سودانی دوای چوار ساڵ؛ نیوەی بەڵێنەکانیشی جێبەجێ نەکرد

 

ئەرکەکانی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی بە شێوەیەکی فەرمی کۆتاییان هات، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق دەنگی بە حکومەتە نوێیەکەی عەلی زەیدی دا و متمانەی بە کابینە وەزارییەکەی بەخشی؛ هەرچەندە دەنگدانەکە ناتەواو بوو، چونکە هێشتا 9 وەزارەت بە بەتاڵی ماونەتەوە.

سوودانی لە تشرینی یەکەمی 2022دا سەرۆکایەتیی حکومەتی پێشووی گرتەدەست، لەو کاتەدا بەرنامەیەکی وەزاریی پێشکەش کرد کە پشتی بە بەرنامەی سیاسی دەبەست؛ ئەو ڕێککەوتنەی لە ناو هاوپەیمانیی “ئیدارەی دەوڵەت”دا ئیمزا کرا و لەسەر بنەمای ئەوەش حکومەتی ئەو کاتە پێکهێنرا.

سوودانی لە گوتاری ماڵاواییدا کە ئاڕاستەی گەلی عێراقی کرد، گرنگترین ئەو دەستکەوتانەی خستە ڕوو کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەدیهاتوون، لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی حکومەتەکەی بوونەتەوە.

سوودانی لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند: “حکومەت لە وەرچەرخانێکی سیاسیی مەترسیدارەوە دەستی پێکرد کە خەریک بوو وڵات بەرەو ئاقارێکی سەخت ببات،” ئاماژەی بەوەش کرد کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی سیاسی بووەوە، لەگەڵ ئاڵنگاریی دارایی توند، سەرەڕای ئاڵنگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کە عێراق کاری بۆ ئەوە دەکرد وڵات لەو ململانێیانە دووربخاتەوە.

ڕوونیشی کردەوە کە “بەرنامەی حکومەت پشتی بە 5 کاری لە پێشینەی سەرەکی بەستبوو، کە بریتی بوون لە: بنبڕکردنی گەندەڵی، بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، چارەسەرکردنی بێکاری، چاکسازیی دارایی و کارگێڕی، و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.” جەختیشی کردەوە کە “حکومەت سیاسەتێکی دیپلۆماسیی هاوسەنگی گرتبووەبەر کە عێراقی والێکرد پێگەی هەرێمی و نێودەوڵەتیی خۆی بەهێز بکات، بەبێ ئەوەی ڕابکێشرێتە ناو سیاسەتی جەمسەرگەرییەوە، لە کاتێکدا وەبەرهێنانەکان لە سەردەمی ئەودا ئاستی 114 ملیار دۆلاریان تێپەڕاند.”

لە ڕووی ئابووریی و خزمەتگوزارییەوە، سوودانی ڕوونی کردەوە کە “سێ هەزار و 250 پڕۆژەی پەککەوتوو بەگەڕخرانەوە و چارەسەرکران، بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بۆ 29 هەزار مێگاوات بەرزکرایەوە، هەروەها ژیان بۆ سەدان پڕۆژەی تەندروستی گەڕایەوە و 22 نەخۆشخانەی نوێش کەوتنە خزمەتەوە.”

سوودانی باسی لەوەشکرد: “خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی ئاسن، پەین، چیمەنتۆ، شەکر، ئارد و ڕۆنی خۆراکدا بەدیهاتووە، لەگەڵ خۆماڵیکردنی پیشەسازیی دەرمان. هاوکات پشتگیرییەکی بەرفراوان پێشکەش بە جوتیاران کراوە سەرەڕای بارودۆخی دارایی سەخت، و خۆبژێویش لە بەرهەمی گەنمدا بەدیهاتووە کە قەبارەی بەرهەمهێنانی لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 602 ملیۆن تۆن.”

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، سوودانی ئاشکرای کرد کە “963 هەزار خێزانی نوێ خراونەتە ناو تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییەوە، ئەمەش بەشدار بووە لە دابەزاندنی ڕێژەی هەژاری لە 25٪ەوە بۆ نزیکەی 10٠٪ لە ماوەی سێ ساڵدا، هەروەها ڕێژەی بێکاریش لە 16.5٪ەوە بۆ 13.5٪ دابەزیوە.”

