
پڕۆسەی کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نەگەیشتووەتە کۆتایی، بەڵام چووەتە ناو قورسترین قۆناغی خۆیەوەو، ئەویش گواستنەوە لە قۆناغی ڕاگەیاندنی نیازپاکییەوە بۆ قۆناغی دڵنیابوونەوە لە داماڵینی چەک.
بۆ ئەنقەرە، بەس نییە کە ڕێکخراوێکی چەکدار، ڕایبگەیەنێت کە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە ئەمە بە کردەوە و لە ڕێگەی ڕادەستکردنی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە چەکدارییەکەی پێش هەر ڕێکخستنێکی یاسایی بەرفراوان بسەلمێنرێت.
لەکاتێکدا سەرکردایەتی پەکەکە و لایەنە کوردییەکانی نزیک لەم پڕۆسەیە، ڕادەستکردنی کۆتایی چەک بە گەرەنتی سیاسی و یاساییەوە دەبەستنەوە، دۆخی هەرێمایەتیش ئەم دوودڵییەی قووڵتر کردووەتەوە.
جەنگی ئێران هەستیاریی تورکیای بەرامبەر بە هەر جووڵەیەکی کوردیی بەدەر لە سنوورەکان بەرزکردووەتەوە، لە کاتێکدا پاشەکشەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەو بۆچوونەی لای ئەنقەرەی بەهێزتر کردووە کە مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە کاری چەکداری گونجاوتر بوون، ئەمەش وایکردووە پەکەکە زیاتر دەست بە گەرەنتییەکانەوە بگرێت، لەم سۆنگەیەوە، ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە بۆچی پرسی ئاشتی بەهۆی تێچووی جێبەجێکردنەوە هەڵواسراوە.
چی بەدیهات پێش چەقبەستوویی پڕۆسەکە؟
ئەم پڕۆسەیە بە ئاماژەیەکی سیاسی چاوەڕواننەکراو لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پایزی 2024 دەستی پێکرد، پاشان بە پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لە زیندانی ئیمراڵی بەگەرخرا، کە ململانێکەی لە پرسی جەنگەوە گواستەوە بۆ پرسی چۆنییەتی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوێکی چەکدار کە تەمەنی چوار دەیەیە.
لە شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد کە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابماڵێت، ئەمەش دەرگای لەبەردەم ئاگربەستێکدا کردەوە، پاشان لە ئایاری 2025 حزبەکە بڕیاری خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بەوەی کە ناوی نابوو “خەباتی چەکداری” ڕاگەیاند.
لە 11ی تەممووزی 2025، یەکەم هەنگاوی مەیدانیی ڕەمزی نرا، کاتێک نزیکەی 30 گەریلای حزبەکە چەکەکانی خۆیان لەبەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە دووکان، سووتاند.
دوای ئەوە، دۆسیەکە گوازرایەوە بۆ پەرلەمانی تورکیا کە لە ئابی 2025 لیژنەیەکی تایبەتی بۆ پێکهێنا، پاشان لە شوباتی 2026 ڕاپۆرتێکی پەسەند کرد، کە ڕاسپاردە دەکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەمەبەستی دووبارە تێکەڵکردنەوەی ئەوانەی توندوتیژی ڕەتدەکەنەوە، فراوانکردنی ئازادیی ڕادەربڕین، پێداچوونەوە بە بەکارهێنانی یاساکانی دژەتیرۆر و کۆتاییهێنان بە دانانی قەیوم لە شوێنی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی ناوچە کوردییەکان.
بەڵام ڕاپۆرتەکە هەر هەنگاوێکی یاسایی بەستەوە بەوەی کە دەزگاکانی دەوڵەت دڵنیابنەوە لەوەی حزبەکە چەکەکەی ڕادەست کردووە و بە کردەوە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەها خۆی لە هێنانەئارای لێبوردنی گشتی بەدوور گرت.
هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، ئەنقەرە تاوتوێی فۆرمۆڵەیەکی یاسایی تایبەتی کرد، کە ڕێگە بە گەڕانەوەی مەدەنییەکان و شەڕڤانان لە باکووری عێراقەوە دەدات لە ڕێگەی پشکنینی تاکەکەسییەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ڕەنگە پلانەکە بە گەڕانەوەی نزیکەی هەزار کەسی مەدەنی و ناچەکدار دەست پێبکات، پاشان نزیکەی 8 هەزار گەریلا دوای وردبینی، لەگەڵ بەردەوامی ناکۆکییەکان لەسەر چارەنووسی سەرکردە باڵا و ناوەندییەکان.
پڕۆسەی گەیشتن بە چارەسەر لە کوێدا پەکیکەوت؟
پەککەوتنەکە لە دەوری پرسی هەنگاوەکان چڕبووەتەوە، چونکە ئەنقەرە پێیوایە سووتاندنی ڕەمزیی چەکەکان بەس نییە، و داوا دەکات حزبەکە تەواوی چەکەکانی ڕادەست بکات و پاشماوەی حەشارگەکانی لە هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات، بەتایبەتی لە ناوچەکانی خواکورک و گارا، پێش ئەوەی حکوومەت دەست بداتە چاکسازیی یاسایی.
تورکیا دەڵێت، دڵنیابوونەوەی ئەمنی پێویستە بۆ گەرەنتی نەکردنەوەی گەڕانەوە بۆ چەکداری، لە بەرامبەردا، سەرکردەکانی پەکەکە پێیان وایە، کە حزبەکە پابەند بووە بە ڕاگرتنی شەڕ و هەڵوەشاندنەوەی خۆی، بەڵام تەواوی کۆگای چەکەکانی ڕادەست ناکات تەنها دوای بەدەستهێنانی چوارچێوەیەکی یاسایی کە مافی شەڕڤانانی بپارێزێت و ڕێگری لە ڕاوەدوو نانیان بکات.
پاشەکشەی هەسەدە چۆن هاوکێشەکانی گۆڕی؟
ڕێککەوتنی دیمەشق-هەسەدە کە لە کانوونی دووەمی 2026 ڕاگەیەندرا، خاڵی وەرچەرخان بوو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەو پێیەی دەقەکەی باسی دۆزینەوەی شوێن و تێکەڵکردنی شەڕڤانانی ئەو هێزە دەکات لەناو سوپا، پۆلیس و دامەزراوەکانی سووریا، و ڕادەستکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکان و کێڵگەکانی نەوت و گاز بە حکوومەت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەم ڕێککەوتنەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی دانا کە گوشارەکان لەسەر پڕۆسەی ئاشتی کەم دەکاتەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەسەدە لەگەڵ پەکەکەدا هەڵبوەشێنرێتەوە، چونکە وەک درێژکراوەی ئەو دەیناسێت.
لە بەرامبەردا، سەرکردەکانی پەکەکە و سەرکردایەتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، پێیان وایە پاشەکشەی هەسەدە یان تێکەڵبوونی لە دیمەشق بەواتای دەستبەرداربوونی ئەوان لە داواکارییەکانیان لە تورکیا نایەت.
هەندێکیان دەترسن کە ڕێککەوتنی سووریا ببێتە مۆدێلێک بۆ ڕادەستکردنی چەک و هەژموون لە بەرامبەر بەڵێنی سیاسی کە ڕەنگە جێبەجێ نەکرێن، و هۆشداری دەدەن لەوەی کە پەککەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی دیمەشق، کە تێیدا پێکدادان لە حەلەب دوای ڕاگەیاندنەکە سەریهەڵدا، ناسکیی هەر ڕێککەوتنێک بەبێ گەرەنتی نیشان دەدات.
داواکارییەکانی پەکەکە چیین؟
پەکەکە و لایەنە کوردییەکانی نزیک لە پڕۆسەکە، ڕادەستکردنی کۆتایی چەک بە زنجیرەیەک داواکارییەوە دەبەستنەوە کە لە دۆسیەی ئەمنیەوە تێدەپەڕێت بۆ دۆسیەی سیاسی و یاسایی بەرفراوانتر.
