕایدەگەیەنن کە نرخی ئەو سەوزەواتانەی بەزۆری لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن دوو هێندە زیادی کردووە، لەکاتێکدا نرخی سووتەمەنی لە هەندێک شاردا بە ڕێژەی زیاتر لە 20% بەرزبووەتەوە.
هاوکات، بەهای دینار لە بازاڕی ڕەشدا بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە، لە نرخی فەرمی 1300 دینارەوە بۆ نزیکەی 1550 دینار، ئەمەش فشاری زیاتری خستووەتە سەر توانای کڕینی خێزانەکان.
کورتهێنانی کارەبا لە ڕێگەیە
پێدەچێت کارەبا جدیترین ڕەنگدانەوە بێت کە جەنگەکە لە ناو ماڵی عێراقییەکاندا هەستی پێبکرێت
سەرەڕای ئەوەی عێراق خاوەنی یەدەگێکی زۆری گازی سروشتییە، بەڵام زۆربەی ئەم گازە دەسووتێنێت چونکە ژێرخانی پێویستی نییە بۆ بەکارهێنانی وەک سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. لە ساڵی 2017وە عێراق لەبری ئەوە پشتی بە گازی سروشتی هاوردەکراوی ئێران بەستووە. زیاتر لە 30%ی بەرهەمهێنانی کارەبای ئێستای عێراق پشت بەو هاوردەکردنە دەبەستێت، ئەمەش وای کردووە وڵاتەکە بەرامبەر ئاڵۆزییە ناوچەییەکان بێبەرگری بێت.
هێرشەکەی ئیسرائیل لە 18ی ئادار بۆ سەر کێڵگەی گازی “فارسی باشوور”ی ئێران، بەشێکی زۆری هاوردەی گازی عێراقی پەکخست. ئێستا دابینکردنی گاز بۆ عێراق دەستی پێکردووەتەوە، بەڵام تەنها بەشێکی کەم.
سیستەمی کارەبا لەگەڵ نیزیکبوونەوەی وەرزی هاویندا بە ناسکی دەمێنێتەوە، چونکە بەهۆی گەرماوە خواست بە توندی زیاد دەکات. لەکاتێکدا توانای بەرهەمهێنانی گشتی تەنها نزیکەی 24-28 گیگاواتە و خواستی پێشبینیکراو بۆ ساڵی 2026 دەگاتە 57 گیگاوات، هەر پەککەوتنێکی دیکە دەتوانێت بە خێرایی کورتهێنانەکان قووڵتر بکاتەوە.
ئەو بێبەرگرییە پێشتر لە 4ی ئازاردا دەرکەوت، کاتێک عێراق تووشی بڕانی سەرتاسەری کارەبا بوو دوای دابەزینی لەناکاوی دابینکردنی گاز بۆ وێستگەی گازی “ڕومەیلە” لە بەسرە.
عێراق پێشتر هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەی بۆ گازی هاوردەکراوی ئێران داوە، لەوانە هاوردەکردنی گاز لە قەتەر و عومان و هەوڵدان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆیی، بەڵام ئەمانە جێگرەوەی خێرا نین. لە عێراقدا، کورتهێنانی کارەبا لە مێژوودا بووەتە هۆی دروستبوونی خۆپیشاندان، چونکە زۆرێک لە هاووڵاتییان پێیان وایە ساڵانێکی زۆر لە داهاتی بەرزی نەوت دەبوو ببێتە هۆی باشترکردنی ژێرخانی کارەبای وڵات. ململانێی ئێستا دەریدەخات کە چەندە کەم کار کراوە بۆ ئەوەی سیستەمەکە جێگیرتر بێت.
فشارەکانی جەنگ مەترسی هەڵگیرساندنی کۆمەڵێک ناڕەزایەتی پێشوەختە و سیاسییان هەیە.
