
لەنێوان زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی پڕۆژە وەبەرهێنانەکان و کەمیی پارەی نەختینەدا، فەرمانبەران و خاوەن داهاتە سنووردارەکان لە شارەکانی خۆیاندا دەبنە نامۆ؛ لەکاتێکدا ئاسانکارییەکانی پێدانی قەرز بەر واقیعی تاڵی مووچە دەکەون، تا خانووبەرە لە پەناگەیەکی ئارام بۆ نیشتەجێبوونەوە، ببێتە ئامرازێکی وەبەرهێنان کە لەلایەن پارەی سیاسی و پارەی هاتووەوە قۆرخ کراوە، و لە دوای خۆیەوە هەزاران خێزان جێدەهێڵێت، کە لەژێر سەقفی کرێچێتیدا بەدوای خەونێکی دواخراودا ڕادەکەن.
ئاری حسێن (48 ساڵ)، مامۆستای زمانی کوردییە لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان و باوکی سێ منداڵە. ئەو ماوەی پانزە ساڵە، کە تەمەنی هاوسەرگیرییەتی لەگەڵ ئاوات محەمەدی مامۆستای سەرەتایی، خەونی بەوەوە دەبینی ببێتە خاوەنی خانویەک و لە تێچووی قورسی کرێچییەتی ڕزگاری بێت کە بوودجەی مانگانەی خێزانەکەی پەکخستووە.
ئەو بە دەنگێکی توند و لەکاتێکدا سەری دەلەقاند، دەڵێت: “چەندین جار هەوڵماندا بڕی پێشەکیەک کۆبکەینەوە بۆ کڕینی یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە یەکێک لەو کۆمەڵگە وەبەرهێنانانەی کە ڕیکلامەکانیان تەلەفزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پڕکردووە، بەڵام نەمانتوانی”.
هۆکارەکەشی ڕوون دەکاتەوە: “هەر کاتێک لە بەدیهێنانی ئەو خەونە نزیک دەبووینەوە، دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە پلانەکەمانی تێکدەدا.. بەداخەوە ئێستا مووچە 45 ڕۆژ جارێک دابەش دەکرێت، ئەمەش هاوکێشەی پاشەکەوتکردن دەکاتە مەحاڵ. ئێمە لەژێر باری گرانی کرێی خانوو و پێداویستییەکانی بژێویداین کە مانگ لەدوای مانگ بەرز دەبنەوە”.
پێچەوانەبوونەوەی “بەئازار” بە وتەی ئەو، لەوەدایە کە بە “سەروەتی دەستبەسەرداگیراو” ناوی دەبات؛ چونکە کۆی گشتیی مووچە “پاشەکەوتکراوەکانیان” لەلای حکومەت نزیکەی 50 ملیۆن دیناری عێراقییە. ئەو بڕە پارانە وەک قەرز لەسەر حکومەت کەڵەکە بوون، کە دەرەنجامی دە ساڵ لە پەیڕەکردنی سیستمی بەناو پاشەکەوتی زۆرەملێ، لێبڕین و دواکەوتنی تەمویل بوو، کاتێک قەیرانی دارایی لە هەرێم دەستیپێکرد دوای ئەوەی حکومەتەکەی سەربەخۆیی ئابووری و فرۆشتنی نەوتی بە شێوەی سەربەخۆ و دابڕاو لە حکومەتی فیدراڵی ڕاگەیاند.
سەبارەت بەمە دەڵێت: “ئەم بڕە پارەیە، ئەگەر خەرج بکرایە، بەس بوو بۆ کڕینی خانووێکی بچووک یان دابینکردنی بەشێکی زۆری قیستەکانی شوقەیەکی نیشتەجێبوون”.
نرخی شوقەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بە تێکڕا لە نێوان 50 بۆ 75 هەزار دۆلاردایە، ئەمەش بڕە پارەیەکی زۆرە بۆ هەر فەرمانبەرێکی کورد، چونکە کۆکردنەوەی پێویستی بە زیاتر لە 20 ساڵ کارکردن هەیە.
ئاری، وەک زۆربەی دانیشتوانی هەرێم لە فەرمانبەران و کاسبکاران، سکاڵای لەو ململانێ بەردەوامە هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی بژێوی کە بەهۆی هەڵاوسانەوە بەرز دەبنەوە، لە کاتێکدا هێشتا هیوای خاوەندارێتی خانووێکی بچووکیان لەدەست نەداوە.
ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە بڕێکی زۆر لە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ فرۆشتن خراونەتەڕوو، بە ئاسانکاریی بێپێشینە لەلایەن کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی خانووبەرەوە، بەڵام لە بەرامبەردا توانای دارایی بەشێکی زۆر لە دانیشتووان لاوازە، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە درێژخایەنەی کە ڕووی لە هەرێم کردووە، کاتێک حکومەت ناتوانێت مووچەی نزیکەی ملیۆنێک و 250 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە کاتی خۆیدا دابەش بکات.
ئاسانکاریی گەورە و پێشوازیی کەم
شاری سلێمانی بە یەکێک لە دیارترین شوێنەکانی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت ئەوەش بەپێی گوتەی پسپۆڕانی ئەم بوارە، بەڵام دیمەنی بازاڕکردن تێیدا ڕەنگدانەوەی وێنەیەکی ئاڵۆزە لە ئاڵنگارییە ئابوورییەکان و دەرفەتە جیاوازەکانی وەبەرهێنان.
محەمەد حەمید، شارەزای خانووبەرە، دەڵێت سلێمانی لە ئێستادا شایەتی ستراتیژییەتی بازاڕکردنی نەرمە کە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان پەیڕەوی دەکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو سستییەی کە هەیە، وەک پێشکەشکردنی: “ئۆفەری سەرنجڕاکێش بە کڕیاران” بە پێچەوانەی ڕابردووەوە.
ئاماژە بەوە دەکات کە چەندین بژاردەی نرخ خراونەتەڕوو، پێشەکییەکە لەوانەیە لە پێنج هەزار دۆلار یان دە هەزار دۆلارەوە دەستپێبکات، لەگەڵ قیستی مانگانەی گونجاو کە لە نێوان دووسەد بۆ سێسەد دۆلاردایە، ئەمەش سەرنجی هەزاران فەرمانبەری دەرەوەی هەرێم ڕادەکێشێت بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە سلێمانی، بەو پێیەی مووچەکانیان بە شێوەیەکی جێگیر دابەش دەکرێت.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک کۆمپانیا هەوڵدەدەن سەرنجی خاوەن داهاتە سنووردارەکان ڕابکێشن، لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی پارەی گوژمەکان و تەنها پشت بەستن بە قیستە مانگانەکان، لەگەڵ گواستنەوەی گوژمەی گەورە بۆ کاتی ڕادەستکردنی کلیل.
هەروەها زۆرێک لە کۆمپانیاکان “کاتی دانی قیستەکانیان بەستووەتەوە بە کاتی دابەشکردنی مووچەوە کە خولی دابەشکردنی لە هەرێم هەندێک جار 45 ڕۆژ تێدەپەڕێنێت، جگە لە قبوڵکردنی دانی قیستەکان بە دیناری عێراقی بەپێی نرخی فەرمی بانکی ناوەندی لە جیاتی دۆلار”.
محەمەد کە شارەزایە، پێیوایە ئەمە “هەناسەیەکی دارایی درێژخان” بە کڕیار دەبەخشێت و “باری گۆڕانکارییەکانی بازاڕی ڕەش لەسەر شانی هاووڵاتی سووک دەکات، سەرەڕای پێداگریی کەمینەیەک لە کۆمپانیاکان لەسەر وەرگرتنی شایستەکانیان بە دراوی قورس (دۆلار)”.
زۆربەی کڕیارەکان لە دەرەوەی کوردستانن
لەگەڵ هەموو ئەم ئاسانکارییانەدا، کارمەندانی بازاڕی خانووبەرە، عەلی حسێنی وەبەرهێنەری خانووبەرە دەڵێ کە پێشوازیی ناوخۆیی لەلایەن دانیشتوانی سلێمانییەوە هێشتا سنووردارە و تەنها نزیکەی سێیەکی ڕێژەکە پێکدەهێنێت، لە بەرامبەردا پێشوازییەکی ڕوو لە زیادبوون لەلایەن هاووڵاتیانی “ناوەڕاست و باشووری عێراق، لەگەڵ دانیشتوانی دیالە و کەرکوک” هەیە.
ئەم جیاوازییەش بۆ “سەقامگیری دارایی و ڕێکوپێکیی مووچە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەگەڕێنێتەوە، لە بەرامبەر ئەو کێشە داراییەی کە کەرتی گشتی لە هەرێم گرتووەتەوە” وەک خۆی دەڵێت.
