قۆناغی داهاتووی شەڕی ئەمریکا و میلیشیاکان: یان خۆ هەڵوەشاندنەوە، یان کوشتن و دەستگیرکردن

 

لە کاتێکدا ئەمریکا فشار دەکات، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی بێدەنگە لە هەنگاونان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان لە عێراق، وادیارە دۆخەکەش لەوە ئاڵۆزتر دەبێت کە عێراق بیری لێکردووەتەوە.

سەرەڕای داواکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکا لە دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ سنووردارکردن و هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمە ناساندووە، چاودێران تێبینی نائامادەبوونی تەواوەتی ئەم دۆسیەیە دەکەن لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” کە ئەوان بەرپرسی راستەوخۆی ئەو دۆسیەیەن، ئەمەش مەترسی لەدەستدانی پشتگیریی ئەمریکا بۆ حکومەتی نوێی عێراق دروست دەکات. لە بەرامبەردا، شارەزایان پێنج هەنگاوی کرداریی دەخەنە ڕوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاڵۆزترین دۆسیەی ئەمنی و سیاسی لە عێراق دا.

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، پێدەچێت سووربوونی ئەمریکا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان لەم دواییانەدا زۆر ڕوون بووبێتەوە، ئەوەش لە ڕێگەی زنجیرەیەک ڕێکاری سزادانەوە؛ کە بە دانانی خەڵاتێکی 10 ملیۆن دۆلاری دەستی پێکرد بۆ هەر کەسێک زانیاری لەسەر “ئەبو حوسێن حەمیداوی” سەرۆکی کەتائیبی حیزبوڵڵا بدات، دواتر خستنە ناو لیستی سزا و تیرۆری حەوت گروپی چەکدار، پاشان دانانی خەڵاتێکی هاوشێوە بۆ زانیاری لەسەر “ئەبو ئالا وەلائی” سەرۆکی کەتائیبی سەیدولشوهەدا.

لەلایەکی دیکەوە، بە پێچەوانەی ئەو قسانەی سێ مانگ لەمەوبەر سەبارەت بە پێویستی داماڵینی چەکی گروپەکان و دووبارە ڕێکخستنەوەی “حەشدی شەعبی” دەکران، هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” بێدەنگییان هەڵبژاردووە، ئەمەش سەرەڕای بەشداریکردنی کردەیی گروپەکان لە شەڕ لەپاڵ ئێران و ئەنجامدانی سەدان هێرشی موشەکی لە ناوخۆی عێراق و دەرەوە بۆ سەر هەندێک لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی.

شەڕ هەوڵەکانی پەکخست

سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت ئەو شەڕەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیان پێکردووە ئەو هەوڵانەی پەکخست کە دەکرێت ناوی بنێین هەوڵەکانی تێکەڵکردنی گروپە چەکدارەکان.

ئەو سەرچاوەیە بۆ “شەرقولئەوسەت” دووپاتی دەکاتەوە کە “چوارچێوەی هەماهەنگی بە کردەیی دەستی بە گفتوگۆی سەرەتایی کردبوو دەربارەی میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی دۆسیەکە، بەڵام شەڕ هەموو شتێکی تێکدا، چونکە بیانوویەکی گونجاوی بۆ گروپەکان ڕەخساند تا ڕەتی بکەنەوە چەک دابنێن، بەو پێیەی شەڕەکە وەک هەڕەشەیەکی وجودیی بۆ خۆیان دەبینن”.

سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە “سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی درک بە قەبارەی ئەو مەترسییانە دەکەن کە داواکارییەکانی ئەمریکا دروستی دەکەن، بەڵام ناچارن پشتگوێی بخەن بەهۆی فشاری گروپەکان و لایەنی ئێرانی”، ئاماژەشی بەوە دا کە “هەندێک هێز و کەسایەتی کە خاوەنی گروپی چەکدارن، ئارەزوویەکی ڕاستەقینەیان هەیە بۆ تێکەڵکردنی چەکدارەکانیان لەگەڵ سوپا و دووبارە ڕێکخستنەوەی حەشدی شەعبی، بەڵام وا دەردەکەون کە دەستەوەستان بن لە گرتنەبەری هەر هەڵوێستێک بەهۆی خێرایی ڕووداوە ناوچەییەکان و پەککەوتنی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەت”.

هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی دارایی
دکتۆر باسل حوسێن، نووسەر و توێژەری سیاسی، پێی وایە هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان پەیوەستی بە هەڵوەشاندنەوەی “سیستەمی دارایی” گروپەکان هەیە. گوتیش: هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی “پێکهاتەیەکی یەکگرتوو نین، بەڵکو هاوپەیمانییەکی لەرزۆکن کە بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان و بۆچوونە جیاوازەکان تێیدا بەیەک دەگەن”.

ئاماژە بەوەش دەکات کە “گروپە چەکدارەکان تەنها باڵێکی جێبەجێکار نین لە دەستی حیزبەکاندا، بەڵکو لە زۆر کاتدا ئەو بڕبڕە پشتەن کە ئەم حزبانە لە ڕووی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لەسەری وەستاون؛ چونکە تۆڕەکانی بەڵێندەرایەتی، دەروازە سنوورییەکان، بەندەرەکان و گرێبەستەکان بە شێوەیەکی ئۆرگانی لەگەڵ ئەم گروپانە تێکهەڵکێش بوون کە ناتوانرێت لێک جیابکرێنەوە”.

