
دوای چەندین ساڵ لە قەیرانی وشکەساڵی کوشندە کە عێراقی گرفتار کردبوو، سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان بازدانێکی بێپێشینە بەخۆیانەوە دەبینن بە پڕبوونی 22 بەنداو لە کۆی 25 بەنداو، لەگەڵ گەڕانەوەی تەواوی توانای بیر و کانییە وشکبووەکان. شارەزایان و پەرلەمانتاران پێیان وایە ئەم دەوڵەمەندییە پێویستی بە دامەزراندنی بەپەلەی ئەنجومەنێکی باڵای ئاوی هاوبەش لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە؛ بۆ دەستەبەرکردنی بەڕێوەبردنێکی ستراتیژی کە ڕێگری لە زێدەڕۆیی بکات و گەیشتنی پشکی ئاو بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور مسۆگەر بکات، بە جۆرێک خزمەت بە پلانی کشتوکاڵی و ئاسایشی ئاوی نیشتمانی گشتگیر بکات.
22 بەنداو لە کۆی 25 پڕبوون
ئەو بەنداوانەی لە هەرێمدا هەن بەنداوە بچووکەکانن، تەنها بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان نەبێت، ئەم بەنداوانە ناخرێنە ناو چوارچێوەی کۆگای ستراتیژی درێژخایەنەوە. بەنداوی دەربەندیخان گەیشتووەتە قۆناغی پڕبوون بە بڕی سێ ملیار مەتر سێجا، تەنها بەنداوی دوکان ماوە کە پێویستی بە چەند مەترێکی کەم هەیە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناغی تەواوی توانای کۆگاکردن.
بەنداوەکانی دیکە توانای کۆگاکردنیان لە دەوروبەری 100 ملیۆن مەتر سێجایە و بۆ کشتوکاڵ لە ناو هەرێم و بۆ گەشتیاریش بەکاردێن، ئەمەش دوای بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە گۆم و کانییە نزیکەکان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆی گشتی ئاوی کۆگاکراو لە بەنداوەکانی هەرێمدا گەیشتووەتە نزیکەی حەوت ملیار مەتر سێجا، 22 بەنداو لە کۆی 25 بەنداو گەیشتوونەتە لوتکەی توانای کۆگاکردنیان، تەنها سێ بەنداو ماون کە هێشتا پڕ نەبوونەتەوە، ئەوانیش: دوکان، دەربەندیخان و گۆمەسپان-ە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردەوە، کە پلانی کۆگاکردنی ئاو و بەردانەوەی بەپێی بنەمای زانستی ورد بەڕێوەدەچێت و لەلایەن تیمی ئەندازیاری و تەکنیکی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، کە دۆخی ئێستا ڕەنگدانەوەی بەڕێوەبردنێکی کاریگەری سەرچاوە ئاوییەکانە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان، کشتوکاڵ و وزەی کارەبا.
بەنداوی دوکان لە ئێستادا چوار ملیار و 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، واتە 65%ی توانای کۆگاکردنی، لەگەڵ زیادبوونی ڕۆژانە بە بڕی 30 سانتیمەتر. سەبارەت بە بەنداوی دەربەندیخان، بڕی ئاوی کۆگاکراو تێیدا گەیشتووەتە دوو ملیار و 350 ملیۆن مەتر سێجا، کە یەکسانە بە 92%ی توانای خۆی، چاوەڕێدەکرێت ئەمساڵ سەرڕێژ ببێت، ئەگەر شەپۆلی بارانبارین بەردەوام بێت.
سەبارەت بە بەنداوی گۆمەسپان، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردەوە کە توانای گشتی 90 ملیۆن مەتر سێجایە و لە ئێستادا تەنها 24 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، واتە 25%ی توانای خۆی، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمساڵ بەنداوەکە سەرڕێژ نابێت.
هەرچەندە بەڕێوەبردنی بەنداوەکان ناوەندییە و حکومەتی فیدراڵ بەرپرسە لە بەڕێوەبردن، کارپێکردن و دابەشکردنی ئاو، ئەمەش بەنداوەکانی دوکان، دەربەندیخان و دهۆک دەگرێتەوە، بەڵام بەنداوەکانی دیکە بچووکن و ناچنە ناو سیاسەتی ستراتیژی وڵات و بەڕێوەبردنیان لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدایە.
دوای ساڵێک لە دڵەراوکێ بەهۆی مۆتەکەی وشکەساڵی، سەرچاوە ئاوییەکان لە هەرێمی کوردستان هەناسەیان بۆ گەڕایەوە بەهۆی شەپۆلەکانی باران و بەفری زۆر کە لەم دواییانەدا بارین، ئەمەش بووە هۆی ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی کەمئاوی و گەڕانەوەی هیوا بۆ وەرزێکی کشتوکاڵی سەرکەوتوو.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرکەوتنی پلانی ستراتیژی وەزارەتەکەی ڕاگەیاند، لە سوودوەرگرتن لە شەپۆلی بارانی ئێستا بۆ بەهێزکردنی کۆگای ئاوی هەرێم.
