ئەو ڕۆژەی بەریتانیا کۆشکی سپی ئەمریکای سوتاند

 

شا چارلزی سێیەم و شاژنە کامێلا رۆژی چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026 لە کۆشکی سپی میوانی دۆناڵد ترەمپ و مێلانیا ترەمپ بوون. لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەیدا، شا چارلز ئاماژەی بە لێدوانێکی پێشووی ترەمپ کرد و گوتی، “بەڕێز سەرۆک، تۆ لەم دواییانەدا گوتت ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان نەبووایە، وڵاتانی ئەورووپا بە زمانی ئەڵمانی قسەیان دەکرد. رێگەم بدە بڵێم، ئەگەر ئێمەش نەبووینایە، ئێستا ئێوە بە فەرەنسی قسەتان دەکرد.”

ئەو کەسەی سەیری پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی ئێستای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دەکات، ڕەنگە باوەڕ نەکات کە مێژوو جەنگێکی خوێناویی لە نێوانیاندا بەخۆیەوە بینیوە؛ جەنگێک کە یەکێک لە قۆناغەکانی داگیرکردنی ئەمریکا بوو لەلایەن هێزە دەریاییەکانی بەریتانیاوە، تەنانەت سووتاندنی پایتەختەکەشی لێکەوتەوە، کە دواتر ناونرا “سوتاندنی واشنتۆن”.

سوتاندنی واشنتۆن
لە 25ی ئابی 1814دا، هێزەکانی دەریایی بەریتانیا هەڵیانکوتایە سەر واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئاگریان لە هەموو شارەکە بەردا، بەتایبەتی کۆشکی سپی و باڵەخانەی کۆنگرێس، پێش ئەوەی سروشت دەستوەردان بکات و بە زریانێکی بەهێز کە هەر هەمان ڕۆژ لە شارەکەی دا، ئاگرەکە بکوژێنێتەوە.

چیرۆکەکە لە سەرەتاوە: هەڵگیرسانی جەنگی 1812

دوو ساڵ پێش داگیرکردنی واشنتۆن، لە ساڵی 1812دا جەنگێک لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لایەک و ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بە هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێک هۆزی سوورپێستەکان لە لایەکی ترەوە هەڵگیرسا، و لە ساڵی 1815 بە ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی هەردوولا کۆتایی هات.

مێژوونووسان ئاماژە بەوەدەکەن، چەندین هۆکار هەبوون کە وای لە ئەمریکا کرد جەنگ دژی بەریتانیای بەهێز ڕابگەیەنێت، کە لەو کاتەدا سەرقاڵی جەنگێکی تر بوو لە بەرەی فەرەنسا.

گرنگترین هۆکارەکانی جەنگ:

سزای بازرگانی: لە ساڵی 1807دا بەریتانیا کە نوقمی جەنگ لەگەڵ ناپلیۆن ببوو، فەرمانێکی دەرکرد کە تێیدا کۆتوبەندی بازرگانی بۆ هەر لایەنێک دادەنا بیەوێت مامەڵە لەگەڵ فەرەنسادا بکات. ئەمە بە دڵی ئەمریکییەکان نەبوو، کە ناچار بوون باجی گومرگی لەسەر ئەو کاڵایانە بدەن کە بۆ فەرەنسا دەچوون، و ئەمەیان بە پێشێلکردنی مافی بازرگانیی نێودەوڵەتی دەزانی.

سەربازیی ناچاریی: هێزە دەریاییەکانی بەریتانیا بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانیان، گەنجانیان لە شارە کەنارییەکان و ناو کەشتییەکان بە زۆر ڕادەکێشا بۆ خزمەتی سەربازی. هەندێک لە بەریتانییەکان بەرەو ئەمریکا هەڵاتن و ڕەگەزنامەی ئەمریکییان وەرگرت، بەڵام بەریتانیا دانی بەوەدا نەدەنا و دەیگوت هەرکەس لە خاکی ئەودا لەدایک بووبێت سەربازە، تەنانەت ئەگەر ڕەگەزنامەی ئەمریکیشی هەبێت.

ناسنامەی ساختە: کێشەکە قووڵتر بووەوە کاتێک ناسنامەی ساختە لە نێوان دەریاوانەکاندا بڵاوبووەوە، بەجۆرێک جیاکردنەوەی ئەمریکی و بەریتانی بۆ هێزە دەریاییەکان قورس بوو.

