
سلێمانی بۆ ماوەی چەندین ساڵ هەوڵی دەدا دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی پەککەوتنی “پڕۆژەکانی ژێرخان” بشارێتەوە، کە بەهۆی ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا جێبەجێکارەکانەوە دروست ببوو. سەرچاوە پەرلەمانییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە پڕۆژە پەسەندکراوەکان بە بەهای زیاتر لە 4 تریلیۆن دینار لە پارێزگاکە و یەکە کارگێڕییەکانی سەر سلێمانی، پێش تەواوبوونیان بە شێوەیەکی نیمچە تەواوەتی پەکیان کەوتووە؛ لە نێویاندا ڕێگاوبان و پردی ستراتیژی، بەنداو، پڕۆژەکانی ڕاکێشانی تۆڕەکانی ئاو و ژێرخانی پەیوەندیدار بە ژیانی نزیکەی دوو ملیۆن مرۆڤەوە هەن. ئەمەش لە کاتی پاشەکشەیەکی “مەترسیدار” لە داهاتە فەرمییەکانی دەروازە سنوورییەکان، کە دەرئەنجامی دابەشبوونی حزبی و زیادبوونی “بازرگانیی نایاساییە”.
نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر، بەڵێندەر بێستون حەمەڕەشید، تەندەری یەکێک لە پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی ڕێگا دەرەکییەکانی لە پارێزگای سلێمانی بە تێچووی سێ ملیار دیناری عێراقی بردەوە. بێ دواکەوتن دەستی بە کارەکانی نۆژەنکردنەوە کرد و هەموو بڕگەکانی بەپێی تایبەتمەندییە داواکراوەکان و لە کاتی دیاریکراودا جێبەجێ کرد. پڕۆژەکە بەپێی ئەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو تەواو کرا و لیژنە حکومییەکان ڕەزامەندییان لەسەر وەرگرتنی دا. هەموو شتێک لەسەر ڕێڕەوی خۆی بوو جگە لە شایستە داراییەکانی، کە سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر تەواوبوونی پڕۆژەکەدا، تەنها 50%ی وەرگرتبوو.
ئەم بەڵێندەرە کوردە کە خەڵکی پارێزگای سلێمانییە، هێشتا نزیکەی 500 ملیۆن دیناری عێراقی وەک کرێی ئەندازیاران، تەکنیکاران و کرێکارانی قەرزاربارە و ناتوانێت پێیان بداتەوە، بەهۆی وەرنەگرتنی شایستەکانی لە لایەنە حکومییەکانی پارێزگاکە، کە ئەوەش لە بنەڕەتدا مەرجی گرێبەستەکان بووە.
ئەو بە تۆنێکی پڕ لە خەمەوە دەڵێت: “نەخشەی ژیانی پیشەیی خۆمم لە بواری دروستکردنی ڕێگاوبان و پرددا لە سفرەوە پێش نزیکەی دوو دەیە دەستپێکرد، لە هەر پڕۆژەیەکدا خۆم مەیدانی سەرپەرشتیی تیمەکانی کارم دەکرد، بۆ چەندین کاتژمێر لەژێر تیشکی خۆردا دەوەستام لەپێناو جێبەجێکردنی کارەکە بەپێی داواکارییهکان.. بەڵام ئەمڕۆ هەست بە ئازارێکی قووڵ دەکەم، چونکە قەرزێکی زۆرمان لەسەر کەڵەکە بووە دوای ئەو پارانەی لە پڕۆژە حکومییەکاندا خەرجمان کردن بێ ئەوەی شایستەکانمان وەرگرینەوە”.
بەپێی گوتەی بەڵێندەرانی کەرتی بیناسازی، کێشەی نەدانی “تەواوی شایستە داراییەکانی” پڕۆژەکان لەگەڵ ئەو قەیرانە ئابوری و داراییەدا دەستی پێکرد کە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2013دا بەخۆیەوەی بینی، کە دەرئەنجامی ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەغدا بوو سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بۆ تورکیا؛ بەو هۆیەوە بەغدا پشکی هەرێمی لە بودجەی فیدراڵی بڕی، و کێشەکە لەگەڵ شەڕی داعش لە ساڵی 2014دا قووڵتر بووەوە کە نزیکەی سێ ساڵی خایاند.