بێگەر تاڵەبانی گوتی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکان و کادرە تەکنیکی و ئەندازیارییەکان لە سەرەتای ئەم وەرزەوە بە هەوڵێکی زۆرەوە کاریان کردووە بۆ سوودوەرگرتن لە لافاو و داهاتە ئاوییەکان، لەگەڵ پابەندبوونی تەواو بە پێوەرەکانی سەلامەتی بیناسازی بەنداوەکان. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرێم توانیویەتی بڕێکی “ناوازە” لە ئاو کۆبکاتەوە کە یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت لە بەدیهێنانی ئاسایشی ئاو.
پڕبوونی بەنداوەکانی هەرێم سوودی بۆ هەموو شارەکانی عێراق دەبێت و تەنها بۆ شارەکانی هەرێم نابێت، و بەشدار دەبێت لە سەرکەوتنی پلانی کشتوکاڵی، بەنداوەکانی هەرێم پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور تێرئاو دەکەن، بەڵام دەبێت بەڕێوەبردنی ئاو بە شێوەیەکی ژیرانە بێت لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بۆ ڕێگری لە زێدەڕۆیی، پلانی کشتوکاڵی بەو شێوەیە دابڕێژرێت کە لەگەڵ بڕی ئاوی کۆگاکراو بگونجێت.
ئەو بەنداوانەی کە بە هاوکاری نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کاریان تێدا دەکرێت بریتین لە (مەنداوە، باکەرمان، دەلکە، تەق تەق)، لە کاتێکدا هەشت بەنداو کە لەلایەن هەولێرەوە بوودجەیان بۆ دابینکراوە لە ناوچە جیاجیاکان کراونەتەوە، ئەوانیش (جمڕکە، خەنس، دێوانە، تۆرەجار، شەوگێڕ، ئاقوبان، گۆمەسپان، بەستۆڕە).
ناوچە شاخاوییەکان و دۆڵەکان گۆڕانکارییەکی ڕیشەییان بەسەردا هاتووە، ئەو شوێنانەی ساڵی ڕابردوو تینووی ئاو بوون، ئەمڕۆ چەم و کانییەکانیان بە توندی هەڵدەقوڵێن. بارانی ئەمساڵ تەنها گەشبینی نەهێنا، بەڵکو بە کردەوە بووە هۆی پڕبوونی گۆم و بەنداوە بچووکەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە بەنداوە گەورەکاندا بە شێوەیەک بوو کە لە پێشبینییەکان زیاتر بوو، بەو پێیەی ڕێژەی بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکان گەیشتە دوو ئەوەندەی ساڵی ڕابردوو، بۆیە شارەزایان دەڵێن، ئەو زیادبوونەی لە ئاوی بەنداوەکانی هەرێمدا ڕوویدا چاوەڕواننەکراو بوو.
چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا تەواوی 25 بەنداوەکەی هەرێم بگەنە حاڵەتی پڕبوونی تەواو، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی چاوەڕوانی شەپۆلی گەورەی بارانبارین، هەروەها هەوڵەکانی تورکیا بۆ کردنەوەی ئاو بەڕوی عێراق، بەهۆی پڕبوونی زۆربەی بەنداوەکانی تورکیا و مەترسییەکانی لافاو لەوێ.
تەنها بەنداوەکان نین کە دەگەنە پڕبوونی تەواو، بەڵکو کانی و سەرچاوە ئاوییەکان و بیرەکانیش زۆربەیان گەیشتوونەتە پڕبوونی تەواوەتی، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو زۆربەیان وشک بوون، ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر کشتوکاڵ و گەشتیاریی و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان.
بەشێکی زۆری ئاوی بەنداوەکانی هەرێم ڕەوانە دەکرێن بۆ تێرئاوبوونی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور بۆ سەرکەوتنی پلانی کشتوکاڵی، لە کاتێکدا بەشێکی تری بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و تێرئاوبوونی کێڵگەکانی ناو کوردستان دەمێنێتەوە، بۆیە شارەزایان بۆچوونیان وایە کارتی ئاو دەکرێت کارتێکی بەهێزی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە دانوستانەکانی لەگەڵ بەغدا، بەڵام دیارنیە هاوشێوەی کارتی نەوت، ئاخۆ کارتی ئاو-یش دەسوتێت یاخود نا.
عێراق بۆ دابینکردنی 30%ی پێداویستییەکانی ئاوی سروشتی، پشت بەو ئاوانە دەبەستێت کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەڕۆن، بەڵام ئەو بەنداوە دەستکردانەی کە هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا دروستی کردوون بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی پشکی ئاو لە نەینەوا، سەڵاحەدین و بەغدا تا دەگاتە شارەکانی باشووری عێراق.





