
لە کاتێکدا گرژییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت لە گەرووی هورمز بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران گەیشتوونەتە لووتکە، وڵاتانی ناوچەکە بەدوای ڕێڕەوە ستراتیژییە ئارامەکاندا دەگەڕێن، بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕێڕەوە دەریاییەکان کە ئاسایشیان لەرزۆک بووە.
لە 22ی نیسانی 2026، ساڵح جاسر، وەزیری گواستنەوەی سعودیە، ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەکان بۆ پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری نێوان سعودیە و تورکیا لە ڕێگەی ئوردن و سووریاوە پێش کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبن. ئەم هەنگاوە کە لەلایەن وەزیرانی دەرەوە و گواستنەوەی تورکیاوە (هاکان فیدان و عەبدولقادر ئۆرال ئۆغڵو) پشتڕاستکراوەتەوە، لە ڕاستیدا زیندووکردنەوەی “هێڵی ئاسنیی حیجاز”ی مێژووییە کە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە ساڵی 1900دا دەستی پێکردبوو.
ئایا ئەم پڕۆژەیە دەبێتە جێگرەوەی “ڕێگەی گەشەپێدان”ی عێراق؟
سەرهەڵدانی ئەم پڕۆژە نوێیە پرسیاری لای چاودێران دروست کردووە دەربارەی چارەنووسی “ڕێگەی گەشەپێدان” کە عێراق لە ئایاری 2023دا ڕایگەیاند بۆ بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپا لە ڕێگەی بەندەری فاو و هێڵێکی ئاسنی 1200 کیلۆمەتری بەرەو سنوورەکانی تورکیا.
حامد عوبەیدی، توێژەری عێراقی، لەم بارەیەوە دەڵێت: “وڵاتان بەدوای ڕێگەی ئارامدا دەگەڕێن کە بە وڵاتە سەقامگیرەکاندا تێپەڕێت.” ئەو پێی وایە هەرچەندە ڕێگەی گەشەپێدان لە ڕووی جوگرافییەوە جیاوازە و کەلوپەل لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و چینەوە دەگوازێتەوە، بەڵام هەژموونی میلیشیا چەکدارەکان و نادڵنیایی سیاسی لە عێراق، لەگەڵ تێچووە زەبەلاحەکەی، وا دەکات پێشبینیکردنی کاتی تەواوبوونی پڕۆژە عێراقییەکە ئەستەم بێت.
هەروەها عوسمان موختار، میدیاکاری عێراقی، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی “ئێکس” نوسیویەتی: “پڕۆژەی سعودی-ئوردنی-سووری ڕەنگە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە گۆڕ بنێت پێش ئەوەی دەست پێ بکات”، چونکە ئەو ڕێگەیە بە ناوچەیەکدا تێدەپەڕێت کە سەروەریی یاسای تێدایە و دوورە لە نفووزی میلیشیاکان.
هەڵوێستی فەرمیی عێراق
لە بەرامبەر ئەم گومانانەدا، مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، جەختی کردەوە کە حکومەت لە قۆناغی کۆتایی دیزاینەکەیدایە و هەنگاوی داهاتوو خستنەڕووی پڕۆژەکەیە بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان. محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە ئەم پڕۆژەیە “ناوچەکە لە ڕووی ئابوورییەوە دەگۆڕێت.”
ڕوانگەیەکی جیاواز: تەواکاری نەک کێبڕکێ
زیاد هاشمی، پسپۆڕی ئابووریی عێراقی، دیدگایەکی جیاوازی هەیە. ئەو پێی وایە هەبوونی چەند ڕێڕەوێکی جیاواز لە ناوچەکەدا بە واتای شکستی یەکێکیان نییە، چونکە هەر ڕێگەیەک بازاڕ و ئامانجی تایبەت بە خۆی هەیە. ڕێگەی سعوودی زیاتر بۆ بەستنەوەی بازاڕەکانی کەنداوە بە ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەرووەکان و کەناڵی سوێس، لە کاتێکدا ڕێگەی عێراقی تەرخانکراوە بۆ بازرگانیی نێوان ئاسیا و ئەوروپا.
هاشمی هۆشداری دەدات کە “هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر ڕێگەی گەشەپێدان، داخستنی گەرووی هورمزە”، چونکە عێراق لە ناو بازنەیەکی داخراودایە و ئەگەر کەشتییەکان نەگەنە بەندەری فاو، پڕۆژەکە بەهای نامێنێت.
دەرفەتێکی زێڕین یان مەترسییەکی ستراتیژی؟
موجاهید تائی، لێکۆڵەری سیاسی، پێی وایە “ڕێگەی گەشەپێدان” ئێستا تەنیا پڕۆژەیەکی ئاوەدانی نییە، بەڵکو بژاردەیەکی ستراتیژییە بۆ گۆڕینی نەخشەی وزە و بازرگانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تائی دەڵێت کە 90٪ی داهاتی عێراق بەندە بە هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمزەوە، بۆیە هەر گرژییەک لەوێ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی.
تائی جەخت دەکاتەوە کە پەککەوتنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز “زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە” و دەرفەتێکی دەگمەن دەداتە عێراق بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی پێگەی خۆی، بەڵام ئەمە تەنیا بە دروستکردنی ژێرخان نابێت، بەڵکو پێویستی بە چاکسازیی سیاسیی قووڵ و ژینگەیەکی ئەمنیی سەقامگیر هەیە بۆ ئەوەی جیهان متمانەی پێ بکات، بەتایبەت لە سایەی هەبوونی ڕێگەی جێگرەوەی وەک سووریا و ئوردن.