کێشە ڕاستەقینەکە، وەک حەسەن دەیبینێت، لە دابەزینی پاشەکەوتی فەرمانبەران دایە؛ ڕوونی دەکاتەوە: “دە ساڵی ڕابردوو لە کوردستان پڕ بوو لە قەیرانی ئابووری کە لە ساڵی 2014ەوە دەستیپێکرد، ئەمەش زۆربەی فەرمانبەرانی ناچارکرد ئەو پاشەکەوتەی ساڵانێکبوو کردبوویان، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بژێوی خەرج بکەن، ئەمەش خەونی هێنانەدی یەکەیەکی نیشتەجێبوونی، سەرەڕای هەموو سەرنجڕاکێشییەکانی بازاڕ، بۆ ئەوانەی بە تەواوی پشت بە مووچەی مانگانە شێواوەکەیان دەبەستن، ناڕوون کردووە”.
شوان نەوزاد، نوێنەری کۆمپانیای (چوارچرا)ی خانووبەرە، کە خاوەنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنانە لە ناوچەکانی (قولەرەیسی) و (تانجەرۆ) لە سلێمانی، دەڵێت کۆمپانیاکەی ئۆفەری خانووبەرەی ئاسان پێشکەش دەکات کە “ئاسانکاریی ناوازە بۆ هاووڵاتیان” لەخۆدەگرێت.
ئۆفەرەکان شوقەی نیشتەجێبوون بە ڕووبەری جیاواز کە لە نێوان 90 بۆ 137 مەتر دووجادایە لەخۆدەگرێت، بە پێشەکییەک کە لە 5 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات و دەگاتە 7 هەزار و 500 دۆلار، لەگەڵ ڕێگەدان بە دانی بڕی ماوە لە ڕێگەی قیستی مانگانەوە کە بەهاکەی لە نێوان 200 دۆلار بۆ 255 دۆلاردایە، بە پشتبەستن بە میکانیزمی وەرگرتنی قیستەکان بەپێی نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دەرکراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە کە بە 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک دیاریکراوە.
شوان نەوزاد دووپاتی دەکاتەوە کە کۆمپانیاکە سیستمی گوژمەی گەورەی هەڵوەشاندووەتەوە کە بەزۆری لە ماوەی نێوان واژۆکردنی گرێبەست و وەرگرتنی کلیلدا شایستە دەبوو، کە بەهاکەی لە نێوان 10 هەزار بۆ 15 هەزار دۆلاردا بوو، و گۆڕدراوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی دانی قیستە مانگانەکان بۆ ئەوەی بگاتە 60 مانگ.
خانوەکان (فۆرم)
کەمال قادر، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە لە گەڕەکی (قولەرەیسی) لە سلێمانی، دەڵێت بازاڕی خانووبەرە لە شارەکەدا شایەتی قۆناغێکی “ڕاستکردنەوەی ڕوونی نرخەکانە کاتێک بە سێ ساڵی ڕابردوو بەراورد دەکرێت”. وە ئەمەش بە ڕوونی لەو خانوانەدا دەردەکەوێت کە نزیکەی دەیە و نیوێک لەمەوبەر لەسەر ڕووبەری سەد و پەنجا مەتر دووجا و لە دوو نهۆم پێکهاتوون، بە شێوەیەک پێشتر بەهاکەیان دەگەیشتە 100 هەزار دۆلار، بەڵام ئەمڕۆ دابەزیوە بۆ 60 تا 80 هەزار دۆلار، بەپێی کوالێتی بیناسازی و شوێنی گەڕەکەکە”.
دەشڵێت: “کارەکە لێرەدا ناوەستێت، چونکە بژاردەی ئابووریتر لە ناوچە نوێیەکاندا دەردەکەون، کە تێیدا خانوو بە هەمان ڕووبەر و بە بیناسازی نوێ بە نرخێک بەردەستە کە لە 50 هەزار دۆلار تێپەڕ نەکات، بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا بۆ ڕووبەرە بچووکەکان دەگاتە سنووری 40 هەزار دۆلار، ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەرمییە لە بازاڕدا کە پێشتر باو نەبووە”.
لە دەوروبەری سلێمانی، ئەوەی بە بازرگانی خانوەکانی (فۆرم) ناسراوە دەبینین، کە ناونانەکە لە وشەی ئینگلیزی (Form)ەوە هاتووە و بە عەرەبی واتە (الاستمارة أو القائمة)؛ مەبەست لێی ئەو خانوانەیە کە لەسەر ئەو زەویانە دروستکراون کە لە چوارچێوەی ئەو لیستانەدا و بە بڕیاری وەزاری بۆ کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان دابەشکراون.
