لە رۆژئاوای کوردستان چی دەگوزەرێت؟ مەزڵوم عەبدی لە وتارێکدا هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە رادەگەیەنێت

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی قۆناغی گواستنەوە، رۆژئاوای کوردستان شاهیدی وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبن، ئامادەکارییەکان بۆ ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی فەرمیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەلایەن مەزڵوم عەبدییەوە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی، هاوکات لەگەڵ هەنگاوە کردەییەکانی حکومەت بۆ جێگیرکردنی دۆخی کارگێڕی و سەربازیی ناوچەکە لە چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا، بەڵام هێشتا چارەنوسی یەکینەکانی پاراستنی ژنان بە نادیاری ماوەتەوە.

سوریا لە چاوەڕوانی وتارە مێژووییەکەی مەزڵوم عەبدی دایە

بڕیارە بەپێی پلانە ڕاگەیەندراوەکان زۆربەی ئامانجەکانی تێکەڵوبوونی هێزەکانی سوریای دیمورکرات – هەسەدە، تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوو بەدەست بهێنرێت، مەگەر پەرەسەندنی لەناکاو ڕوو بدات، لەم چوارچێوەیەدا، چەند ڕۆژێکە حکومەتی سووریا بە کردەیی دەستی کردووە بە وەرگرتنی داواکارییەکانی پێدانی ڕەگەزنامە بۆ ئەو کوردانەی کە بێ ناسنامەن (مەکتومولقەید)، بە پشتبەستن بە مەرسوومی ژمارە 13ـی سەرۆکایەتی کۆمار، کە یەکێکە لە دیارترین دۆسیەکانی ناو ڕێککەوتنی تێکەڵکردنەکە.

هاوکات، ئامادەکارییەکان بۆ ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی هێزەکانی هەسەدە بە یەکجاری بەردەوامن، لە ناو تێڕوانینی ئەوەی کە ئەگەری هەیە بەمزووانە وتارێکی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکە دەربچێت و تێیدا ئەوە ڕابگەیەنێت.

ئاڵۆزترین ئەرک لەبەردەم مەزڵوم عەبدی و بێلایەنکردن و هەڵوەشاندنەوەی “جوانێن شۆڕشگێڕ”ە، کە یەکێکە لە توندترین پێکهاتە چەکدارییە نارەسمییەکان لە رۆژئاوای کوردستان، ئەم ڕێکخراوە لە ڕووی ئایدۆلۆژیاوە شوێنکەوتەی فیکری عەبدوڵڵا ئۆجەلانە و وەک باڵێکی گەنجان یان هێزێکی فشار دەبینرێت، هەرچەندە بە فەرمی بەشێک نین هەسەدە، بەڵام دەسەڵاتێکی فراوانیان هەیە و لەناو دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەریدا جێگەیان کراوەتەوە

کۆتایی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی

چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا ڕێکخستنەوەی دامەزراوەی سەربازی لە حەسەکە تەواو بکرێت، لە ڕێگەی پێکهێنانی سێ فەیلەقەکەی و بڵاوەپێکردنی سوپای سووریا لەسەر سنوور لەگەڵ تورکیا، لەگەڵ نەمانی دەرکەوتەی چەکداری لە شارەکان و ڕادەستکردنی چەکە قورسەکانی هەسەدە.

لە دیارترین ئەو دەستکەوتانەی تا ئێستا دەرکەوتوون، بەدەستهێنانی پۆستە لە ناو دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا، وەک دانانی سیپان حەمۆ بە یاریدەدەری وەزیری بەرگری، مەحموود خەلیل بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە و حەجی محەمەد نەبۆ ناسراو بە چیا کۆبانێ، بە جێگری فەرماندەی فیرقەی 60.

یەکێکی تر لە دەستکەوتەکان، کارکردن بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، لەگەڵ پاراستنی کادر و فەرمانبەرەکانی، لەم چوارچێوەیەدا، نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە ڕایگەیاند، کە ڕێککەوتنەکە باس لە جێگیرکردنی نێوان 40 بۆ 45 هەزار فەرمانبەر دەکات لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا، بەپێی پلەبەندی وەزیفی کە پشت بە بڕوانامە و ئەزموون دەبەستێت، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە زۆربەیان لەو شوێنانەدا دەمێننەوە کە پێشتر کاریان تێدا کردووە.

