
لە بەغدا، ناوە قورسەکان بە ئاسانی ناکەون، بەڵکو چاوەڕێی ساتێکی سیاسی دەکەن کە تێیدا پارێزگاریکردن لەو ناوە بکێشرێتەوە پێش ئەوەی دەوڵەت دەست بە جووڵە لە دژی بکات. بەم شێوەیە ناوی ئیسماعیل لامی، ناسراو بە “ئەبو درع”، گەڕایەوە پێشەوە؛ نەک وەک یادەوەرییەک لە سەردەمی توندوتیژی تائیفی، بەڵکو وەک مەلەفێکی ئەمنیی کراوە، دوای ساڵانێک لە راکردنی لە چنگی یاسا.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند کە هێزێکی هاوبەش لە ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و پۆلیسی فیدراڵی، “ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان ئەنجامداوە کە شوێنە جیاجیاکانی ناو شاری بەغدای گرتووەتەوە، بە ئامانجی دەستگیرکردنی کەسێک بە ناوی (ئیسماعیل، ناسراو بە ئەبو درع)، کوڕەکانی و پاسەوانەکانی”.
هەڵکوتانە سەر، فەرمانی دەستگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی چەک؛ دیمەنێکە کە لە بەیاننامەکانی وەزارەتی ناوخۆدا بە ئاسایی دەردەکەوێت، بەڵام لێرەدا جیاوازە. چونکە کێشەکە پەیوەندی بە داواکراوێکی ئاساییەوە نییە، بەڵکو بە پیاوێکەوەیە کە ناوەکەی بە ترس و هەژموونەوە بەستراوەتەوە، و بە پرسیارێکی مێژوویی عێراقەوە: کەی یاسا لە چەک بەهێزتر دەبێت؟
ساتێکی درەنگوەختی دەوڵەت
لە 28ی نیسانی 2026، بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ تەنها هەواڵێکی ئەمنیی ئاسایی نەبوو، بەڵکو وەەک هەوڵێکی درەنگوەخت دەرکەوت بۆ کردنەوەی مەلەفێک کە بۆ چەندین دەیە داخرابوو. ئەو ئۆپەراسیۆنەی شوێنەکەی کردە ئامانج سەر بە ئیسماعیل لامی (ئەبو درع) بوون، قەبارەی ئەو هێزەی دەرخست کە پێی دەجوڵایەوە: چەکی جۆراوجۆر، پارە، ئۆتۆمبێل و تۆڕێکی پاسەوانی. سەرەڕای دەستگیرنەکردنی، بەڵام دیمەنەکە تیشکی خستەوە سەر ئەوەی کە جوڵەی دەوڵەت لە چوارچێوەی دووبارە ڕێکخستنەوەی هاوسەنگییەکانی هێزدا هاتووە، زیاتر لەوەی وەرچەرخانێکی لەناکاو بێت لە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەدا.
پیاوێک لە ناو جەرگەی پشێوییەوە هات
“ئەبو درع” دیاردەیەکی کاتی نەبوو، بەڵکو بەرهەمی ساتێکی وەرچەرخانی عێراقی بوو لە دوای 2003، کاتێک سنوورەکانی نێوان دەوڵەت و نا دەوڵەت داڕمان. لەو قۆناغەدا، کەسایەتییە چەکدارەکان سەرکەوتن و وەبەرهێنانیان لە دابەشبوونی تائیفیدا کرد و خۆیان وەک پارێزەری گروپەکانیان نیشان دا. بەم شێوەیە وێنەی “زەرقاوی شیعە” دروست بوو، نەک تەنها بەهۆی قەبارەی ئەو توندوتیژییەی پێوەی دەبەسترایەوە، بەڵکو چونکە ئەو بەرجەستەبووی نموونەی شەڕکەرێکی دەکرد کە لە دەرەوەی یاسا کار دەکات، بەڵام لە ناو ژینگەیەکدا دەجوڵێتەوە کە شەرعییەت و پارێزگاریی پێ دەبەخشێت.
