بۆچی یەک سەرباز لە ئەمریکا بەهاکەی لە هەزاران سەرباز لە وڵاتانی عەرەبی زیاترە؟

 

تێچوونی سەدان ملیۆن دۆلار بۆ ڕزگارکردنی یەک فڕۆکەوان یان سەربازی ئەمریکی، هەر تەنها کارێکی مرۆیی نییە، بەڵکو ستراتیژێکی قووڵە بۆ پاراستنی هێزی دەروونی و نیشتمانی خەڵک و سەربازەکان لە ئەمریکا.

فەلسەفەی (هیچ کەس لە دواوە جێناهێڵین)

سوپای ئەمریکا لەسەر بنەمای بیری “هیچ کەس لە دواوە جێناهێڵین- Leave No Man Behind” کار دەکات. ئەمە سوێندێکی ئەخلاقییە لە نێوان دەوڵەت و سەربازدا. کاتێک سەربازێک دەزانێت کە دەوڵەتەکەی ئامادەیە هەموو سەروەت و سامانی وڵات بخاتە گەڕ بۆ ڕزگارکردنی، بە گشتی لە دوای ساڵی 2003وە ئەو بابەتە بووەتە سوێندێک، هەرکاتێک کەسێک لە ئەمریکا دەبێتە سەرباز، لە سوێندەکەی دا بڕگەیەک زیادکراوە کە دەڵێت: هیچ کەس لە دواوە جێناهێڵین.

ڕۆژی یەکشەممە ئەمریکا ڕزگارکردنی تیمێکی فڕۆکەوانیی وڵاتەکەی لە ئێران راگەیاند، کە بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی لەو وڵاتە گیریخواردبوو، میدیاکان باسیان لەوەکرد لەو ئۆپەراسیۆنی ڕزگاکردنەدا، ئەمریکا زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە، ئەگەرچی خەرجکردنی 200 ملیۆن دۆلار بۆ یەک کەس لە ڕووی ژمارەوە زۆر دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە بۆ حکومەتی ئەمریکا کڕینەوەی شکۆی نیشتمانییە.

لە ئەمریکا کەوتنی سەربازێک بە دیل دەبێتە فشارێکی گەورەی سەر شەقام و میدیا، حکومەت ناچارە بە هەر نرخێک بێت سەربازەکەی لە “وڵاتی دوژمن” ڕزگار بکات، بۆ ئەوەی شەرعیەتی خۆی لەدەست نەدات.

لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە زۆرجار سەرباز وەک “ژمارە” سەیر دەکرێت. لەبەر نەبوونی فشاری دیموکراسی و میدیای ئازاد، حکومەتەکان خۆیان بە بەرپرسیار نابینن کە بودجەی زەبەلاح یان کاتی سیاسی بۆ ڕزگارکردنی تاکەکان تەرخان بکەن.

ڕزگارکردنی سەربازێک لە پشت هێڵەکانی دوژمن پێویستی بە هەواڵگری و تەکنەلۆژیای زۆر پێشکەوتوو هەیە، کە زۆرێک لەو وڵاتە عەرەبیانە نایانەوێت تێچووەکەی لە ئەستۆ بگرن.

بەگشتی لە وڵاتانی عەرەبیدا تێڕوانینێک هەیە کە: سەرباز تەنها بۆ ئەوە دروستکراوە لە شەڕدا بکوژرێت، نەک پارێزگاری لێ بکرێت.

جیاوازیی تێڕوانینی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی لە پارەدا نییە، بەڵکو لە مرۆڤدۆستی سیاسی-دایە. ئەمریکا بەو 200 ملیۆن دۆلارە نەک هەر سەربازێک، بەڵکو متمانەی ملیۆنان هاوڵاتی خۆی دەکرێتەوە، لە کاتێکدا پشتگوێخستنی سەرباز لە وڵاتانی دیکەدا، درزێکی گەورە لە نێوان گەل و سوپادا دروست دەکات کە لە کاتی تەنگانەدا قەرەبوو ناکرێتەوە.

لە مێژووی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چەندین نموونە هەن کە تێیدا حکومەتەکان یان میلیشیاکان لەبەر پاراستنی بەرژەوەندی سیاسی یان نەبوونی توانا، سەربازەکانی خۆیان لە پشتەوە جێهێشتووە؛

شەڕی تشرینی 1973 (میسر و سوریا)

لە کاتی جەنگی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، هەزاران سەربازی میسری لە “سوپای سێیەم”دا لە ڕۆژهەڵاتی کەناڵی سوێس لە گەمارۆیەکی تونددا گیریانخواردبوو.

ئەنوەر سادات، سەرۆکی ئەوکاتی میسر، زیاتر جەختی لەسەر دانوستانە سیاسییەکان دەکردەوە و زۆرجار ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگیرێت کە ژیانی ئەو هەزاران سەربازەی کردووەتە کارتی فشار، نەک ئەوەی وەک کاری لەپێشینەی میسر هەوڵی ڕزگارکردنیان بدات. لە بەرەی سوریاشدا، زۆرێک لە دیلەکان بۆ ماوەیەکی درێژ لەبیرکران تا ئەو کاتەی ڕێککەوتنی سیاسی کرا.

جەنگی ناوخۆیی سوریا (سەربازگەی تەبقە 2014)

کاتێک داعش هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی تەبقە، سەدان سەربازی سوپای سوریا لەوێ مابوونەوە. فەرماندە باڵاکان بە فڕۆکەی تایبەت ناوچەکەیان جێهێشت و سەربازە ئاساییەکانیان لەوێ بە تەنها جێهێشت. ئەنجامەکەی کۆمەڵکوژییەکی گەورە بوو کە تێیدا داعش زیاتر لە 250 سەربازی سوپای سوریای بە دیل گرت و دواتر بە کۆمەڵ لە سێدارەی دان. حکومەت هیچ هەوڵێکی سەربازی یان دیپلۆماسی بۆ ڕزگارکردنی ئەو سەربازانە نەدا، کە ئەمە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە ناو لایەنگرانی ڕژێمەکەشدا هەبوو.

شەڕی یەمەن (سەربازە بەکرێگیراوەکان و سوپای سودان)

لە شەڕی یەمەندا، هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی سەربازانی وڵاتانی تری وەک سودانیان بەکارهێناوە. کاتێک ئەم سەربازانە دەکەونە بەر هێرش یان دیل دەکرێن، زۆرجار وەک “قوربانی” سەیر دەکرێن. هیچ ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت بۆ ڕزگارکردنیان ئەنجام نادرێت، چونکە تێچووی سیاسی و دارایی ڕزگارکردنەکە لە دیدی ئەو دەوڵەتانەوە لە بەهای سەربازەکە زیاترە.

جەنگی عێراق و ئێران (1980- 1988)

سەدام حسێن سوپایەکی ملیۆنی دروستکردبوو، بەڵام بۆچوونی ئەو بۆ سەرباز تەنها وەک کەرەستەیەک بۆ سەرکەوتن بوو. هەزاران سەربازی عێراقی بۆ چەندین ساڵ لە دیلێتیدا لە نێو ئێران مانەوە. حکومەتی عێراق ئامادە نەبوو بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان هەندێک سازشی سیاسی بکات. تەنانەت زۆرجار ئەو سەربازانەی کە لە دیلێتی دەگەڕانەوە، بە گومانەوە وەک ترسنۆک تەماشا دەکران، لە جیاتی ئەوەی وەک پاڵەوان پێشوازییان لێ بکرێت.

 

Back to top button