ئەگەری زۆر ئەوەیە کە شێوازی بەڕێوەبردن لە حەسەکە بەرەو پێدانی دەسەڵاتی کارگێڕی فراوان بە پارێزگاکە بڕوات، لەگەڵ تەرخانکردنی پشکێک لە داهاتەکانی بۆ پاڵپشتی گەشەپێدانی ناوخۆیی، لە بەرامبەردا، دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا دەمێننەوە و کاروباری ناوخۆیی لەلایەن ڕۆڵەکانی ناوچەکە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەڕێوە دەبرێت، لە چوارچێوەی سەرپەرشتی و سەروەری دەوڵەتدا.

یەپەژە، دۆسییە ئاڵۆزەکە

هێشتا چەندین دۆسیەی هەڵپەسێردراو ماون کە بڕیار لە داهاتوویان دەدرێت، لەوانە چارەنووسی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)، کە وەزارەتی بەرگری سووریا وەرگرتنیانی لە ڕیزەکانیدا ڕەتکردووەتەوە، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت بخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ.

یەپەژە، یەکێکەر لە هێزە تۆکمەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی سەرەکی هەسەدەیە و بە ڕێژەی 30%، ژمارەی شەڕڤانانی یەپەژە زیاتر لە 20 هەزار کەسە، ئەم هێزە بە یەکێک لەو پێکهاتانە دادەنرێت کە تورکیا بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆی دەزانێت، ئەمەش ئەگەری ئەوە زیاتر دەکات کە بەرەو دووبارە ڕێکخستنەوە و داماڵینی چەکەکەی بڕوات.

ئەم دۆسیانە لە میانی دوایین کۆبوونەوەدا، کە لە ١٥ی نیسانی ئەمساڵدا لە دیمەشق بەڕێوەچوو، تاوتوێ کران، کە ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا و مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەدی کۆکردەوە، بە ئامادەبوونی ئەسعەد حەسەن شەیبانی وەزیری دەرەوە و کۆچبەران و عەمید زیاد عایش، نێردەی سەرۆکایەتی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم لەگەڵ هەسەدە.

لە هەمان چوارچێوەدا، چاوەڕوان دەکرێت حەسەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا پەرەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، لەوانەش ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل، چونکە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان، ڕۆژی شەممە ١٨ی نیساى، گەیشتە پارێزگاکە بۆ دەستپێکردنی ڕێکارە کردەیی و ئامادەکارییە تایبەتەکان بە پرۆسەی هەڵبژاردن.

ئەحمەد شەرع دەیەوێت بە زوویی رێککەوتنەکان جێبەجێبکرێن

سەرەڕای ئەو گرژییە دووبارەبووانەی کە جاروبار لە نێوان هەندێک لە دانیشتووانە عەرەب و کوردەکان لە حەسەکە و کۆبانی سەرهەڵدەدەن، تێبینی دەکرێت حکومەتی سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرکردایەتی هەسەدە بە خێرایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، لە هەوڵێکی چڕ و جددیدا بۆ ڕێگریکردن لە هەر خلیسکانێک بەرەو توندوتیژی کە ببێتە هۆی تێکدانی ڕێڕەوی پرۆسەی تێکەڵبوونەکە.

ئەگەر ئەمە ئاماژە بێت بۆ شتێک، ئەوەیە کە ڕێککەوتنەکە بەرەو سەرکەوتن دەچێت سەرەڕای تەحەددییەکان، لەگەڵ هەبوونی سووربوونێکی ڕوون لەسەر جێبەجێکردنی، بەڵام ئەم ڕێڕەوە کاتی دەوێت، بەهۆی قەبارە و ئاڵۆزی پرۆسەی تێکەڵکردنی مەنزومە سەربازی و ئەمنی و دامەزراوەییە تەواوەکان، وەک هەسەدە، ئاسایش و ئیدارەی خۆسەر.

لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان رێککەوتنەکان بە دەرفەتێک دەبینن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سوریا لە سوریای نوێدا، بەڵام بۆچونێکیش هەیە کە پێیان وایە، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان کۆتایی بە خەونی کورد بۆ خۆبەڕێوەبەری دەهێنێت.

 

Back to top button