برێت مەکگۆرک؛ جۆکەری چوار سەرۆکی ئەمریکا و ئەندازیاری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

لە 6ی تشرینی یەکەمی 2023، برێت مەکگۆرک لە ڕیاز خەریکی داڕشتنی کۆتا ڕەشنووسی ئەو پڕۆژەیە بوو کە بە تاجی شانازی کاروانی پیشەیی خۆی دەزانی، ئەویش ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسیی و مێژوویی بوو لە نێوان ئیسرائیل و سعودیە.

بەڵام ڕۆژی دواتر، بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی “تۆفانی ئەقسا”ی دەستپێکرد، کە ناوچەکەی بەرەو جەنگێک برد، تا ئەمڕۆش لە فراوانبووندایە.

ئەم پیاوە تەمەن 52 ساڵە، کە لە دەرەوەی بازنە سیاسییەکان کەسێکی تا ڕادەیەک “نادیار”ە، بۆ ماوەی دوو دەیە ڕۆڵێکی باڵا و بەردەوامی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا بینیوە، ئەمەش بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری “فۆرین پۆڵسی”. لە کاتێکدا جەمسەرگیرییە سیاسییەکان لە ئەمریکا توند بوون و ستافی ئیدارەکان گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا دەهات، ئەو توانی بەردەوام بێت لە ئەرکەکەی، نەک هەر ئەوە بەڵکو پلەشی بەرز ببێتەوە، هەم لە سەردەمی کۆمارییەکان و هەم دیموکراتەکانیشدا.

بەگوێرەی وەسفی گۆڤارەکە، ڕێککەوتن یان ناکۆکی لەگەڵ مەکگۆرک، لە جەوهەردا تاقیکردنەوەیەکە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی ئایا سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم سەدەیەدا سەرکەوتوو یان شکستخواردوو بووە.

پراگماتیکی بێ سنوور

مەکگۆرک کاروانی حکومیی خۆی وەک ڕاوێژکاری یاسایی تیمی ئەمریکی بۆ بونیادنانەوەی حکومەتی عێراق دوای ڕووخانی سەدام حسێن دەستپێکرد. بەڵام زوو بێ ئومێد بوو لە پڕۆژەی بونیادنانی دەوڵەت، کاتێک بینی عێراق کەوتە ناو گێژاوی تەقینەوە و شەڕی تائیفییەوە. لە ساڵی 2005 لە سەردەمی بوشدا گواسترایەوە بۆ کۆشکی سپی بۆ هاوکاری لە داڕشتنی ستراتیژی عێراق، ئەو یەکێک بوو لەو تیمەی سەرپەرشتی بڕیاری زیادکردنی هێزی سەربازییان کرد.

لە سەردەمی ئۆبامادا مەلەفی عێراق و ئێرانی لە وەزارەتی دەرەوە وەرگرت، پاشان بوو بە نێردەی تایبەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەم پۆستەی لە قۆناغی یەکەمی سەردەمی ترەمپیشدا پاراست، تاوەکو لە کانوونی یەکەمی 2018 وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا دەستی لەکارکێشایەوە.

دوای ماوەیەکی کەمی کارکردنی لە زانکۆی ستانفۆرد، لە ساڵی 2021 لەگەڵ بایدن گەڕایەوە کۆشکی سپی و وەک ڕێکخەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەستبەکاربوو، بەو مەبەستەی ئاراستەی سیاسەتی دەرەوە بگۆڕێت. ئەو لە “کۆربەندی مەنامە” لە تشرینی دووەمی 2021 گوتی: ئیدارەی بایدن واز لە ئامانجە گەورەکان دەهێنێت لە بەرژەوەندی ستراتیژییەکی سەنگین.

لە زنجیرە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “فۆرین پۆڵسی گوتی: “لەگەمژەییە باوەکانی سیاسەتی دەرەوە ئەوەیە ئامانجی کۆتایی ڕابگەیەنیت و پاشان بیر لەوە بکەیتەوە چۆن بەدەستی دەهێنیت. ئامانجە نزیکەکان، پێشکەوتنی هەنگاو بە هەنگاو، گونجاندنی وردی نێوان کۆتاییەکان و ئامرازەکان، بەپێی ئەزموونی من باشترین ڕێگەیە”.

بەڵام پراگماتیزمیەکەی مەکگۆرک هەمیشە بێ باج نەبووە. لە عێراقدا پشتگیری لە نوری مالیکی کرد، ئەو سیاسییە شیعەیەی لە دەرەوەی عێراق گەڕایەوە و پشتی بە ئەمریکا بەست بۆ ئەوەی لە ساڵی 2006 ببێتە سەرۆک وەزیران. تۆمەتی ئەوە درایە پاڵ مالیکی کە بووەتە هۆی توندکردنەوەی جیاوازییە تائیفییەکان و پشتگیریکردنی میلیشیا شیعەکان و پەراوێزخستنی سوننە و کورد. تا ئێستاش ڕەخنەگرانی مەکگۆرک پێیان وایە پشتگیرییەکانی ئەو بۆ مالیکی ژینگەیەکی ڕەخساند کە دواتر داعشی لێ بەرهەم هات.

جەیمس جێفری، ئەو دیپلۆماتکارەی لە چەندین مەلەفدا ناکۆک بووە لەگەڵ برێت مەکگۆرک دەڵێت: “ئەو یەکێکە لە کاریگەرترین بەرپرسە حکومییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا”. هەروەها دەڵێت: “برێت لە دەسەڵات تێدەگات، لە پیشەی دیپلۆماسی تێدەگات، دەزانێت چۆن پەیوەندی دروست بکات، چی سوودی هەیە و چی نیەتی، هەر لایەنێک پێویستی بە چییە. ئەوە ڕێگەیەکی بابەتیانەیە لە خزمەت سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا”.