هەروەها دەڵێت “هەر هەوڵێکی جدی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپەکان بە واتای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سیستەمی دارایی دێت، ئەمەش وەک خۆکوژییەکی سیاسی وایە بۆ هەر کەسێک دەستی بۆ ببات، هەر بۆیە هەوڵەکان هەمیشە بە ناتەواوی دەمێننەوە و خۆیان لە دەستکاریکردنی جەوهەری ئەو پێکهاتەیە دەپارێزن کە نفوزی میلیشیاکانی لەسەر بونیاد نراوە”.

جگە لەم هۆکارانە، حوسێن پێی وایە “هەڵوەشاندنەوەی گروپەکان بڕیارێکی تەواو عێراقی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دیدگای ئێرانەوە هەیە کە هەمیشە وەک پایەیەکی ستراتیژیی بەرگری پێشوەختەی تاران سەیری ئەم گروپانەی کردووە، بۆیە ئێران دەستبەرداری ئەم کارتە نابێت مەگەر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی گشتگیردا کە ڕەنگە ڕۆژێک لەگەڵ واشنتن ئەنجامی بدات”.

پێنج هەنگاو بۆ چارەسەر

لەلایەکی دیکەوە، فیراس ئیلیاس مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی موسڵ، گونجاندنێک دەخاتە ڕوو کە پێنج هەنگاو لەخۆ دەگرێت بۆ یارمەتیدان لە هەڵوەشاندنەوەی گروپەکان. ئەو پێی وایە داهاتووی گروپە چەکدارەکان لە عێراق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە داهاتووی شەڕی نێوان تاران و واشنتن.

ئیلیاس دەڵێت، ڕێگەی کردەیی “هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێ” نییە، بەڵکو دووبارە داڕشتنەوەی هێزەکانە لە ڕێگەی دەوڵەتەوە. ئەو پێشبینی دەکات ئەگەر “چوارچێوەی هەماهەنگی” لە پێکهێنانی حکومەتدا سەرکەوتوو بێت، لە ژێر فشاری ئەمریکادا ڕەنگە بەم پێنج هەنگاوەدا بڕوات:

1. جیاکردنەوەی دامەزراوەیی: جیاکردنەوەی “حەشد” وەک دەستەیەکی فەرمی لە گروپەکان وەک باڵی سیاسی-سەربازی، و چەسپاندنی ئەوەی کە حەشد تەنها لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، هەر پێکهاتەیەک بڕیاری سەربەخۆ یان پەیوەندی دەرەکی هەبێت وەک قەوارەیەکی دەرەوەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

2. کۆنترۆڵکردنی دارایی: کۆنترۆڵکردنی پارە پێش چەک؛ لە ڕێگەی وردبینی مووچە، گرێبەستەکان، دەروازەکان و نووسینگە ئابوورییەکان. کاتێک سەرچاوە نافەرمییەکان دەبڕدرێن، توانای مانۆڕی گروپەکان کەمدەبێتەوە.

3. دووبارە ڕێکخستنەوەی سەرکردایەتی: گۆڕینی پۆستە هەستیارەکان لە ناو دەستەی حەشد، گواستنەوەی هەندێک لیوا بۆ ناوچە دوورەکان لە سنوور، تێکەڵکردنی یەکە هەڵبژێردراوەکان لە ناو سوپا یان پۆلیسی فیدراڵی.

4. هەڵوەشاندنەوە لە ناوەوە: حکومەت جیاکاری بکات لە نێوان سێ جۆر گروپ: ئەوانەی شیاوی تێکەڵبوونن، ئەوانەی پێویستیان بە لەخۆگرتنی سیاسی هەیە، و ئەوانەی بە تەواوی تێکەڵبوون یان هەڵوەشانەوە ڕەتدەکەنەوە. مامەڵەکردن لەگەڵیان بە پارچەپارچەکردن دەبێت: ئیمتیازات بۆ پابەندەکان و گۆشەگیری بۆ ئەوانەی خۆ هەڵوەشاندنەوە ڕەتدەکەنەوە .

5. بەکارهێنانی فشاری ئەمریکا: گۆڕینی فشاری ئەمریکا بۆ چەترێکی سیاسی ناوخۆیی؛ چوارچێوەی هەماهەنگی بە گروپەکان بڵێت: یان پابەندبوون لە ناو دەوڵەت، یان ڕووبەڕووبوونەوەی سزا و گۆشەگیرییەکی دارایی و ئەمنی کە هەمووان دەگرێتەوە. لێرەدا توندیی ئەمریکا دەبێتە ئامرازێک بە دەستی حکومەتەوە.

ئیلیاس لە کۆتاییدا دەڵێت، چوارچێوەی هەماهەنگی گروپەکان بە یەک لێدان هەڵناوەشێنێتەوە، چونکە بەشێکن لە پێکهاتە سیاسییەکەی، بەڵام ڕەنگە کار بکات بۆ بەتاڵکردنەوەی پلە بەپلە لە سەربەخۆیی سەربازی و دارایی، لەگەڵ هێشتنەوەی ناوی “حەشد” بە شێوەیەکی ڕێکخراو و دامەزراوەیی.

Back to top button