
لە ژێر ڕۆشنایی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران، نەخشەی گواستنەوەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکاریی خێرای بەخۆیەوە بینیوە. ئەمەش دوای ئەو شۆکانەی کە بەر گەرووی هورمز کەوتن، گورزێک کە کێشەیەکی قورسی خستە سەر ئاسایشی وزەی جیهانی و ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوت.
ئەم پێشهاتانە دووبارە مەترسییەکانی پەیوەست بە پشتبەستنی لەڕادبەدەر بە گەرووە دەریاییەکانیان هێنایەوە پێشەوە، بەتایبەت لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەکانی داخستنی تەواوەتی یان بەشێکی گەرووی هورمز، کە نزیکەی پێنج یەک (20%)ـی پێداویستی وزەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. ئەم دۆخە وای لە ژمارەیەک لە وڵاتانی نەوتیی ناوچەکە کرد، کە دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ ستراتیژی هەناردەکردنی نەوت بەشێوەی تەقلیدی بکەنەوە و بەدوای جێگرەوەی ئارامتر و جێگیرتردا بگەڕێن، چ لە ڕێگەی ڕێڕەوە وشکانییەکان یان بۆریی نێوان سنوورەکان.
لەو چوارچێوەیەدا، هێڵی کەرکووک – جەیهان وەک یەکێک لە دیارترین بژاردە ستراتیژییە بەهێزەکان لەسەر مێزی گفتوگۆکان خۆی نیشاندا، کە وەك ڕێڕەوێکی گرنگ بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ دەریای ناوەڕاست لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە بۆ کاراکردنەوەی هێڵەکە و بەهێزکردنی ڕۆڵەکەی لە هاوکێشەی وزەی هەرێمیدا، لە ناو ژینگەیەکی جیۆپۆلەتیکی زۆر ئاڵۆز ، ئایا ئەم هێڵە وشکانییەی نەوت دەتوانێت خۆی وەک جێگرەوەیەکی ستراتیژیی ئارام لە نەخشەی نوێی وزەدا بسەپێنێت؟
حیساباتی وزە دەگۆڕێت
هێڵی کەرکووک – جەیهان بە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ستراتیژییەکانی گواستنەوەی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادەنرێت؛ چونکە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە بەندەری جەیهانی تورکی لەسەر دەریای ناوەڕاست دەبەستێتەوە، ئەمەش دەیکاتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان، و یەکێکە لە دیارترین هێڵەکانی وزەی وشکانی کە بۆ چەندین دەیە گرنگیی جیۆپۆلەتیکی خۆی پاراستووە.
درێژیی ئەم هێڵە نزیکەی 970 کیلۆمەترە و لە ساڵی 1976دا بە فەرمی دروستکراوە. هێڵەکە لە دوو بۆری سەرەکی پێکدێت؛ یەکەمیان بە تیرەی 46 ئینچ و دووەمیان بە تیرەی 40 ئینچ، لە کاتێکدا توانای دیزاینکراوی گواستنەوەی لە نێوان 500 هەزار بۆ 1.1 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدایە، کە لەلایەن چەندین وێستگەی پاڵنانی پێشکەوتووەوە لەسەر درێژایی ڕێڕەوەکە پاڵپشتی دەکرێت.
سەرەڕای ئەو گرنگییە ستراتیژییەی کە ئەم هێڵە هەیەتی، لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی زنجیرەیەک ئاڵنگاریی بووەوە کە بووە هۆی چەندین جار پەککەوتنی، چ لە ئەنجامی هێرشە ئەمنییەکان کە ژێرخانی وزەیان دەکردە ئامانج، یان بەهۆی ناكۆكییە سیاسی و تەکنیکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت بە بەڕێوەبردنی هەناردەکردنی نەوت و میکانیزمەکانی هەناردەکردن و گرێبەستە نەوتییەکان.
بەڵام گۆڕانکارییە هەرێمییەکانی ئەم دواییە و لە سەرووی هەموویانەوە گرژییە پەرەسەندووەکانی گەرووی هورمز و ئەو مەترسییانەی کە لەگەڵیدا بوون سەبارەت بە ئاسایشی دابینکردنی نەوتی جیهانی، هێڵی کەرکووک – جەیهانیان گەڕاندەوە بۆ ناو بازنەی بایەخی ستراتیژی، وەک یەکێک لە جێگرەوە وشکانییەکان کە توانای کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕێڕەوە دەریاییە هەستیارەکانی هەیە.
