
سەرچین ساڵح ڕۆبیتان
نوری سەعید، سەرۆک وەزیرانی سەردەمی پاشایەتیی عێراق، ئەو کوردەی عێراقی لە پاشماوەی جەنگ و دوکەڵەوە گۆڕی بۆ وڵاتێکی خاوەن ژێرخانی بەهێز، دوای 68 ساڵ لە کوژرانی، هێشتا هەرێمی کوردستان و عێراق بەری ڕەنجی دەخۆن، لە ڕێگا ستراتیژییەکانەوە تا بەنداوی دووکان، دەربەندیخان و مووسڵ، وەک یادگارییە گەورە و بەنرخەکەی بۆ عێراقییەکان ماوەتەوە.
نوری سەعید کێ بوو؟
نوری کوڕی سەعید کوڕی ساڵح تەها، لە ساڵی 1888 لە گەڕەکی (تەپەچە) لە شاری بەغدا لەدایکبووە، بنەماڵەکەی بە ڕەچەڵەک کوردن و خەڵکی ناوچەی قەرەداغی سەر بە پارێزگای سلێمانین. باوکی لە فەرمانبەرانی دەوڵەتی عوسمانی بووە.
نوری سەعید چووەتە قوتابخانەی سەربازی لە بەغدا و دواتر لە ئیستانبووڵ لە ساڵی 1906 خوێندوویەتی، لە سوپای عوسمانیدا خزمەتی کردووە و بەشداریی شەڕی بالکانی کردووە، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی (عەهد) کە داوای سەربەخۆیی عەرەبیان دەکرد لەژێر دەستی عوسمانییەکان، لە کاتی شۆڕشی گەورەی عەرەبیدا لە ساڵی 1916، پەیوەندی بە شەریف حوسێن و ئەمیر فەیسەڵەوە کرد و بوو بە یەکێک لە سەرکردە سەربازییە نزیکەکانیان.
چۆن بوو بە سەرۆک وەزیرانی عێراق؟
دوای پێکهێنانی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1921، نوری سەعید وەک کەسێکی نزیک لە شا فەیسەڵی یەکەم گەڕایەوە بەغدا. بەهۆی شارەزایی سەربازی و پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ بەریتانییەکان، بە خێرایی پلەکانی بڕی، بوو بە یەکەم بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی عێراق و دواتر بوو بە وەزیری بەرگری، بۆ یەکەمجار لە 23ـی ئازاری 1930 کرا بە سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی واژۆ لەسەر پەیماننامەی 1930ـی عێراق-بەریتانیا بکات، کە سەربەخۆیی فەرمیی عێراقی لێ کەوتەوە.
نوری سەعید پیاوی ژمارە یەک بوو لە سەردەمی پاشایەتیدا و بە “پیاوی 14 حکومەت” دەناسرێت، لەبەر ئەوەی بە کۆی گشتی 14 جار پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرتووە و نزیکەی 28 ساڵ لە ناوەندی بڕیاری سیاسیی عێراقدا بووە.
سەردەمی زێڕینی بوژانەوەی عێراق
ڕەنگە نوری سەعید بۆ نەوەی ئێستای عێراقییەکان و هەرێمی کوردستان ناوێکی ئاشنا نەبێت، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر ئەو پڕۆژانەی کە عێراقی بردە قۆناغێکی نوێوە، تێدەگەی لەوەی کە ئەو ژێرخانەی ئێستای عێراق دەستکەوتی سەردەمی حوکمڕانیی پیاوی 14 حکومەتەکەیە.
لە ساڵی 1950، ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوە (مجلس الإعمار)ی دامەزراند کە 70%ـى داهاتی نەوتی بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکان تەرخان کرد، ئەم ئەنجومەنە نەک تەنها ڕێگاوبان، بەڵکو گەورەترین پڕۆژەی ستراتیژیی ئەنجامدا، کە تا ئێستاش عێراق و هەرێمی کوردستان سوودی لێ دەبینن.
ئەنجومەنەکە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە بەستنەوەی ناوچە شاخاوییەکان بە ناوەندەکانەوە، لەوانە ڕێگای سەرەکی کەرکوک – سلێمانی و نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوکردنی ڕێگای هەولێر – کەرکوک بە شێوەیەکی ستاندارد.
دروستکردنی بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان گەورەترین پڕۆژەی ئەنجومەنەکە بوون لە کوردستان، کە تەنها بۆ ئاو نەبوو، بەڵکو ڕێگای ستراتیژییان لەسەر دروست کرا و ناوچەکەیان کردە ناوەندی گەشتیاری و ئابووری. هەروەها هەر ئەو کاتە بیرۆکەی دروستکردنی بەنداوی مووسڵ داڕێژرا.
