
گەشتی دەرەوەی ئەمریکا ناکات، لەپاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتەدا ماوەتەوە و لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانەوە بڕیار لە دۆخی ئێران، ڤەنزوێلا، ئۆکرانیا و زۆر وڵاتی دیکە دەدەن، ئایا مارکۆ ڕۆبیۆ دەبێتە کاندیدی داهاتووی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا؟
بۆچی مارکۆ رۆبیۆ لە دانوستانەکانی ئێران بەشدار نییە؟
کاتێک باراک ئۆباما زیاتر لە دەیەیەک لەمەوبەر دەستی بە دانوستاندنی ئەتۆمی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کرد، دانوستاندنکاری سەرەکی بریتی بوو لە جۆن کێری، وەزیری دەرەوە. لە ماوەی 20 مانگ لە گفتوگۆکان، جۆن کێری لانیکەم لە 18 رۆژی جیاوازدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەوە، کە زۆرجار چەند جارێک بوو لە رۆژێکدا.
دیپلۆماسیی ئاستبەرزی تایبەت بە پرسی ئەتۆمی رۆڵێکی سرووشتی بوو بۆ دیپلۆماتە باڵاکەی ئەمریکا. وەزیرانی دەرەوە لە ئەمریکا بە شێوەیەکی نەریتی سەرکردایەتیی گەورەترین ئەرکە دیپلۆماسییەکانی وڵات دەکەن، لە پەیماننامەکانی کۆنترۆڵکردنی چەکەوە بیگرە تاوەکو رێککەوتنەکانی وەک ئیسرائیل و فەلەستین.
بەڵام لە کاتێکدا ترەمپ خۆی ئامادە دەکات بۆ ناردنی شاندێک بۆ دوایین گەڕی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان، مارکۆ روبیۆی وەزیری دەرەوە لەو شوێنە دەمێنێتەوە کە زۆرجار لێیەتی: واشنتن دی سی.
مارکۆ روبیۆ لە کۆبوونەوەی پێشووی شاندی ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئامادە نەبوو؛ هەروەها بەشداری لە چەندین کۆبوونەوەی دیکە نەکرد کە لە مانگەکانی رابردوو لە جنێڤ، مەسقەت و دەوحە بەڕێوەچوون. روبیۆ هەروەها لەگەڵ شاندەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات نەبوو کە کاریان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا و شەڕی ئیسرائیل لە غەززە کرد. سەرەڕای ماوەیەکی درێژ لە قەیران و شەڕ لە ناوچەکە، روبیۆ لە تشرینی یەکەمی رابردووەوە سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نەکردووە.
لە مانگەکانی ئەم دواییەدا، مارکۆ روبیۆ کە بە رۆڵی دووەمییەوە وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا سەرقاڵە زۆر گەشتی نەکردووە.
دەبێتە جێگرەوەی ترەمپ؟
بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی “پۆلیتیکۆ” لە زاری کەسانی نزیک لە دۆناڵد ترەمپەوە بڵاویکردووەتەوە، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ڕاوێژکاری ئێستای ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، بووەتە ڕکابەرێکی جددی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2028دا.
ئەم گۆڕانکارییە بە دانپێدانانێک دادەنرێت بۆ لێهاتوویی ئەم سیاسەتمەدارەی فلۆریدا لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە دەرەکییەکان و توانای ئەو لە دوورکەوتنەوە لەو مینە سیاسییانەی کە زۆر کەسی پێش خۆی لەناوبردووە.
پێشتر وا لە ڕۆبیۆ دەڕواندرا کە زۆر توندڕەوە، سەر بە دامەزراوەی دەسەڵاتدارە و باری قورسی ئاسەوارەکانی کەمپەینە سەرنەکەوتووەکەی سەرۆکایەتی ساڵی 2016ی بەسەرەوەیە؛ ئەمانەش وایانکردبوو لە ناو پارتی کۆماریی سەردەمی دوای ترەمپدا بە بێکاریگەر دەربکەوێت.
بەڵام هەوڵەکانی بۆ لابردنی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا و دڵسۆزییە نەگۆڕەکەی بۆ ترەمپ، پێگەی ئەویان لەناو کۆشکی سپی و لەناو هەندێک لە دەنگدەرانی بزووتنەوەی “با ئەمریکا مەزن بکەینەوە” بەهێزتر کرد.
لە کاتێکدا ڕۆبیۆ ڕایگەیاندبوو کە ڕکابەری جی دی ڤانسی جێگری سەرۆک ناکات بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام ئاماژەکان ئەوە نیشاندەدات، بە هێمنی کار بۆ خولی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا بکات.
بە وتەی ئەلێکس برۆسێویتز، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆبیۆ دوای کەمپەینەکەی 2016 ڕێگەی دروشمی “ماگا”ی گرتەبەر و بوو بە یەکێک لە بەهێزترین هاوپەیمان و لایەنگرانی ترەمپ، “ئەگەر شتێکی تری هەڵبژاردایە، ئەوا تووشی نیشانەکانی ڕق لێبوونەوە لە ترەمپ دەبوو و لەناو تاریکیی لەبیرچوونەوەدا ون دەبوو”.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی ڕۆبیۆ بە “دڵسۆز، زۆر زیرەک، قسەخۆش و خاوەن ئەزموونێکی زۆر” وەسف دەکات و دەڵێت ئەو “براوەیە”، بەڵام ترەمپ هێشتا پشتگیری خۆی بۆ جێگرەوەکەی ڕانەگەیاندووە و ڕەنگە ڕای ئەو یەکلاکەرەوە بێت.
ڕاپرسییەکی نافەرمی کە مانگی ڕابردوو لەلایەن لێژنەی کاری سیاسیی پارێزگارانەوە ئەنجامدرا، بەرزبوونەوەیەکی گەورەی لە جەماوەرییبوونی ڕۆبیۆ نیشاندا، کە گەیشتە 35% دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو تەنها 3% بوو.
لەلایەکی دیکەوە، جەماوەرییبوونی ڤانس لە 61%ەوە بۆ 53% دابەزیوە، هەرچەندە هێشتا بە جیاوازییەکی زۆر لە پێشەنگدایە. ڕاپرسییەکانی دیکەش هەمان دۆخ نیشان دەدەن؛ ڕاپرسییەکی ئەم دواییە جێگرەکەی ترەمپی بە ڕێژەی 63% لە پلەی یەکەمدا داناوە بەرامبەر بە 42% بۆ وەزیری دەرەوە، ئەمەش بەراورد بە ڕاپرسییەکی مانگی ئەیلوول کە 65% و 33% بوو بۆ هەردوکیان.
سەرکەوتنی ڕۆبیۆ هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵە سەرەکییەکەی لە سیاسەتی توندی ئیدارەی ئەمریکا بەرامبەر بە نیوەگۆی ڕۆژئاوای زەوی، ئەو بەشداریی کردووە لە لێدانەکان دژی بەلەمەکانی قاچاخچێتی ماددە بێهۆشکەرەکان و ئۆپەراسیۆنەکان لە ڤەنزوێلا و کوبا. هەروەها ئەو لە پێشەنگی داکۆکیکارانی سیاسەتە توندەکانی کۆچبەریدا بوو، “گرین کارت”ی لەو بیانیانە سەندەوە کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەبوو، هەزاران ڤیزای خوێندکارانی هەڵوەشاندەوە، سیاسەتی “یەک لێدان”ی جێبەجێ کرد کە ڕێگە دەدات ڤیزا لە هەر کەسێک بسەندرێتەوە کە یاسا پێشێل بکات یان پشتگیری تیرۆر بکات.