لە عێراقدا، شەرعییەتی دەوڵەت بەهۆی ساڵانێک لە گەندەڵی، سیاسەتی کورتخایەن و دابین نەکردنی خزمەتگوزارییەکان لاواز بووە. لەگەڵ زیادبوونی کاریگەرییە ئابوورییەکانی جەنگ، تێگەیشتنی گشتی بۆ ئەوەی کە ناتوانرێت لە کاتی قەیراندا پشت بە حکومەت ببەسترێت، بەقەد کاریگەرییە ماددییە ڕاستەوخۆکان گرنگە.
هەندێک لە عێراقییەکان تووڕەیی خۆیان بەرامبەر ئێران و هاوپەیمانەکانی لە عێراق دەربڕیوە بەهۆی ئەوەی وڵاتەکەیان خستووەتە ناو ململانێیەکەوە کە توانای تێچووەکەیان نییە. هەندێکی دیکە بەم دواییانە بۆ پشتیوانی لە ئێران خۆپیشاندانیان کرد و هەوڵیان دا هەڵکوتنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
بۆ زۆرێک لە عێراقییەکان، ئەم هەڵوێستانە دژیەک نین. تووڕەیی لە هەژموونی تاران دەتوانێت هاوتەریب بێت لەگەڵ ڕەتکردنەوەی کردەوە سەربازییەکانی ئەمریکا. بە هەمان شێوە، ڕەخنەگرتن لە گروپە چەکدارە عێراقییەکان دەکرێت هاوشانی بێزاری بێت لە ڕۆڵی ئیسرائیل و ئەمریکا لە فراوانکردنی جەنگەکەدا.
ئەمانە وەک هەڵوێستی دژبەیەک نابینرێن، بەڵکو وەک کاردانەوەی کەڵەکەبووە بۆ ململانێیەک کە تێیدا ئەکتەرە دەرەکییەکان، گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان و دەوڵەتێکی لاواز هەموویان هاوکار بوون لەوەی وڵاتەکە ڕووبەڕووی توندوتیژییەک بکەنەوە کە ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات.
بۆ عێراق، بەپەلەترین تاقیکردنەوە ئێستا ئەوەیە کە دەوڵەت چۆن وەڵامی ئەو فشارانە دەداتەوە کە جەنگەکە دەیخاتە سەر کۆمەڵگە.
حکومەت ناتوانێت هەموو کاریگەرییەکانی جەنگی ناوچەکە کەم بکاتەوە، بەڵام دەتوانێت کاریگەرییەکان لەسەر خێزانە عێراقییەکان کەم بکاتەوە.
ئەمە پێویستی بەوەیە حکومەت چارەسەری داهێنەرانەی کورتخایەن بدۆزێتەوە بۆ پاراستنی مووچەکانیان. ئەمە دەکرێت ستراتیژییەکانی سەردەمی کۆرۆنا بگرێتەوە، کاتێک بەغدا لە ڕێگەی پشت بەستن بە پسوڵەکانی گەنجینە و قەرزی ناوخۆییەوە مووچە و خانەنشینی کردە ئەولەویەت، و بانکی ناوەندی و سیستەمی بانکی بەکارهێنا بۆ هێشتنەوەی نەختینە و بەردەوامیی پارەدانەکان.
لە درێژخایەندا، پێویستە عێراق داهاتەکانی هەمەجۆر بکات و لە وابەستەیی زۆری سەر نەوت دوور بکەوێتەوە. هەروەها پێویستە خۆی لە پەککەوتنی گەرووی هورمز بپارێزێت، ئەویش لە ڕێگەی دابینکردنی ڕێگەی جێگرەوە بۆ هاوردەکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان، بۆ نموونە لە ڕێگەی ئوردن، تورکیا و سووریاوە.
عێراقییەکان لە ئێستاوە لە ناو لێکەوتەکانی ئەم جەنگەدا دەژین. ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە کە ئایا دەوڵەت دەتوانێت خەڵکی ئاسایی بپارێزێت لەوەی جارێکی دیکە ناچار بن باجی قەیرانەکان بدەن یان نا.