لە ڕوانگەی ئەنقەرەوە، کێشەکە لەوەدایە کە فراوانکردنی ئەم سەبەتەیە پێش تەواوبوونی داماڵینی چەک، ڕەنگە پڕۆسەکە لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوێکی چەکدارەوە بگۆڕێت بۆ دانوستان لەژێر گوشاری چەکدا.
یەکەم: پەکەکە و لایەنە کوردییەکانی نزیک لە پڕۆسەکە، داواکاری لێنەپێچانەوەی بەکۆمەڵ لە گەڕاوەکان دەخەنەڕوو، بەڵام ئەو فۆرمۆڵەیەی ئەنقەرە تاوتوێی دەکات لەسەر بنەمای لێبوردنی گشتی نییە، بەڵکو لەسەر ڕێڕەوێکی یاسایی سنووردار و مەرجدارە: گەڕانەوەی مەدەنییەکان و شەڕڤانان لە باکووری عێراقەوە دوای پشکنینی تاکەکەسی، و دوورخستنەوەی ئەوانەی دەوڵەت تۆمەتباریان دەکات بە تێوەگلان لە تاوانە گەورەکان یان ئەو سەرکردانەی کە ڕەنگە ڕێکخستنی جیاوازیان بۆ تاوتوێ بکرێت.
دووەم: ڕەتیدەکەنەوە سەرکردەکانی حزب بنێردرێن بۆ وڵاتی سێیەم و داوای کردنەوەی کەناڵێکی پەیوەندی لەگەڵ ئۆجەلان لە زیندانەکانی تورکیا و باشترکردنی دۆخی زیندانیکردنی دەکەن.
سێیەم: باس لە پێداچوونەوە بە یاساکانی دژەتیرۆر و ڕوونکردنەوەی پێناسەی زاراوەکە و فراوانکردنی ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان دەکەن، وەک چۆن لیژنەی پەرلەمانی ڕاسپاردەی کردووە.
چوارەم: جەخت لەسەر مافە زمانەوانی و کولتوورییەکان دەکەنەوە، لەوانەش پەسەندکردنی زمانی کوردی لە خوێندن و بەڕێوەبردندا، و دۆسیەی هەندێک لەو شارەوانیانەی کە حکوومەت قەیومی تێدا دامەزراندوون دوای سەلماندنی پەیوەندی سەرۆکەکانی پێشوویان بە تیرۆرەوە.
بۆچی ئەنقەرە لێبوردنی گشتی ڕەتدەکاتەوە؟
ناکۆکی لەسەر لێبوردنی گشتی ڕەنگدانەوەی حەساسییەتی دیمەنی سیاسی تورکیایە، چونکە ڕاپۆرتی لیژنەی پەرلەمانی ڕاسپاردەی کردووە بە تێکەڵکردنەوەی ئەو کەسانەی کە توندوتیژی ڕەتدەکەنەوە بەبێ دەرکردنی لێبوردنێکی گشتگیر، بۆ ئەوەی وەک ڕزگاربوون لە سزاکان لێک نەدرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەشنووسی یاسایەک دزەی پێکراوە کە ئاماژە بە تێکەڵکردنەوەی تاکەکەسی دەکات لە ڕێگەی چەند قۆناغێکەوە، کە تێیدا لە قۆناغی یەکەمدا ڕێگە بە گەڕانەوەی نزیکەی هەزار مەدەنی دەدرێت و پاشان نزیکەی هەشت هەزار گەریلا دوای وردبینی، لەگەڵ ئەگەری ناردنی هەندێک لە سەرکردەکان بۆ وڵاتانی دیکە.
ئەم یاسایە جەخت لەسەر ئازادکردنی مەرجدار و هەڵسەنگاندنی تاکەکەسی دەکاتەوە، و زیندانیانی تۆمەتبار لە دۆسیەکانی دیکە ناگرێتەوە، وەک بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن.