بێستون دەڵێت: لەو قۆناغەدا لە دۆخەکە تێگەیشتین و گوتمان کاتییە، بەڵام کێشەکە بەردەوام بوو، هەفتەکانی چاوەڕوانی گۆڕان بۆ مانگ و هەندێک جار بۆ ساڵ، و ئەو بیانووانەش کە دەسەڵاتداران دەیانهێنایەوە کەڵەکە بوون، لە “نەبوونی پارەوە تا دەگاتە نەبوونی بودجە”.
ئەو لە کاتێکدا بە بێهیواییەوە دەستەکانی لەسەر یەک دادەنێت، دەڵێت: “شایستەکانی من و زۆرێک لە بەڵێندەرانی وەک من، بەهۆی ململانێ سیاسییەکانی نێوان زەرد و سەوز لە کوردستاندا فەوتان”. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە کوردستان؛ پارتی دیموکراتی کوردستان کە ڕەنگی زەرد وەک دروشم بەکاردێنێت و کۆنترۆڵی هەولێر و دهۆک دەکات، و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ڕەنگی سەوز وەک دروشم بەکاردێنێت و کۆنترۆڵی سلێمانی و هەڵەبجە دەکات.
هەروەها ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حزبەکە کە ماوەی نزیکەی سێ ساڵە بەردەوامە سەبارەت بە دابەشکردنی دەسەڵات و کۆکردنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان، لێکەوتەی قورسیان بەسەر ئابوری هەرێمەوە جێهێشتووە، و بوونەتە هۆی پەککەوتنی سەدان پڕۆژەی زیندوو کە هەندێکیان بە تەواوی پەککەوتوون، وەک پڕۆژەکانی ڕێگاوبانی نێوان شارە سەرەکییەکانی کوردستان.
وەبەرهێنەران جەخت دەکەنەوە کە زۆرینەی هەرە زۆری پڕۆژەکانی ناوچەی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی سەر بەو، کە ژمارەیان بە زیاتر لە 1000 پڕۆژە دەخەمڵێندرێت و پەیوەندییان بە ژیانی نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتییەوە هەیە، کارکردن تیایاندا ڕاوەستاوە، سەرەڕای ئەوەی هەندێکیان گەیشتوونەتە قۆناغی پێشکەوتووی جێبەجێکردن؛ ئەمەش بەهۆی پەککەوتنی پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا جێبەجێکارەکانەوە بووە، کە وایکردووە هەندێکیان لە قۆناغەکانی ڕابردوودا ئیفلاسی خۆیان ڕابگەیەنن. لە کاتێکدا شایستە داراییەکان بۆ پڕۆژەکان لە هەولێر و دهۆکیش پەککەوتوون بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر.
پڕۆژەی 4 تریلیۆنی و ڕاوەستانی 100%
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، هاوڕای هەڵسەنگاندنی بەڵێندەرانە بۆ لێکەوتە نەرێنییەکانی ململانێی سیاسی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لەسەر سەرجەم کایەکانی ژیان لە کوردستان، لەوانەش دەرفەتی کاری بەردەست و خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان، کە دەرئەنجامی ڕاوەستانی سەدان پڕۆژەیە. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە ناکۆکییەکانی هەردوو حزبەکە لە کۆتایی ساڵی 2024ەوە بووەتە هۆی پەکخستنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەستن بەوەوە لە تەرخانکردنی پارە بۆ پڕۆژەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا، و جەخت لەسەر ڕاوەستانی تەواوەتی پڕۆژە گشتی و خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگای سلێمانی دەکاتەوە بە ڕێژەیەک کە نزیک دەبێتەوە لە 100%.
حەمەساڵح دۆخی سلێمانی بە “کارەساتبار” وەسف دەکات بەراورد بە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک، و ڕووی دەمی دەکاتە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و بەرپرسان: “بەسە تۆمەتبارکردنی یەکتری. ئەوەی ڕوودەدات زیان بە سلێمانی دەگەیەنێت.. ئەم شارە جوانە وێران دەکات”.
ئەو پێیوایە کە میدیای ژێردەسەڵاتی هەردوو حزبەکە چاوپۆشی لە وروژاندنی ئەم بابەتانە دەکەن، و هەوڵەکانی هەردوو حزب بۆ کڕینی دڵسۆزیی ڕاگەیاندنکاران، ڕۆژنامەنووسان و نووسەران لە ڕێگەی دامەزراندنیان لەو دەزگا میدییاییە زەبەلاحانەی کە بەردەوام دایانمەزرێنن و ملیۆنان دۆلاریان تێدا خەرج دەکەن، ناتوانێت دۆخە نالەبارەکە و بەتایبەتی لە سلێمانی بشارێتەوە.
