
شەوی 21 لەسەر 22ی تەممووزی ساڵی 2008 شەوێکی ئاسایی بوو تا ئەو کاتەی (بی ئێم دەبلیوە) رەشەکە گەیشتە گەڕەکی شۆڕیجە لە شاری کەرکوک و ڕێک لەبەردەم ماڵی سۆران مامە حەمە دا وەستا، چەکدارەکانی ناو ئۆتۆمبێلەکە چاوەڕێی گەڕانەوەی سۆران بوون، کاتێکیش ئەو گەیشتەوە بەردەم ماڵەوە، چەکدارەکان دابەزین و دەسڕێژیان لێکرد، سۆران ڕێک لەو شوێنەدا گیانی لەدەستدا. بەڵام دەنگی تەقەکان بانگی سەردەمێکی نوێ بوو، سەردەمێک کە لە کورتترین پێناسەدا ڕەنگە بریتی بێت لەوەی؛ بەرپرسان دەستیان دەگاتە رۆژنامەنووسانیش.
ئەمڕۆ کە 128 ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی-دا تێپەڕ دەبێت، رۆژنامەیەک کە دروشمەکەی بانگکردنی کوردان بوو بۆ فێربوون و ئاگایی، بەڵام زیاتر لە سەدەیەک لەو بانگەوازە، ئەمڕۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی بانگەوازی “ناوچەگەرێتی، پڕبینەریی لەسەر بنەمای شکاندنی شکۆی هاووڵاتی، داپۆشین و بەلاڕێدابردنی دۆسیەکانی کۆمەڵگە” کاردەکات. ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستان ژمارەی میدیاکان لەشەو و ڕۆژێکدا هەڵبەز و دابەز دەکەن، دەشێ ئەمڕۆ ژمارەی هەندێکیان کەم ببنەوە، بەڵام سبەی زیاتر لەوەی کەمبووەتەوە میدیای نوێ دروست دەکرێت.
تیرۆرکردنی سۆران مامە حەمە لە سەردەمێکدا بەشێک بوو لە ستراتیژی دەسەڵات بۆ رووبەڕوبونەوەی ئەو دەنگانەی راستیەکانیان دەگەیاند، لەو سەردەمە و ساڵانی دواتریش دەستگیرکردن یان لە خراپترین حاڵەتدا کوشتنی ڕۆژنامەنووس بووە شتێکی ئاسایی.
بەیانی ڕۆژی 4ی ئایاری 2010، و دوو ساڵ لەدوای تیرۆرکردنی سۆران مامە حەمە، لە بەردەم دەروازەی کۆلێژی ئاداب-ی زانکۆی سەڵاحەدین و لە ناو جەرگەی شاری هەولێر، بە ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لەبەردەم چاوی پاسەوان و خوێندکارەکاندا سەردەشت عوسمان ڕفێندرا.
دوای دوو ڕۆژ و لە 6ی ئایاردا، تەرمەکەی سەردەشت لە دەوروبەری شاری موسڵ دۆزرایەوە. ئەو بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە درابوو و دوو گوللە نرابوو بە دەم و سەریەوە، کە ئەمەش وەک پەیامێکی سیمبولی بینرا بۆ “بێدەنگکردنی ئەو دەنگە بوێرە”.
تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی یەکێکی ترە لەو برینە قووڵانەی سەر جەستەی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، شەوی 5ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2013 چەکدارێکی دەمامکدار دەچێتە بەردەم ماڵی کاوە و لە دەرگا دەدات. دایکی کاوە دەرگاکە دەکاتەوە، چەکدارەکە ڕاستەوخۆ دەچێتە ژوورەوە و لەبەردەم چاوی دایکیدا، دەستڕێژی گوللە لە کاوە دەکات. کاوە بە سەختی بریندار دەبێت و پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات.
بەیانی ڕۆژی 13ی ئابی 2016، کاتێک وەدات لەگەڵ برایەکی لە گەڕەکی “ماڵتێ”ی شاری دهۆک بوو، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە کە دوو ئۆتۆمبێلیان پێبووە، ڕێگەی لێگیرا و لەبەرچاوی خەڵک و براکەی ڕفێندرا. تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ڕفاندنەکەی، تەرمەکەی لەسەر ڕێگای نێوان (دهۆک – سێمێل) فڕێدرابوو.