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە “حکومەت چارەسەری کۆتایی بۆ مەلەفی پلە وەزیفییەکان پێشکەش کردووە بەپێی یاساکانی پێشوو کە جێبەجێ نەکرابوون، لەگەڵ پێشکەوتنێکی گەورە لە وەبەرهێنانی گازی هاوەڵدا و بەرزکردنەوەی بۆ 74٪ دوای ئەوەی تەنیا 52٪ بوو.”

لە کەرتی وزەدا، سوودانی گوتی: “توانای پاڵاوتنی پاڵاوگە عێراقییەکان بۆ نزیکەی 102 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2022 دا 600 هەزار بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا. لەو نێوەندەشدا گرێبەستی گرنگ لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی وەک برتێش پێترۆلیۆم، تۆتاڵ، شیڤرۆن، ئێکسۆن مۆبیل و هالیبێرتۆن واژۆ کران.”

سوودانی لێدوانەکەی درێژە پێدا و گوتی “پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان لە خەونەوە بووە واقیع و چووەتە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنەوە، کە زیاتر لە 100 هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ دابین دەکات، قەرزە دەرەکییەکانی عێراق لە ماوەی 4 ساڵدا لە 13 ملیار دۆلارەوە بۆ نزیکەی 10 ملیار دۆلار دابەزیون،” و ئاماژەی بەوەش کرد کە “هەڵاوسانی ساڵانە لە 7.5٪ەوە بۆ 2.7٪ دابەزیوە.”

باسی لەوەشکرد، “حکومەت سیستمی (ئەسیکۆدا)ی لە دەروازە سنوورییەکاندا جێبەجێ کردووە، ئەمەش کارەکەی گواستووەتەوە بۆ ئاستێکی بێپێشینە لە کۆنترۆڵ، ڕێکخستن و شەفافییەت، هەروەها ئاستی بەدواداچوون، خێرایی ڕاپەڕاندنی مامەڵەکان و کۆکردنەوەی ڕسووماتی بەهێزتر کردووە.”

سەرۆک وەزیرانی پێشوو ئاماژەی بەوەش دا کە “حکومەتەکەی زیاتر لە 19 تریلیۆن دینار قەرزی ناوخۆیی داوەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکدا بۆ بەڕێوەبردنی قەرزی گشتی و سووککردنی بارگرانییە داراییەکانی سەر دەوڵەت.”

لە کەرتی ژێرخاندا، سوودانی ئاشکرای کرد کە ڕێژەی داپۆشینی تۆڕەکانی ئاوەڕۆ بۆ 74٪ی کۆی ناوچە شارییەکان بەرزبووەتەوە، ئەمەش دوای ساڵانێکی درێژ لە دواکەوتن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا. هەروەها حکومەت سەرکەوتوو بووە لە لێدانی نزیکەی هەزار کیلۆمەتر ڕێگای دەرەکی نوێ، و قیرتاوکردنی نزیکەی 130 ملیۆن مەتر چوارگۆشە لە شەقامەکان. ئاماژەی بەوەش کرد کە “12 پردی نوێ دروستکراون و 42 پردی دیکەش نۆژەنکراونەتەوە، سەرەڕای 16 پڕۆژە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆ تەنیا لە بەغدا، لە چوارچێوەی پلانەکان بۆ چارەسەرکردنی قەرەباڵغی و باشترکردنی دۆخی گواستنەوە.”

لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە، سوودانی جەختی کردەوە کە “تیمی هەوڵی خزمەتگوزاری و ئەندازیاری سەرپەرشتی جێبەجێکردنی زیاتر لە 725 پڕۆژەی لە سەرتاسەری عێراقدا کردووە، کە کەرتەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، ڕێگاوبان، ڕوناککردنەوە و چەندینی دیکەی گرتووەتەوە.”

هەروەها تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی بە پڕۆژە پێنجەکانییەوە لە بەندەری فاوی گەورە ڕاگەیاند، کە یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی ژێرخان.

لە مەلەفی بنبڕکردنی گەندەڵیدا، سوودانی گوتی: “حکومەت توانیویەتی زیاتر لە 383 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لەگەڵ 33 تۆمەتبار بە گەندەڵی لە دەرەوەی عێراق بگەڕێنێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەدواداچوونی دارایی دزراودا.”