لە ژێر لۆژیکی پێویستی و پراگماتییەتی سیاسی و ئابووریدا، بەغدا و ئەنقەرە بەرەو زیندووکردنەوەی ئەم ڕێڕەوە نەوتییە و بەهێزکردنی دەرفەتەکانی گەڕانەوەی بۆ خزمەتگوزاریی تەواوەتی هەنگاو دەنێن، ئەمەش لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستە سیاسی، تەکنیکی و ئەمنییەکان کە ساڵانێکە ڕێگر بوون لە بەکارهێنانی بە تەواوی توانای خۆیەوە، بە شێوازێک کە لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکانی نەخشەی وزەی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بگونجێت.
دەرچەیەکی ڕزگاربوون بۆ عێراق
عێراق بە شێوەیەکی تەواوەتی پشت بە گەرووی هورمز دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی خۆی، بەوپێیەی لەنێوان 85% بۆ 90%ـی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی بەندەرەکانی بەسرە لە باشووری وڵاتەوە بەرەو کەنداوی عەرەبی و پاشان گەرووی هورمز تێپەڕ دەبێت تا دەگاتە بازاڕەکانی جیهان. ئەمەش وایکردووە ئابووری عێراق بە توندی بە سەقامگیریی ئەم ڕێڕەوە دەریاییە گرنگەوە ببەسترێتەوە.
لەگەڵ هەڵکشانی گرژییە هەرێمییەکانی پەیوەست بە شەڕی ئەم دواییە، سیستەمی هەناردەکردنی نەوتی عێراق ڕووبەڕووی شۆکێکی توند و بێپێشینە بووەوە، کە ڕاستەوخۆ لەسەر داهاتی گشتی ڕەنگی دایەوە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی پشتبەستنی ئابووری عێراق بە نەوت بە ڕێژەی نزیکەی 90%ـی سەرچاوە داراییەکانی. لە ماوەی ئاداری 2026دا، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ نزیکەی 18.6 ملیۆن بەرمیل کەمبووەوە، لە کاتێکدا لە شوباتی پێشووتردا نزیکەی 100 ملیۆن بەرمیل بوو، واتە دابەزینێک کە زیاتر لە 80% بوو، ئەمەش بەهۆی پەککەوتنی پڕۆسەکانی بارکردن لە بەندەرەکانی باشوورەوە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ). ئەمەش بووە هۆی دابەزینی داهاتی نەوت بۆ نزیکەی 1.95 ملیار دۆلار، دوای ئەوەی لە مانگەکانی پێشوودا زیاتر لە 6 ملیار دۆلار بوو.
ئەم شۆکە ئابوورییە توندە وای لە بەغدا کرد بە پەلە چاو بە نەخشەی هەناردەکردنی نەوتدا بخشێنێتەوە، و بەدوای جێگرەوەی ستراتیژیدا بگەڕێت کە بتوانێت نەرمی بە دابینکردنی نەوت ببەخشێت و پشتبەستن بەو ڕێڕەوە دەریاییانە کەم بکاتەوە کە بەهۆی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانەوە هەڕەشەیان لەسەرە.
لەو چوارچێوەیەدا، هێڵی کەرکووک – جەیهان گەڕایەوە بۆ ئەوەی وەک یەکێک لە گرنگترین بژاردە ستراتیژییەکانی بەردەم عێراق دەربکەوێت، نەک تەنها وەک ڕێڕەوێکی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە بۆ دەریای ناوەڕاست، بەڵکو وەک “دەرچەیەکی ڕزگاربوون”ی ئابووری کە دەتوانێت مەودایەکی زیاتر لە مانۆڕکردن بە بەغدا ببەخشێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و پشێوییە لۆجیستییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی گەشتیاریی دەریایی لە کەنداودا.
هەروەها کاراکردنەوەی هێڵەکە چەندین دەستکەوتی ستراتیژی بۆ عێراق تێدایە، چونکە دەروازەیەکی جێگرەوە بۆ بەندەرەکانی باشوور دابین دەکات، بەشدار دەبێت لە هەمەجۆرکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوت، و فشار لەسەر ژێرخانی نەوتی باشوور کەم دەکاتەوە، جگە لە پاڵپشتیکردنی هەناردەی کێڵگەکانی باکوور و بەهێزکردنی یەکگرتوویی تۆڕی وزەی نیشتمانی. لەوەش گرنگتر، ئەم ڕێڕەوە وشکانییە پێدەچێت بە ڕێژەیەکی زۆر پشتبەستن بە هێڵەکانی گواستنەوەی تەقلیدی کەم بکاتەوە کە جاروبار دەبنە ئامانجی هەڕەشە و پشێوییەکان، لە ناو ژینگەیەکی هەرێمیدا کە بە نادیاری و ناجێگیریی ئەمنی دەناسرێتەوە.