مەلەفی خوێن لە ساڵانی پشێویدا
تێوەگلانی ئیسماعیل لامی لە زنجیرەیەک ڕووداودا کە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی توندوتیژی تائیفی لە عێراق دوای 2003؛ گێڕانەوە و شایەتحاڵەکان باس لە پرۆسەی ڕفاندنی دەیان کەسی سڤیل لە پێکهاتەی سوننە دەکەن، کە دواتر تەرمی هەندێکیان لە شوێنی فڕێدانی پاشماوەکان لە ناوچەی “سەدە” نزیک شاری سەدر دۆزرانەوە. هەروەها زانیارییەکانی تر ئاماژە بە بەکارهێنانی ئەمبوڵانسی حکومی دەکەن لە گواستنەوەی گروپە گەنجەکاندا، کە ژیانیان لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا کۆتایی پێ هات، لە نێوان تۆمەتەکانی بەکارهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە پرۆسەی هەڵکوتانە سەر ناوچەکانی وەک ئەعزەمییە، کە هاوکات بوو لەگەڵ گوتارێکی توند لە ناو دۆخە ئەمنییەکانی ئەو کاتەدا.
ڕێبوارێک لە نێوان بەرەکان و سێبەرەکاندا
ناوی “ئەبو درع” پەیوەندی بە مەلەفە ئاڵۆزترەکانیشەوە هەیە، لەوانە ڕفاندنی پەرلەمانتاری سوننە “تەیسیر مەشهەدانی” لە ساڵی 2006، کە دوای نزیکەی دوو مانگ لە دەستبەسەرکردن ئازاد کرا، جگە لەو تۆمەتانەی پەیوەندییان بە ئاوارەکردنی زۆرەملێی سەدان خێزان لە بەغدا و ناوچەکانی تر هەبوو. هەروەها ناوی ئەو لە چوارچێوەی ڕفاندنی پێنج هاوڵاتی بەریتانی لە وەزارەتی دارایی عێراق لە ساڵی 2007دا دەهێنرێت، لە یەکێک لە ئاڵۆزترین کەیسە ئەمنییەکانی ئەو قۆناغەدا.
لە هەمان ماوەدا، بەیاننامەی دژبەیەک سەبارەت بە کوژرانی لە باکووری بەغدا دەرچوون، پێش ئەوەی دواتر لە ڕاپۆرتە میدیاییەکان و زانیارییە هەواڵگرییەکاندا باس بکرێت کە لە ساڵی 2007دا عێراقی بەرەو ئێران جێهێشتووە، پاشان دوای 2010 بەرە بەرە گەڕاوەتەوە ناو مەیدانی سیاسی و ئەمنی، تا دەگاتە دەرکەوتنی لە دیمەنە گشتییەکاندا لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی 2014 و 2020 لە چوارچێوەی دووبارە جێگیربوونەوە لە ناو دیمەنی سیاسی عێراقدا.
توندوتیژی وەک ئامرازی حوکمڕانی
ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە ناوی “ئەبو درع”ەوە بەستراونەتەوە، تەنها باس لە ڕووداوی پچڕپچڕ ناکەن، هێندەی ئەوەی وێنەی شێوازێکی تەواوکاری دەکێشن لە بەڕێوەبردنی توندوتیژیدا. پرۆسەکانی ڕفاندنی بەکۆمەڵ، فڕێدانی تەرمەکان لە ناوچە دوورەدەستەکان، و قۆستنەوەی تواناکانی دەوڵەت، ڕەنگدانەوەی میکانیزمێکی ڕێکخراون کە لە کردەوەی تاکەکەسی تێدەپەڕن. ئەم کارانە لەسەر بەکارهێنانی ترساندن وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردن و سەپاندنی هەژموون بنیات نراون. لە ساڵانی گرژیی تائیفیدا، توندوتیژی تەنها بۆ دوورخستنەوەی نەیارەکان ئاڕاستە نەدەکرا، بەڵکو بۆ چەسپاندنی واقیعێکی بنیاتنراو لەسەر ترس بەکاردەهێنرا، کە پێگەیەکی پێشکەوتوو بە بکوژە چەکدارەکە دەبەخشێت لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا.