بەگوتەی ساڵح، ڕەزامەندی دراوە لەسەر پڕۆژەکان بە بەهای 4 تریلیۆن و 550 ملیار دیناری عێراقی لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان و قەزا و ناحیەکانی سەر بەو، کە ڕێگاوبان، بەنداو، پرد و پڕۆژەکانی دابینکردنی تۆڕەکانی ئاو، لەگەڵ پڕۆژەکانی ژێرخانی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیان دەگرێتەوە، بەڵام سەرجەم ئەم پڕۆژانە بە تەواوی ڕاوەستاون، تەنانەت ئەو پڕۆژانەش کە ڕێژەی جێبەجێکردنیان گەیشتووەتە 80%، ئەمەش بەهۆی نەبوونی نەختینە و ئەو پارانەی بۆیان تەرخانکراوە.
لایەنە حکومییەکان لە سلێمانی نکۆڵی لە دیاردەی ڕاوەستانی پڕۆژەکان ناکەن بەهۆی نەبوونی توانای دارایی، بەڵام پاساوەکەی بە دابەزینی داهاتی مانگانەی پارێزگاکە دەهێننەوە.
ئەو ڕاستییە حەمەساڵح پشتڕاستی دەکاتەوە و ڕوونی دەکاتەوە کە داهاتی پارێزگاکە پێشتر مانگانە نزیکەی 160 ملیار دیناری عێراقی بووە، بەڵام لە ئاداری 2026دا دابەزیوە بۆ نزیکەی 39 ملیار دیناری عێراقی، بە داهاتی کارەبا و سەرچاوەکانی دیکەشەوە. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەو بە گەشەسەندنی دیاردەی قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییە فەرمی و نافەرمییەکانی پارێزگاکە وەسفی دەکات، کە ناسراوترینیان باشماخ و پەروێزخانە، کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتەکانن.
ساڵح دەڵێت داهاتەکان بۆ لایەنی ناحکومی دەچن، بەتایبەتی بۆ گیرفانی ئەو لایەنەی کە کۆنترۆڵی دەروازەکانی کردووە، و بڕەکەشی دەگاتە سێ هێندەی داهاتی فەرمی، و ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتە فەرمییەکانەوە، کورتهێنانێکی ڕوون لە دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکەدا دروست بووە.
قەیرانی ڕاوەستانی پڕۆژەکانی سلێمانی، کە بە تێپەڕبوونی کات لەسەر زیادبوونی کورتهێنان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و جۆرییەتەکەیان لەوانەش تەندروستی و پەروەردەیی ڕەنگدەداتەوە، دیمەنێکە لە وێنەیەکی فراوانتری واقیعی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2014ەوە نەیتوانیوە چارەسەری قەیرانە ئابوری و داراییەکانی بکات، پێش ئەوەی قەیرانی سیاسی و کارگێڕیشی بێتە سەر بەهۆی ناکۆکی هەردوو حزب لەسەر دەسەڵات، کە ئەمەش واقیعی دابەشبوونی هەرێمی بۆ دوو ئیدارەی نیمچە جیاواز لە ڕووی ئەمنی و داراییەوە قووڵتر کردووە.
دابەشبوونی هەرێم بۆ شتێک هاوشێوەی دوو ئیدارەیی، قەوارەی فیدراڵی کوردی لاواز کردووە و کاریگەری لەسەر ڕۆڵی سیاسی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا دروست کردووە؛ هەرێم چیتر وەک پێش ساڵی 2014 دروستکەری حکومەتەکان نییە و کاریگەرییەکی بەرچاویشی لەسەر ڕێڕەوی بڕیارەکان نەماوە، و تەنانەت ناتوانێت حکومەتی بەغداش ناچار بکات پابەندی بەڵێنە سیاسییەکانی بێت یان بەندە دەستوورییەکان لە دۆسیە جێناکۆکەکاندا جێبەجێ بکات.
بازاڕەکان لە کوردستاندا نیمچە ئیفلیجن، دەرفەتەکانی کار لەبری زیادبوون کەم دەبنەوە، ڕێژەی بێکاری لەنێوان گەنجاندا بەرز دەبێتەوە، و هەرێم شایەتی کۆچێکی ڕانەگەیەندراوی کۆمپانیا وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و بیانییەکانە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق، یان پاشەکشە و کەمبوونەوەی قەبارەی وەبەرهێنانی ئەو کۆمپانیایانەیە.
