لە قەزافییەوە بۆ خامنەیی؛ چۆن دڵەڕاوکێ چل ساڵەکەی خامنەیی لە تاران ڕاست دەرچوو؟

پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و “وانەی لیبیا” ترسێکی کۆن کە هەمیشە لە مێشکی خامنەییدا بوو
پێی وابوو داماڵینی چەک نموونەیەکە لە متمانەی هەڵە بە ڕۆژئاوا

عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران، کاردانەوەی توندی نواند بەرامبەر بەوەی بەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمیی لیبیادا هات، وچەندین جار هۆشداری توندی ئاڕاستەی فەرماندە سەربازییەکان و گەلی ئێران کرد لەم بارەیەوە. ئەمەش لە پێناو ئەوەی ئێران و پڕۆگرامە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی، وهەروەها خۆیشی، لەو چارەنووسە بەدوور بگرێت کە ئەزموونە ئەتۆمییەکەی لیبیا و موعەمەر قەزافی، سەرۆکی پێشووی لیبیا، پێی گەیشتن.

سەرەنجامەکانی پڕۆگرامی ئەتۆمیی لیبیا

موعەمەر قەزافی لە ماوەی دەیەی هەشتاکاندا، پەنای بۆ بازاڕی ڕەش دەبرد و داوای یارمەتی لە ئەندازیاری ئەتۆمیی سویسری “فریدریش تینەر” کرد بۆ دەستپێکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی. لە تەممووزی 1995دا، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، لیبیا بڕیارێکی ستراتیژی داوە بۆ زیندووکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی، لەوانەش پیتاندنی یۆرانیۆم بە بەکارهێنانی ئامێرەکانی سەنتەرفیوجی گازی، کە توانای پیتاندنی یۆرانیۆمیان هەیە بۆ بەکارهێنان لە کورەی ئەتۆمیی و هەروەها بۆ بەرهەمهێنانی ئەو ماددە شلەمەنییە ئەتۆمییانەی کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی پێویستن.

پاساوی قەزافی بۆ خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمیی لە دڵەڕاوکێی بەرامبەر بە توانای ئەتۆمیی ئیسرائیل سەرچاوەی گرتبوو، ئەو بە ئاشکرا ئارەزووی خۆی بۆ هێنانەدی ئەم چەکە دەربڕیبوو. هەروەها “عەبدولقەدیر خان” کە ئێرانییەکان و پاکیستانییەکان بە “باوکی زانستی ئەتۆمیی” ناوی دەبەن، ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕا لە گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی سەنتەرفیوج بۆ لیبیا.

پڕۆگرامی ئەتۆمیی لیبیا بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە ڕووبەڕووی گوشارێکی توند بووەوە، و لە ساڵی 1999دا، قەزافی لە کاتی گفتوگۆیەکی نهێنیدا لەگەڵ ئیدارەی بیڵ کلینتۆن، پێشنیازی وازهێنان لە چەکی کۆمەڵکوژ و کردنەوەی دامەزراوەکانی بەڕووی پشکنینی نێودەوڵەتیدا کرد.

دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان، قەزافی زیاتر هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دا، لە سەرەتادا سەرنجی خستە سەر هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا کە بەسەر لیبیادا سەپێندرابوون.

بەڵام ئەو ڕووداوەی کە لە کۆتاییدا قەزافی پاڵ پێوەنا بۆ دەستبەرداربوون لە بیرۆکەی چەکی ئەتۆمیی و پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی، نامەیەک بوو کە لە ساڵی 2001دا لە لایەن جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی ئەمریکاوە پێی گەیشت، کە تێیدا هاتبوو: «یان خۆتان دەستبەرداری چەکی کۆمەڵکوژ دەبن، یان ویلایەتە یەکگرتووەکان خۆی تێکشکاندنی دەگرێتە ئەستۆ، هەموو شتێک لەناودەبات بەبێ هیچ گفتوگۆیەک».

پاش ئەمە، بەرپرسانی لیبیا دەستیان کرد بە بەستنی کۆبوونەوەی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا، ڕووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە مەبەستی نەهێشتنی ئەم پڕۆگرامە.

