
مانگی داهاتوو بۆ خەڵک و حکومەتی عێراق یەکلاکەرەوەیە، ئەو مانگە توانای حکومەت بۆ دابینکردنی مووچە دەردەخات، هاوکات پشوو دەرێژی فەرمانبەرانیش نیشاندەدات، شارەزایەکی ئابووریش دەڵێت، دۆخێکی خراپ بەڕێوەیە.
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری، وێنەیەکی تاریک بۆ داهاتووی ئابووری عێراق دەکێشێت، ئەویش بەهۆی داخرانی ڕێگاکانی هەناردەکردن و پەرەسەندنی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان. ناوبراو هۆشداری دا لە “بوومەلەرزەیەکی دارایی” کە لە مانگی ئایاری داهاتوودا لە عێراق دەدات، ئەو شارەزا ئابوورییە جەختی کردەوە کە داهاتەکان تەنها سێیەکی مووچە دابین دەکەن. هەروەها بە توندی ڕەخنەی لە کەمتەرخەمیی دیپلۆماسیی عێراق و کۆنبوونی کەشتیگەلی نەوتهەڵگرەکان گرت، ئەو هۆشداری دا لە بێتوانایی حکومەت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان و خزمەتگوزارییەکان بەبێ پەنابردنی دەستبەجێ بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی گەورە.
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووریی ئەمرۆ شەممە ڕایگەیاند: داهاتی نەوت لە مانگی ئاداری ڕابردوودا بە ڕێژەی 72٪ دابەزیوە بەراورد بە مانگی شوبات، ئەمەش بەپێی ئەو زانیارییانەی کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڵاوی کردوونەتەوە. ڕوونیشی کردەوە کە “عێراق لە مانگی ئاداردا داهاتەکەی نزیکەی یەک تریلیۆن و 900 ملیۆن دۆلار بووە، کە ژمارەیەکی تا ڕادەیەک بەرزە و هۆکارەکەشی بۆ بەردەوامیی هەناردەکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەگەڕێتەوە تاوەکو 8ی ئادار.
ئاماژەی بەوەش کرد کە “هەناردەی نەوت دوای ئەو بەروارە لە ڕێگەی گەرووەکەوە وەستاوە، عێراق لە ئێستادا پشت بە هەناردەیەکی سنووردار دەبەستێت کە لە نێوان 200 بۆ 250 هەزار بەرمیلدایە لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە کە بە بەندەری جەیهانەوە بەستراوەتەوە، لەگەڵ ئەگەری زیادبوونی بڕەکە بۆ 350 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ئەگەر هێڵی کەرکوک – جەیهان بەتەواوی بخرێتە گەڕ.
مەرسوومی پرسیارێکی وروژاند سەبارەت بە هۆکارەکانی ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی نەوتی عێراق کە لەلایەن کەشتیی وڵاتانی دۆستەوە دەگوازرێتەوە بە ناو گەرووی هورمزدا و گوتی: ئایا ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی دیپلۆماسیی عێراق، یان ئەوەتا لەگەڵ ستراتیژییەتی ئێراندا یەک دەگرێتەوە کە ئامانجی بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە؟.
ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، وەک سعوودیە، هەناردەی نەوتیان نزیک دەبێتەوە لە 5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی بەندەری یەنبوعەوە، ئەمەش نیشاندەری بوونی کەلێنێکی گەورەیە لە تواناکانی هەناردەکردن و ژێرخان لە نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێدا.
مەرسوومی باسی لەوەشکرد، عێراق نەوتی ڕەش لە ڕێگەی تەنکەرەوە بۆ سووریا هەناردە دەکات، پێشبینی دەکرێت بڕەکەی بگاتە نزیکەی 160 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە ڕەنگە داهاتێکی نزیکەی نیو ملیار دۆلاری دابین بکات، بەڵام جەختی کردەوە کە “ئەم داهاتە بەس نییە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە داراییە مانگانەکان”.
“گواستنەوەی نەوتی ڕەش لە ڕێگەی بانیاسەوە سوودبەخشترە وەک لە گواستنەوەی لەڕێگەی جەیهانەوە، چونکە دووریی نێوان بەسرە و جەیهان 1710 کیلۆمەترە، کە درێژترە لە دووریی نێوان بەسرە و بانیاس کە 1485 کیلۆمەترە، هەر بۆیە کرێی گواستنەوە لە ڕێگەی تورکیاوە زیاترە لە کرێی گواستنەوە لە ڕێگەی سووریاوە. جگە لەوەی ئەو بارانەی لە ڕێگەی سووریاوە دەفرۆشرێن 160 دۆلار داشکاندنیان بۆ دەکرێت لە هەر تۆنێکدا بەراورد بە نرخی جیهانی، لەکاتێکدا لە هێڵی تورکیادا دەگاتە 250 دۆلار بۆ هەر تۆنێک” ئەوەش بە گوتەی مەرسومی.