گەورەترین کێشە بەپێی گوتەی چاودێران دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانە کە دواین دوو مووچەی ساڵی 2025یان وەرنەگرتووە، و زیاتر لە 30 مووچەش لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا فەوتاوە، لەپاڵ کێشە خزمەتگوزارییەکان لە چەندین ناوچەی کوردستان، بەتایبەتی ناوچەکانی گەرمیان و کۆیە، کە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی دە ساڵ لەمەوبەر پلانیان بۆ داڕێژرابوو پەککەوتوون. بەرپرسانی حزبی هۆکاری یەکەم بۆ شکستی کۆکردنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان لە هەرێم لەلایەن حکومەتەوە دەگەڕێننەوە.
مووچە کاریگەرترین فاکتەرە لە جوڵاندنی ئابوری هەرێمدا، لەکاتێکدا ملیۆنێک و 250 هەزار کەس مووچە لە حکومەت وەردەگرن، لە کۆی شەش ملیۆن هاووڵاتی لە کوردستاندا. نەدانی مووچە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە کاتی خۆیدا کاریگەری لەسەر جوڵەی هەموو کەرتەکان دەبێت، لەوانەش کەرتی خانوبەرە کە گەورەترینە لە کوردستاندا. هەزاران فەرمانبەر ناچار بوون بیرۆکەی کڕینی خانوبەرە هەڵبوەشێننەوە یان ئەوەی کڕیبوویان پێشوەختە فرۆشتیانەوە بەهۆی نەبوونی توانای دانی قیستە مانگانەکانیان.
(م.ح) کە چالاکوانێکی مەدەنییە و نەیویست ناوی ئاشكرا بکرێت دەڵێت: لە 10ی ئایاردا حکومەتی هەرێم 50 ملیار دیناری نارد بۆ حکومەتی فیدراڵی وەک نیوەی داهاتە ناوخۆییەکانی، لەبری ئەو 120 ملیارەی کە پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو مانگانە بنێردرێت، بۆ گەرەنتییکردنی ئەوەی بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بۆ مانگی نیسان بدات. واتە کەمتر لە نیوەی بڕە پارەکەی ناردووە و بە دواکەوتنی مانگێکی تەواویشەوە، ئەمەش بە پاشەکشەی داهاتە ناوخۆییەکان بەتایبەتی لە دەروازە و خاڵە سنوورییەکانەوە پاساو دەهێنێتەوە.
دەشڵێت: ”لە ئەنجامدا لەگەڵ بەردەوامی دواکەوتن و نەدانی تەواوی بڕە پارەی داواکراو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، فەرمانبەران لە کوردستان لە یەک یان تەنانەت دوو مووچە لە کۆتایی ساڵدا بێبەش دەبن، کە ئەمەش ساڵانێکە دووبارە دەبێتەوە، فەرمانبەران ساڵانە دە مووچە یان کەمتر وەردەگرن!“.
چەقین و بێباکی
سەرەڕای لێکەوتە گەورەکانی شکستی حکومەتی هەرێم لە کۆکردنەوەی داهاتەکان، لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و تەنانەت مووچەی فەرمانبەران، و لەگەڵ ئەوەی هۆکارەکان لە بنەڕەتدا پەیوەستن بە ناکۆکی و دابەشبوون و بڕیارە حزبییەکانەوە، بەڵام سەرکردە سیاسییەکان هەنگاوێکی جدییان نەناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە گەورەیە. هەروەها وەستاون لە هەنگاوەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە کوردستان کە پێکهێنانی حکومەتی کوردی پەکخستووە لە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئۆکتۆبەری 2024ەوە کە نزیکەی ساڵ و نیوێکە تێپەڕیوە. لەو کاتەوە هەرێم بێ حکومەتێکی خاوەن دەسەڵاتی تەواوە، هەروەها پەرلەمان لە ساڵی 2023ەوە بە تەواوی پەککەوتووە و پەرلەمانتارە براوەکان لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان تەنها یەک دانیشتنی پەرلەمانییان ئەنجامداوە کە تێیدا شەرعیەتی وەرگرتنی مووچەیان بە خۆیان داوە، بەبێ ئەوەی زۆرینەیان هیچ کارێکی ڕاستەقینە بکەن.