لە ئاداری 2003دا، و چەند ڕۆژێک پێش داگیرکردنی عێراق، نێردراوە تایبەتەکانی قەزافی پەیوەندییان بە جۆرج دەبلیو بوش، ڤلادیمیر پۆتین و تۆنی بلێرەوە کردو باسیان لە ئارەزووی لیبیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆگرامە ئەتۆمیەکەی کرد.لەسەر فەرمانی قەزافی، بەرپرسانی لیبیا بەڵگەنامە و زانیاری زیاتریان لەسەر چالاکییە کیمیایی، بایۆلۆژی و ئەتۆمییەکان، وێڕای پڕۆگرامی موشەکە بالیستییەکان، ڕادەستی دیپلۆماتکارانی بەریتانی، ڕووسی و ئەمریکی کرد.

لە 19ی کانوونی یەکەمی 2003دا، قەزافی بە شێوازێکی کتوپڕ، نیازی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆگرامەکانی چەکی کۆمەڵکوژی لیبیا ڕاگەیاند.

بەرپرسانی ئەوکاتەی وەزارەتی دەرەوەی لیبیا باسیان لەوەکرد، وڵاتەکەیان پێکهاتە ئەتۆمییەکانی لە چەندین دەڵاڵی بازاڕی ڕەش کڕیوە، نەخشە جۆراوجۆرەکانی ئامێرەکانی سەنتەرفیوجی پێشکەشی بەرپرسانی ئەمریکی کردووە، هەروەها ناوی دابینکەرەکانیشی ئاشکرا کردووە.

جگە لەوەش، لیبیا ڕێگەی بە بەرپرسانی ڕووسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیا دا کە سەردانی 10 پێگەی نهێنی بکەن، وێڕای دەیان تاقیگە و کارگەی سەربازی لیبیا، بۆ گەڕان بەدوای ئەو بەڵگانەی کە پەیوەندییان بە چالاکییەکانی سووتەمەنی ئەتۆمیی و پڕۆگرامە کیمیایی و موشەکییەکانەوە هەیە.

لە 22ی کانوونی دووەمی 2004دا، فڕۆکە سەربازییەکانی گواستنەوەی ئەمریکا نزیکەی 55 هەزار پاوەند (25هەزار کیلۆگرام) بەڵگەنامە و ئامێری پەیوەندیدار بە پڕۆگرامی موشەکی ناووکی و بالیستی لیبیایان بۆ تاقیگەی نیشتمانی “ئۆک ڕیج” لە ویلایەتی تێنیسی گواستەوە.

لە ئاداری 2004دا، زیاتر لە هەزار پارچەی دیکە لە ئامێرەکانی سەنتەرفیوج و موشەک لە لیبیا بردرانە دەرەوە.

لاوازبوونی توانای بەرگری موشەکی و ئەتۆمیی لیبیا، دوای سەرهەڵدانی ڕاپەڕین لەو وڵاتە لە ساڵی 2011دا، بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکەی قەزافی بەهۆی دەستوەردانی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، و گۆڕانی لیبیا بۆ دەوڵەتێکی پارچەپارچەبوو لە نێوان چەندین گرووپی چەکدار.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران، چەندین جار لە وتارەکانیدا ئاماژەی بە ئەزموونی هەڵوەشاندنەوەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی لیبیا، یان ئەوەی بە “نموونەی لیبیا” دەناسرێت کردووە، و وەک هۆشداری و وانە و پەندێک بۆ ئێران وەسفی کردووە، سەرەڕای ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەی کە هەردوو وڵاتی کۆدەکردەوە، و پشتگیری لیبیای قەزافی بۆ ئێران لە ماوەی شەڕیدا لەگەڵ عێراق.

“نموونەی لیبیا” و هۆشدارییەکانی خامنەیی

یەکەم؛ ڕەخنەگرتن لە هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی ئەتۆمیی: عەلی خامنەیی ئاماژەی بە هەڵەیەکی ستراتیژی کرد کە قەزافی لە کانوونی یەکەمی 2003دا ئەنجامی دا، کاتێک ڕازی بوو سەرجەم ئامێروکەرەستە ئەتۆمییەکانی لیبیا لە ڕێگەی دەریاوە بگوازرێنەوە و بە تەواوی ڕادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکرێن، لە بەرامبەر بەڵێنەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکان.

خامنەیی بە ڕەخنەگرتن لە قەزافی گوتی: «ئەم بەڕێزە (قەزافی) هەموو هیوا و ئامێروکەرەستە ئەتۆمییەکانی کۆکردەوە، خستیانە ناو کەشتییەکەوە و ڕەوانەی وڵاتانی ڕۆژئاوای کرد و گوتی: بیبەن. هەموو شتێکی ڕادەست کردن، لە بەرامبەر بەڵێنی درۆ».