پاراستنی سیاسی وەک قەڵغانێکی شاراوە
مانەوەی “ئەبو درع” بە دوور لە لێپێچینەوە لە درێژەی ئەم هەموو ساڵەدا ڕێکەوت نەبوو، چونکە بەوە دەناسرا کە بانگەشەی سەر بە ڕەوتی سەدری دەکرد، ئەمەش پارێزبەندییەکی ناڕاستەوخۆی بۆ دابین کردبوو، کە نزیکبوونەوە لێی بکاتە پرسێکی سیاسی ئاڵۆز. لە عێراقدا، هەژموون بە ژمارەی یاساکان ناپێورێت بەڵکو بە ژمارەی لایەنگران، جەنگەکان تەنها لە ناو دادگاکاندا یەکلایی ناکرێنەوە بەڵکو لە هاوسەنگییەکانی هێزدا. بۆیە، ئەم پیاوە لە ناو تۆڕێکی دڵسۆزیدا بە پارێزراوی مایەوە کە وای کرد هەر جوڵەیەک دژی، ڕەهەندێکی گەورەتری هەبێت لە تەنها ڕێکارێکی یاسایی.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەوتی نیشتمانیی شیعی بە ڕێبەرایەتی موقتەدا سەدر، دواتر و لە ڕێگەی “سەرایا سەلام”ی باڵی سەربازییەوە، بێبەریبوونی خۆی لە 11 کەس ڕاگەیاند، کە لە نێوانیاندا 4 کوڕی ئەبو درع و یەکێک لە نەوەکانی هەبوون.
هەڵکوتانە سەر دەوڵەت… خاڵی وەرچەرخان
وەرچەرخانی ڕاستەقینە بە مەلەفە کۆنەکانی کوشتن دەستی پێنەکرد، بەڵکو بە ڕووداوی هەڵکوتانە سەر فەرمانگەیەکی حکومی لەلایەن کەسانی سەر بە “ئەبو درع” دەستی پێکرد، کاتێک چەک چووە ناو دامەزراوەیەکی فەرمی بۆ سەپاندنی ئیرادەیەکی دیاریکراو. لەو ساتەدا، بابەتەکە لە سنووری تاوانە تاکەکەسییەکان تێپەڕی بۆ تەحدایەکی ڕاستەوخۆی شکۆی دەوڵەت، و هەژموونەکە تەنها لە سەر شەقامدا نەما، بەڵکو درێژبووەوە بۆ ناو دامەزراوەکانی. ڕووداوەکە لاوازیی پێکهاتەی کارگێڕیی دەرخست، و نیشانی دا کە مەترسییەکە چیتر لە دەرەوە نییە، بەڵکو لە ناو دڵیدا قەتیس بووە، کە تێیدا بڕیارەکان بە هێز دەسەپێنرێن نەک بە یاسا. ڕێک لەم خاڵەدا، چیتر نەدەکرا چاوپۆشی لە مەلەفەکە بکرێت یان دوابخرێت.
چەکێک کە لە یاسا بەرزترە
کێشەی “ئەبو درع” قەیرانێکی قووڵتر سەبارەت بە سروشتی دەوڵەت لە عێراق دەخاتە ڕوو؛ کاتێک تاکێک یان گروپێک خاوەنی چەک و هەژموونێک بن کە لە دەسەڵاتی دامەزراوەکان زیاتر بێت، یاسا دەگۆڕێت بۆ بژاردەیەکی هەڵبژێردراو، لێرەدا چەک تەنها لە ڕووبەڕووبوونەوەدا بەکارناهێنرێت، بەڵکو لە سەپاندنی ئیرادە لە ناو فەرمانگە حکومییەکاندا، و لە کاریگەری لەسەر بڕیارەکان بەکاردێت. ئەم واقیعە دەوڵەتێکی هاوتەریب دروست دەکات، کە لە ناو دەوڵەتی فەرمیدا کار دەکات و تواناکانی بۆ سەپاندنی سەروەرییەکەی سنووردار دەکات.