بەڵام سوودانی، وەک سەرۆک وەزیرانەکانی دیکەی پێش خۆی، نەیتوانی بەندەکانی ڕێککەوتنی سیاسی لە لایەک، و بڕگەکانی بەرنامەی وەزاری لە لایەکی دیکەوە جێبەجێ بکات؛ نەیتوانی زۆربەی ئەو بڕگانە بەدیبهێنێت، بەتایبەتی مەلەفە سیادییەکان کە دەبوو وڵات لە داڕمان، شەڕ، سزاکان و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی ڕزگار بکەن.

سەرەڕای سەرکەوتنی سوودانی لە دوورخستنەوەی ڕاستەوخۆی عێراق لەو شەڕە نوێیانەی لە ناوچەکەدا ڕوویاندا، بەڵام لە ڕووی مەیدانییەوە عێراق وەک لایەنێکی پاشکۆی ئێران بەشدار بوو تێیدا. لەوەش گرنگتر، حکومەت دەستەوەستان بوو لە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و لێدانی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە دەسەڵاتی بڕیاردانی شەڕ و ئاشتییان بە خۆیان بەخشیبوو، بە دوور لە هەڵوێستی حکومەتی عێراق.

هەروەها عێراق لە سەردەمی حکومەتەکەی سوودانیدا مەڵبەندێک بوو بۆ دەستوەردانی دەرەکی، ئەمەش پێچەوانەی چەمکی سیادە (سەروەری) بوو کە یەکەم دروشم بوو سوودانی بەرزی کردبووەوە؛ بە جۆرێک عێراق جارێک لەژێر گوشاری ئەمریکادا بوو و جارێکی دیکەش لەژێر کارپێکردن و فەرمانەکانی ئێراندا.

لە کاروباری ناوخۆشدا، بەڵێنەکانی سوودانی بۆ چارەسەرکردنی مەلەفی ئەو شارانەی دانیشتووانەکەیانی لێ داماڵراوە، کشانەوەی گروپە چەکدارەکان لە شارەکان، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شەڕ، ڕووناکییان نەبینی. چەندین شار کە دیارترینیان “جورف سەخەر” و “عۆجە”ن، تا ئێستاش لە دانیشتووانی کۆچپێکراوی زۆرەملێ بەتاڵن، و ئاوارەکانی جورف سەخەر، شنگال، عەزیز بەلەد و هەندێک ناوچەی دیالە تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە، هەروەها زیانلێکەوتووانی شەڕ لە مووسڵ، فەللوجە، تکریت و بێجیش قەرەبوو نەکراونەتەوە سەرەڕای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی شارەکانیاندا.

لەم چوارچێوەیەدا، چالاکوانی مافناس و سیاسی “موعاز جبووری” جەخت دەکاتەوە کە حکومەتی سوودانی لە بەدیهێنانی بەند و بڕگەکانی ڕێککەوتنی سیاسی و بەرنامەی حکومەتدا بێدەسەڵات بووە، ئەو بەرنامەیەی کە پەرلەمان دەنگی پێدا و سوودانی بەڵێنی دابوو لە ماوەی حکومەتەکەیدا جێبەجێی بکات.

جبووری لە لێدوانێکدا بۆ “کوردمۆنیتەر” ڕایگەیاند: “حکومەتی سوودانی بەڵێنەکانی نەبردە سەر لە بەدیهێنانی زۆرێک لە بڕگەکانی بەرنامەکەی کە بەڵێنی دابوو لەبەردەم گەلدا جێبەجێیان بکات، لەم بڕگانەش مەلەفی تایبەت بە ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان بەتایبەتی لە جەرف سوخەر، و ئاشکراکردنی چارەنووسی هەزاران بێسەروشوێنکراوی پارێزگا سوننەکان.”

گوتیشی: “پارێزگا سوننەکان بەشی خۆیان لە بودجە بەدەستنەهێنا، و شایستەی خۆشیان لە مەلەفی خزمەتگوزاریدا وەرنەگرت کە حکومەت لە زۆرێک لە پارێزگاکاندا جێبەجێی کرد.”