بەهێزکردنی دیدگای ئەنقەرە وەک ناوەندێکی هەرێمیی وزە
سەبارەت بە ئاستی تورکیا، هێڵی کەرکووک – جەیهان یەکێکە لە سەرمایە جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژییە گرنگەکان بۆ تورکیا؛ چونکە تەنها سنووردار نییە بەوەی ڕێڕوێک بێت بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق، بەڵکو بەشێکی سەرەکیشە لە دیدگای تورکیا کە ئامانجیەتی وڵاتەکە بگۆڕێت بۆ ناوەندێکی هەرێمی و نێودەوڵەتیی وزە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.
ئەم هێڵە پێگەیەکی سەرەکی لە وزەی جیهانیدا بە ئەنقەرە دەبەخشێت، لە ڕێگەی بەهێزکردنی ڕۆڵی بەندەری جەیهان وەک دەروازەیەکی سەرەکی بۆ چوونی نەوتی عێراق بەرەو بازاڕەکانی ئەوروپا و جیهان، ئەمەش ئامادەیی تورکیا لە هاوکێشەکانی وزەی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بەهێز دەکات، و مەودایەکی فراوانتری پێدەدات بۆ کاریگەری دروستکردن لە دۆسیەکانی ئاسایشی دابینکردنی وزە و وزەی نێوان سنوورەکان.
لەسەر ئاستی ئابووری، کارپێکردنی هێڵەکە کۆمەڵێک دەستکەوتی ڕاستەوخۆ بۆ تورکیا دابین دەکات، کە داهاتی ڕسووماتی تێپەڕبوون، گواستنەوە و خزمەتگوزارییە لۆجیستییەکان دەگرێتەوە، جگە لە چالاککردنی بزووتنەوەی بەندەرەکان و ژێرخانی پەیوەندیدار بە کەرتی وزە. ئەمە جگە لە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر لە بوارەکانی گواستنەوە، وزە و خزمەتگوزارییە پاڵپشتەکان، هەروەها ئەمەش بە ئەرێنی لەسەر ئابووری ناوخۆیی لە ناوچەکانی باشووری نزیک لە جەیهان ڕەنگدەداتەوە، لە ڕێگەی چالاککردنی بزووتنەوەی بازرگانی و ڕەخساندنی دەرفەتی ئابووری پەیوەندیدار بە زنجیرەکانی دابینکردن و وزە.
لە هەمان چوارچێوەدا، بوونی ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە لە ناو خاکی تورکیادا، نەرمی و توانایەکی زیاتر بە ئەنقەرە دەبەخشێت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆی لە نەوت و گاز، و پشتبەستنی ڕێژەیی خۆی بە ڕێڕەوە دەریاییە تەقلیدییەکان کەم دەکاتەوە کە ڕووبەڕووی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان دەبنەوە، بەتایبەت لە ژێر ڕۆشنایی ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی گەرووی هورمزدا.
جگە لەوەش، تورکیا دەتوانێت هێڵی کەرکووک – جەیهان وەک کارتێکی فشاری جیۆپۆلەتیکی لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیدا بەکاربهێنێت، ئەمەش ڕۆڵێکی کاریگەرتری پێدەبەخشێت لە هاوکێشەکانی ئاسایشی وزەی هەرێمیدا، و توانای جووڵەی وەک یاریزانێکی سەرەکی لە هاوسەنگییەکانی وزەدا بەهێز دەکات، بە شێوازێک کە لە ڕووی کاریگەریی ستراتیژییەوە – نزیک دەبێتەوە لەو گرنگییەی کە گەرووی هورمز بۆ ئێران هەیەتی لە هاوکێشەی وزەی جیهانیدا.
زیاتر لەوەی باس نەکرا، دووبارە کارپێکردنەوەی هێڵەکە پێدەچێت ببێتە دەرفەتێکی ستراتیژی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، و هەروەها لەگەڵ هەرێمی کوردستانیشدا، لەبەر ڕۆشنایی تێکەڵبوونی ئەو بەرژەوەندییانەی کە پەیوەستن بە دۆسیەکانی وزە، بازرگانی و ئاسایشی سنوورەکانەوە. کارپێکردنی بەردەوامی ئەم ڕێڕەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە پشتبەستنی ئابووری یەکتر لەنێوان هەر سێ لایەنەکەدا، ئەمەش دەرفەتەکانی هێورکردنەوەی سیاسی بەهێز دەکات و هانیان دەدات بەرەو بنیاتنانی لێکتێگەیشتنی جێگیرتر سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی وزە، میکانیزمەکانی هەناردەکردن و هاوکاری لۆجیستی.