ئەم خانوانە بەوە جیا دەکرێنەوە کە تازە دروستکراون و بە نرخێکی ڕێژەیی هەرزان پێشکەش دەکرێن کە لە نێوان (25 – 35) هەزار دۆلاردایە. ڕێکارەکانی گواستنەوەی خاوەندارێتییان لە ڕێگەی فەرمانگەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەکرێت، نەک فەرمانگە تایبەتمەندەکانی وەک شارەوانی و تۆمارکردنی خانووبەرە (تاپۆ) لە بەرامبەر ڕسووماتی ڕەمزیدا، ئەمەش وایکردووە لە هەندێک خزمەتگوزاری بنەڕەتی بێبەش بن، وەک ڕێگای قیرتاوکراو و تۆڕەکانی ئاو و کارەبا، ئەمەش هۆکاری کەمیی نرخەکانیانە.
کەمال قادر دەڵێت ناوچەکانی فۆرم بوونەتە “ئەمری واقیع” و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە دەوروبەری شارەکەدا فراوانتر دەبن و بە شێوەیەکی ئاسایی مامەڵەیان پێوە دەکرێت، دووپاتیشی دەکاتەوە کە هیچ کێشەیەکی یاسایی لە خاوەندارێتییاندا نییە: “زەوییەکان لە لای وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە تۆمارکراون، و لە کاتی دروستبوونی ئەم ناوچانەوە دانیشتووانەکەی ڕووبەڕووی هیچ گوشارێک نەبوونەتەوە بۆ لادانیان، بەڵکو ناوچگەلێک هەن کە ئێستا مامەڵەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە (تاپۆ)یان بۆ ئاسان دەکرێت”.
پێشی وایە هەندێک لەو زەویانەی کە بۆ کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان دابەشکراون، بەتایبەتی لە نزیک شەقامی سەد مەتری، وەک “دەرفەتێکی وەبەرهێنانی داهاتوو دادەنرێت لە حاڵەتی تەواوبوونی ژێرخان تێیدا”، کاتێک پارچە زەوی بە ڕووبەری (150) مەتر بە نرخێک لە نێوان (8 بۆ 15) هەزار دۆلاردا پێشکەش دەکرێت، ئاماژە بەوە دەکات ناوچەکە ڕێگە بەوانە دەدات کە خاوەنی (30) هەزار دۆلارن لە باری گرانی کرێچییەتی ڕزگار ببن و ببنە خاوەنی نیشتەجێبوونی تایبەتی خۆیان.
سەرەڕای ئەو هاندانە لە نرخ و ئۆفەرە وەبەرهێنانانەدا، هێشتا “بزووتنەوەی خانووبەرە” سستە، کە قادر دەیگەڕێنێتەوە بۆ “کەمیی پارەی نەختینە لەلای هاووڵاتیان، چونکە خەڵک پێیان باشە پاشەکەوتەکانیان بپارێزن لەبەر تەمومژیی دۆخەکە”.
خواستی کەم و خستنەرووی زۆر
گۆڵاڵە سدیق، شارەزای ئابووری، دەڵێت نرخی خانووبەرە لە عێراق بە گشتی، لە بەهای ڕاستەقینە و تێکڕای توانای کڕینی زۆربەی دانیشتووان تێپەڕی کردووە، و هەندێک ناوچە شایەتی ژمارەی خەیاڵی بوون بەتایبەتی لە سەنتەری شارە سەرەکییەکاندا، بە شێوەیەک نرخەکان لەوێ لە هەندێک حاڵەتدا لە نرخی خانووبەرە لە دەوروبەری شارە ئەوروپییەکان زیاتر بوون.
ئەم بەرزبوونەوەیەش کە بە شێتانە ناوی دەبات، دەگەڕێنێتەوە بۆ “بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی، چونکە بەرپرسانی دەستڕۆیشتوو کاریان کردووە بۆ خەرجکردنی ئەو پارانەی کە لە دەستبەسەرداگرتنی ماڵی گشتییەوە بەدەستیان هێناوە لە بازاڕی خانووبەرەدا لە ڕێگەی بریکارەکانەوە، لە ڕێگەی کڕینی زەوی و یەکەکانی نیشتەجێبوون، ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخەکان بۆ ئاستێکی بێپێشینە” وەک خۆی دەڵێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، گۆڵاڵە ئاماژە بەوە دەکات کە بازاڕ لە ئێستادا دەستیکردووە بە دابەزینی نرخەکان، ئەوەش بەهۆی کۆمەڵێک گۆڕانکارییەوە کە گرنگترینیان بازدانی گەورەیە لە ژمارەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی ستوونی (شوقەکان) و زیادبوونی خستنەڕووی شوقە، بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی، ئەمەش قۆرخکاری خانووبەرە نەریتییەکانی شکاند و چەندین جێگرەوەی نیشتەجێبوونی دروستکرد.