کاتێک وەدات گەیەندرایە پزیشکی دادوەری، دەرکەوت کە بە فیشەک نەکوژراوە، بەڵکو لەژێر ئەشکەنجەیەکی زۆر دڕندانەدا گیانی لەدەستداوە. شوێنەواری توندوتیژیی زۆریش بە جەستەیەوە دیار بوو.
لە ساڵی 2016 بە دواوەوە بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کوشتنەوە چووە قۆناغێکی دیکەوە، لەوکاتەوە قۆناغی دەستگیرکردن دەستیپێکرد.
کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان 2020-2021
ئەمە گەورەترین کەیسی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بوو لە مێژووی هەرێمدا. ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە دهۆک و هەولێر دەستگیرکران، کە دیارترینیان ئەمانە بوون: شێروان شێروانی ( بە 6 ساڵ زیندانیکردن سزادرا. دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەی، جارێکی تر بە کەیسێکی نوێ سزادایەوە و تا ئێستاش لە زینداندایە)، گوهدار زێباری: پەیامنێر و ڕۆژنامەنووس (بە 6 ساڵ زیندانی سزادرا و دوای چەندین جار تێهەڵچوونەوە، دواجار لە ساڵی 2024 ئازاد کرا).
ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا، دوو ڕۆژنامەنووسی تری بادینان بوون کە لە هەمان کەیسدا سزای 6 ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا.
ئۆمێد بەرۆشکی، ڕۆژنامەنووسێکی دهۆک بوو کە چەندین جار دەستگیرکراوە و سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە بەهۆی ڕەخنەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لە کوشتن و دەستگیرکردنەوە بۆ کڕینی دەنگی ڕۆژنامەنووسان
دوای قۆناغی دەستگیرکردن و لەژێر فشاری کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان، دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەریەکە و لەزۆنی دەسەڵاتەکەی خۆیدا) ستراتیژێکی نوێی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد داڕشت، ئەویش بێدەنگکردنیانە لەڕێگەی “دروستکردنی دەزگای میدیاییەوە”.
ئەمە کاریگەرترین تەکنیکە، حزبەکان لەجیاتی ئەوەی تەنها میدیای ڕەسمی خۆیان هەبێت، چەندین ماڵپەڕ، کەناڵی ئاسمانیی و پەیجی سۆشیاڵ میدیا دادەمەزرێنن کە لە ڕواڵەتدا “سەربەخۆ” یان “ئەهلی” دەردەکەون، ئەم دەزگایانە مووچەیەکی خەیاڵی پێشکەشی ڕۆژنامەنووسە دیار و ڕەخنەگرەکان دەکەن.
کاتێک ڕۆژنامەنووسەکە دەچێتە ئەوێ، سەرەتا ڕێگەی پێدەدرێت ڕەخنەی بچووک بگرێت، بەڵام بەرەبەرە لە دۆسیە گەورەکان و ناوی بەرپرسە باڵاکان دوور دەخرێتەوە.
دەسەڵات دەزانێت کە ڕۆژنامەنووسان، میدیای سەربەخۆ و ئەهلی لە هەرێمی کوردستان لە قەیرانی داراییدایە، بۆیە ئەم دەرفەتەی قۆستوەتەوە بۆ دروستکردنی دەزگای میدیایی بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی هەمیشە لەدەرەوەی ئەو هێڵانەوە بوون کە دەسەڵاتداران دەیکێشن. ستراتیژەکە بەشێوەیەکە ڕۆژنامەنووسەکە هێندە سەرقاڵی کار و ئیمتیازات دەکرێت، کە ئیتر کات و وزەی بۆ کاری “بنکۆڵکاری” نامێنێتەوە.
دەسەڵات وایدەبینێ، ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک نەکڕدرا، لە ڕێگەی “سوپای ئەلیکترۆنی” کە هەر دەسەڵات خۆی دایمەزراندووە، ناوزڕاوی دەکەن و پەلاماری ژیانی تایبەتی دەدەن تا ناچاری بێدەنگی بکەن.