لەسەر ئاستی عێراق، ئەنجومەنەکە نەخشەیەکی نوێی بۆ ڕێگاوبانەکانی عێراق کێشا؛ ڕێگای بەغدا – کوت – عەممارە – بەسرا، کە درێژترین و ستراتیژیترین ڕێگای عێراق بوو، لەگەڵ ڕێگای بەغدا – مووسڵ و ڕێگای خێرای بەغدا – فەللوجە – ڕومادی.
زۆربەی ئەو پردە کۆنانەی ئێستای بەغدا وەک پردی (ئەلئەئیمە، ئەلموعەلەق و کۆماری)، دیزاین یان سەرەتای جێبەجێکردنیان بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە، هەروەها پڕۆژەی (سەرسار) بۆ پاراستنی بەغدا لە لافاوی وێرانکەر و دروستکردنی دەیان باڵەخانەی مۆدێرن و خانووی کرێکاران، هەر هی ئەو سەردەمەن.
ئەم ئەنجومەنە سەرکەوتوو بوو، چونکە لە سیاسەتی ڕۆژانە و ململانێی حزبی دوورخرابووەوە، بودجەکەی سەربەخۆ بوو و تیمی ئەندازیاری نێودەوڵەتی (ئەمریکی و بەریتانی) لەگەڵ ئەندازیارە کورد و عەرەبە لێهاتووەکان کاریان تێدا دەکرد.
بە کوردییەکی پاراو قسەی کردووە
نوری سەعید نەیشاردووەتەوە کە بە ڕەچەڵەک کوردە. موسا عەنتەر لە بیرەوەرییەکانیدا باس لە دیدارێکی خۆی و نوری سەعید دەکات لە ساڵی 1956 لە تورکیا، کاتێک نوری سەعید وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کۆبوونەوەی پەیمانی بەغدا لەوێ بووە، موسا عەنتەر بە نهێنی دەچێتە لای.
کاتێک موسا عەنتەر دەچێتە ژوورەوە، نوری سەعید بە کوردییەکی زۆر پاراو و بە شێوەزاری سلێمانی پێشوازی لێ دەکات و دەپرسێ: “ئەرێ کوڕم، ئێوە لێرە چۆنن؟ حاڵ و بارتان چۆنە؟” موسا عەنتەر دەڵێت: “پاشا، وەک دەبینیت ئێمە لێرە لەژێر فشارێکی زۆرداین، تەنانەت ناتوانین بە زمانی خۆمان بدوێین.”
نوری سەعید پێی دەڵێت: “کوڕم، گوێ بگرە، تورکەکان وەک کەر وان، باری قورسیان خستووەتە سەر پشت و نازانن چۆن دایبگرن، عێراق وەک وڵاتانی تر نییە، ئێمە دەزانین کورد کێیە، من لێرە بۆ ئەوە نەهاتووم دژی کورد ڕێکبکەوم، بەڵکو هاتووم بەرژەوەندییەکانی خۆمان بپارێزم.”
کاتێک موسا عەنتەر پرسیاری چارەنووسیان لێ دەکات، نوری سەعید وەڵامێکی مێژوویی دەداتەوە: “ڕۆڵە، دنیا دەگۆڕێت، ڕۆژێک دێت ئەم سنوورانە وەک ئێستا نامێنن، ئێوە تەنها خۆتان بپارێزن و بخوێنن، تورکیا وەک دەوڵەتێکی مۆدێرن ناتوانێت بۆ هەمیشە ناسنامەی ئێوە بشارێتەوە.”
کۆتاییەکی دڵتەزێن
لە ڕۆژی 14ـی تەمموزی 1958، کاتێک عەبدولکەریم قاسم و ئەفسەرەکان کودەتایان کرد، نوری سەعید توانی لە ماڵەکەی ڕابکات، بەڵام ڕۆژی دواتر (15ـی تەمموز)، کاتێک بە جلی ژنانەوە ویستی لە بەغدا دەرباز بێت، لە ناوچەی (باب ئەلشەرقی) ناسرایەوە، بە دەستڕێژی گولـلە، چیرۆکی ژیانی نوری سەعید کۆتایی هات، تەرمەکەی لە لایەن جەماوەرێکی تووڕەوە لەسەر شەقامەکان ڕاکێشرا و دواتر سووتێنرا.
ئەو کەسانەی نوری سەعیدیان کوشت، ڕەنگە بە خەیاڵی عێراقێکی نوێ و گەرەنتیی مافی هاوڵاتیبوون دەستیان چووبێتە خوێنی، بەڵام بێئاگا لەوەی کە تەنها خۆشخەیاڵ بوون و وڵاتێکیان خستە ناو بازنەیەکی داخراوی خوێن و وێرانی.