هەژموونی “ئەبو درع” تەنها لە ڕەهەندی ئەمنیدا کورت نەبووەوە، بەڵکو درێژبووەوە بۆ جومگە ئابوورییەکانی ناو بەغدا، کە ناوەکەی بە کۆنتڕۆڵکردنی گەراجە گشتییەکان و خانوبەرە لە چەند ناوچەیەکی زیندوودا بەستراوەتەوە، ئەمەش هەژموونەکەی گۆڕی بۆ ئامرازێک بۆ سەپاندنی باڵادەستی بەسەر جوڵەی کارکردنی ڕۆژانە و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکانی داهاتی پەیوەست بە ژیانی خەڵکەوە. ئەمە چالاکییەکی ئابووریی ئاسایی نەبوو، بەڵکو درێژکراوەی هێزی چەک بوو لە ناو بازاڕدا، کە تێیدا بەرژەوەندییەکان لە دەرەوەی چوارچێوە فەرمییەکان بەڕێوە دەبران. ئەم فراوانبوونە نەدەبوو ئەگەر ئەو چەترە سیاسییە نەبوایە کە پارێزگاریی بۆ دابین دەکرد، و هەژموونەکەی گۆڕی بۆ دەسەڵاتێکی فیعلی لەسەر زەوی، کە لە دەوڵەت تێدەپەڕێت و بژێوی هاووڵاتییان دەخاتە ژێر بەزەیی هێزەوە نەک یاسا.
دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ “ئەبو درع” لەم کاتەدا، کێشەی “دادپەروەریی دواخراو” دەخاتە ڕوو. بۆ ساڵانێک، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەکران بەبێ بەدواداچوونی ڕاستەقینە مانەوە، سەرەڕای مەترسییەکەیان. ئەم دواکەوتنە ڕەنگدانەوەی کێشەیەکی بنەڕەتییە لە کارکردنی دەسەڵاتی دادوەریدا، کە هەندێک جار خۆی لە ناو گەمارۆی فشارە سیاسی و ئەمنییەکاندا دەبینێتەوە. کاتێک دادپەروەری دوادەکەوێت، بەشێک لە واتای خۆی لەدەست دەدات، و قوربانییەکان هەست دەکەن کە مافەکانیان لە پێشینە نەبووە.
“ئەبو درع” لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا گۆڕا بۆ کەسایەتییەک کە لە واقیع تێدەپەڕێت، چیرۆکی لەسەر دەگێڕدرێتەوە و تێیدا ڕاستی لەگەڵ خەیاڵ تێکەڵ دەبێت. قسەکردن لەسەر کوژرانی بۆ زیاتر لە جارێک، و دەرکەوتنی دواتر، و بەستنەوەی بە کەسایەتییە سینەماییەکانەوە، هەموویان ڕەگەزێک بوون کە هەیبەتێکی تایبەتییان لە دەوری دروست کرد. ئەم هەیبەتە تەنها وردەکاری نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی لاوازیی گێڕانەوەی فەرمییە، و نەبوونی شەفافیەتە، کە بوار بۆ بڵاوبوونەوەی ئەفسانەکان لە ناو بۆشایی زانیاریدا دەکاتەوە.
تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی دەوڵەت
چیرۆکی “ئەبو درع” لە یەک کەسدا ناوەستێت، بەڵکو شێوازێک دەردەخات کە بە ناوە جیاوازەکان و دڵسۆزییە هەمەجۆرەکان دووبارە دەبێتەوە. لە زیاتر لە ناوچەیەکدا، نموونەیەکی هاوشێوە دەردەکەوێت؛ کەسایەتییەکی چەکدار کە پشت بە پەردەیەکی سیاسی یان ئاینی دەبەستێت، ئامادەیی خۆی بە هێز دەسەپێنێت، و هەژموونێک بنیات دەنێت کە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت تێدەپەڕێت. سەرکردە دەگۆڕێت، شوێن دەگۆڕێت، بەڵام میکانیزمەکە یەکە، چەکێک کە پێش یاسا دەکەوێت، و هەژموونێک کە دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی ڕۆژانە بەسەر خەڵکدا، لە کارکردنەوە تا جوڵە و تەنانەت وردترین وردەکارییەکانی ژیان. ئەم دیاردەیە بەو واتایەیە کە کێشەکە قووڵترە لەوەی تەنها تاکەکەسی بێت، و کۆتاییهێنان پێی بە ڕاوەدوونانی ناوێکی دیاریکراو بەدی نایەت، بەڵکو بە شکاندنی ئەو بازنەیەی دێت کە لە هەر جارێکدا “ئەبو درع”ێکی نوێ بەرهەم دەهێنێت.





