جنێودان لە سۆشیاڵ میدیا؛ کاتێک شارێک دەبێتە دیلی دەستی کۆمێنتنووسەکانی

هیچ کاتێک هێندەی 10 ساڵی ڕابردوو لە باشووری کوردستان و لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا، تیرۆری کەسایەتی لە لوتکەدا نەبووە. ئەگەر لە رابردوودا تیرۆری جەستەیی یەکەم و کۆتا ئامرازی بەردەست دەسەڵات و کۆمەڵگە بوبێت، ئێستا پێویست بەوە ناکات کەس دەستی بچێتە خوێنی کەس، بەڵکو هێندە بەسە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکی توندی ناوزڕاندن و تیرۆری کەسایەتی بەرامبەر ئەنجام بدەن.

لەم ساڵانەدا زۆر کەس کە لەژیاندا بوون، کەسایەتییان تیرۆرکرا، زۆرێکیش لەوانەی لەژیاندا نەمان ئینجا تیرۆری کەسایەتییان دەستیپێکرد، لەشکرێک لە کۆمێنتنووسەکان کە هەیانە باکگراوندی حزبیی، هەیانە باکگراوندی ئایینی هەیە و بەیەکەوە هەڵمەتە توندەکە بەڕێوەدەبەن، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بە دیاریکراوی دەزانن هەڵمەتەکە لەکوێوە دێت و سەرپەرشتیارانی کێن، بەڵام بەرامبەریان بێدەسەڵاتن.

بەشێکی زۆری ئەو تیرۆری کەسایەتییە حزبە ئیسلامیەکان و کەسایەتییە ئاینییەکان برەویان پێداوە، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کورد مۆنیتەر لەنێو حزبە ئیسلامییەکاندا گروپی جیاواز بۆ هەڵمەتی نێو سۆشیاڵمیدیا دروستکراوە، هەر شتێک لێدان بێت لە بەرژەوەندیی ئەوان، بەپاساوی ئەوەی “دژایەتی ئیسلام دەکرێت” هەڵمەتەکە بەڕێوەدەبەن و کێیان بوێت کارەکتەری تیرۆر دەکەن. دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک هەندێک لەو حزبە سۆشیاڵمیدیەکیان هەیە و ناویان ناوە “میدیا” کارمەندەکانی بە ئاشکرا تیرۆری کەسایەتی ئەنجامدەدەن.

لە زۆرینەی ئەو هەڵمەتانەدا لەجیاتی حزبەکان، خەڵکی شارەکان دەبنە قوربانیی، نزیکترین نمونە کۆچی دوایی فاروق ڕەفیق، نوسەر و توێژەری بواری فەلسەفە-یە، د. فاروق لە سۆشیاڵمیدیا هەڵمەتێکی توندی لەدژ دەکرێت لەکاتێکدا لە ژیاندا نەماوە، بەڵام لەکاردانەوەی ئەو هەڵمەتەدا شاری سلێمانی بە ئامانج گیراوە و دەگوترێت: خەڵکی شارەکە هەر وا جنێوفرۆشن!. لەکاتێکدا شارەکە نزیکەی ملیۆنێک کەسی تێدا دەژی، لەبەرامبەردا ئەوانەی هەڵمەتەکە بەڕێوە دەبەن ڕەنگە ژمارەیان هەر چەند سەد کەسێکە، بەڵام وایانکردووە کاریگەریی دابنێن و چەواشەکارییەکی گەورە دروست بکەن. لەکاتێکدا سلێمانی لەکورتترین پێناسەیدا ئەوەیە؛ شارێکە بۆ فرەیی و پێکەوەژیان، شاری ڕێزگرتنە لە جیاوازییەکان.

هەمان دۆخ بۆ هەولێر ڕاستە، کاتێک وێنە و ڤیدیۆی هێرشکردنەسەر گەشتیاری عەرەب لە شارەکە دەبینرێت، دۆخێک دروست دەبێت کە مەبەستیەتی ڕووی ڕووداوەکە بە ئاڕاستەیەکدا ببات کە “خەڵکی هەولێر دژی عەرەبن” لەکاتێکدا سروشتی شاری هەولێر، سروشتێکی میواندۆستە.

لەپاڵ قەیرانی دارایی و پەککەوتنی سیستمی سیاسی و دەوڵەتداریی لە هەرێمی کوردستان، شکاندنی کەسایەتیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەیەكێک لە مەترسیدارترین دۆخەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی دادەنرێت، ئەگەر لە ڕابردوودا حزبە سیاسییەکان بۆ شکاندنی نەیارەکانیان پەنایان بۆ دروستکردنی ئەو لەشکرە لە سۆشیاڵمیدیا بردبێت، ئێستا ئەو لەشکرە لە کۆنترۆڵی خۆیان دەرچوون و کەسایەتی خۆیان و حزبەکانیشیان دەشکێنن.