جەختیشی کردەوە کە “حکومەتی سوودانی لە کۆنترۆڵکردنی چەکی بێسەروبەر و گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بێدەسەڵات بوو،” و ڕوونی کردەوە کە “سەرەڕای سەرکەوتنی حکومەت لە بێلایەنکردنی وڵات لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆ لە شەڕی ئەم دواییانەدا، بەڵام نەیتوانی کۆنترۆڵی ئەو گروپانە بکات کە عێراقیان پەلکێشی ناو ململانێکە کرد لە ڕێگەی کردنی بە بەشێک لە جوگرافیای شەڕەکە، ئەمەش بەهۆی خستنەبەر گۆڕەپانی ئامانجە عێراقییەکان بۆ بۆردومان و بەئامانجگرتنی شوێنە گرنگەکان لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەنجامدانی هێرش لە خاکی عێراقەوە بەرەو دەوڵەتانی دراوسێ.”

جبووری ئاماژەی بەوەش دا کە “سوودانی لە چارەسەرکردنی هەندێک مەلەفی تایبەت بە چەند پارێزگایەکیشدا بێتوانا بوو، هەرچەندە چارەسەرکردنیان تەنیا پێویستی بە بڕیارێکی ئەو هەبوو، بۆ نموونە مەلەفی فراوانکردنی شاری مووسڵ کە لە ڕووی یاساییەوە دەقی لەسەرە و پەکخراوە بەهۆی ڕەتکردنەوەی هەندێک کەمینە لە دانیشتووانی نەینەوا، هەروەها کێشەی ڕێگریکردن لە بیناسازی لەسەر زەوییە نیشتەجێبوونەکان لە ناو مووسڵدا بەهۆی چەکی گروپەکانەوە.” سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە “بە شێوەیەکی گشتی حکومەتی سوودانی سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەستنەهێناوە کە شایانی باسکردن بێت، و بەرنامەی حکومەتیشی جێبەجێ نەکرد کە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی پێدابوو.”

لەلایەکی دیکەوە، توێژەری کاروباری سیاسی “محەمەد عەباس” پێی وایە حکومەتی سوودانی سەرکەوتوو بووە لە خوڵقاندنی کەشێکی نوێی خزمەتگوزاریدا لە ڕێگەی جوڵاندنی پڕۆژە پەککەوتووەکانەوە، بەڵام نەیتوانیوە مەلەفە بنەڕەتییەکان لەگەڵ هێزە سیاسییەکاندا یەکلایی بکاتەوە، وەک (لێبوردنی گشتی، نەوت و گاز، چەک و هتد).

عەباس بۆ کورد مۆنیتەر گوتی: “بەرنامەی حکومەتەکەی سوودانی، کە پەرلەمان لە تشرینی یەکەمی 2022دا دەنگی پێدا، پشتی بە دەرئەنجامەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بەستبوو، ئەمەش وایکرد بەڵێنەکان دابەش ببن بەسەر مەلەفی خزمەتگوزاریی ڕاستەوخۆ و مەلەفە سیاسییە سیادییە ئاڵۆزەکاندا.” ئاماژەی بەوەش کرد کە “حکومەت سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بە حکومەتی دەستکەوت ناسراوە، بە جۆرێک پێشکەوتنێکی ڕوون لەو مەلەفانەدا بەدیهات کە پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانەوە هەیە؛ حکومەت سەرکەوتوو بوو لە ڕاگەیاندن و جێبەجێکردنی پلانی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆ لە بەغدا، و کردنەوەی چەندین پرد و بەرزەپرد لە کاتێکی پێوانەییدا، ئەمەش نیشانەی جددیبوونی جێبەجێکردنەکەی دا.”

باسی لەوەشکرد “حکومەتی سوودانی کاری کرد لەسەر فراوانکردنی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی سەدان هەزار خێزانی نوێ بگرێتەوە، کە ئەمەش بەڵێنێکی بنەڕەتی بوو بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری، لەگەڵ یەکلاییکردنەوەی مەلەفی دامەزراندنی هەزاران گرێبەست لە فەرمانگەکانی دەوڵەتدا، کە گرنگییەکی زۆری لە شەقامی عێراقیدا هەبوو، سەرەڕای هەوڵەکانی سوودانی بۆ چالاککردنی ڕێگای گەشەپێدان وەک شادەمارێکی ئابوریی ستراتیژی کە ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاواوە لە ڕێگەی بەندەری فاوی گەورەوە دەبەستێتەوە.”