هۆکاری پشت پەککەوتنی پێکهێنانی حکومەت بۆ پێداگری هەردوو حزبە گەورەکە لەسەر داواکارییەکانیان بۆ پۆستە باڵاکان و وەزارەتەکان دەگەڕێتەوە، و هیچ کامێکیان ڕێژەی دەنگی (50+1)یان نییە کە بتوانن بە تەنها و بێ لایەنەکەی دیکە حکومەت پێکبهێنن، لە کاتێکدا زۆرینەی هێزە سیاسییە بچووکەکان کە کورسی پەرلەمانییان هەیە، بێلایەنییان هەڵبژاردووە و ڕایانگەیاندووە کە بەشداری لە هیچ حکومەتێکی داهاتوودا ناکەن.
بەهۆی ڕاوەستانی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە سەرجەم ئەرکەکانی پەککەوتوون، و ئیفلیجی لە کاری چەندین دامەزراوەی حکومیدا دروستبووە کە ماوەی یاساییان کۆتایی هاتووە، و چەندین “ڕەشنووسی یاسای گرنگ” لە نێو ڕەفەکانی پەرلەماندا چاوەڕێی دەرکردنن بەبێ ئەوەی پەسەند بکرێن، لەگەڵ بەردەوامی نەبوونی پلانی کاری ڕاگەیەندراو، نەبوونی بودجە، نەبوونی چاودێری و لێپرسینەوە.
برینی سلێمانی قووڵترە لە هەولێر و دهۆک
ڕاوەستانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە سلێمانی بەهۆی کەمیی پارەوە، هەولێر و دهۆکیشی گرتەوە بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر، ئەو دوو پارێزگایەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنترۆڵیان دەکات، شایەتی جوڵەیەکی ئاوەدانی چالاکترن لەسەر ئاستی دروستکردنی ڕێگا گشتییەکان و پردەکان. توێژەران هۆکارەکە بۆ ناوەندێتی بڕیار لە هەولێر و بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر لە دەروازەکانی لەگەڵ تورکیا و ئێران دەگەڕێننەوە، چ لە ڕێگەی بازرگانییەوە بێت یان فرۆشتنی نەوت.
قەیرانە داراییە بەردەوامەکان، و نەبوونی سەقامگیری سیاسی و بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان هێزە بەدەسەڵاتەکان لە ناوخۆی هەرێمدا، لەپاڵ سروشتی بڕیاردان لە کوردستاندا، کە وا دەکات دەستپێکردن و دابینکردنی پارە بۆ پڕۆژەکان ببێتە بارمتەی ڕێککەوتن و بڕیارە حزبییەکان لەبری پێداویستییە ڕاستەقینەکانی هاووڵاتیان.
کاریگەرترین فاکتەر بریتییە لە بازرگانیی نایاسایی لە دەروازە و خاڵە سنوورییە نافەرمییەکاندا کە بوونەتە هۆی بەهەدەردانی داهاتە گشتییەکان، و لەگەڵ ئەوانیشدا پڕۆژە ستراتیژییە دابینکراوەکان لەلایەن حکومەتەوە پەککەوتوون.
ئەم دیاردەی “بازرگانییە نایاساییە” دەبێتە هۆی نەچوونی پارە بە شێوەیەکی فەرمی بۆ خەزێنەی حکومەت یان پارێزگاکە، و ڕۆشتنی بۆ “تۆڕەکانی بەرژەوەندی”. لەژێر سێبەری ململانێ حزبییەکان و هەژموونی ناو خودی یەک حزبدا، هەندێک لە دەروازەکان بوونەتە گۆڕەپانی کاریگەریی سیاسی و ئابوری، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر داهاتەکانی سلێمانی و سیستمی داراییەکەی دروست کردووە.
بەڵام “زۆنی سەوز” قسەیەکی دیکەی هەیە و پێیوایە، تەنانەت ئەگەر داهاتی سلێمانی وەک خۆیشی بچێتە هەولێر، هیچ گەرەنتییەک نیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەکسانیی و بۆ خزمەتکردنی سلێمانی و هەڵەبجە خەرجی بکات.
بەغدا پارە بۆ پڕۆژەکانی کوردستان دابین ناکات
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2025 ڕێژەی 12.67% بووە، کە هاوتایە لەگەڵ 13 تريليۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دیناری عێراقی.