زۆرجار دەسەڵات پێویستی بەوە نییە دەزگاکە بکڕێت، بەڵکو کڕینی خاوەن ئیمتیازی دامەزراوە میدیاییەکە بەسە بۆئەوەی دەسەڵات ستراتیژەکەی جێبەجێ بکات، ئەوەش لە ڕێگەی پێدانی گرێبەستی بازرگانی یان پڕۆژەی وەبەرهێنان بە خاوەن دەزگاکە، دەزگاکە بە ناڕاستەوخۆ دەبێتە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات.
ئەم دیاردەیە وای کردووە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان سنوورێکی ڕوون نەبێت لە نێوان “میدیای حزبی” و “میدیای سەربەخۆ”دا، ئەوەی ئەمڕۆ خۆی وەك میدیایەکی سەربەخۆ بەیان دەکات، سبەی ڕەنگە لەسەر ئاوازەکەی دەسەڵات، سازی خۆی بژەنێت. ئەوەش وایکردووە ئێستا لە هەرێمی کوردستان دۆخێک دروست ببێت، هاوڵاتی هەر هەواڵێک دەبیستێت، پێش ئەوەی بڕوای پێ بکات، دەپرسێت: “ئەم دەزگایە سەر بە کێیە؟”.
ئەم متمانە نەبوونە وای کردووە تەنانەت ئەگەر زانیارییەکی ڕاست و گرنگیش بڵاو بکرێتەوە، خەڵک بە گومانەوە سەیری بکەن و وەک “پڕوپاگەندەی سیاسی” تەماشای بکەن.
بەگوێرەی ئامارێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی میدیاکان بەپێی ئامارە فەرمییەکان زۆرە و بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە، بە جۆرێک زیاتر لە هەزار و 600 میدیای مۆڵەتپێدراو (کەناڵی ئاسمانی، ڕادیۆ، ڕۆژنامە، گۆڤار و ماڵپەڕ) بوونیان هەیە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کورد مۆنیتەر ئەوە هەموو ژمارەکە نیە، بەڵکو لەدەرەوەی پرۆسەی خۆتۆمارکردن، دەیان میدیای دیکە هەن.
سەردەمێک دەسەڵات بە تیرۆرکردن سزای سۆران مامە حەمە و هاوڕێکانی دەدا، بەڵام ئەمڕۆ دەسەڵات دوو جار سزای ڕۆژنامەنووسان دەدات، جارێک بە دروستکردنی دەزگای میدیایی و دانانی چوارچێوەیەک بۆ کارکردنیان، جارێکیش بە وەرگرتنەوەی سەرچاوەی دارایی لەو میدیایانە.
بەشێک لەو میدیایانەی هێشتا لەژێر ناوی سەربەخۆیدا کاردەکەن ڕەنگە راستەوخۆ لە دەسەڵاتەوە سەرچاوەی دارایی وەرنەگرن، بەڵکو ناڕاستەوخۆ وەریدەگرن، ئەویش لە ڕێگەی وەرگرتنی ریکلامەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە بانگەشە بۆ کاندیدان و حزبە دەسەڵاتدارەکان دەکەن، هەندێک لەو میدیایانە بەشێک لە کارە بنکۆڵکارییەکانیان تایبەتە بە نادیاری و ناشەفافی سەرچاوەی دارایی حزبەکان، بەڵام هەر ئەو میدیایانە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەناوی “ڕیکلامکردن”ەوە لەو سەرچاوە ناشەفافە سودمەند دەبن.
ئەمڕۆ دەسەلات میدیا وەك چەکێکی کاریگەر بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری ئەو چیرۆکانە تەماشا دەکات کە خۆی دروستکەریانە، ڕۆڵگێڕانەکە بە ڕۆژنامەنووسان دەسپێرێت و هاووڵاتیانیش بینەرن. بەڵام بینەرێکی بێزار و ماندوو، ئەوان لەگەڵ ئەوەی باوەڕ بەو چیرۆکانە ناکەن، بەڵام جگە لە تەماشاکردنی ڕێگەیەکی دیکەیان نییە.





