
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە یەکەم کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی لە دەستەواژەیەکی ئەنتۆنیۆ گرامشی، بیرمەندی ئیتاڵیی بۆ قسەکردن لەسەر ئابووریی عێراق بەکار هێنا، بەڵام گرنگترین بەشی وتەکەی پشتگوێ خست: “دێوەزمەکان”.
له یەکەم دانیشتنی کابینەی حکومەتەکەیدا، عەلی زەیدی یەکێک لە باوترین دەستەواژە سیاسییەکانی دەیەکانی ڕابردووی بەکار هێنا، کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنتۆنیۆ گرامشی، ئەو بیرمەندە ئیتاڵییەی کە بە شیکارییەکانی لەسەر هەژموون و دەسەڵات ناوبانگی دەرکردووە و گرنگترین بەرهەمەکانی لە ناو زینداندا و لە سەردەمی مۆسۆلینیدا نووسیوە؛ دەستەواژەکە باس لە جیهانێکی کۆن دەکات کە لە سەرەمەرگدایە و جیهانێکی نوێ کە تێدەکۆشێت بۆ لەدایکبوون. بەڵام کێشەکە لە خودی بەکارهێنانی دەستەواژەکەدا نەبوو، بەڵکو لەوەدا بوو کە چی لێ سڕاوەتەوە و بەرەو کام ئاراستە براوە.
زەیدی لەبەردەم وەزیرەکانیدا، لە گوتارێکدا کە میدیاکان بە “تووڕە” وەسفیان کرد، گوتی: «چاکسازیی ڕاستەقینەی ئابووریی لە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوەوە دەست پێدەکات، نەک لە گۆڕینی دەموچاوەکان»، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق لە نێوان دوو ئابووریدا دەژی: «ئابوورییەکی کۆن کە ڕەتیدەکاتەوە بمرێت، و ئابوورییەکی هاوچەرخ کە ڕەتیدەکاتەوە لەدایک بێت»، پێش ئەوەی ڕایبگەیەنێت کە قۆناغی داهاتوو شاهیدی ڕزگاربوون دەبێت لە ئابووریی کۆن و هەنگاونان بەرەو “ئابووریی بازاڕ”.
ڕستەکە هێندە ئاشنایە کە سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشێت؛ هەمان ڕیتم و هەمان ئەو گرژییەی لە نێوان جیهانێکی بەرەو مەرگ و جیهانێکی تردا هەیە کە هێشتا لەدایک نەبووە. بەڵام وەرگرتنی دەستەواژەکە لە خاوەنی “دەفتەرەکانی زیندان” بە ناتەواوی دەمێنێتەوە؛ چونکە بەناوبانگترین دەستەواژە کە بە گرامشییەوە بەستراوەتەوە و بە شێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و توێژینەوە ئەکادیمییەکاندا دەستاودەستی پێدەکرێت، لەم خاڵەدا ناوەستێت، بەڵکو گرنگترین بەش زیاد دەکات: «و لەم بۆشایییەدا، دێوەزمەکان دەردەکەون».
لابردنی وشەی”دێوەزمەکان” لە دۆخی عێراقدا تەنیا وردەکارییەکی ڕەوانبێژی نییە؛ کێشەکە تەنها پەیوەندی بە خودی گواستنەوەی وتەکەوە نییە، بەڵکو بەو بارەشەوە هەیە کە ویستوویانە هەڵیبگرێت. عێراق، لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، لە نێوان دوو مۆدێلدا دەرناکەوێت، بەڵکو ڕووبەرێکە لە دامەزراوەی نیوە مردوو، بەرژەوەندیی دژبەیەک، دەوڵەتێک کە وەک دەوڵەتێکی تەواو کار ناکات، و بازاڕێک کە بە واتایەکی نەریتی وەک بازاڕ کار ناکات.
ئەو ئابوورییەی ئەمڕۆ وەک مۆدێلێکی کۆنی بەرەو مەرگ ڕۆیشتوو پێشکەش دەکرێت، پێکهاتەیەکی نەناسراو یان دوور لە زەیدی و ئەو چینەی کە باسی چاکسازییەکەی دەکەن نییە، بەڵکو ڕێک ئەو مۆدێلەیە کە تۆڕەکانی هەژموون، بازرگانی و دەسەڵات لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە ناویدا شێوەیان گرتووە.
خودی زەیدی، کە خۆی بۆ بەخاکسپاردنی ئابوورییەکە ئامادە دەکات، بە یەکێک لە بەرجەستەترین کەسایەتییەکانی ئەو ئابوورییە دادەنرێت. کۆنترین کۆمپانیای تۆمارکراو بە ناوی ئەوەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2009، لەو ساڵانەی کە شاهیدی گەشەکردنێکی گەورەی ئابووریی سەر بە حیزبەکان بوون لە دوای 2003، پێش ئەوەی لە جیهانی حەواڵەی دارایییەوە لە ڕێگەی کۆمپانیای “الجنوب للتحويل المالي” هەڵکشێت، کە دواتر لە ساڵی 2016دا گۆڕدرا بۆ (بانکی ئیسلامیی باشوور) بە سەرمایەیەک کە لە 100 ملیار دینارەوە دەستی پێکرد و دواتر بازدی دا بۆ زیاتر لە 510 ملیار دینار، لەگەڵ دارایییەک کە بەپێی ڕاپۆرتەکانی بانکەکە لە 906 ملیار دینار تێپەڕی کردووە.
هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا، تۆڕی کارەکانی فراوانتر بوو بۆ دروستکردنی کۆمپانیاکانی بەڵێندەرایەتی، وزە، خۆراک، خانووبەرە و خزمەتگوزارییەکان، لەوانەش کۆمپانیای “الأويس” کە گۆڕدرا بۆ کۆمپانیایەکی پشکداری تایبەت بە سەرمایەی 99 ملیار دینار، و “العاصم للاستثمارات العقارية” بە 25 ملیار، و “شركة التعاون الغذائي” (هایپەرمارکێت) بە 15 ملیار دینار، لە پاڵ کۆمپانیاکانی تری بواری وزە، نەوت، پیشەسازی و کشتوکاڵ.
کەواتە ئەو ئابوورییەی ئەمڕۆ وەک مۆدێلێکی سەرەمەرگ نیشان دەدرێت، ڕێک ئەو ژینگەیەیە کە زەیدی لە ناویدا گەشەیکرد، سەرەتا لە ڕووی ئابووری و دواتریش لە ڕووی سیاسییەوە هەڵکشا. پارادۆکسەکە تەنیا لە خودی زەیدیدا ناوەستێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ پێکهاتەی حکومەتەکەشی، بە ڕادەستکردنی وەزارەتی کارەبا ــ کە یەکێکە لەو دامەزراوانەی دەوڵەت کە زۆرترین بەستنەوەی بە گرێبەستەکان و خەرجییە گشتییەکانەوە هەبووە لە دوای 2003 ــ بە عەلی وەهێب، کوڕی یەکێک لە دیارترین ناوەکانی سەر بە تۆڕە ئابوورییەکانی حیزب.
کێشەکە لە وەسفکردنی ئەم ئابوورییەدا نییە وەک ئابوورییەکی سەرەمەرگ، چونکە ئەمە ڕاستییەکە کە عێراقییەکان ساڵانێکە دەیزانن، بەڵکو لە واتای ڕاگەیاندنی ئارەزووی ناشتنی و ئەوەدایە کە کێ باجی ئەمە دەدات؛ چونکە ئەم ئابوورییە، بە هەموو شێواوییە پێکهاتەیی و بەرخۆرییەک و گەندەڵییەکەیەوە، تەنیا بە بژاردەی سیاسی و ئابوورییەوە بەستراو نییە، بەڵکو بە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی بەربڵاو لە فەرمانبەران، خانەنشینان، خێزانەکان و هاووڵاتیانەوە بەستراوەتەوە کە خەرجیی حکومی، بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بووەتە بەشێک لە مانەوەی ئابووریی ڕۆژانەیان.
لێرەوە دەستەواژەی “ئابووریی بازاڕ” تەمومژاویتر دەبێت لەوەی لە گوتاری سیاسیدا دەردەکەوێت. ئەمە چەمکێکی ئابووریی نوێ نییە لە عێراقدا، بەڵکو زاراوەیەکە کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا دووبارە بووەتەوە، لە یەکەم ساڵەکانی دوای 2003وە، کاتێک وشەکانی وەک کرانەوەی ئابووری، بەتایبەتکردن و کەمکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت وەک زمانی مۆدێرنیتە و چاکسازی هاتنە ناو فەرهەنگی سیاسیی عێراقەوە.
بەڵام ئامادەیی درێژخایەنی ئەم وشانە نەبووە هۆی گۆڕانکارییەکی ئابووری ڕاستەقینە، بەقەد ئەوەی تێکەڵەیەکی یەکلانەکراوەی لە نێوان دەوڵەتێکی بەرخۆر، بازاڕێکی شێواو و کەرتی تایبەتێک کە پشت بە گرێبەستەکانی وەزارەتەکان دەبەستێت، بەرهەم هێنا.
لەم دۆخەشدا، “ئابووریی بازاڕ” دەبێتە ناونیشانێکی فراوان و لاستیکی نەک سیاسەتێکی ڕوون و دیاریکراو. رەنگە مەبەستی قسەکانی زەیدی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئابووری دەوڵەت بێت، یان سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێکهاتەی کەرتی گشتی، یان بەتایبەتکردنی قۆناغ بە قۆناغی دامەزراوەکانی دەوڵەت و فرۆشتنی دارایییەکانی، یان ئازادکردنی پاڵپشتی و نرخەکان. یانیش ڕەنگە تەنیا ریسایکلکردن و دووبارەکردنەوەی وشە چاکسازیی بێت کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە عێراقدا دووبارە بوونەتەوە بێ ئەوەی لەسەر مۆدێلێکی ئابووریی دیاریکراو جێگیر بن.
