
حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، پادشای بەحرەین ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەداخە بۆ “وەستانەوەی هەندێک لە یاسادانەران لە ڕیزی ئەوانەی خیانەت لە نیشتمان دەکەن، لەبری بەرگریکردن لەوڵاتەکەیان” ئەم لێدوانە لە لووتکەی مشتومڕەکان دا هات، دوای سەندنەوەی ڕەگەزنامە لە 69 هاووڵاتی بەحرەینی.
دەسەڵاتدارانی بەحرەین دەڵێن، ئەو کەسانەی رەگەزنامەیان لێوەرگیراوەتەوە هاوسۆزییان لەگەڵ “کارە دوژمنکارییەکانی ئێران” نیشان داوە. ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ گفتوگۆیەک لەناو ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە یاسایەک کە کاروباری ڕەگەزنامە دەخاتە خانەی “کارە سەروەرییەکان” و لە دەسەڵاتی دادوەری دەریدەهێنێت؛ بەپێی ڕۆژنامەی “ئەلئەیام”ی بەحرەینی، 34 پەرلەمانتار لەگەڵ یاساکە بوون و تەنها سێ کەس دژی بوون.
بڕیارەکە پرۆسەی سەندنەوەی ڕەگەزنامە وەک ڕێکارێکی سەروەری و یاسایی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی نیشان دەدات. دەستووری بەحرەین ئەم ڕێکارە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا دادەنێت، بە جۆرێک کە ماددەی 17 دەڵێت: لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە نابێت مەگەر لە حاڵەتی “خیانەتی نیشتمانی مەزن، و ئەو بارودۆخانەی کە یاسا دیارییان دەکات”.
وەزیری دادی بەحرەین دەڵێت ئەم مەرسوومە پەیوەندی بە بارودۆخی ئێستاوە نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی ڕەوتێکی یاسادانان دێت کە لە ساڵی 2024ەوە دەستی پێکردووە.
شانشینی بەحرەین پێشتریش چەندین شەپۆلی لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە: سەندنەوەی لە 31 هاووڵاتی لە ساڵی 2012، لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی شێخ عیسا قاسم لە ساڵی 2016، و پاشان سەندنەوەی لە 115 هاووڵاتی لە دادگاییکردنێکی بە کۆمەڵدا لە ساڵی 2018. دواتر لە ساڵی 2019دا، ڕەگەزنامە بۆ سەدان کەس گەڕێندرایەوە، کە ئەو کاتە وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئەم ئامرازە بینرا. بۆیە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات لاپەڕەیەکی تەواو نوێ نییە، بەڵکو دووبارە کردنەوەی لاپەڕەیەکی کۆنە لە بارودۆخێکی هەستیارتردا.
ڕێکخراوی “هیومان ڕایتس وۆچ” پێشتر هۆشداری دابوو کە زمانە ناڕوون و فراوانەکەی یاساکانی ڕەگەزنامە ڕەنگە دەرگا بۆ لێکدانەوەی سیاسیی بەرفراوان بکاتەوە، لە کاتێکدا “ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی” پێی وایە لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە لە حاڵەتەکانی پێشوودا ڕەنگە ببێتە هۆی بێناسنامە بوون یان دەرکردن لە وڵات.