بەڵام هەرێم پشکی تەواوی خۆی لە بودجەی فیدراڵی بۆ نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2025 وەرنەگرتووە، کە بڕەکەی 9 تریلیۆن و 274 ملیار و 593 ملیۆن دینار بووە. تەنها 70%ی ئەو بڕە پارەیە خەرجکراوە، لەکاتێکدا نزیکەی 4 تریلیۆن و 59 ملیار و 994 ملیۆن دینار ڕاگیراوە.
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق لە ماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2025 زیاتر لە 158 تریلیۆن و 834 مليار دینار بووە. تەنها زیاتر لە 40 تریلیۆن و 688 ملیار دینار نێردراوە بۆ هەرێم واتە بە ڕێژەی (26%)، لەکاتێکدا زیاتر لە 118 تریلیۆن و 146 ملیار دینار ڕاگیراوە واتە بە ڕێژەی (74%).
له ماوهی ساڵانی 2016، 2017 و 2022دا هیچ بڕە پارەیەک بۆ کوردستان نەنێردراوە.
لە کاتێکدا لە ساڵی 2021دا تەنها بڕی تریلیۆنێک و 200 ملیار دینار نێردراوە، لەکاتێکدا بەرزترین بڕە پارەی نێردراو بۆ هەرێم 10 تریلیۆن و 786 ملیار دینار بووە لە ساڵی 2024دا.
حکومەتی فیدراڵی هۆکاری نە ناردنی تەواوی پشکی هەرێم بەپێی ئەوەی لە بودجە ساڵەکاندا دەهات، بۆ پابەندنەبوونی هەرێم بە ڕادەستکردنی داهاتی هەناردەی نەوتەکەی دەگەڕێنێتەوە، لەپاڵ ڕادەستنەکردنی داهاتە ناوخۆییە نەوتی و نە نەوتییەکان، کە هەرێم پێشتر سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوری پەیڕەو دەکرد، پێش ئەوەی لە ساڵی 2023دا بە ناچاری وازی لێبهێنێت دوای بڕیاری ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتەکەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
نەبوونی بودجەی حکومی
فەرمان حسێن، پسپۆڕ لە بواری ئابوری پێیوایە کە سلێمانی خاوەنی پێکهاتەی ئابوری بەهێزە، کە بازرگانی، گەشتیاری، پیشەسازی و دەروازە و خاڵە سنوورییەکان دەگرێتەوە، کە وای لێدەکات داهاتێکی باش بەدەستبهێنێت، بەڵام بەڕێوەبردنی پڕۆژە گەورەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ پرۆسەیەکی قورسە لە نەبوونی هەماهەنگی دارایی و کارگێڕی لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا، بەتایبەتی لەو بابەتانەی پەیوەستن بە پڕۆژەکانی وزە و ژێرخانەوە، و ڕوونی دەکاتەوە کە بابەتی مووچە بە تەنها پێویستی بە هەماهەنگی تەواو هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و لەپاڵیشیدا حکومەتی فیدراڵی.
جەخت دەکاتەوە کە نەبوونی هەماهەنگی دەبێتە هۆی گرتنەبەری ڕێکاری هەڕەمەکی کە ئەنجامەکانی نەرێنی دەبن، و هۆشداری دەدات لەوەی بازرگانیی نایاسایی دەبێتە هۆی لەدەستچوونی ڕسووماتی گومرگی و باجەکان، و دەبێتە هۆی دروستکردنی کەشێکی ناتەندروست و نادادپەروەرانە بۆ کێبڕکێی ئابوری، چونکە قاچاخچێتی لە بازرگانە یاساییەکان دەدات. دەشڵێت “له ئەنجامدا لەگەڵ بوونی قاچاخچێتیدا، داهاتە گشتییە کۆکراوەکان بە شێوەیەکی گەورە کاریگەرییان لەسەر دروست دەبێت، و لەگەڵ ئەوەشدا توانای پارێزگاکە بۆ دابینکردنی پارەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لاواز دەبێت”.