هاوشانی ئەمەش “دابەزینی توند لە توانای کڕینی هاووڵاتیان بەهۆی ئەو قەیرانە بژێوییانەی کە زیاتر لە دەیەیەکە کەڵەکە بوون، کە بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە و سستی گشتی ئابووری کە باڵی بەسەر هەرێمدا کێشابوو، خراپتر بوو”.
ئەو شارەزایە ئابوورییە ئاماژە بە هۆکاری “تێربوونی خانووبەرە” دەکات؛ سەرەڕای هۆکارە ئابووری و سیاسییەکان، دەڵێت ڕێژەی خاوەندارێتی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەرزبووەتەوە، ئەمەش توندیی داواکاریی بەردەوامی کەمکردووەتەوە.
دەشڵێت: “ئەم تێکەڵەیە لە نێوان زیادبوونی خستنەڕوو، لاوازیی نەختینەی دارایی لەلای چینی ناوەڕاست، و پاشەکشەی ئارەزووی وەبەرهێنەران، لە ئێستادا واقیعێکی نوێ دەسەپێنێت کە ڕێڕەوی نرخە هەڵاوساوەکان ڕاست دەکاتەوە، کە بۆ چەندین ساڵ باڵی کێشابوو بەسەر بازاڕدا لەژێر دەسەڵاتی پارەی سیاسیدا”.
26 هەزار خواست کێبڕکێ لەسەر 9 هەزار شوقە دەکەن
بەپێی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان، تەنها کەرتی خانووبەرە (29.24%)ی کۆی سەرمایەی وەبەرهێنانە هەرێمییەکانی بەدەستهێناوە، کاتێک (216) پڕۆژەی فەرمی تۆمارکردووە.
لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرهێنان، عەزیز سەعید، ئاشکرای کرد کە نزیکەی (90) هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ڕێگەی کەناڵەکانی وەبەرهێنانەوە جێبەجێ کراون، کە تا ئێستا (60) هەزار یەکەیان تەواو کراون.
دووپاتیشی دەکاتەوە کە (86) مۆڵەت بە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە سلێمانی دراوە، کە (50) کۆمەڵگەیان تەواو بوون لە کاتێکدا (36) کۆمەڵگەی تریان لە قۆناغی جێبەجێکردن دان. ئاماژە بەوەش دەکات کە قەبارەی وەبەرهێنانی دارایی لەم پڕۆژانەدا گەیشتووەتە (22) ملیار دۆلار، و سەرجەمیان لەلایەن وەبەرهێنەرانی ناوخۆییەوە بە ڕێژەی (100%) جێبەجێ کراون.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم بازدانە وەبەرهێنانەدا، توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایگەیاند، نزیکەی 60 هەزار هاووڵاتی داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ بەدەستهێنانی یەکەی نیشتەجێبوون، کە فۆرمی 26هەزار کەسیان دوای وردبینی قبوڵ کراوە، بەڵام ئەو ژمارەیەی کە پلان بۆ دروستکردنی دانراوە لە یەکەکان تەنها 9 هەزار شوقەیە.
ئەم یەکانە بەسەر پارێزگا و ئیدارە جیاوازەکانی کوردستاندا دابەش دەبن، سلێمانی پشکی شێری بەرکەوتووە بە بڕی (3876) شوقە، بەدوایدا هەولێر بە (1356) شوقە، پاشان دهۆک بە (2116) شوقە، و ئەوانی تر بەسەر هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ و سۆراندا دابەش بوون.
200 هەزار کرێچی لە کوردستاندا هەن
ئامارەکانی کۆمەڵەی کرێنشینان ئاماژە بە بوونی نزیکەی (200) هەزار کرێچی لە هەرێمدا دەکەن، و شارەزایان مەزەندەی دەکەن ژمارەیەکی هاوشێوە هەبێت لەوانەی ناچارن لەگەڵ خێزانەکانیاندا لە بارودۆخێکی سەختدا بژین، بەهۆی نەبوونی توانای بەکرێگرتنی خانووی تایبەت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەیە کە لە نێوان خستنەڕووی سادەی حکومەت و پێداویستی ڕاستەقینەدا هەیە.