لە بەرامبەردا، سەرکردایەتی پەکەکە و لایەنە کوردییەکان گوشار دەکەن بۆ پاراستنی یاسایی فراوانتر بۆ گەڕاوەکان، بەڵام ئەنقەرە دەترسێت ئەم پاراستنە بگۆڕێت بۆ لێبوردنێکی سیاسیی شاراوە پێش تەواوبوونی هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەکە.
ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئێستادا چییە؟
ئۆجەلان فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بوو لە پاڵنانی پەکەکە بەرەو ڕاگەیاندنی دەستبەرداربوون لە چەک، دوای ئەوەی لە شوباتی 2025 داوای داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکەی کرد.
بەڵام ئەو ڕۆڵەی لە قۆناغی جێبەجێکردندا لێی چاوەڕوان دەکرێت جێگەی ناڕوونی و ناکۆکییە؛ باخچەلی پێشنیازی دروستکردنی “نووسینگەی بەسیاسیکردن و ئاشتی” دەکات کە تێیدا ڕۆڵێکی فەرمی بە ئۆجەلان بدرێت، و سەرکردەکانی “دەم پارتی” پێیان وایە ئەمە گەرەنتییەکە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
لە بەرامبەردا، حکوومەت سەبارەت بەم بیرۆکەیە بێدەنگی هەڵبژاردووە، چونکە ئەردۆغان دەڵێت پڕۆسەکە بەپێی پلانەکە بەڕێوەدەچێت بەڵام گۆڕانکاریی لە دۆخی ئۆجەلاندا ڕانەگەیاندووە، لە کاتێکدا هەندێک لە نەتەوەپەرستەکان دەترسن کە پێدانی ڕۆڵێکی فەرمی بە ڕێبەری کورد تووڕەیی دەنگدەران لێبکەوێتەوە.
ئۆجەلان خۆی لەژێر گەمارۆیەکی تونددا لە زینداندایە و لە ماوەی زۆر دوور لە یەکدا ڕێگەی پێدەدرێت چاوی بە کەسوکاری بکەوێت، ئەمەش پرسیار لەسەر ڕادەی توانای ئەو بۆ بەڕێوەبردنی وردەکارییەکانی داماڵینی چەک دروست دەکات.
ئایا پەرلەمان ڕێککەوتنەکە ڕێکدەخات؟
پەرلەمان ئەو ڕێڕەوەیە کە ئەنقەرە دەیەوێت هەر گواستنەوەیەک لە چەکەوە بۆ سیاسەت کۆنتڕۆڵ بکات، ئەو ڕاپۆرتەی لە شوباتی 2026 پەسەندکرا ڕاسپاردە دەکات بۆ هەموارکردنی یاساکانی تیرۆر، فراوانکردنی ئازادییەکان و دووبارە تێکەڵکردنەوەی گەریلاکان، بەڵام نەبووەتە یاسایەکی کارپێکراو.
گەورەترین ڕێگر لە نەبوونی تەبایی لەناو هاوپەیمانی فەرمانڕەوادا خۆی دەبینێتەوە، لەگەڵ گوشاری پارتە نەتەوەپەرستەکان کە دەترسن هەر یاسادانانێک وەک سازشکردن لێکبدرێتەوە.
سەبارەت بە دەم پارتی، هەوڵدەدات ڕێڕەوەکە لە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەوە فراوانتر بکات بۆ ئەجێندایەکی سیاسی و مافیی بەرفراوانتر، کە شارەوانییەکان، زیندانیان و مافە کولتوورییەکان بگرێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی ڕەشنووسی یاسایەکە “دەرگایەک بۆ دووبارە تێکەڵکردنەوەی گەریلاکان دەکاتەوە، بەڵام جێبەجێکردنی خاوەنی هاوسەنگی ناوخۆییە و دەکرێت ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەپەرست ببێتەوە”.