لە هەرێمی کوردستان”تیرۆری کەسایەتی” لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە لەژێر چەتری یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008 (یاسای ڕێگری کردن لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەم یاسایە تایبەتە بەو تاوانانەی کە لە ڕێگەی مۆبایل، ئینتەرنێت، یان هەر ئامێرێکی پەیوەندیکردن ئەنجام دەدرێن.

ڕێکارە یاساییەکان و سزاکانی بە کورتی:

1. سزای یاسایی بۆ تێکدانی ناوبانگ
بەپێی ماددەی (2) لەم یاسایە، هەر کەسێک ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەکاربهێنێت بۆ: ناوزڕاندن، جنێودان، یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو، هەڕەشەکردن یان بڵاوکردنەوەی وێنە و نهێنی تایبەت و تێکدانی ئادابی گشتی.

سزاکەی بریتییە لە: بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە 6 مانگ کەمتر نەبێت و لە 5 ساڵ زیاتر نەبێت. پێبژاردن (غەرامە) کە لە 1 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 5 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت. یان بە یەکێک لەو دوو سزایە.

2. ئەگەر کارەکە بە گروپ (باند) بکرێت: ئەگەر تیرۆری کەسایەتییەکە لەلایەن گروپێکەوە بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئەنجام بدرێت، دادوەر دەتوانێت توندترین سزای یاساییان بەسەردا بسەپێنێت، چونکە بە “تاوانی بە ئەنقەست و ڕێکخراو” ئەژمار دەکرێت.

زۆر کات خەڵک وا دەزانێت ئەکاونتی ساختە نادۆزرێتەوە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم لە ڕێگەی (IP Address) و شوێنپێی دیجیتاڵییەوە دەتوانن زۆربەی ئەو کەسانە بدۆزنەوە، تەنانەت ئەگەر ئەکاونتەکەش سڕابێتەوە.

زۆرێک لەو کەسە نزیکانەی لەگەڵ فاروق ڕەفیق هاوڕێ و هاوپیشە بوون قسەیان بۆ کورد مۆنیتەر کرد و باسیان لەوەکرد، لەساڵی ڕابردوەوە د. فاروق لەگەڵ دۆخێکی دەروونی خراپدا دەژیا، لای زۆرێک لە هاوڕێکانی گوتویەتی: “بەو هەڵمەتە توندەی لە سۆشیاڵمیدیا لە دژی من هەیە، هەستدەکەم مردووم”.

لە بنەما یاساییەکاندا، ڕەخنەگرتن لە سیاسییەک یان بەرهەمی نووسەرێک مافێکی سەرەتاییە، بەڵام کاتێک ڕەخنەکە دەگۆڕێت بۆ تانەدان لە شەرەف، خێزان، یان ژیانی تایبەتی کەسەکە، لێرەدا دەچێتە خانەی تاوانەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، دەسەڵات جۆری یەکەمیان کە ڕەخنەگرتنە، بەتاوان ناودەبات، بەڵام بەرامبەر جۆری دووەم کە هێرشکردنەسەر کەسایەتیە بێدەنگە.

زۆرجار سیاسییەکان بەتایبەت ئەو بەرەیەی بە “ئۆپۆزسیۆن” ناسراوە، دەستپێشخەربوون بۆ گۆڕانی لایەنگرەکانیان لە کەسانێکی بیرکەرەوە و ڕەخنەگرەوە، بۆ کەسانێک کە تەنیا “جنێو” دەدەن، هەندێک لە شارەزایان دەڵێن: ئەزموونی بزوتنەوەی گۆڕان و دواتریش جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەوڵدرا خەڵک لە ڕەخنەگرەوە بۆ “جنێودەر” بگۆڕدرێت.

ناڕوونی لە چەمکەکان وایکردووە، هێشتا سنوورێکی زۆر ڕوون لە نێوان ئەوەی چی بە “ڕەخنەی توند” و چی بە “سوکایەتی” ئەژمار دەکرێت هەبێ، ئەمەش وا دەکات بڕیارەکان هەندێک جار بەپێی کات و کەسەکان بگۆڕێن. بۆ نمونە ڕۆژنامەنووسێکی وەک شێروان شێروانی لەسەر ڕەخنەگرتن و مومارەسەکردنی پیشەکەی ساڵانێکە لە زیندانە، بەڵام کەسێکی دیکە کە بە ئاشکرا و بە ڤیدیۆ سوکایەتیی بە کۆمەڵگە دەکات، دەسەڵات ئەگەر ڕێککاریشی بەرامبەر بگرێتە بەر، ڕاگرتنیەتی بۆ ماوەی شەو و ڕۆژێک.

 

Back to top button