لە چوارچێوەی یاسایی و داراییدا، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی ڕوونی کردەوە کە یاسای وەبەرهێنانی ژمارە 4ی ساڵی 2006 ئاسانکاریی فرەوان پێشکەش دەکات کە لێخۆشبوونی باج و گومرگی بۆ ماوەی دە ساڵ لەخۆدەگرێت، لەگەڵ تەرخانکردنی زەوی بە خۆڕایی لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی بۆ شارەکە لەلایەن وەبەرهێنەرەوە.
لەکاتێکدا بەشی ئابووری لە دەستەکەدا، نرخی یەکەکان دیاری دەکات بەپێی سوودی ئابووری و پێوەرەکانی بیناسازی، ئەندامی پێشووی لێژنەی وەبەرهێنان، کاسترۆ مەعروف، پێیوایە ئەم پڕۆژانە لە پلەی یەکەمدا خزمەت بە وەبەرهێنەران دەکەن، ئاماژە بەوە دەکات کە نرخی یەکەکان کە لە نێوان (60 بۆ 160) هەزار دۆلاردایە پێداویستییەکانی هەژاران و کەمداهاتەکان دابین ناکات، سەرەڕای ئەو ئیمتیازانەی کە وەبەرهێنەر لە دەوڵەتەوە بەدەستی دەهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، وەبەرهێنەرێک، کە نەیویست ناوی ئاشكرا بکرێت، پێی وایە سەقامگیری ئەمنی و ژینگەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری ئێستا لە هەرێمی کوردستان هاندەرن بۆ وەبەرهێنان، و قازانجەکان هێشتا قبوڵکراون، سەرەڕای ئەو ئالێنگارییانەی کە بەهۆی “پاشەکشەی توانای کڕین لە کوردستان” و ناجێگیری نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی دروستبوون.
ڕوونیشی دەکاتەوە کە ناجێگیری لە نرخی ئاڵوگۆڕدا سێبەری بەسەر بازاڕی خانووبەرەدا کێشاوە و توانای کڕینی هاووڵاتیانی لاواز کردووە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی دۆخێک لە شێواوی لە مامەڵەکردن لە نێوان هەردوو دراوی ناوخۆیی و بیانی؛ ئەمەش قەیرانێکە کە هێشتا لێکەوتەکانی باری گرانیان لەسەر کەرتەکە دروست کردووە.
زۆربەی کڕیارەکان لە دەرەوەی سلێمانین
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان، بەرهەم قەرەداغی، ئەو گەشە تەلارسازییەی کە سلێمانی شایەتییەتی، بە ڕوکارێکی وەبەرهێنان دادەنێت کە “لە پشت خۆیەوە دوورخستنەوەی سیستماتیکی چینە ڕەنجدەرەکانی دانیشتوانی شارەکە دەشارێتەوە” وەک خۆی دەڵێت.
سەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێت، قسەکردن لەسەر پێشکەشکردنی ئاسانکاریی دارایی لەلایەن کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانەوە: “لەگەڵ ئەو واقیعە تاڵەدا ناگونجێت کە هاووڵاتی ڕووبەڕووی دەبێتەوە تەنها دوای واژۆکردنی گرێبەستەکە، چونکە خۆی لەژێر گوشارێکی دارایی گەورەدا دەبینێتەوە کە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر سەقامگیری بژێوی داهاتوو”، ئاماژە بەوەش دەکات کە ڕادەستنەکردنی پڕۆژەکان لە کاتی خۆیدا کێشەیەکی دیکەیە.
ڕوونی دەکاتەوە: “کڕیار ناچار دەبێت کرێی مانگانە بدات کە لە 300 هەزار دینار کەمتر نەبێت، لە هەمان کاتدا داوای لێدەکرێت قیستی مانگانە بۆ پڕۆژە نوێیەکان بدات کە لە نێوان 200 بۆ 400 دۆلاردایە، ئەمەش بارێکی داراییە کە لە توانای ئەم چێنانە بەدەرە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی دۆخێک لە سستی لەم پڕۆژانەدا”.
پێی وایە دەرچوون لە “ئەم قەیرانە” لە ڕێگەی دەستێوەردانی حکومەتەوە دەبێت بە کاراکردنەوەی “سندوقی نیشتەجێبوون” وەک ئەوەی پێشتر کاری پێدەکرا، بە شێوەیەک “دەوڵەت بەشداری بکات لە تەمویلکردنی بیناسازی و پاشان بڕە پارەکان لە هاووڵاتیان وەربگرێتەوە، دوای وەرگرتنی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان، لە ڕێگەی قیستی درێژخایەنەوە کە بۆ بیست ساڵ درێژ دەبێتەوە، لە جیاتی سێ یان پێنج ساڵ کە کۆمپانیاکان لە ئێستادا دەیسەپێنن”.