گرفتەکە تەنیا لە باجی کۆمەڵایەتیی ئەم گۆڕانکارییە و ئەو کاریگەرییەدا نییە کە ڕەنگە لەسەر کۆمەڵگە، داهات و ژیانی ڕۆژانەیان جێی بهێڵێت، بەڵکو لەو پێکهاتە سیاسییەدایە کە بەڵێنی ئەمە دەدات؛ چونکە ئابووریی ئێستای عێراق تێکچوونێکی کاتی و نائاسایی نییە، بەڵکو یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەو شێوازەی کە عێراقی پێ بەڕێوە براوە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا.
دەوڵەتی بەرخۆر، دامەزراندنی سیاسی، ئابووریی گرێبەستەکان و پشتبەستنی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی بە خەرجییە گشتییەکان، کێشەیەکی لەناکاو نین، بەڵکو بەشێکن لەو میکانیزمەی کە خودی سیستمەکە وەک سیستمێک بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات و سەرچاوەکان پێکەوە کاری پێ کردووە.
لە ماوەی ئەم ساڵانەدا، مامەڵە لەگەڵ دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنان و ڕێکخستن نەکراوە، بەڵکو وەک گەورەترین خەزێنەی ئابووری لە وڵاتدا سەیر کراوە، کە لە ڕێگەیەوە هەلی کار، گرێبەست، پۆست و ئیمتیازات دابەش دەکرێن و هاوسەنگییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی پێ بەڕێوە دەبرێت.
ئەوەش تەنیا وردەکارییەک نییە کە بەشە هەرە زۆرەکەی بودجەکانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ خەرجیی کارگێڕی ڕۆیشتووە، لە مووچە، پاڵپشتی و پابەندییە بەردەوامەکان، زیاتر لەوەی بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی بەرهەمهێن یان ژێرخانێکی گەشەپێدانی بەردەوام بڕوات، لە کاتێکدا بەشێکی گرنگی خەرجیی وەبەرهێنان لە ناو تۆڕی بەڵێندەرایەتی و ئەو کۆمپانیایانەدا جووڵاوەتەوە کە بە ئابووریی دەوڵەت خۆیەوە بەستراونەتەوە، واتە ڕێک لەو ژینگەیەی کە مۆدێلەکانی وەک زەیدی تێدا دروست بووە.
لە ناو ئەم پێکهاتەیەوە، ئەو ئابوورییە شێوەی گرت کە ئێستا ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی پرسەکەی دەکرێت.
لەکاتێکدا کە پرسیارەکە تەنیا لەسەر ویستی چاکسازی کورت نابێتەوە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە ئایا ئەو سیستمەی کە ئەم پێکهاتەیەی بەرهەم هێناوە، بەڕاستی توانا، یان تەنانەت ئارەزووی تێپەڕاندنی هەیە؟
ئەوەی عێراق ڕووبەڕووی دەبێتەوە وەک قەیرانی مۆدێلێکی ئابووری دەرناکەوێت، بەڵکو قەیرانی سیستمێکی تەواوە کە ساڵانێکە نیشانەکانی شەکەتبوونی لێ بەدی دەکرێت بێ ئەوەی بە تەواوی بڕووخێت. لە بەرامبەریشدا، ڕێگە نەدراوە هیچ شتێکی نوێ بە ئاسانی شێوە بگرێت؛ چونکە هەر هەوڵێک بۆ خستنەڕووی ئاسۆیەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتیی جیاواز، بە پلەی جیاواز، ڕووبەڕووی تووندوتیژی، قوتدان یان خاوکردنەوەی سیستماتیک دەبووەوە، وەک ئەوەی لە ڕاپەڕینی تشرینی 2019 و جووڵانەوەکانی پێش ئەوەدا ڕووی دا، کاتێک سەرەتای گوتارێکی جیاواز لە دەرەوەی یاسا باوەکان دەرکەوت، دواتر بەرە بەرە بەرەو پەکخستن و هەڵوەشاندنەوە پاڵی پێوەنرا.
زەیدی، کە لە وتەکەیدا ئەو بەشەی پشتگوێ خست کە پەیوەندی بە “دێوەزمەکان”ەوە هەیە، لە دەرەوەی ئەم ساتەوەختە دەرناکەوێت بەقەد ئەوەی وەک یەکێک لە ڕەنگدانەوە سیاسییە ڕوونەکانی دەردەکەوێت. سەرکەوتنی کەسایەتییەک کە لە دڵی ئەو پێکهاتە ئابووری و سیاسییە هاتووە کە دوای 2003 دروست بووە، بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتێک کە باس لە ناشتنی ئابووریی کۆن دەکات، ئاماژە بە دابڕان لە قۆناغی سەرەمەرگ ناکات، هێندەی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە یەکێک لە پیاوەکانی خۆی ئەرکی بەڕێوەبردنی گرتووەتە ئەستۆ.
ئەگەر بڕیار بێت بەڕاستی شتێکی نوێ لەدایک بێت، ئەوا تەنها بە مەرگی کۆنەکەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو بە ڕەوینەوە و نەمانی دێوەزمەکانیشیەوە بەستراوەتەوە.