عەباس بەردەوام بو و گوتی: “سەبارەت بە مەلەفە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هێزە سوننە و کوردییەکان، ئەوا بەڵێنەکان هێشتا لە قۆناغی جێبەجێکردندان یان پەکخران، لێرەشەوە بۆشایی نێوان بەڵێنە سیاسییەکانی هەڵبژاردن و واقیع دەردەکەوێت. لە لایەنی سوننەکانەوە، یاسای لێبوردنی گشتی وەک دیارترین مەلەف مایەوە، چونکە بەهۆی ناکۆکی لەسەر پێناسەکردنی تیرۆر و ئەو کەسانەی دەیانگرێتەوە ڕووبەڕووی بەربەست بووەوە، و یاساکەش بەو شێوەیەی کە هێزە سوننەکان پێی ڕازی بن پەسەند نەکرا، و ئیرادەی هاوبەشەکان لەم بابەتەدا جددی نەبوو.” ئاماژەی بەوەش دا کە “مەلەفەکەی دیکە شارە ڕزگارکراوەکان و ئاوارەکانە، بە جۆرێک بابەتی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان (لە جورف سەخەر و شوێنەکانی دیکە) بە هەڵپەسێردراوی مایەوە، و مەلەفی قەرەبووکردنەوەکان و ئاوەدانکردنەوەی شارەکانیش بە بەراورد بە بەڵێنەکان بە سستی بەڕێوەچوو.”

ئەوەشی خستەڕوو: “بابەتە گرنگەکەی دیکە بریتییە لە هاوسەنگی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەتایبەتی لە پۆستە ئەمنی و سیادییەکاندا، کە بەبێ بەشداریپێکردنی سوننەکان لە بەڕێوەبردنی بڕیاری ئەمنیدا بە پەکخرای مایەوە.”

سەبارەت بە لایەنی کوردی، عەباس پێی وایە “چەندین مەلەف یەکلایی نەکرانەوە تەنها وەک مەرەکەبی سەر کاغەز مانەوە، یەکەمیان مەلەفی مووچەی فەرمانبەران بوو، کە لە ڕێگەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکانەوە بۆ خەرجکردنی ڕاستەوخۆی مووچەکان گۆڕانکاریی بەخۆیەوە بینی، بەڵام هێشتا بەستراوەتەوە بە هەڵبەز و دابەزی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر، لە کاتێکدا گەورەترین بەڵێن کە بەدی نەهات یاسای نەوت و گاز بوو؛ چونکە بە نەبوونی ئەو یاسایە، پەیوەندییە نەوتییەکان لە ناوچەیەکی خۆڵەمێشیدا دەمێننەوە، ئەمەش مەلەفی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە زیاتر ئاڵۆز دەکات.”

عەباس تێبینییەکی خستە ڕوو: “سەبارەت بە ئاستی مەلەفە سیادییەکان لە بەرنامەکەی سوودانیدا کە ڕووناکییان نەبینی، لەوانەش بوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کە تێیدا سوودانی بەڵێنی دابوو بگوازرێتەوە بۆ پەیوەندیی دووقۆڵی و کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانییەکە، هەرچەندە لیژنەی هونەری پێکهێنرا و گفتوگۆش دەستی پێکرد، بەڵام خشتەی کاتی پاشەکشەی کۆتایی بەستراوەتەوە بە بارودۆخی هەرێمی و گرژییەکانی نێوان گروپەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.”

سەبارەت بە چەک و لایەنە چەکدارەکانیش، عەباس گوتی: “سوودانی بەڵێنی کۆنترۆڵکردنی چەکی لە دەستی دەوڵەتدا دابوو، بەڵام ئەم خاڵە هیچ ڕێکارێکی ڕیشەیی بەخۆیەوە نەبینی بۆ گۆڕینی ئەو واقیعەی کە هەیە.”

لەسەر ئاستی ئابوریش، عەباس ئاماژەی بەوە دا کە “سوودانی بەڵێنی کۆنترۆڵکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوی دابوو، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان و ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی، هێشتا جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و هاوتەریب بڕستی لە هاووڵاتی بڕیوە، ئەمەش شکستە لە بەدیهێنانی سەقامگیریی دراوی بە تەواوی.”

عەباس لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: “توانای جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت بەستراوەتەوە بە ڕادەی یەکگرتوویی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و توانای مانۆڕکردنی سوودانی لە نێوان گوشارە ناوخۆییەکانی هێزە سیاسییەکان و گوشارە دەرەکییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا.”

 

Back to top button