بەرهەم قەرەداغی دەڵێت، ڕێژەی هاووڵاتیانی ناوخۆیی لە دانیشتوانی سلێمانی کە ئەم یەکانە دەکڕن لە زۆرێک لە پڕۆژەکاندا لە (10%) تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا ڕێژەی (90%)یان ئەو هاووڵاتیانەن کە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون، لە نێوانیاندا پیاوانی کار و دەوڵەمەند هەن کە هەندێکیان کاریان کردووە بۆ کڕینی تەواوی بیناکان، بەهۆی ئارەزووی خۆیان بۆ وەبەرهێنانی پارەکانیان بە دوور لە سیستمی بانکی کە متمانەیان پێی نییە.
لەسەر ئاستی ئامارە فەرمییەکانی لای کۆمەڵەکە، ئاماژە بە بوونی نزیکەی (34) هەزار خێزانی کرێچی تۆمارکراو لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەکات، و دانی پێدا دەنێت کە ژمارەی ڕاستەقینە “زۆر لەوە زیاترە” بەهۆی بوونی چەندین خێزان کە لە تۆمارەکانی کۆمەڵەکەدا ناویان نەنووسراوە.
فەرمانبەران ماوەی چەندین دەیەیە چاوەڕوانن و حکومەتیش تەماشا دەکات
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان ڕەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت، بەهۆی “نەبوونی جدییەت لە چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبووندا” بە هێنانەوەی نموونەی مەلەفی ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانەی کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە ساڵی (2012)ەوە دروستی کردوون کە ژمارەیان (9 هەزار) یەکەی نیشتەجێبوونە.
دەڵێت: “سەرەڕای ڕاگەیاندنی لیستە ئەلیکترۆنییەکان بۆ دابەشکردنی یەکەکان لە ساڵی (2023)دا، بەڵام ئەم یەکانە تا ئێستا ڕادەستی شایستەکانیان نەکراون، جگە لەوەی زۆربەیان خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانیان تێدا نییە”. قسەکانیشی کۆتایی پێدەهێنێت بە ئاماژەکردن بە بوونی (3620) یەکەی نیشتەجێبوون لە ناوچەکانی (سیتەک و زڕگوێز) کە دابەشکردنیان پەکخراوە بەهۆی هۆکارگەلێک کە تا ئەم ساتەش نادیارن.
تاهیر خواکەرەم (53 ساڵ)، فەرمانبەر لە فەرمانگەی کاروباری کۆمەڵایەتی لە سلێمانی، دووپاتی دەکاتەوە کە بیست و دوو ساڵی کە لە خزمەتی وەزیفیدا بەسەری بردووە، نەبووەتە هۆی ئەوەی بتوانێت ببێتە خاوەنی نیشتەجێبوونێک لەگەڵ هاوسەرەکەی و چوار منداڵەکەیدا. وە ئەو لە ململانێدایە لەگەڵ باری گرانی بژێوی ژیان کە شانی قورس کردووە، جگە لە کرێی خانوو کە مانگانە 350 هەزار دینارە.
خەونی خاوەندارێتی خانوو، لە یەکەم ڕۆژەوە کە دەستی بە وەزیفەکەی کردووە هاوەڵی بووە، ئەوەش لە ساڵی 2004دا بوو، و لە ساڵی 2006دا، یەکەم دەرفەت دەرکەوت کاتێک حکومەت دابەشکردنی پارچە زەوی ڕاگەیاند، بۆیە پەلەی کرد لە پڕکردنەوەی فۆرمەکان، بەڵام زمانی ژمارەکان و جیاکاری قورس بوو”.
چونکە دابەشکردنی زەوییەکان بەپێی میکانیزمی هەژمارکردنی خاڵەکان (سیستمی پۆینت) دەکرا بۆ پێدانی ئەولەویەت، و تاهیر لەو کاتەدا تەنها (11) خاڵی بەدەستهێنا، کە بریتی بوو لە هەژمارکردنی (بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە 4 خاڵ، هاوسەر بە دوو خاڵ، و هەر ساڵێکی خزمەت بە یەک خاڵ، جگە لە ژمارەی منداڵەکان کە لەو کاتەدا 3 منداڵ بوون و بۆ هەر منداڵێک یەک خاڵ).