هەروەها گەشەکردنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ناتوانن لەم هێڵەوە جیا بکرێنەوە، دەبێتە هۆی کردنەوەی ڕێڕەوی نوێ بۆ هەماهەنگی ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە شایەتی تەحەدییە ئەمنییە ئاڵۆزەکانن، جگە لە پاڵپشتیکردنی بزووتنەوەی بازرگانی و وەبەرهێنانی نێوان سنوورەکان، کە ئەمەش لۆژیکی هاوبەشی ئابووری وەک دەروازەیەک بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری هەرێمی جێگیر دەکات.
ئاڵنگارییەکان و بەربەستەکان
سەرەڕای ئەوەی هێڵی کەرکووک – جەیهان نوێنەرایەتی گرنگییەکی ستراتیژی و لۆجیستی پەرەسەندوو دەکات لە هاوکێشەی وزەی هەرێمیدا، بەڵام دووبارە کارپێکردنەوەی بەو شێوازەی کە چاوەڕوان دەکرێت، هێشتا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەدی سیاسی، ئەمنی و تەکنیکی ئاڵۆز دەبێتەوە، کە وای لێدەکات گێڕانەوەی ڕۆڵی تەواوەتی پڕۆسەیەکی زۆر هەستیار بێت و جێبەجێکردنی ئاسان نەبێت.
لە سەرووی ئەم ئاڵنگارییانەوە، ناکۆکییە درێژخایەنەکانی نێوان حکومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی نەوت، میکانیزمەکانی هەناردەکردن و دابەشکردنی داهاتەکان دەردەکەون، کە ئەم دۆسیەیە لە ماوەی چەندین ساڵدا یەکێک بووە لە دیارترین بەربەستەکانی بەردەم کارپێکردنی جێگیری هێڵەکە و وایکردووە لە نێوان کاتێک بۆ کاتێکی تر ڕووبەڕووی ڕاوەستان بێتەوە.
هەروەها ئەم جیاوازییە سیاسییە ئاڵۆزیی یاسایی لێکەوتووەتەوە کە پەیوەستە بە شەرعییەتی هەناردەکردن، گرێبەستە نەوتییەکان و میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان، ئەمەش دەرگا دەکاتەوە لە داهاتوودا لەبەردەم نوێبوونەوەی ناكۆكییەکان و گرژییەکان، چ لە نێوان بەغدا و هەولێر یان تەنانەت لەگەڵ تورکیاشدا، لە حاڵەتی نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسی ڕوون کە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان ڕێکبخات.
جگە لەوەش، هێڵەکە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ئەمنی بەردەوام دەبێتەوە، چونکە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هێرش و پڕۆسەی تێکدەرانە بووەتەوە کە ژێرخانەکەیان کردووەتە ئامانج، لە ناو ژینگەیەکی هەرێمی نائارام و ئەو ئاڵۆزییە ئەمنییانەی کە هەندێک لەو ناوچانە بەخۆیانەوە دەبینن کە هێڵەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت. ئەمەش لە زۆر کاتدا تێچووی زۆری بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوە، چاکسازی و گێڕانەوەی توانای کارپێکردنی سەپاندووە.
له كۆتاییدا، دوو کەس سەرنجی جیاوازیان نییە لەسەر ئەو گرنگییە ستراتیژییەی کە هێڵی کەرکووک – جەیهان هەیەتی وەک یەکێک لە گرنگترین جێگرەوە وشکانییەکان بۆ دابینکردنی هەناردەی نەوتی عێراق، جگە لەوەی کە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە لەو تەماحە تورکییەی کە دەیەوێت وڵاتەکەی بگۆڕێت بۆ ناوەندێکی هەرێمی وزە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بازاڕەکانی ئەوروپا و نێودەوڵەتییەوە دەبەستێتەوە.
بەڵام سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە بەستراوەتەوە بە توانای بەغدا، هەولێر و ئەنقەرە بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكییە سیاسی و یاساییەکانیان، بێلایەنکردنی هەڕەشە ئەمنییەکان، و چارەسەرکردنی تەحەدییە تەکنیکییەکان، تا دەگاتە بنیاتنانی لێکتێگەیشتنی درێژخایەن کە سەقامگیری ئەم ڕێڕەوە گرنگە لە ناو ژینگەیەکی هەرێمی زۆر ئاڵۆز و هەستیاردا مسۆگەر بکات.