دیپلۆماسی لەژێر فشاردا
بەگوێرەی “فۆرین پۆڵسی”، کارامەیی مەکگۆرک تەنها لە ژوورەکانی دانوستاندا دەرنەدەکەوت. لە کانوونی دووەمی 2016، سەرپەرشتی ڕێککەوتنێکی ئاڵۆزی کرد بۆ ئازادکردنی “جەیسۆن ڕەزائیان”، پەیامنێری ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە تاران، کە لە تەممووزی 2014ەوە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکرابوو.

کاتێک ئێران هەڕەشەی کرد کە ڕێگە بە هاوسەرەکەی ڕەزائیان نادات وڵات جێبهێڵێت، مەکگۆرک چووە ئەو هۆتێلەی دانوستانکارە ئێرانییەکانی لێ بوو لە جنێف و چووە ژوورەکەیان و ڕایگەیاند، تەواوی ڕێککەوتنەکە هەڵدەوەشێتەوە ئەگەر هاوسەرەکەی نەچێتە ناو فڕۆکەکە. ڕەزائیان دەڵێت: “زۆر کەس وا دەزانن مەکگۆرک کەسێکی سارد و بەرژەوەندیخوازە و هیچی بۆ گرنگ نییە، بەڵام ئەوەی من لەگەڵیدا ژیام وا نەبوو، بەتایبەت کاتێک پەیوەندی بە ژیانی ئەمریکییەکانەوە هەبێت. ئەگەر ئەو نەبوایە من لێرە نەدەبووم”.

مەکگۆرک دیارترین لایەنگری دروستکردنی هاوپەیمانێتی ئەمریکا بوو لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە سووریا بۆ شەڕی داعش، سەرەڕای فشارە گەورەکانی تورکیا کە وای لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرد لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ئۆباما داوا بکات مەکگۆرک لە ژوورەکە بکرێتە دەرەوە. بەڵام لە کۆتاییدا ئەو گرەوەکەی بردەوە. ژەنەڕاڵ جۆن ئالن، فەرماندەی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ستایشی مەکگۆرک دەکات بۆ ڕۆڵی ئەو لە قایلکردنی تورکەکان بۆ کارکردن لەگەڵ کوردانی عێراق لە ساڵی 2014 لە شەڕی کۆبانی.

حەوتی ئۆکتۆبەر
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە 2021، مەکگۆرک چووە ڕیاز بۆ گەیاندنی نامەیەکی توندی بایدن بە محەمەد بن سەلمان، کە تێیدا جەختی کردەوە واشنتۆن گرێبەستە گەورەکانی چەک ڕادەگرێت تاوەکو ڕیاز شەڕی دژ بە حوسییەکان لە یەمەن کەم نەکاتەوە. هەرچەندە ئەم فشارە سعودیەی ناچار کرد ئاگربەست قبوڵ بکات، بەڵام مەکگۆرک قایل نەبوو بەوەی هاوکاری سەربازی وەک چەک دژی هاوپەیمانەکان بەکاربهێنرێت. پاشان هەلێکی دەگمەنی بینی بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی مێژوویی لە نێوان ئیسرائیل و سعودیە.

فەلەستین خاڵێکی گرنگ بوو لە دیدگای مەکگۆرک. بەرپرسێکی پێشووی حکومەت کە کاری لەگەڵ کردووە دەڵێت: “کەس باکی بەو مەلەفە نەبوو، دەیانگوت ئەوە هەواڵی دوێنێیە، لانی کەم تاوەکو حەوتی ئۆکتۆبەر”. هەروەها دەڵێت: “مەکگۆرک سەرکردە و بەرپرسەکان دەناسێت، بەڵام گەلان لە دەرەوەی هۆتێلەکان و ناوەندەکانی حکومەت ناناسێت”.

کاتێک لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر ئاگادارکرایەوە، بە نامەیەکی پاڵپشتی توند وەڵامی دایەوە و گوتی: “ئێمە لەگەڵتانین”، پاشان کاری کرد بۆ خێراکردنی گەیاندنی چەک بۆ ئیسرائیل، لەوانەش موشەکی هێڵفایەر و بۆمبی 2000 پاوەندی کە لە هێرشەکاندا بەکارهێنران و بوونە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران هاووڵاتی فەلەستینی.

جێفری پێی وایە پشتگیریکردنی مەکگۆرک بۆ ئیسرائیل بڕیارێکی ڕاست بوو: “برێت بڕوای بە سیاسەتی واقیعی هەیە. ئەو دەیزانی نەتانیاهۆ یاریزانە هەرە قورسەکەیە و دەورێکی سەرەکی گێڕا لە بەهێزکردنی ئیسرائیل بۆ شکستپێهێنانی ئێران و ئیمپراتۆریەتە بە وەکالەتەکەی”.

ڕەخنەگرانی مەکگۆرک ڕایەکی تریان هەیە. بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدن دەڵێت: “زۆر تێبینیم لەسەر سیاسەتمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، زەحمەتە برێت وەک تاکە بزوێنەری پشت ئەو سیاسەتانە نەبینم”.

مەکگۆرک خۆی هەموو ئەو ڕەخنانە ڕەتدەکاتەوە و لە حوزەیرانی 2025دا گوتی: “لە ڕەخنەگرەکانمان دەپرسم: بەدیلتان چییە؟ چ بەدیلێکتان هەیە بۆ نەخشەڕێگەی ئاگربەست و ڕێککەوتنی بارمتەکان؟ ڕاستگۆ بم، هیچ بەدیلێکی باش نابینم. پێموایە دەبێت حوکم لەسەر ئەنجامە گشتییەکان بدرێت”.

Back to top button