پێکدادانی سەربازی: کاتێک کەشتییە بەریتانییەکان لە کەناراوەکانی ئەمریکا دەستیان کرد بە دەستگیرکردنی ئەو بەریتانیانەی ڕەگەزنامەی ئەمریکییان هەبوو (کە زۆرجار بە هەڵە هاووڵاتی ڕەسەنی ئەمریکیشیان دەستگیر دەکرد)، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بچووک ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی 11 سەربازی بەریتانی، ئەمەش بووە پریشکی جەنگەکە.

تۆڵەی مێژوویی: بەریتانییەکان دەیانویست تاڵاوی شکستی جەنگی سەربەخۆیی ئەمریکا (1775-1783) بڕەوێننەوە و دووبارە دەست بەسەر هەندێک ویلایەتدا بگرنەوە، بەتایبەت کە هۆزە سوورپێستەکان بە سەرکردایەتی “تیکۆمسێ” دڵسۆزی بەریتانیا بوون.

جەنگێک کە نەدەبوو هەڵگیرسێت

دوای ڕەزامەندی کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران، ئەمریکا لە 18ی حوزەیرانی 1812 جەنگی دژی بەریتانیا ڕاگەیاند. سەیر لەوەدایە کە دوو ڕۆژ پێش ڕاگەیاندنی جەنگەکە، حکومەتی بەریتانیا بڕیاری دابوو کۆتوبەندە بازرگانییەکان هەڵبگرێت بۆ ئەوەی جەنگ ڕونەدات، بەڵام هەواڵەکە درەنگ گەیشتە ئەمریکییەکان و ئەوانیش دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بەریتانییەکان کردبوو.

دوای ساڵێک لە شەڕ و کێشمەکێش، هێزە ئەمریکییەکان توانییان لە نیسانی 1813دا شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا داگیر بکەن، کە ئەو کاتە کۆلۆنییەکی بەریتانی بوو. ئەمریکییەکان شارەکەیان تاڵان کرد و باڵەخانە گرنگەکانیان سوتاند، وەک پەرلەمانی کەنەدای سەروو.

تۆڵەکردنەوەی تۆرۆنتۆ بە داگیرکردنی واشنتۆن

لە ساڵی 1814دا، بەریتانییەکان بڕیاریان دا تۆڵەی سوتاندنی تۆرۆنتۆ (کە ئەو کات ناوی “یۆرک” بوو) بکەنەوە. پایتەختی ئەمریکایان هەڵبژارد بەهۆی ڕەمزییەتەکەی و ئاسانی گەیشتن پێی لە ڕێگەی دەریاوە.

لە 24ی ئابدا، هێزێکی بەریتانی بە سەرکردایەتی “ڕۆبێرت ڕۆس” گەیشتنە کەنداوی چیساپیک و لە شەڕی “بلادینسبۆرگ”دا بەسەر سوپایەکی خۆبەخشی ئەمریکیدا سەرکەوتن. ڕۆژی دواتر چوونە ناو شارەکەوە و ئاگریان لە کۆشکی سپی، کۆنگرێس و کتێبخانەکەی بەردا. بەریتانییەکان چاوەڕێی بارووتی زیاتریان دەکرد بۆ تەواوکردنی وێرانکارییەکە، بەڵام زریانێکی بەهێز ئاگرەکەی کوژاندەوە و وای لێکردن شارەکە بەجێبهێڵن. لەو ڕووداوەدا زۆر شوێنەواری مێژوویی ناو کۆشکی سپی تاڵان کران کە تا ئێستاش هەندێکیان بێسەروشوێنن.

کۆتایی جەنگ

جەنگەکە بۆ هیچ کام لە لایەنەکان سوودی نەبوو. بەریتانیا لە بەرەی فەرەنسا سەرقاڵ بوو، ئەمریکاش لە کارەسات دەترسا. بۆیە لە 24ی کانوونی یەکەمی 1814لە شاری “جێنت”ی بەلجیکا ڕێککەوتننامەی ئاشتییان واژۆ کرد و بڕیاردرا هەموو شتێک بگەڕێتەوە بۆ باری پێش جەنگ.

سەرباری ڕێککەوتنەکە، دواین شەڕ لە 8ی کانوونی دووەمی 1815 (واتە 15 ڕۆژ دوای ئاشتی) لە “نیوئۆرلینز” ڕوویدا، چونکە هەواڵی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە هێشتا بە سوپای بەریتانیا نەگەیشتبوو. لەوێدا ژەنراڵی ئەمریکی “ئەندرۆ جاکسۆن” شکستی بە بەریتانییەکان هێنا و زیانێکی زۆری پێ گەیاندن.

Back to top button