ئەگەر عێراق لە ئۆپیک بکشێتەوە چی ڕوودەدات؟

 

هێشتا مەرەکەبی ڕاگەیاندنی کشانەوەی ئیمارات لە “ئۆپیک” وشک نەببووەوە، کە ناوی عێراق هاتە نێو پێشنیازەکانی ئەمریکاوە و داوای هاتنە دەرەوەی بەغدا لەو ڕێکخراوە دەکات.

ئەم بابەتە بۆ ئەوانەی بەدواداچوون بۆ سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر گەورەترین ڕێکخراوی نەوتی لە جیهاندا دەکەن سوپرایز نەبوو، بەڵام ئەوەی زۆرێکی تووشی شۆک کرد، ئەو ئامرازە پێشنیازکراوە بوو بۆ عێراق؛ نە سزای ئابووری و نە فشاری دیپلۆماسی، بەڵکو شتێکی بەئازارتر و ڕاستەوخۆتر: سڕکردنی دەستڕاگەیشتنی بەغدا بەو دۆلارانەی کە لە یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکادا دانراون.

بیرۆکەکە بە سادەیی شۆکهێنەرە، چونکە عێراق کە نەوتەکەی هەناردە دەکات و داهاتەکەی لە هەژمارە ئەمریکییەکاندا دادەنێت، ڕەنگە ڕۆژێک خۆی لەبەردەم دەرگایەکی داخراوی ئەو گەنجینەیەدا ببینێتەوە کە هی خۆیەتی؛ نەک لەبەر ئەوەی هەڵەی کردووە، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی ڕەتیکردووەتەوە لە ڕێکخراوێک بچێتە دەرەوە کە خۆی پێش زیاتر لە شەش دەیە دایمەزراندووە.

ئەمانە سیناریۆی داهاتوو یان پێشبینیی شیکاری نین، بەڵکو پێشنیازێکی بەڵگەدارن کە لەلایەن “دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسییەکان” (FDD) دەرچووە و داوا لە ئیدارەی ئەمریکا دەکات ئەم کارتە بۆ فشارخستنە سەر بەغدا بەکاربهێنێت. مەترسیدارتر ئەوەیە کە بەڵگەنامەکە تەنها بە ڕاگرتنی هەژمارە بانکییەکان نەوەستاوە، بەڵکو پێشنیازی پاکێجێکی فشاری گشتگیر دەکات، ئەوەی پێی دەگوترێت “چاکسازییە ئەمنیی و داراییەکان”؛ واتە واشنتۆن ئەگەر بیەوێت، چەندین کارتی لەبەردەستدایە کە دەتوانێت لە یەک کاتدا بەکاریان بهێنێت.

ئەو بەڵگەنامەیەی هەموو شتێک دەڵێت

ڕاپۆرتی دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسییەکان ڕاسپاردەی ئەوەی خستووەتەڕوو “دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵی داهاتە نەوتییەکانی عێراق بکات کە لە هەژمارەکانی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکادان”، و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی “بەستنەوەی دەستڕاگەیشتنی بەغدا بەم هەژمارانە بە مەرجی چوونە دەرەوە لە ئۆپیک”، هاوشان لەگەڵ ئەوەی ناوی ناوە “چاکسازییە ئەمنیی و داراییەکان”.

ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە کە “واشنتۆن تەنها یەک کارتی فشاری بەرامبەر عێراق نییە، بەڵکو پاکێجێکی تەواوی لە پارە، ئەمنییەت و چاکسازی لەبەردەستە و ئامادەیە هەموویان پێکەوە بەکاربهێنێت”.

ڕاپۆرتەکە هەر بەوەندەوە نەوەستاوە، بەڵکو داوای کردووە واشنتۆن “دەستەبەری ئەوە بکات کە ئۆپیک چاک نەبێتەوە”، و ڕێکخراوەکەی وەک “کارتێکێکی قۆرخکار کە زیانی گەورەی بە بەکاربەرانی ئەمریکی گەیاندووە” وەسف کردووە و گوتوویەتی: “هەنگاوەکەی ئیمارات نموونەیەکە و دەبێت گشتگیر بکرێت”.

بەغدا ڕەتیدەکاتەوە.. بەڵام پرسیارێکی گەورە دروست دەبێت

لە بەرامبەر ئەم فشارانەدا، بەرپرسانی عێراق خێرا بوون لە یەکلاکردنەوە و وەڵامدانەوەی مشتومڕەکان و جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی، عێراق نیازی کشانەوەی لە “ئۆپیک” یان “ئۆپیک پڵەس” نییە و بەغدا بەردەوامە لە پابەندییەکانی بەرامبەر ڕێکخراوەکە. ئەم هەڵوێستە خێرا و یەکلاکەرەوەیە دوای ڕاگەیاندنی کشانەوەی ئەبوزەبی هات کە بڕیارە لە یەکی ئایارەوە دەستپێبکات.

“لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خودی ئیماراتیش یەکناگرێتەوە”

حەمزە جەواهیری، شارەزای نەوت پێیوایە “کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک بڕیارێکە زۆر جێی داخە و بە ڕوونی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خودی ئەبوزەبیشدا ناکۆکە”، ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ “لایەنگری ڕەهای ئیمارات بۆ هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر حیسابی هاوکێشە ئابوورییەکان”.

بەڵام جەواهیری خوێندنەوەیەکی مەیدانیی گرنگ دەخاتە ڕوو، پێی وایە “کاریگەریی دەستبەجێی ئەم کشانەوەیە لە ماوەی ئەمساڵدا سنووردار دەبێت، چونکە ناوچەی کەنداو لە ئێستادا نیمچە داخراوە و وڵاتانی وەک سعودیە، ڕووسیا و ئێران ئامرازی پێویستیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە هەیە”، بەڵام هۆشداری دەدات کە “کاریگەرییە نەرێنییە ڕاستەقینەکان ڕەنگە لە مەودای دووردا و دوای دوو یان سێ ساڵ دەربکەون”.