دووەم؛ ڕەخنەگرتن لە متمانەکردن بە ڕۆژئاوا: خامنەیی ڕەخنەی لە موعەمەر قەزافی گرت بەهۆی ڕادەستکردنی سەرجەم ئامێرە ئەتۆمییەکان بە ڕۆژئاوا و بەپشتبەستن بەوەی کە وەک هەڕەشە و بەڵێنی پووچ وەسفی کرد. ئەمەش لە دیارترین وتاریدا هات کە تێیدا خامنەیی بە درێژی باسی لەم مەلەفە کرد، ئەو وتارەی کە ڕۆژی یەکشەممە 20ی ئاداری 2011لە شاری مەشهەد بە بۆنەی ساڵی نوێی ئێرانییەوە پێشکەشی کرد.

ئەم وتارە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هاوپەیمانی “ناتۆ” دژی لیبیا و ڕووخانی ڕژێمەکەی قەزافی، کە تێیدا خامنەیی بە درێژی ڕەهەندە مێژووییەکانی “نموونەی لیبیا”ی ڕوون کردەوە. هەروەها پێی وابوو کە داماڵینی چەکی ئەتۆمیی لیبیا وەک نموونەیەک لە متمانەی هەڵە بە ڕۆژئاوا هەژمار دەکرێت، ئەو متمانەیەی کە بە بڕوای ئەو، لە کۆتاییدا بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی لیبیا.

وتاری 13ی ئابی 2011: خامنەیی ئەم وتارەی لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ڕژێمی ئێران لە مانگی ڕەمەزاندا پێشکەش کرد، و تێیدا هۆشدارییەکانی نوێ کردەوە .

وتاری شوباتی 2020: خامنەیی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە “گفتوگۆکانی هەڵوەشاندنەوە” کرد، و هۆشداری دایە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەش لە دووبارەکردنەوەی “نموونەکانی خۆبەدەستەوەدانی” ناوچەیی کە بە گوتەی ئەو، بوونە هۆی لەناوبردنی ژێرخانی بەرگری دەوڵەتان. هەروەها جەختی کردەوە کە ئامانجی کۆتایی ئەمریکا داخستنی تەواوەتی پیشەسازییە ئەتۆمییەکانی ئێرانە، ڕێک بەو شێوەیەی لە لیبیادا ڕووی دا.

گفتوگۆکانی ئەم دواییە (2025- 2026): جارێکی دیکە باسی ئەم بابەتە بە چڕی لە ناوەندە فەرمییەکانی ئێراندا سەریهەڵدایەوە لەگەڵ هێنانەوەی بەڵگەی وتارەکانی پێشووی خامنەیی، بەتایبەت دوای ئەو دزەپێکردنانەی کە ئاماژەیان بە مەرجەکانی ئەمریکا دەکرد بۆ کۆتایهێنان بە پرۆسەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم بە شێوەیەکی گشتی، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی سەربازی.

چارەنووسی قەزافی و چارەنووسی خامنەیی

ڕاپەڕینی لیبیا لە ساڵی 2011دا بووە هۆی کۆتاییەکی تراژیدیی بۆ قەزافی، کە بۆ ماوەی 42 ساڵ بە مشتی ئاسنین حوکمی لیبیای کرد، دواتریش لەسەر شەقامەکان لەسەر دەستی نەیارەکانی کوژرا.

عەلی خامنەیی لە ماوەی ساڵانی درێژی حوکمڕانیدا، شاهیدی ئەو کۆتاییە بوو، هەروەها پێشتریش شاهیدی ئەوە بوو کە لە ساڵی 2003دا بەسەر سەددام حوسێندا هات لە عێراق، دواتریش بەسەر بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی ڕژێمی سووریا و ڕاکردنی بۆ ڕووسیا لە ساڵی 2024دا هات، وێڕای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی و گواستنەوەیان بۆ ئەمریکا لە کانوونی دووەمی 2026دا.

وادیارە خامنەیی، لە پێناو خۆبەدوورگرتن لە چارەنووسی دەستبەسەرکردن لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە یان ئۆپۆزسیۆنی ئێران، یان ڕووبەڕووبوونەوەی ڕفاندن یان ڕاکردن بۆ دەرەوەی ئێران، هیچ بژاردەیەکی تری نەدۆزیوەتەوە جگە لە مانەوە لە بارەگاکەی خۆیدا، ئەمەش لە کۆتاییدا بووە هۆی کوژرانی لە ناو کۆشکی “مەرمەر” لە تاران لە 28ی شوباتی 2026دا، بەهۆی بۆردومانێکەوە کە لەلایەن فڕۆکە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکانەوە ئەنجام درا.

Back to top button