
بۆ گرافیک
لە کاتێکدا جیهان لە سەدەی ڕابردوودا لەسەر نەوت و وزە دەجەنگا، ئێستا مرۆڤایەتی پێدەنێتە نێو سەردەمێکەوە کە تێیدا ئاو تەنها سەرچاوەی ژیان نییە، بەڵکو گەورەترین چەکی جیۆپۆلەتیکی و بنەمای مانەوەی دەوڵەتانە، هۆشدارییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە گۆڕانی ململانێکان لە نەوتەوە بۆ ئاو، هاوتەریبە لەگەڵ ترسناکترین ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی ساڵی 2026، ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە، قەیرانی ئاو لە چوار ڕەهەندی جیاوازەوە (ئەمنی، ئابووری، مرۆیی و ژینگەیی) بەپشت بەستن بە داتا باوەڕپێکراوەکانی جیهان دەخاتە ڕوو.
ڕەهەندی جیۆپۆلەتیک و ئاسایش: ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان (WWDR 2026):
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە ئاو خەریکە لە سەرچاوەی ژیانەوە دەگۆڕێت بۆ چەکی جەنگ، بەپێی ئامارە نوێیەکان، ئێستا 2.2 ملیار کەس لە جیهاندا دەستیان بە ئاوی پاک ناگات و 3.5 ملیار کەس بێبەشن لە خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکان.
زیاتر لە 150 وڵات خاوەنی سەرچاوەی ئاوی هاوبەشن، ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە بێ بڕیاری سیاسیی ئازایانە و ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی، ڕووبارە هاوبەشەکان دەبنە هۆکاری سەرەکیی جەنگی ئاو.
کەمیی ئاو وەک مۆتەکەی کۆچ وەسف کراوە، کە دەبێتە هۆی کۆچکردنی ملیۆنان کەس لە گوندەکانەوە بۆ شارە گەورەکان وەک ئەوەی لە عێراق و سوریا دەبینرێت، ئەمەش پەستان دەخاتە سەر سەقامگیریی سیاسیی دەوڵەتان.
ڕەهەندی ئابووری و دارایی: ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی (World Bank 2026):
بانکی نێودەوڵەتی چیتر وەک کێشەیەکی ژینگەیی سەیری ئاو ناکات، بەڵکو وەک بزوێنەری سەرەکیی ئابووری دەیناسێنێت و ڕاپۆرتەکەی بانکی نێودەڵەتی دەڵێت: ئەگەر شێوازی بەڕێوەبردنی ئاو نەگۆڕدرێت، گەشەی ئابووری هەندێک وڵات بە ڕێژەی 6% بۆ 14% دادەبەزێت.
ئاو تەنها بۆ خواردنەوە نییە، بەڵکو بنەمای ئاسایشی خۆراکە، ڕاپۆرتەکە دەڵێت “هەر تێکچوونێک لە ئاودێریدا، ڕاستەوخۆ نرخی خۆراک لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرز دەکاتەوە”.
بانکەکە هانی کەرتی تایبەت دەدات بێنە ناو پڕۆژەکانی ریسایکلین و شیرینکردنی ئاو، چونکە حکومەتەکان بە تەنها ناتوانن تێچووی پڕۆژە زەبەلاحەکان دابین بکەن.
ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافی: ڕاپۆرتی (UNFPA 2026):
پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠، نیوەی دانیشتووانی جیهان لەو ناوچانەدا بژین کە ساڵانە لانیکەم بۆ ماوەی مانگێک تووشی کەمیی توندی ئاو دەبن.
سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان، تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندە مرۆییەکانی تینوێتی لە جیهانێکدا کە دانیشتووانەکەی هەشت ملیاری تێپەڕاندووە.
ژنان و کچان قوربانی یەکەمی ئەم قەیرانەن، لە ناوچە وشکەکاندا کاتەکانیان بۆ هێنانی ئاو بەفیڕۆ دەچێت و ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختە وەک ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی خەرجیی خێزان بەرز دەبێتەوە.
نەبوونی ئاوی پاک لە کاتی منداڵبووندا مەترسیی گیانلەدەستدانی دایکان زیاد دەکات، تا ساڵی 2050 پێشبینی دەکرێت 216 ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا کۆچ بکەن بەهۆی وشکبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە.
ڕەهەندی زانستی و نەخشەی مەترسی: ڕاپۆرتی (WRI 2026):
پەیمانگای سەرچاوە جیهانییەکان لە ڕێگەی پلاتفۆرمی Aqueductـەوە، وێنەیەکی وردی مەترسییەکان دەخاتە ڕووو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک گەرمترین پۆینتی مەترسی دیاری کراوە، کە تێیدا 83%ـی دانیشتووان لەژێر سترێسی زۆر بەرزی ئاودان.
25 وڵاتی جیهان گەیشتوونەتە ئاستێک کە ساڵانە 80%ـی سەرچاوە ئاوییە نوێبووەکانیان بەکاردەهێنن، ئەمەش واتە هیچ پاشەکەوتێکیان بۆ کاتی کارەسات نەماوە.
ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی وەک خواردنی سەرمایەیە نەک قازانج و لە زۆر شوێن چاکبوونەوەی مەحاڵە.
دەرئەنجام و تێڕوانینی سیاسی:
کۆکەرەوەی ئەم داتا جیهانییانە و وتارەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا یەک ڕاستی دەسەلمێنن، ئاو چیتر پرسێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو چەقی هێزە، وەک ئەردۆغان ئاماژەی پێدا، کێبڕکێی دەسەڵات لە سەدەی 21دا لەسەر ئەو وڵاتانە یەکلا دەبێتەوە کە دەتوانن سەرچاوەکانی ئاو بەڕێوە ببەن.
بۆ ناوچەی ئێمە، ئەمە بەو مانایەیە کە ململانێی نێوان وڵاتانی سەرچاوە وەک تورکیا و وڵاتانی قوربانی وەک عێراق و سوریا، قووڵتر دەبێتەوە، چارەسەر تەنها لە دیپلۆماسیی ئاو و گۆڕینی ئاو لە هۆکاری جەنگەوە بۆ پردی ئاشتی دەبێت، وەک چۆن پەیامی سەرەکیی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە، وڵاتانی سەرکەوتوو ئەوانەن کە ئاو دەخەنە چەقی پلانە ئابوورییەکانیان، نەک پەراوێز.