فورات موسەوی سەرۆکی سەنتەری وزەی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە “ئەو ئازادییە ڕووکەشەی عێراق لە کشانەوە دەستی دەکەوێت، بە ڕاستییەکی ئابووریی ڕەقدا دەکێشرێت”، و ڕوونی دەکاتەوە کە “فرۆشتنی شەش ملیۆن بەرمیل بە نرخی 60 دۆلار، داهاتێکی کەمتر بەدەست دەهێنێت وەک لە فرۆشتنی 4 ملیۆن بەرمیل بە نرخی 75 دۆلار”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ناوی نا “تەڵەی بڕی بەرهەم لە دەرەوەی ئۆپیک”.

هۆشداریش دەدات کە “کشانەوە لەئۆپیک، عێراق دەخاتە ناو جەنگێکی کراوەی نرخەکان لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکانی وەک سعودیە و ڕووسیا، بێ ئەوەی ئامرازی پێویستی بۆ بەرگەگرتن هەبێت”، جگە لە کاریگەریی ئەمە لەسەر متمانەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری وزە وەک TotalEnergies و BP.

لەسەر ئاستی دارایی گشتی، موسەوی ئاماژە بەوە دەکات کە “عێراق پێویستی بە نرخێکە کە کەمتر نەبێت لە 84 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بۆ هاوسەنگکردنی بودجە”، و پێی وایە هەر “دابەزینێکی نرخەکان، وڵات بەرەو کورتهێنانی دارایی بنەڕەتی و کۆنترۆڵنەکراو دەبات”.

لەکۆتاییدا دەڵێت: “مانەوە لەناو ئۆپێک نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی دانوستاندنە کە دەرفەت بە عێراق دەدات پێگەی خۆی بەهێز بکات، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی پێداچوونەوە بە پشکەکان لە ساڵی 2027دا”.

ئەندامی دامەزرێنەر بە ئاسانی جێی ناهێڵێت

عاسم جیهاد، ڕاوێژکاری نەوتی و بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی نەوت، ڕەهەندێکی مەیدانیی گرنگ بۆ بابەتەکە زیاد دەکات و جەخت دەکاتەوە کە بڕیاری کشانەوەی ئیمارات، ئەگەرچی مەرج نییە ببێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی ڕێکخراوەکە، بەڵام پرسیاری جدیی لەسەر یەکگرتوویی هاوپەیمانییە نەوتییەکە و توانای بەڕێوەبردنی بازاڕ لە قۆناغی داهاتوودا دروست کردووە.

جیهاد هۆشداری دەدات لە “مەترسییەکی دوو هێندە کە بریتییە لە گرژییە بەردەوامەکانی گەرووی هورمز، چونکە هەر پەککەوتنێک لە ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن ڕاستەوخۆ لە داهاتەکانی عێراق دەدات، تەنانەت ئەگەر نرخەکان لە جیهانیشدا بەرز بن”.

ئەو دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە “بەهێزکردنی هەماهەنگی لەناو ئۆپیک عاقڵانەترین بژاردەیە لەژێر ڕۆشنایی ئەم پێدراوانەدا، چونکە هەر پاشەکشەیەک لە یەکگرتوویی ڕێکخراوەکە، دەرگا بۆ ناجێگیرییەکی توندی نرخەکان دەکاتەوە کە عێراق ناتوانێت بە تەنیا بەرگەی لێکەوتەکانی بگرێت”.

لە 10ی ئەیلوولی 1960 دا و لە شاری بەغدا، نوێنەرانی پێنج وڵات (عێراق، سعودیە، ئێران، کوێت و ڤەنزوێلا) کۆبوونەوە و لەدایکبوونی ڕێکخراوی “ئۆپیک”یان ڕاگەیاند. ئامانجەکە تەنها قازانج نەبوو، بەڵکو لە جەوهەردا ڕاگەیاندنی سەروەریی مافی وڵاتانی بەرهەمهێن بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی سامانی نەوتییان لە بەرامبەر کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکاندا کە پێشتر نرخەکانیان دەسەپاند و بە کەیفی خۆیان کۆنترۆڵی بەرهەمهێنانیان دەکرد.

کەواتە عێراق ئەندامێکی ئاسایی نییە لە “ئۆپیک”، بەڵکو یەکێکە لە باوکە دامەزرێنەرەکانی، بەغدا ئەو شارەیە کە شایەدی لەدایکبوونی بووە. ئەم مێژووە سەنگێکی ڕەمزی و ئابووریی جیاواز بە هەڵوێستی ئەمڕۆی عێراق دەبەخشێت. ڕوخاندنی ئەندامی دامەزرێنەر تەنها لاوازکردنی ڕێکخراوەکە نییە، بەڵکو پەیامێکە بۆ هەر وڵاتێک کە بیر لە دروستکردنی کۆمەڵەیەکی سەربەخۆ بکاتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی. پارادۆکسە ئازاربەخشەکە ئەوەیە؛ عێراقێک کە “ئۆپیک”ی وەک ڕاگەیاندنی سەروەریی بەسەر سامانی نەوتەکەیدا دامەزراند، ئەمڕۆ خۆی لەبەردەم پلانێکدا دەبینێتەوە کە دەیەوێت دۆلارەکانی وەک چەکێک بۆ لەناوبردنی ئەوەی بنیاتی ناوە بەکاربهێنێت.

OPEC at 60

 

 

Back to top button