بەپێی ئەم میکانیزمە، بڕیاردرا زەوی دابەش بکرێت بەسەر فەرمانبەراندا و پێدانی قەرزی خانوبەرە بیگرێتەوە، بەڵام زەوییەکان دابەشکران بەسەر ئەو کەسانەدا کە کەمترین خاڵیان (15) خاڵ بوو، بۆیە ئەو نەگیرایەوە و لەسەر لیستی چاوەڕوانی مایەوە بە بەڵێنی “ژمارەیەکی داهاتوو” کە هەرگیز نەهات تەنانەت دوای بیست ساڵیش.
ئەم زەوییانە کاتێک دابەشکران کە دوو ئیدارەیی و دوو حکومەتی لە کوردستاندا هەبوو، ئیدارەیەک لە سلێمانی و یەکێکی تر لە هەولێر، بەڵام کاتێک هەردوو ئیدارەکە لە هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2006دا یەکخران و حکومەتی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا و نێچیرڤان بارزانی بوو بە سەرۆکی حکومەت، بڕیاردرا دابەشکردنی زەوی ڕابگیرێت و ڕووبکرێتە دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون.
“تاهیر” تەسلیمی بێئومێدی نەبوو، بۆیە قیبلەی ئومێدەکانی ڕووەو پڕۆژەکانی یەکەکانی نیشتەجێبوون و شوقەکان وەرگێڕا کە حکومەت لەو بەروارەوە، واتە لە ساڵی 2007ەوە بەڵێنی بە فەرمانبەران و مامۆستایان دابوو. هەمان دیمەن دووبارە بووەوە؛ فۆرمی نوێ، وردبینی لە خاڵەکانی “کۆنەیی خزمەت، بڕوانامە و ژمارەی منداڵان”، بۆ ئەوەی ئەنجامەکە وەک پێشووتر بێئومێدکەر بێت.
چونکە تاهیر نەیتوانی یەکەیەکی نیشتەجێبوونیش بەدەستبهێنێت بەهۆی کۆنی خزمەت و ژمارەی خاڵەکانەوە، و سەرەی درێژی ئەوانەی پێشتر سوودمەند نەبوون دەرفەتە بەردەستەکانی لەبەردەم چاوەکانیدا قووت دەدا، و هێشتیانەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ تاڵاوی کرێچییەتی و گۆڕانی خاوەنەکانیاندا بناڵێنێت، تا وای لێهات خەریک بوو ژمارەی ئەو جارانە لەبیر بکات کە کەلوپەلەکانی تێدا کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە خانویەکەوە بۆ خانویەکی تر بڕوات، وەک خۆی دەڵێت.
لەگەڵ سەرەتای ساڵی 2025دا، ئومێدێکی نوێ سەریهەڵداوە لەگەڵ بڕیارێکی نوێی حکومەت بۆ دابەشکردنی زەوی، و سەرەڕای ئەوەی شوێنە پێشنیارکراوەکان لە دەوروبەری دووری سلێمانیدان، و بەهای بازاڕییان “زۆر سادەیە” وەک خۆی دەڵێت، بەڵام بە دەرفەتێکی نوێی دادەنێت.
بەم شێوەیە چووە ناو کێبڕکێیەکەوە بە ڕەسیدی خاڵێک کە لە (26) خاڵ تێپەڕی کردبوو، بەڵام شۆکەکە دووبارە لە چاوەڕوانیدا بوو؛ چونکە “سوپایەک لە فەرمانبەران و مامۆستایان هەبوون کە خاڵەکانیان لە سنووری 45 تێپەڕی کردبوو، و بۆ ماوەی سێ دەیە بەبێ خانو مابوونەوە، بۆیە ئەولەویەتی ئەوان دووبارە ڕۆیشت”.
کەمێک بیر دەکاتەوە لەکاتێکدا قۆڵەکانی لەسەر سنگی لێکدەدات: “دەبێت دووبارە چاوەڕوان بم، کێ دەزانێت، لەوانەیە کاتێک گەیشتمە تەمەنی خانەنشینی دەرفەتێکم دەستبکەوێت بۆ خاوەندارێتی نیشتەجێبوونێک لە نیشتمانەکەمدا، و بۆ یەکەمجار لە ژیانمدا!”.
*ئەم ڕاپۆرتە لەژێر سەرپەرشتی تۆڕی “نێریج” بۆ ڕۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری ئامادەکراوە.