نەبیل مەرسومی ڕوونی کردەوە کە “عێراق مانگانە پێویستی بە لانی کەم 6 ملیار دۆلار هەیە بۆ دابینکردنی مووچە و تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی، مانگی نیسان ڕەنگە سەقامگیرییەکی ڕێژەیی بەخۆیەوە ببینێت بەهۆی گەیشتنی داهاتی فرۆشی مانگی شوبات، بەڵام قەیرانەکە بە ڕوونی لە مانگی ئایاردا دەردەکەوێت”.
ئەو شارەزا ئابوورییە جەختی کردەوە کە “ئەو پارانەی پێشبینی دەکرێت لە مانگی ئایاردا بێنە ناو خەزێنەی دەوڵەت، تەنها سێیەکی مووچەکان دەبێت، ئەمەش حکومەت ناچار دەکات پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی یان دەرەکی ببات بە بڕی نزیکەی 5 تریلیۆن دینار تەنها بۆ پڕکردنەوەی مووچە، جگە لە پێویستی بە قەرزێکی دیکە بۆ دابینکردنی خەرجییە کارگێڕییەکان، لەوانە چاودێریی کۆمەڵایەتی، چاککردنەوە، کارەبا، گاز و دەرمان”.
عێراق پێویستی بە زیاتر لە نۆ تریلیۆن دینار هەیە مانگانە (کە دەکاتە شەش ملیار دۆلار) بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی و سەبەتەی خۆراک، ئەمەش بە پشت بەستن بە داهاتی نەوت کە زیاتر لە 80٪ دابەزیوە دوای پەککەوتنی گواستنەوەی وزە لە گەرووی هورمز.
مەرسوومی پێی وایە “قەیرانی ئێستا وا دەخوازێت پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتێکی خاوەن دەسەڵاتی تەواو و ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2026، تاوەکو چوارچێوەیەکی یاسایی هەبێت بۆ قەرزکردنی ناوخۆیی و دەرەکی، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی و گرتنەبەری ڕێکاری دیکە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی گەلی عێراق، بەتایبەت مووچە و خزمەتگوزارییە گرنگەکانی وەک ئاو و کارەبا”.
ئەو شارەزا ئابوورییە ئاشکرای کرد کە “کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی عێراق کە ساڵی 1972 دامەزراوە، لە ئێستادا تەنها 6 کەشتیی نەوتهەڵگری هەیە کە تایبەتن بە گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان، بە توانای 117 هەزار تۆن، چوار دانە لەو کەشتییانە تەمەنی کارکردنیان لە 15 ساڵ تێپەڕیوە. ئەمەش نیشاندەری کۆنبوونی کەشتیگەلەکەیە”.
ئاماژەی بەوەش کرد کە “کۆمپانیاکە لە ئێستادا هیچ کەشتییەکی تایبەت بە گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراقی نییە، لەکاتێکدا لە ساڵی 1983دا 25 کەشتیی هەبووە بە توانای 1.485 ملیۆن تۆن. لە بەرامبەردا، سعوودیە 40 کەشتیی زەبەلاحی نەوتی خاوی هەیە بە توانای 12 ملیۆن تۆن، کوەیتیش 32 کەشتیی نەوتی خاو و گاز و بەرهەمە نەوتییەکانی هەیە بە توانای 4.640 ملیۆن تۆن”.
مەرسوومی هۆشداری دا کە بازاڕی نەوتی جیهانی لە ئێستادا تووشی حاڵەتێک بووە کە پێی دەوترێت (Backwardation)، واتە نرخی فرۆشتنی دەستبەجێ بەرزترە لە نرخی گرێبەستەکانی داهاتوو. ئاماژەی بەوەش کرد کە “نەوتی برێنت لە بازاڕی ئازاد یان دەستبەجێدا گەیشتووەتە 141 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لەکاتێکدا لە گرێبەستە داهاتووەکان بۆ مانگی حوزەیرانی داهاتوو 109 دۆلارە”، ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ “پەرەسەندنی گەورەی جەنگی ئێستا و ئەگەری بەردەوامبوونی داخرانی گەرووی هورمز بۆ ماوەیەکی درێژ، جگە لە پێشبینی کەمبوونەوەی کۆگاکانی نەوت”.
ناوچەکە لەکاتی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی 2026، پەرەسەندنی بێوێنەی سەربازی و ئەمنی بەخۆیەوە دەبینێت، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی وزە و هاتوچۆی دەریایی جیهانی هەبووە. ئێستا کە قەیرانەکە چووەتە ڕۆژی 36ەمی (تاوەکو 4ی نیسانی 2026)، ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەکان بەرزبووەتەوە هاوکات لەگەڵ داخران یان سنووردارکردنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزدا.