تێچووەکە تەنها لە ڕووی یاساییەوە ناپێورێت، بەڵکو لە ڕووی مرۆییشەوەیە. کاتێک ڕەگەزنامە دەسەندرێتەوە، پرسیارەکە تەنها پەیوەست نییە بە تاکەکەس خۆیەوە، بەڵکو ئایا لێکەوتەکان بۆ سەر خێزانەکەشی درێژ دەبنەوە؟
یەحیا ئەلحەدید، سەرۆکی پەیمانگای کەنداو بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، کە یەکێکە لەوانەی لە ساڵی 2015 ڕەگەزنامەی بەحرەینی لێ سەندرایەوە، دواتر ڕەگەزنامەی ئوسترالی بەدەستهێنا، وەڵامی ئەم پرسیارانەی لایە. ئەو بە “ئەلحوڕە”ی گوتوە: کە بڕیارەکە تەنها لەسەر کەسەکە نەوەستاوەتەوە، بەڵکو کاریگەری کردووەتە سەر منداڵەکانیشی و دەڵێت: “منداڵەکانم، فاتیمە و عەلی، ئێستا ڕەگەزنامەی بەحرەینییان نییە”. ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆرێک لەوانەی لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2018 و 2020 ڕەگەزنامەیان لێ سەندراوەتەوە، تا ئێستاش بێ ناسنامەن و لە نێوان لوبنان، ئێران و عێراقدا دابەش بوون، چونکە بە وتەی ئەو، ئەم وڵاتانە ڕەگەزنامە نادەنە ئۆپۆزسیۆنی بەحرەین یان ئەوانەی ڕەگەزنامەیان لێ سەندراوەتەوە.
بۆ چالاکوانانی مافی مرۆڤ، لەدەستدانی ڕەگەزنامە وەک زیندان یان سزای دارایی نییە؛ سزای نەریتی سەرەتا و کۆتایی هەیە، بەڵام لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە ڕەنگە دۆخی یاسایی کەسەکە و ژیانی خێزانەکەی بۆ چەندین ساڵ بگۆڕێت. هەر بۆیە باقر دەروێش، سەرۆکی مەکۆی بەحرەین بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە لێدوانێکیدا بۆ “ئەلحوڕە” لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە بە “شتێک هاوشێوەی لەسێدارەدانی مەعنەوی” وەسف دەکات و پێی وایە دەسەڵاتداران کردوویانە بە “ئامرازێکی ڕێگریی بەکۆمەڵی ناڕاستەوخۆ”.
لێرەدا مشتومڕەکە تەنها لەسەر یاسا نییە، بەڵکو لەسەر ئەو بارودۆخەیە کە هەڵوێستەکانی تێدا دەخوێندرێتەوە. لە کاتی جەنگدا، ڕەنگە دەربڕینێک لە خانەی ڕای سیاسییەوە بگۆڕێت بۆ خانەی لایەنگیریی ئەمنی، ئەمەش بەپێی ئەوەی کێ دەیخوێنێتەوە و لە چ کاتێکدا وتراوە.
جەعفەر سەلمان، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسیی بەحرەینی، بە “ئەلحوڕە” دەڵێت: “گەورەترین پێوەر کە لەم پرسەدا بەکارهاتووە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی ڕەگەزنامەیان لێ سەندراوەتەوە، لەگەڵ کام لایەندان؟”. ئەو دەڵێت بەحرەین لە ناو بازنەی جەنگدا بووە، هەر کەسێک بە ئاشکرا لەگەڵ ئەو لایەنە بوەستێت کە هێرش دەکاتە سەر وڵات یان دڵسۆزی بۆ ڕابگەیەنێت، ڕەنگە وەک کەسێک سەیر بکرێت کە شایستەی ڕەگەزنامە نییە.
دۆسیەی ڕەگەزنامە لە بەحرەین تەنها لە گۆشەی “سەندنەوە” ناخوێندرێتەوە، بەڵکو خودی سیاسەتەکانی “بەخشین”یش ساڵانێکە جێگەی تۆمەتی سیاسی و یاساین.
جەواد فەیروز، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی بەحرەین کە ڕەگەزنامەی لێ سەندراوەتەوە، بە “ئەلحوڕە” دەڵێت: “ڕەگەزنامەبەخشینی سیاسی لە بەحرەین یەکێکە لە مشتومڕاوییترین پرسەکان لە ناوخۆدا”. باقر دەروێشیش پێی وایە ئەم دۆسیەیە جیا نییە لە “پڕۆژەی ڕەگەزنامەبەخشینی سیاسی بۆ دەیان هەزار کەس” کە بە وتەی ئەو “بە پێچەوانەی یاسا و بە شێوەیەکی نهێنی” ئەنجام دراوە.





