عێراق، ئەو وڵاتەی دەبێت لەنێوان جەڵتەی دڵ و شێرپەنجەی قۆناغی چوارەم یەکێکیان هەڵبژێرێ

جەنگی ئێران چانسی محەمەد شیاع سودانی، بۆ وەرگرتنەوەی ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی لەدەستداوە، ئەوە بە گوێرەی پەیمانگەیەکی ئەمریکی، هاوکات پەیمانگەکە پێشبینی خۆی بۆ دۆخی عێراق دوای جەنگی ئێران نیشاندەدات.

بەگوێرەی پەیمانگەی (مەکۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)ی ئەمریکی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو وانەیەی فێربوو کە ساڵانێک بوو خۆی لێ دەدزییەوە، ئەویش ئەوەیە کە قەیرانی عێراق تەنها پەیوەندی بە کێشەی گروپە چەکدارەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو سیستمە سیاسییەشەوە هەیە کە واشنتۆنخۆی بەشداربووە لە پاراستن و هێشتنەوەیدا.

پەیمانگا ئەمریکییەکە لە ڕاپۆرتێکدا ڕوونی کردووەتەوە کە ئێستا واشنتۆن دژی ئەوەیە محەمەد شیاع سودانی بۆ ویلایەتی دووەمی پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید بێت، چونکە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەڵێت حکومەتەکەی سودانی شکستی هێناوە لە ڕێگریکردن لەو هێرشانەی کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە لە ناو خاکی عێراق یان لە خاکی عێراقەوە بۆ دەرەوە ئەنجام دەدرێن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم زمانە ڕاشکاوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە “لەوانەیە واشنتۆن دواجار ئەو وانەیە فێربووبێت کە ساڵانێک بوو خۆی لێ دەدزییەوە”، ئەوەش دوای ئەو زیانە مرۆیی و ماددییە بەردەوامانە و تێکچوونی ناوبانگی دامەزراوە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت: “دوو ڕێچکە سیاسەتی ئەمریکایان لە عێراقی دوای ساڵانی 2003 داڕشتووە؛ یەکەمیان پشت بەستن بوو بەو پارتە ئیسلامی و کوردییانەی کە پێش ڕووخانی سەدام حسێن خۆیان ڕێکخستبوو، لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەو بۆشاییەی دروست دەبێت، جێگرەوەیەکی سیاسی ئامادەکراوی دەبێت، ئەم هێزانە لۆژیکی هێز و بەرژەوەندیی حیزبییان پەیڕەو کرد لەبری ئاوەدانکردنەوە”، هەروەها دەڵێت “واشنتۆن سەیری ئەو ڕاستییەی نەکرد کە ئەم هێزانە گوزارشت لە بەرژەوەندیی تەسک و حیزبی دەکەن نەک گوزارشت لە بەرژەوەندیی عێراقییەکان”.

سەبارەت بە ڕێچکەی دووەم، ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە دەڵێت ئەوەیان لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2011 لە عێراق هات، کاتێک واشنتۆن لە قۆناغی بونیادنانی سیستمەوە چوو بۆ قۆناغی پاراستنی سیستمەکە، تەنانەت لە کاتێکدا کە هەژموونی ئێران لە ناو خودی سیستمە سیاسییەکەدا فراوان بوو، ئەوەش بۆشاییەکەی لەسەر حیسابی دەوڵەت و سەروەریی عێراق پڕکردەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019 و ئەو سەرکوتکارییانەی کە خۆپیشاندانەکە بەخۆیەوە بینیوە بەستووە، هەروەها دەرکەوتنی داعش لەو ڕاپۆرتەدا خاڵێکە کە جێگەی سەرنجە و دەڵێت سیاسەت و دڵسۆزیی حیزبە دەسەڵاتدارەکان دابەشبوونەکانی قووڵتر کردەوە و متمانەی عێراقییەکانی بە دەوڵەتەکەیان پاشەکشە پێ کرد، ئاماژەی بەوەش کردووە کە واشنتۆن تەنها بە لێدوان و فشارە زارەکییەکان وازی هێنا، سەرەڕای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و هاتنی مستەفا کازمی و دروستبوونی ماوەیەکی کورت لە ئارامی، بەڵام هیچ چاکسازییەکی ڕاستەقینە بەدی نەهات.

واشنتۆن بەردەوام بوو لە پاراستنی سیستمی سیاسی عێراق، گروپە چەکدارەکانیش درکیان بەوە کردبوو کە ڕەنگە واشنتۆن فەرماندەیەک لێرە و لەوێ بکوژێت، بەڵام مەترسی ناخاتە سەر ئەو سیستمەی کە میلیشیاکان دروستکەر و پارێزەرین.

ڕاپۆرتەکە پێیوایە ڕەنگە ئەم هاوکێشەیە ئێستا بگۆڕێت، ئەوەی لەوانەیە لە داهاتوودا لە عێراق ڕوو بدات، داننانە بەوەی کە دەبێت تەواوی ئەو سیستمەی سەرپەرشتی میلیشیاکان دەکات بگۆڕدرێت، بەتایبەت ئەگەر مارکۆ ڕوبیۆی وەزیری دەرەوە بگاتە ئەو ئەنجامەی کە بەردەوامبوونی ئەم سیستمە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا مەترسیدارترە لە تێچووی هەڵوەشاندنەوەی.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئەم وەرچەرخانە ڕاستەقینەیە پێویستی بە سەرلەنوێ بیرکردنەوە هەیە لە پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە دەوڵەتیان قۆرخ کردووە و بوونەتە چەتر بۆ لایەنە چەکدارەکان و عێراقیان بە شێوەیەکی قووڵتر بە ئێرانەوە بەستووەتەوە؛ هەروەها دەڵێت گرتنەبەری ڕێچکەیەکی نوێ، بە سەپاندنی جێگرەوەیەکی ئامادەکراو لە دەرەوە نابێت، بەڵکو بە لابردنی چەتری پاراستن دەبێت لەسەر ئەو هێزانەی دەوڵەتیان قۆرخ کردووە.

بەڵام ڕاپۆرتەکە هۆشداری داوە لەوەی کە “گەورەترین مەترسی” لەوەدایە هەندێک لایەن بە پاڵپشتی ئێران پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز بەرن بۆ پەلکێشکردنی عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆیی و دەڵێت “ئەمە وەک هەڵبژاردن لە نێوان جەڵتەی دڵ و شێرپەنجەی قۆناغی چوارەم وایە، بێ ئەوەی دان بەوەدا بنرێت کە باشترین بژاردە چارەسەری پێشوەختەیە”.

ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا دەڵێت: عێراق هەرگیز سەرکەوتوو نابێت و لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندا دەمێنێتەوە مادام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بێدەنگیی ڕێگە بە میلیشیا و مافیاکان دەدات ئەو بارودۆخە بخوڵقێنن کە توندوتیژی تێیدا کاریگەر بێت؛ هەروەها دەڵێت تەنانەت ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی وەهاش ڕوو بدات، پێناچێت زۆر بخایەنێت”.

Back to top button