لە کەشێکی ئاواهادا، حسێن دەڵێت، بە دڵنیاییەوە ڕێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژە گشتییەکان لە سلێمانی ڕادەوەستێت و پاشەکشە دەکات، بەتایبەتی لە نەبوونی حکومەتێکی یەکگرتوو و بودجەیەکی جێگیردا، بەو مانایەی نەبوونی پلانی دارایی ساڵانە، و ئەمەش ڕاستەوخۆ ڕەنگدەداتەوە لەسەر خزمەتگوزاری و پڕۆژەکان “کە پڕۆژەکانی ڕێگاوبان بەدەست پەککەوتنەوە دەناڵێنن لە تەواوکردنیاندا، و کەرتی تەندروستیش بەدەست کەمیی دەرمانەوە دەناڵێنێت، و پڕۆژە ستراتیژییەکانیش بەهۆی کەمی یان پەککەوتنی دابینکردنی پارەی بەردەوامەوە ڕادەوەستن”.
سەبارەت بە هۆکارەکانی دابەزینی داهاتەکانی سلێمانی بە ڕێژەی 75% لە نزیکەی 160 ملیار دینارەوە بۆ 39 ملیار مانگانە، توێژەرە ئابورییەکە دەڵێت، ئەوە بۆ گۆڕینی ئاراستەی هەندێک لە داهاتەکان بۆ لایەنی نافەرمی (وەک ئاماژەیەک بۆ لایەنە بەدەسەڵاتەکان)، و پاشەکشەی بازرگانی بە گشتی، و خراپی ئیدارەدان، و زیادبوونی قاچاخچێتی، و ڕەنگە بۆ گۆڕانکاری لە میکانیزمەکانی کۆکردنەوە و چاودێریکردنی دەروازە سنوورییەکان بگەڕێتەوە.
حکومەتی فیدراڵی لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2026دا بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاند کە سیستمی (ئەسیکۆدا ASYCUDA) لەو دەروازانەی لەژێر کۆنترۆڵیدان جێبەجێ بکات، و ئەمەش بووە هۆی بێبەشکردنی بازرگانانی هەرێم لە دەستڕاگەیشتن بە دراوی دۆلار بە نرخی فەرمی، کە ئەمەش بەشە گەورەکەی پرۆسە بازرگانییەکانیانی پەکخست، کە ئەمەش ڕێکارێک بوو، کوردستان بەوە وەسفی کرد کە “ئابڵۆقەی ئابورییە بۆ خنکاندنی کوردستان و پەکخستنی بازرگانی لە ڕێگەی دەروازەکانیەوە”.
سیستمی “ئەسیکۆدا” سیستمێکی ئۆتۆماتیکییە بۆ چارەسەرکردنی زانیارییەکانی گومرگ، کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (ئۆنکتاد) لە هەشتاکانەوە پەرەی پێدراوە. وەک سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی یەکگرتوو دادەنرێت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسە گومرگییەکان، بە جۆرێک لە تۆمارکردنی بەیانی گومرگی و بارەکانەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە ئەژمارکردنی ڕسوومات و دەرکردنی ئامارەکانی بازرگانی دەرەکی. ئەم سیستمە بۆ یارمەتیدان لە جێگیرکردنی شەفافیەت و ئاسانکاری مامەڵەکان لە ڕێگەی ئەلیکترۆنیکردنیانەوە پشتی پێ بەستراوە. ئەسیکۆدا پشت بە پێوەرە نێودەوڵەتییە یەکگرتووەکان دەبەستێت (وەک کۆدەکانی سیستمی هەماهەنگ HS لە ڕێکخراوی گومرگی جیهانی WCO و پێوەرەکانی ISO) کە ئەمەش گونجانی ڕێکارەکان لەگەڵ پەیڕەوە جیهانییەکاندا مسۆگەر دەکات. بەکارهێنانی لە زیاتر لە سەد دەوڵەتدا لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە.
لە عێراقدا، پڕۆژەی جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا گرنگییەکی یاسایی و ئابوری تایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستهێناوە. چونکە ئەم هەنگاوە هاوکات بوو لەگەڵ هەوڵە حکومییەکان بۆ چاکسازی لە سیاسەتی گومرگی و گەشەپێدانی داهاتە نە نەوتییەکان. چەندین بڕیار و ڕێنمایی ڕێکخستن دەرچوون بۆ پاڵپشتیکردنی جێبەجێکردنی سیستمەکە و گونجاندنی لەگەڵ یاسا نیشتمانییە گومرگی و باجییەکاندا. بەڵام حکومەتی هەرێم داوا دەکات کاتی زیاتری پێبدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت سیستمەکە لە دەروازەکانیدا جێبەجێ بکات.
*ئەم ڕاپۆرتە لەژێر سەرپەرشتی تۆڕی “نێریج” بۆ ڕۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری ئامادەکراوە.





